قەڵای دیموکراسی یان گەڕانەوە بۆ چاخی مێرکانتیلیزم… نووسینی: میرۆ عەبدولکەریم
سوکایەتیکردن بە زیلینسکی و وەدەرنانی لەلایەن ترەمپ و جێگرەکەی شەپۆلێک لە کاردانەوە و لێکدانەوەی لە میدیای کۆنزەرڤاتیڤ، لیبرال و چەپی لیبراڵی ئەڵمانیدا بەدوی خۆیدا هێنا؛ ئەوەی من توانیم بژمێرم سێ جۆر لێکدانەوە بون
١-گەڕاندنەوەی بابەتەکە بۆ کەسایەتی و دەرونی ترەمپ و دارودەستەکەی کە گوایە مشتێک دەرونشێواوی سادیست و سایکۆپاتن و چێژ لە شکاندنی ئەوانی دیکە دەبینین.
٢- وێناکردنی ترەمپ و ڤانس وەک سیخوڕ و بەکرێگیراوی ڕوسیا، بەپێی ئەم لێکدانەوەیە ئیدارەی ترەمپ بون بە داردەستی ڕوسیا پوتین بە ئارەزوی خۆی هەڵیاندەسوڕێنێت..
٣-خیانەتی ئەمریکا لە بەها ڕۆژئاواییەکانی وەک دیموکراتی و مافی مرۆڤ. لەم تێڕوانینەدا چین، ڕوسیا و ئێستاش ئەمریکا بون بە وڵاتی سەرکوتگەر و دیکتاتۆر و پێشێلکەری بەها گەردونی و مرۆییەکان. بەپێی ئەم تێڕوانینە، ئەوروپا وەک تاقە قەڵای بەرگیکردن لە بەها گەردونیەکان و دیموکراسی ماوەتەوە و لە هەمولایەکەوە بە دیکتاتۆر، دەروننەخۆش، سەرکوتگەر، ژینگەپیسکەر و مافی مرۆڤپێشێلکەر دەورەدراوە.
جا بۆ پاراستنی ئەم قەڵا و ئەم کۆتا ئومێدەی مرۆڤایەتی، بۆ هێشتنەوەی ئەوروپا بە لیبراڵی، ڕۆشنبیرانی نەزمی لیبراڵی داوا دەکەن کە ئەوروپا لەڕوی سەربازییەوە خۆی بەهێزکات. هەروەک داواش دەکەن کە ئەوروپا لە ڕوسیاوە دەست پێ بکات و گوێچکەی پوتین ڕاکێشن و فێری بکەن کە هیچ دەستدرێژیکارێک ناتوانێت بە زۆر و بەکارهێنانی هێز بە ئامانجە ناڕەواکانی بگات.
هەرچەند هەر یەک لەو ڕونکردنەوانە (تۆ بڵێ تەمومژاویکردنی بابەتەکە) کڕیاری خۆی هەیە و دەرخواردی کۆمەڵێک خوێنەر و بیسەر و گوێگر دەدرێت، بەڵام ڕونکردنەوەی سێیەمیان زیاتر خزمەت بە سیاسەتی ئێستای چینی دەسەڵاتداری ئەوروپا دەکات.
لە دوای جەنگی جیهانی دوەم و ئاکامی کارەساتباری جەنگەوە هاوڵاتیانی ئەوروپا مەیلێکی وایان نییە بۆ خۆپڕچەککردن و بە سەربازیکردنی کۆمەڵگە و جەنگخوازی. بۆیە دەسەڵاتدارانی ئەوروپا پێویستیان بە قۆستنەوەی هەلەکانە تا پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن و جەنگخوازی و بە سەربازگەکردنی کۆمەڵگا وەک ناچاری و بە ئامانجی مسۆگەرکردنی ئاشتی-، پاراستنی مافی مرۆڤ و دیموکراسی بە هاوڵاتیانیان بفرۆشنەوە. ئامادەنەبونی ئەمریکا بۆ چیتر یارمەتیدانی ئۆکرانیا دەرفەتێکە بۆ دەسەڵاتدارانی ئەوروپا تا چەکسازی و مەرگسازی زیاتر تاوبدەن، لەمەشدا لەشکرێک لە ڕۆشنبیری ئایدیالیستی جەنگخواز و چالاکوانی لیبراڵی (هەندێکا بە ئاگا و زۆرێکیش نائاگا) دەبن بە پشتیوانی ئەم پڕۆژە ئیمپریالیستیەی دەوڵەتەکانیان، کاتێک داوا دەکەن دەوڵەتەکانیان جێگای ئەمریکا بگرنەوە و بەردەوام بن لە پشتیوانی سەربازی و ئۆکرانیا بە تەنیا جێ نەهێڵن. هەندێکیشیان تەنانەت چاوەڕوانن ئەوروپا ببێتە تاکە زلهێزی جیهان کە لە یەک کاتدا توانای ڕاکێشانی گوێچکەی ڕوسیا و ئەمریکا و چینی هەبێت و وانەی دیموکراسیان فێرکات.
لە ئەڵمانیا حاڵی حازر فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری داهاتو، داوای بودجەیەکی تایبەتی دیارینەکراو دەکات بۆ زیادکردنی توانای سەربازی ئەڵمانیا، مێرز پێی وایە کە درەنگەو وەختی مشتومڕ نییە، ئەڵمانیا نابێت چیتر کات لە دەست بدات. تێکچونی حکومەتی پێشو و دۆڕانی دیموکراتە ئازادەکان کە تاکە حیزبی نیوڵیبراڵ بوون دژ بە شلکردنەوە و لابردنی برێکی قەرز (Schuldenbremse) ، بواری بۆ ئەم حکومەتە نوێیە بە سەرکردایەتی مێرز کردوەتەوە تاوەک قەرزی دەوڵەت بەکاربهێنێت بۆ خۆپڕچەککردن و بەهێزکردنی توانای سەربازی.
