ڕێزلێنان لە ئەنجلز (١٨٢٠-١٨٩٥)… وەرگێرانی: توانا حەمە نوری

0

لە ماوەی ١٢ ساڵەی دوای مردنی کارڵ مارکس (١٨١٨-١٨٨٣)، ئەرکی سەرەکی سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەی سۆشیالیستی کەوتە ئەستۆی ئەنجلز. نەک هەر ناچار بوو بابەت بۆ گۆڤارە جۆراوجۆرەکان بنووسێت و لەگەڵ سەرکردەی سەندیکا و حزبەکانی دیکە کۆببێتەوە و وەڵامی ئەو نامە زۆرانەی کە بۆی دەهات بداتەوە، هەروەها بەرپرسیار بوو لە کۆکردنەوە و دەستکاریکردنی بەرگەکانی دواتری کتێبی کاپیتاڵ.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێش مردنی مارکس بەتایبەت لە سەرەتای ساڵانی ١٨٤٠ بەدواوە شاهیدی جۆرێک لە دابەشکردنی کار دەبین. ئەنجلز زیاتر سەرنجی لەسەر لایەنی سیاسی و سەربازی و زانستی بوو، لە کاتێکدا مارکس سەرنجی لەسەر لایەنی ئابووری بوو.  دیارە چالاکی هاوبەشیان هەبووە و بەرهەمەکانی دیکەیان لە ئەنجامی بیرکردنەوەی یەکترەوە بووە. بەڵام ئەم دابەشکردنی کارەش ​​بوونی هەبوو.
بەم شێوەیە، بۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵ، ئەنجلز بەو شێوەیەی کە مارکس لەگەڵیدا خەریک بوو، سەرنجی لەسەر ئابووری سیاسی نەبوو؛ بەڵام دوای مردنی مارکس بوو کە چیتر نەتوانرا تەنها بە هاوکارەکەی مارکس لە ئابووری سیاسیدا هەژمار بکرێت؛ ئەنجلز پێشتر بووبوو بە تیۆریستێکی ئابووری سیاسی. بێگومان بەشێکی ئەرکێک بوو کە ڕەنگە بە پێچەوانەی ویستی خۆیەوە کەوتە سەری؛ بۆ نموونە دەستکاریکردنی بەرگەکانی دواتری کتێبی کاپیتال کە مارکس تەنیا دەستنووسەکانی بەجێهێشتبوو. تەنانەت کچەکەی مارکس، ئێلینۆر، بەپێی توانا یارمەتی ئەنجلزی دەدا لەم دەستکاریانەدا، بەڵام وادیارە ئەوەندە سەبر و متمانەی بەخۆی نەبوو، هەر بۆیە ئەم ئەرکە گەورەیە کەوتە ئەستۆی ئەنجلز. ئەمە بە تایبەتی لە پێشەکی ئینگلیزی بەرگی یەکەمی کاپیتالدا ڕوونە.
ڕۆژانە ٨ بۆ ١٠ کاتژمێری تەنیا بۆ کتێبی سەرمایەی تەرخان دەکرد تا بتوانێت بەرگەکانی داهاتوو لە کەمترین کاتدا بۆ چاپکردن ئامادە بکات. بێگومان ئەنجلز لەو ماوەیەدا چەند بەرهەمێکی بچووکتری مارکسیشی دەستکاری کردووە. بۆ نموونە نامیلکەی ئابووری بە ناوی “کاری کرێگرتە و سەرمایە” و وەرگێڕانی یەکەمی “هەژاری فەلسەفە” بۆ زمانی ئەڵمانی. ئەنجلز سەرپەرشتی وەرگێڕانی بەرگی یەکەمی کاپیتال لەلایەن ئێدوارد ئۆلینگ و ساموێل مۆرەوە بۆ ئینگلیزی دەکرد.
لە ساڵی ١٨٨٥ تا مردنی ئەنجلز ماوەی ١٠ ساڵەی بەرهەمدار بوو. لەبەرئەوەی سەرمایەداری لەو کاتەوەی مارکس بەرگی یەکەمی نووسی، گۆڕانی بەسەردا هاتبوو، ئەرکی ئەنجلز بوو کە تیۆری ئابووری مارکس لێکبداتەوە و نووسینەکانی لە قاڵب بداتەوە. جگە لەوەش لەم ساڵانەدا کتێبی زۆر گرنگی “سەرچاوەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت” و هەروەها کورتە نامەی فەلسەفی “لودویگ فۆیەرباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی”ی چاپ کردووە و زیاتر لە ٢٢ پێشەکی بۆ بەرهەمەکانی مارکس نووسیوە، لەوانە ٥ پێشەکی بۆ مانیفێستی کۆمۆنیستی، هەروەها نامە و وتار بۆ ڕۆژنامەکان.
بەم شێوەیە، وەک مایکل چارڵز هاوارد وتوویەتی: “دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ، ئەنجلز جارێکی دیکە بووەوە بە تیۆریستێکی ئابووری سیاسی”.
