بە ئاینیکردنی پرسی فەلەستین… نووسینی: میرۆ عەبدولکەریم

0

 یەکێک لەو حەقایەتانەی کە ئیسلامیەکان کاری لەسەر دەکەن ئەوەیە کە بچوککردنەوەی پرسی فەلەستین لە بەرژەوەندی زایۆنیزمدایە و بگرە پیلان و نەخشەی خودی زایۆنیزمە؛ گوایە کێشەی فەلەستین یەکەمجار کێشەی هەموو ئومەی ئیسلامی بوە، دواتر بە پیلانی زایۆنی کراوە بە کێشەی عەرەب، دواتریش وتویانە نە تەنها هی خەڵکی فەلەستینە، ئێستاش هاتون دەڵێن پرسەکە پەیوەستە بە حەماس و حەماسیش تیرۆریستە و بەم شێوەیە پرسی فەلەستین بچوککراوەتەوە. ئیسلامیەکانیش گوایە دێن ڕیسەکە لە زایۆنیزم دەکەنەوە بە خوری، جێی ئاماژەیە پان عەرەبیزم و بەعسیزم پێشتر خاوەنی هەمان گوتاری ئیسلامیەکان بون بە تەنیا یەک جیاوازیەوە: لە گوتاری پان عەرەبیستەکاندا ئومەتەکە عەرەب بون نەک ئیسلام. لە ڕاستیدا هاوکێشەکە تەواو پێچەوانەیە، ئیسرائیل بەرژەوەندی لە گەورەکردنی پرسی فەلەستیندایە، ئەمەش بەئامانجی لاڕێدابردنی خودی پرسەکە. ئەوە ڕاستە کە لە ئێستادا دەوڵەتی ئیسرائیل پرسی فەلەستین یەکسان دەکات بە حەماس و حەماسیش وەک گروپێکی تیرۆرستی دەناسێنێت، بەڵام ئەمە کاری لە مێژینەی زایۆنیزمە و پێشتریش جوتیاری بێ دیفاعی فەلەستین و مناڵی بەردەقانی وەشێنی ئەچواند بە نازی. فەلەستینیەکان نە پارچەیەکن لە ئوممەی عەرەبی (ئومەتی خەیاڵکراوی پان عەرەبییستەکان) نە بەشێکن لە ئومەتی ئیسلامی (ئومەتی خەیاڵکراوی ئیسلامیەکان). لە واقیعدا نە ئومەتێکی یەکگرتوی عەرەبی و نە ئومەتێکی یەکگرتوی ئیسلامی بونی هەبوە و نەبونیشی دەبێت لە داهاتودا. ئەو دەوڵەتانەی کە بە دەوڵەتی ئیسلامی و عەرەبی ناسراون هەمو دەوڵەت نەتەوەی مۆدێرنن و بەرژەوەندیەکانیان (تۆ بڵێ بەرژەوەندی چینی باڵادەستیان) پەیوەستە بە سنوری دەوڵەت نەتەوەکەیانەوە نەک بە ئایدیای سوپرا و ئەلترا نەتەوەیی وەک پان عەرەبیزم و پان ئیسلامیزم. ئەوانەی پێش مۆدێرنیش هەمو دەوڵەتی بنەماڵەیی بون و واقیعیان بە خوێندنەوەی مێژوویی کۆمەڵگا چینایەتیەکانی پێش مۆدێرن دەخوێنرێتەوە، نەک بە مەلحەمەسازی و کردنی مێژویان بە تەختەی شانۆی ڕوبەڕوبونەوەی چاکەو خراپە. زایۆنیزم زۆرترین بەرژەوەندی لەوەدایە کە پرسی فەلەستین وەک عەرەب و موسوڵمانی دوژمنکار بەرامبەر بە گەلی ستەملێکراوی جولەکە نیشان بدات. قەبەکردنی پرسی فەلەستین خزمەت بە هەڵگێڕانەوەی هاوکێشەی جەلاد- قوربانی دەدات؛ دەوڵەتی ئیسرائیل لەم هاوکێشە قەبەکراوەدا وەک جەلاد، وەک دەوڵەتێکی پێشکەوتوی پڕ چەک بە کوشندەترین تەکنەلۆژیای مەرگسازی بەرامبەر بە گەلێکی بێ دیفاع و بێ کەس دەرناکەوێت، بەڵکو وەک داودێکی بچکۆلە لە بەرامبەر جالوتی زەبەلاحدا، وەک نوێنەر و پاشماوەی قوربانیانی