کێبڕکێی سودانی و مالکی، لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٥ی عێراقدا… عوسمانی حاجی مارف
ئایا ئێران دەستبەرداری مالیکی دەبێت و سودانی هەڵدەبژێرێت!؟
پەرلەمانی عێراق ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکرد. مانگی ڕابردوو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەستپێکردنی پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆسەکە یەک مانگ دەخایەنێت.
لەگەڵ دانانی وادەی فەرمی بۆ هەڵبژاردنەکان، ئێستا سەرنج دەچێتە سەر سروشتی ئەو هاوپەیمانیانەی کە پێکیدەهێنن و ڕادەی بەشداری جەماوەر لەم بۆنەیەدا کە وەک شتێکی سەرەکی بۆ داهاتووی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا سەیر دەکرێت، بەڵام ئەوەی پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداربوان زۆر کەم دەبێت.
سودانی، کاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، هەنگاوێک کە ڕەنگە لە بەرامبەر ویستی نوری مالیکیدا بوەستێتەوە، کە مالکی بەنیازە ببێتە کەسایەتی قۆناغی داهاتوو لە عێراق، لەڕێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە جارێکیتر هەوڵی سەرکردایەتی بۆ ئایندەی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەستەوەبگرێت، لەهەمانکاتدا پارێزگاری لە مانەوەی حەشدی شەعبی بکات، ئەم ئەجندایەش لە دۆخی ئێستای ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێراندا بۆ مالکی کارساز نییە.
کاندیدبونی سودانی، خوازیاری بەردەوامی مانەوەیەتی لە چوارچێوەی گۆڕەپانی سیاسی و وەستانەوە بەرامبەر بە مالیکی، پێدەچێت لە لێواری درێژەدان بە پۆستی سەرۆک وەزیراندا سودانی ئەو فرسەتەی زیاتربێت، کە لە نێوان نەبوونی کەسایەتیە دیارەکانی شیعە و ناکۆکی بەردەوامی نێوان لایەنەکان، هیچ کەسێکیان بوێری ئەوەیان نەبێت دواتر خۆیان کاندیدکەن بۆ سەرۆک وەزیران، لەهەمان کاتیشدا بزووتنەوەی سەدری و موقتەدا سەدر، جارێکی تر هەڵویستی بایکۆت وەردەگرنەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
ئەوەی مالیکی نیگەران دەکات لە کێبڕکێی لەبەرامبەر سودانیدا ئەوەیە کە سەرۆکوەزیرانی ئێستا بەو ڕۆلەی لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا لە سەردانەکان و پەیوەندیەکانیدا دیویەتی چێژ لە قەبوڵکردنی ناوچەیی و نێودەوڵەتی وەردەگرێت، بە پێچەوانەی مالیکی کە بوونی تەنها بەستراوەتەوە بە پشتیوانی ئێران و حزبی دەعوە، لەهەمانکاتدا ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی بەستنەوەی عێراق بە کارنامەی ئێرانەوە، بەڵام دۆخەکە بەتەواوی گۆڕاوەو زیاتر بە زیانی مالکیەو و خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی سودانی دەکات، چونکە ئایندەی شێوەی دەستێوەردانی ئێران لە عێراقدا ئاڵوگۆڕی جدی بەخۆیەوە دەبینێت.
ئێران کە ئێستا نایەوێت ڕووبەڕوی ئەمریکیەکان ببێتەوە لە عێراقدا، ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کاتیش، دەتوانێت دەستبەرداری هاوپەیمانەکانی وەک مالیکی بێت و ڕەنگە زیاتر پشتگیری لە مانەوەی سودانی بکات بۆ ماوەیەکی تریش وەک سەرۆکوەزیران، تا ئەو کاتەی زریانەکە تێدەپەڕێت، چونکە لەم دۆخەدا سودانیان پێباشترە، باشترە لە کاندیدکردنی کەسایەتیەکی دیکە کە دوژمنایەتیان لەگەڵدا بکات، ئاشکرایە کە سودانی دەستبەرداری ئێران نەبووەو هەوڵی داوە هاوسەنگی نێوان ڕۆڵی ئەمریکاو ئێران لە عێراق ڕاگرێت.
ئێران بۆ فشارخستنە سەر میلیشیاکانی ژێر چەتری حەشدی شەعبی، پاڵدەنێت بۆئەوەی خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان تەسلیم بکەن و وەک تاک پەیوەندی بە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانەوە بکەن، ئەمەش وای لێدەکات گرنگی بە مالیکی نەدات و سودانی بەسەر ئەودا هەڵبژێرێت. مالکی کاغەزێکی سووتاوە کە بوونی پەیوەستە بە غەرقبون لە گەندەڵیدا، بەڵام سودانی لە پەیوەند بە ڕێکەوتنی ئەمریکاو ئێرانەوە تاڕادەیەک دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە گرنگەی کە حەشدی شەعبی خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان تەسلیم بکەن و وەک تاک پەیوەندی بە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانەوە بکەن، ئەمەش وا لە ئێران دەکات پێگەی مالیکی بە هەند وەرنەگرێت و فەزڵی سودانی بەسەر ئەودا بە باشتر بزانێت.
کاندیدبونی سودانی، هەڵگری پەیامێکی ڕوونە کە بەردەوام دەبێت لە بنیاتنانی پەیوەندی هاوسەنگ بۆ عێراق لەگەڵ ژینگەی ناوچەیی و هاوبەشە نێودەوڵەتیەکانی بەتایبەت ئەمریکا. ئەمەش فاکتەرێکی بەرچاوە لە بەرژەوەندی سودانی، بەپێچەوانەی مالیکی کە بەهۆی خراپی پێشینەی لەگەڵ ڕەوتی سەدری و پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ ڕەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و دابەزینی متمانەی لە نێو کورد و سوننە ڕووبەڕووی دژایەتی ناوخۆیی دەبێتەوە.