خۆشبەختانە بە پێچەوانەی مارکسەوە، ئەنجلز لەو ساڵانەدا تەندروستی جەستەیی و دەروونی تەواو بوو. لە ساڵی ١٨٨٠ کاتێک ئێدوارد بێرنشتاینی گەنج لە لەندەن چاوی بە ئەنجلز کەوت، زۆر سەرسام بوو پێی:
“لەو ڕۆژانەدا ئەنجلز تازە بوو بە شەست ساڵ و تەندروستی جەستەیی و هێزی دەروونی سەرسامی دەکردم. ئەم پیاوە باڵابەرز و باریکە بە خێرایییەک کە تەنانەت لە بچووکترینەکانی ئێمەش زیاتر بوو، بە شەقامە درێژەکانی لەندەن دەڕۆیشت. ئاسان نەبوو بۆ ئێمە کە لە کاتی ڕۆشتنماندا لەگەڵیدا بەردەوام بین. هەرچەندە مارکس تەنها دوو ساڵ لە ئەنجلز گەورەتر بوو، بەڵام ئەو بڕوایەی دروست دەکرد کە زۆر گەورەترە.”
ئەمانە تەنها چەند دەستکەوتێکی ئەنجلزن؛ شایانی باسە ئەنجلز تێگەیشتنی ئێمەی لەسەر ماتریالیزمی مێژووییش گۆڕی. دوای بڵاوبوونەوەی کاپیتال، هێشتا وا دیار بوو کە مارکس فاکتەری ئابووری بە گرنگترین لایەن، یان بە بۆچوونی زۆر کەس بە بنەڕەتیترین لایەنی ماتریالیزمی مێژوویی دەزانی؛ بەڵام ئەوە ئەنجلز بوو کە لە نامەیەکدا بۆ هاوڕێکانی ئاماژەی بەوەدا کە فاکتەری ئابووری تەنها یەکێکە لە هۆکارە کاریگەرەکان و تەنها لە قۆناغی کۆتاییدا گرنگترین فاکتەرییە. وەک لە نامەیەکدا بۆ جۆزێف بلۆچ لە ٢١ی ئەیلوولی ١٨٩٠ نووسیویەتی:
بەپێی چەمکی ماتریالیستی مێژوو، ئەو فاکتەرەی کە دواجار لە مێژوودا یەکلاکەرەوەیە، بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ژیانی ڕاستەقینەیە. هەرگیز نە من و نە مارکس ئیدیعای لەمە زیاترمان نەکردووە. ئەگەر ئێستا کەسێک ماناکەی بە شێوەیەک بشێوێنێت کە وا دەردەکەوێت فاکتەری ئابووری تاکە فاکتەری دیاریکەرە، ئەوا ئەم کەسە ئەو گەڵاڵەیەی کردۆتە دەستەواژەیەکی ئەبستراکت و بێ مانا کە هیچی بۆ وتن نییە. دۆخی ئابووری بنچینەیە، بەڵام بەشە جۆراوجۆرەکانی پێکهاتەکە – فۆرمە سیاسییەکانی خەباتی چینایەتی و دەرئەنجامەکانی، یاسا بنەڕەتییەکان کە چینی سەرکەوتوو دوای سەرکەوتن دامەزراندوویانە، فۆرمەکانی یاسایی و تەنانەت ڕەنگدانەوەی هەموو ئەو ململانێ ڕاستەقینەیانە لە مێشکی بەشداربووان، تیۆرییە سیاسییەکان، بیروباوەڕی یاسایی، فەلسەفی و ئایینی، و پەرەسەندنی زیاتریان بۆ سیستەمی دۆگماتیک – هەموو ئەمانەش کاریگەرییان لەسەر پەرەسەندنی ململانێ مێژووییەکان هەیە و لە هەندێک حاڵەتیشدا شێوەیان دیاری دەکەن.
لە ژێر کارلێکردنی هەموو ئەم فاکتەرانەدایە کە بزووتنەوەی ئابووری لە کۆتاییدا بە ڕەتکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر کەم لە ڕووداوی هەڕەمەکی ئەنجام دەدرێت (واتە ئەو شتانە و ڕووداوانەی کە مانای ناوەکییان ئەوەندە دوورە کە دەتوانرێت بە نەبوون و ئەگەری نادیار دابنرێن). ئەگینا، جێبەجێکردنی ئەم تیۆرییە لە هەر سەردەمێکی مێژوودا ئاسانتر دەبێت وەک لە چارەسەرکردنی هاوکێشەیەکی سادە. 

وادیارە دەستکەوتەکانی ئەنجلز بە شێوەیەکی سەیر پشتگوێ خراون، لەکاتێکدا نووسینەکانی نەک تەنها تەواوکەرێکی نایابن بۆ تێگەیشتن لە مارکس، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا زیاتر لەوە لەگەڵمان دەبن.

 

لە فارسییەوە کراوەتە کوردی…

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.