هۆڵۆکۆست لە بەرامبەر سەدان ملیۆن عەرەب و ملیارەها موسوڵمانی “تینو بە خوێنی جولەکە“ دەردەکەوێت. زایۆنیزم هیچ کێشەی لەگەڵ عەرەب بون و موسوڵمان بونی فەلەستینیەکان نیە، ئەوان وەک “عەرەبی ئیسرائیلی“ دەتوانن نیشتەجێی دەوڵەتی ئیسرائیل بن، وەک عەرەبی نا ئیسرائیلیش چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکات خاکەکە چۆڵ بکەن و ڕو لە برا موسوڵمان و عەرەبەکانیان لە جێگای دیکە بکەن. هەروەک چاوەڕوانی ئەوەی هەبوە و هەیە لە مێژوودا کە دراوسێ عەرەبەکان و موسوڵمانەکان حەقی هاوخوێنی و هاودینی و دراوسێیەتی بەرامبەر برا و خوشکەکانیان جێبەجێبکەن و لە کاتی لێقەوماندا سنورەکانیان بۆ بکەنەوە و داڵدەیان بدەن و کۆمەکیان بۆ کۆ بکەنەوە، بەمەش هەم ئەرکە مرۆییەکان لە پاراستنی ژیانی مەدەنی خەڵکی ڕەسەنی خاک داگیرکراو لەکۆڵی دەوڵەتی ئیسرائیل کەنەوە و هەمیش پرۆسەی پاکتاوی ڕەگەزی و وەدەرنانیان بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل ئاسانتر بکەن بەوەی ڕێگە لە گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بگرێت بۆ شوێنی نیشتەجێونیان. ئەوەی تا ئێستا نەیهێشتوە ئەم پڕۆسە سەربگرێت لە پاڵ بەرخودانی خەڵکی فەلەستین خۆیدا، بەشێکی بەشيوەیەکی گاڵتەجاڕانە دەڵێم، دەگەڕێتەوە بۆ ڕەفتاری “ناموسوڵمانانە و نا عروبیانە“ ی عەرەب و موسوڵمانان. نا موسوڵمانانە و نا عروبیانە چونکە بەو شێوەیە نەبوە کە زایۆنیزم و پان عەرەبیست و پان ئیسلامیستەکان لە عروبەیی و موسوڵمانێتی خەڵکی فەلەستینی و وڵاتە عەرەب و موسوڵمانەکانی درواسێیان چاوەڕوان دەکەن. لەناو موسوڵمانانیشدا ئەو تێڕوانینە هەیە کە فەلەستینی (یان حەماس) لە بری بەرگری و بەرخۆدان وەک موسوڵمانێک و هاوشيوەی پێغەمبەر پێویستە کۆچ بکەن (بە ئاماژە بۆ کۆچی موسوڵمانان بۆ حەبەشەو دواتر بۆ مەدینە). کێشەی دەوڵەتی ئیسرائیل و زایۆنیزم لەگەڵ ناسنامەیەکە بەناوی فەلەستینی، ئەو کار لەسەر سڕینەوەی ناسنامەی فەلەستینی دەکات، فەلەستین بریتیە نیە لە کەرتی غەزە و کەناری خۆرئاوا و جێگایەکی پیرۆزی وەک مزگەوتی ئەقسا، بەڵکو تەواوی خاکیی مێژوویی فەلەستینی سەردەمی ئینتیداب دەگرێتەوە و نیشتیمانی دانیشتوانێکە کە هەزار ساڵ زیاتر نیشتەجێی ئەو خاکە بون و وەک هەمو شێوازێکی دیکەی بەرهەمهێنانی ئاسیایی و پێش سەرمایەداری هاتن و چونی داگیرکەران و فاتیحان و شمشێر بەدەستان هیچێکی وای لە واقیعی ئابوری کۆمەڵایەتی دانیشتوانەکەی نەگۆڕیوە. بە پەیوەست بونی ناوچەکە بە بازاڕی سەرمایەداری و دواتریش هاتنی ئینتیدابی بەریتانی گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنان پۆتێنشیاڵی دروست بونی دەوڵەت نەتەوەیەکی