مالیکی نیگەرانی خۆی لە سەرکەوتنی سودانی ناشارێتەوە لە کۆکردنەوەی پشتیوانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا، ئەمەش مەترسی لەسەر پێگەی ئەو وەک سەرۆکی باڵای چوارچێوەکە و کاندیدەکەی بۆ قۆناغی داهاتوو دروست دەکات. هەروەها مالیکی ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی دەرەکی دەبێتەوە، کە لە دەوڵەتانی ناوچەکەوە دەست پێدەکات، لەنێویاندا دەوڵەتانی کەنداو، بوونی مالکی بە مانای وەستانی وەبەرهێنان لە عێراق و ڕەتکردنەوەی هاوکاریکردنی دەبێت لەو قۆناغە سەختەی کە ئێستا بەسەریدا هاتووە. ئەمه جگه له نادڵنیایی تورکیا و ئەمریکا لەبەرامبەر مالکیدا.
سودانی لەمیانی بەشداریکردنی لە نۆیەمین کۆڕبەندی سلێمانی، نیازی خۆی بۆ کاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە “هەڵبژاردن دەرفەتێکە بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەیەکی چاکسازی بۆ عێراق”. جەختیشی کردەوە کە “بەهای ڕاستەقینەی هەر چاکسازیەک گەیشتنە بە گروپە هەژار و پەراوێزخراوەکان و ڕزگارکردنیان لە چنگی هەژاری”.!
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لەلایەکی ترەوە ئەتوانین بڵێین خەریکە کە سودانی وەک مۆدێلێکی ئەفسانەیی و حاکمێکی بێ کەموکوڕی و پاڵەوانێکی بێ هەڵە دەخرێتەڕوو، یان سیاسەتەکانی وەک ئاماژەیەکی زیندو بۆ ئەگەری گەڕاندنەوەی دادپەروەری پێشکەش دەکرێن نەک موزایەدە، لەراستیدا، ئەو هاوسەنگی و میانڕەویەی سودانی قسەی لەسەر دەکات، ناتوانێ لەناو دەریای جەنجاڵی و دۆخی نالەبارو ناجێگیری عێراقدا جێگای بێتەوە، کە سودانی بۆ خۆشی داینەناوە لەسەر ڕێرەوی هەڵوەشانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی هەنگاو بنێت، ناتوانێت لە دۆخی ئێستای عێراقێکی دابەشبودا دەرگایەک بکاتەوە هێوای داهاتویەکی سەقامگیری لە عێراقدا وەک سەرۆک وەزیران بەدەست بهێنێت.
پێگەی سودانی لەنێو جەنجاڵی زیادەڕۆیی و شەڕ و پێکدادانەکاندا ئەو پەنجەرەیە نییە کە گەشبینی پێشکەش بکات، سەروەری و سەربەخۆیی عێراق تەنیا دروشمێکە کە لە بەرامبەر ئەمریکاو ئێراندا و کێشمەکێشی باڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا مامەڵەیەکی سادە نییەو بواری ساغبونەوەی زەحمەتە.
ئامادەکاری پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کە بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، چاوەڕوان دەکرێت هاوپەیمانی نوێ لە غیابی ڕەوتی سەدریدا دروست بکرێت، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ هێزەکانی دیکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.
پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆرینەی دەنگەکانی سەدری بۆ هاوپەیمانی یان هێزە تازە پێگەیشتوەکانی سودانی دەچێت، کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای مالیکی لە دەستکەوتی بەرچاو لە کورسیەکانی پەرلەمان بێبەش دەکات و تەنانەت ڕەنگە هەڕەشە لە توانای مالیکی بکات بۆ پاراستنی قەبارەی ئێستای لە پەرلەمانی داهاتوودا.
کاندیدبونی سودانی بۆ هەڵبژاردنەکان شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو، بەڵام کاتی خۆی و پەیامە سیاسیەکانی و ئەو هاوپەیمانیەی کە لە دەوروبەری پێکهاتوون، ئاماژەن بۆ شەڕێکی ئاڵۆزی هەڵبژاردن کە کراوەیە بۆ چەندین ئەگەر.
لە نێوان ئەم تەحەددایانەدا، سودانی هەوڵدەدات خۆی وەک “حکومەتێکی سەقامگیر” پیشان بدات، گوایە لەڕێگەی دەستکەوتەکانیەوە حکومەتەکەی بنیات دەنێت و گوتارێک پێشکەش دەکات کە ئەتوانێ هاوسەنگی دۆخەکە ڕاگرێت. بەڵام ئەوەی بەداوی سیاسەت و دەخالەتی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشهاتووە و پشتیوانی لە ئیسرائیل مەبنا بووە بۆ ئەمریکا، هەڕەشەکانی ترەمب لەسەر هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی و ئایندەی ڕێکەوتنی ئەمریکاو ئێران، گومانی تیا نییە کە دۆخی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بە نائارام دەبینرێت، لەهەمانکاتدا پێکهێنانی حکومەتی عێراق لەبەردەم قەیرانێکی هەمەلایەنەدا بەرەو ڕوو دەبێتەوە، جا پێکهێنانی حکومەت لە سایەی مالکی بێت یا سودانی، دۆخەکە بە ئاسانی تێناپەرێنرێت.