مۆدێرن بۆ دانیشتوانی ئەم خاکە ( هاوشێوەی هەمو ناوچەکانی دیکە لە سوریا و ئوردن و عێراق و سعودیە) دێنێتە گۆڕێ بۆ تەواوی دانیشتوانەکەی، زایۆنیزم نەک ئەم پۆتێنشاڵە لەناو دەبات، بگرە وەک پڕۆژەی کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێ، ژێرخانی ئابوری و کۆمەڵایەتی هەزار ساڵەی تەواوی دانیشتوانی ئەم خاکە لە ڕەگ و ڕیشەوە دەگۆڕێت و( زۆربەی) خەڵکی فەلەستین لە ماوەی یەک دو ساڵدا لە گەلێکی زۆرینە جوتیار و گوند نشین و هەروەها خاوەن چینی کرێکاری شاری و کەرتی پیشەسازیەوە دەبن بە گەلێکی ئاوارەی دەربەدەر و لەشکری یەدەگی هێزی کاری هەرزان بۆ بازاڕی سەرمایەی ناوخۆ ( ئیسرائیل) و دەرەکی. لە دانیشتوانێکی ڕەسەنی دیار و خاوەن مێژووە دەبن بە فاکتەرێکی دیمۆگرافی، دەبن بە ژمارەیەک، وەک هەمو پەنابەرێک دەبن بە سەرئێشە بۆ وڵاتی داڵدەدەر، دەبن بە عەرەب، بە موسوڵمان، بە تیرۆرست، دەبن و دەکرێن بە هەمو شتێک تەنیا نابێت وەک فەلەستینی (بەو پێناسەی سەرەوە) بمێننەوە. زایۆنیزم کە تەواوی ئەو خاکە بە موڵکی خۆی دەزانێت هەمو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە فەلەستینیەکان وەک عەرەب یان وەک موسوڵمان بناسرێن، نەک وەک فەلەستینیی خاوەن مێژوویەکی تایبەت و خاوەن تراومای بەردەوامی نەکبە. ئەمە تەنیا داوای زایۆنیزم نیە لەوان، بەڵکو داوای پان عەرەبیست و بەعسی و ئیسلامیەکانیشە لەوان: ببن بە هەمو شتێک بەڵام فەلەستینی مەبن. هەمو قەبەکردنێکی پرسی فەلەستین لە واقیعدا خزمەت بە زایۆنیزم دەکات، لە ڕیتۆریکدا پرتەو بۆڵە و هات و هاوار(وەک موسوڵمانان لە کوێن؟ کوا غیرەتی حوکامی عەرەب و ئیسلام ؟) و سەرمایەگوزاری سیاسی پان عەرەبیست و پان ئیسلامیستی لێدەکەوێتەوە و لە تیۆریشدا تەنیا تیۆریای پیلانگێڕی لێ بەرهەم دێت، پیلانگێڕی لە هەردو سەرەوە: زایۆنیزم دەڵێت ( تیرۆرستی) عەرەب و موسوڵمان دژ بە نەتەوەی جولەکەیە و پان ئیسلامیست و پان عەرەبیستیش دەڵێن جولەکە(ی زایۆنی) دوژمنی عەرەب و موسوڵمان و مرۆڤایەتیە. هەر لەم چوارچيوەدا موسەنا ئەمینیش لە “دیبەتی ساڵ”دا ، کە هەوڵێکی دیکەیە بۆ بەدینیکردنی پرسی فەلەستین، پەنای بۆ تیۆریای پیلانگێڕی برد و وتی ئاگری ئەم شەڕە دەگاتە کوردستان؛ چونکە، بە گومانی موسەنا ئەمین، ئیسرائیل بە تەمای دەوڵەتێکە لە “نیلەوە بۆ فورات “ وەک پێشتر ڕونم کردوەتەوە لە نیلەوە بۆ فورات یان ئیسرائیلی گەورە بەوشێوەی هەڵگرانی تیۆریای پیلانگێڕی لێی تێدەگەن ستراتیجی ئیسرائیل نیە، بەڵکو تیۆریای پیلانگێڕیەو لە خیتابی عەرەبی و ئیسلامیدا زۆر بەربڵاوە. دەوڵەتی ئیسرائیل لەم گوتارەدا وەک دومەڵێک یان وەک شێرپەنچەیەک لەسەر دڵی خاکی عەرەب و موسوڵمانان سەیردەکرێت، یان وەک ئەختەبوتێک کە دەستی لە هەمو گێرە و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و بە تەمای دروستکردنی ئیمپراتۆریەتێکی گەورەیە، ئەم ئیمپراتۆریەتەی کە ئیسرائیل بە تەمایە دروستی بکات سنورەکەی هەر جارە و جێگەیەکە. قەزافی پێی وابو دەوڵەتی ئیسرائیلی گەورە لە پاکستانەوە بۆ ئیسپانیا و لە تورکیاوە بۆ یەمەن درێژ دەبێتەوە . یاسر عەرەفات ١٩٩٠ لە دانیشتنێکی نەتەوەیەکگرتوەکاندا وتبوی ئیسرائیل نیازی وایە تەواوی فەلەستین، هەمو لوبنان و ئوردن ،نیوەی سوریا، نیوەی عێراق، سێ لەسەریەکی عەرەبستانی سعودیە بە مەککەو مەدینەوە ،لەگەڵ نیوەی بیابانی سینا داگیربکات و چەند نەخشە و هێمایەکی وەک شەمعدانی ئیسرائیل و دو ڕەنگە شینەکەی ئاڵای ئیسرائیل (وەک ئاماژە بۆ دوڕوبار) هەروەها بابەتێکی نوسەرێکی زانکۆی شەفێڵد بەناوی گوین ڕاولی دەکرد بە بەڵگە، بەپێی ئەو نەخشەی گوین ڕاولی قەڵەمڕەوی دەوڵەتی ئیسرائیل بە فوراتەوە ناوەستێت و دیجلەش تێئەپەڕێنێت و هەتا سەرسنوری ئێران دەڕوات و کەلار وکفریش دەگرێتەوە. بەڵام ئیسرائیل وەک هەمو دەوڵەتێکی ڕەگەزپەرست هێندەی لە خەمی دیمۆگرافیادایە هێندە لە خەمی جوگرافیادا نیە، داگیرکردنی ڕوبەرێکی بەرفراوان، کە دانیشتوانەکەی دەیان قاتی دانیشتوانی نەتەوەی داگیرکەر بێت، بۆ دەوڵەتێک کە لەسەر دیموکراسیی گەلی سەردەستە (تۆ بڵێ ڕەگەزپەرستیی گەلی سەردەستە) بنیاتنرابێت خۆکوشتنە. ئیسرائیل ٧٧ ساڵە خەریکی پاکتاوی ڕەگەزی و سیاسەتی دەرپەڕاندنە لە فەلەستین هێشتاش دانیشتوانی فەلەستینی زیاترن لە دانیشتوانی “جولەکە” لە ئیسرائیل و خاکی مێژوویی فەلەستیندا، ئێستا هیچ ناکات وەک جەنگیز خان و تەیموری لەنگ ئەم ڕوبەرە بەرفراوانە، بە دانیشتوانێکی ٣٠ هێند و زیاتری ئێستایەوە داگیر دەکات؟ میراتی دینی نەریتێکی هەزاران ساڵەو دەوڵەمەند و فرە زمان و فرە تەئویلە، ئەم میراتە بە تایبەتی لە مێژووی ئیسلامیشدا بێ خاوەنە، بێخاوەن بەمانای ئەوەی کەس ناتوانێت خۆی بکات بە خاوەنی و بەناوی تەواوی ئیسلامەوە قسەبکات، نەک سەبارەت بە فەلەستین بگرە بۆ هەمو پرسێکی دیکە تەفسیرێکی ئۆرتۆدۆکس و پابەندکەر بۆ هەمو موسوڵمانان نیە، بۆیە کاتێک هەم مێژوو و هەم واقیعی ئێستا مایەپوچی گوتاری بە دینیکردنی پرسی فەلەستین دەردەخات و پان ئیسلامیستەکان هیچیان بۆ نامێنێتەوە جگە لە ناووناتۆرەنان و پەنابردن بۆ تیۆریای پیلانگێڕی. بەڵام تیۆریای پیلانگێڕی چەکێکە هەمو کەس دەتوانێت بەکاریبێنێت. ئەوەتا یونس ڕاوییش لەسەر هەمان ڕێباز ئەم چەکە دژی ئیخوان بەکار دێنێت و دەڵێت حەماس دروستکراوی زایۆنیزم و جولەکەی جیهانیە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.