خەزێنەی بە قەرز و ڕەنجی کرێکار پڕکراوی دەوڵەت لەبری بەکارهێنانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی، پەروەردە، ژێرخان و ڕێگەوبان و گواستنەوە، پاراستنی ژینگەو ڕێگریکردن لە گەرمبونی زیاتری زەوی، بەکاردەهێنرێت بۆ پیشەسازی مەرگسازی و وێرانکردنی زیاتری شارستانیەت و ژینگە.
لە پاش هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیا لە وێستگەی پاس و شەمەندەفەرەکاندا، لە تەلەفزیۆن و سۆسیال مێدیادا، تەنانەت لەسەر کارتۆنی گەیاندنی پیتزا بۆ ماڵانیش ڕیکلام بۆ سوپا و پیشەسازی چەکسازی دەکرێت و هەوڵدەدرێت جەنگ و جەنگخوازی لای هاوڵاتیان نۆرماڵ بکرێتەوە، هەوڵدەدرێت سوپا و پیشەسازی چەکسازی وەک دابینکەری هەلی کار بۆ بێکاران سەرنجڕاکێش و ڕازاوە بکرێت. لە پاڵ وەزیری بەرگری، وەزیری تەندروستی و وەزیری پەروەردەش داوا دەکەن کە خەڵک و دامەزراوەکانی وڵات ئامادەی جەنگ بن و لەقەرەی جەنگ بێن.
لە پاڵ ئەوروپا و ئەڵمانیەکی بەهێز لە ڕوی سەربازیەوە داواشدەکرێت ئابوری ئەڵمانیا بەهێزبکرێتەوە، هەمان مێرز ئەجێندای ٢٠٣٠ ی خستە ڕو، ئەجێندایەک بۆ سەرنجڕاکێشکردنی ئەڵمانیا وەک شوێنێک بۆ سەرمایەگوزاری. ئەجێندایەک بۆ دەوڵەمەندکردنی زیاتری دەوڵەمەندەکان و هەژارترکردنی هەژاران: زیادکردنی سەعاتی کار، بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنیشینی، کەمکردنەوەی بەربەستەکان لە بەردەم کەڵەکەکردنی سەرمایەدا، وەک کەمکردنەوەی باجی سەر خاوەن کارگە و کۆمپانیاکان، کەمکردنەوەی بیرۆکراسی و ڕێکارەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی کار و پاراستنی ژینگە، ترساندن و دیسپلین کردنی بێکاران و وەرگرانی یارمەتی کۆمەڵایەتی و ناچارکردنیان بە قبوڵکردنی کار بە کرێی مەمرەو مژی، بڕینی هاوکاریە کۆمەڵایەتیەکان لە ئەگەری قبوڵ نەکردنی کاردا، هەڕەشەی بێ سەرپەنا کردنی سەدان هەزار کەس و هێندەی تر هەژارکردنی ملیۆنان هاوڵاتی کە حاڵی حازر لە هەژاریدا ژیان دەگوزەرێنن.
بۆ پەیوەستی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیش لە پاڵ هەڕەشەی دیکتاتۆریی “دنیای نالیبراڵ”دا، پێویستە دوژمنانی ناوخۆش لە “پەنابەر (ی تاوانکەر)”، کۆمۆنیست و چەپی ڕادیکال، “تەمەڵە مشەخۆر و بێکارەکان“، ئەوانەی زیادەڕەوی دەکەن لە بەکارهێنانی خزمەتگوزاری تەندروستیدا وەک دوژمنی کۆمەڵگە و شارستانیەت و دیموکراتی لە قەڵەم بدرێن یان ئەوانەی ڕەخنە لە پێشبڕکێی مەرگسازی دەکەن وەک سیخوڕ و بەکرێگیراوی ڕوسیا و لایەنگری ترەمپ.
ئەڵمانیا نمونەی بەهێزترین وڵاتی ئەو ئەوروپایە کە لیبراڵەکان دەیانەوێت وەک دوا قەڵای دیموکراسی سەیری بکەن. هەڵپەساردنی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پەنابەری، وێرانکردنی ژینگە، زیادکردنی قڵشتی کۆمەڵایەتی و نا ئارامیی کۆمەڵایەتی، زیادکردنی دەسەڵاتی تەنفیزی بە سەر دەستور و دەسەڵاتی یاساداناندا، زیادکردنی دەسەڵاتی چاودێری و سیخوڕی دەوڵەت و کارکردن بە یاسای تەواری، ڕەتاندنی کرێکاران لە ژێر کاردا و دواتریش کەمکردنەوە و بێبەهاکردنی پاشەکەوتی چەند ساڵەیان، فەرامۆشکردنی ئەو ژێرخانە و دامەزراوانەی کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی، هەمو ئەمانە و چەندین سیاسەتی دیکەی دژە مرۆییانە ڕەوایەتی پێدەدرێت لە ژێر ناوی جەنگ دژی دوژمنانی دیموکراسی و ئازادی.
لە بەرامبەر ئەم ئایدۆلۆژیا جەنگخوازەدا ڕونکردنەوەیەکی دیکە هەیە (بەم شیکارییە، لە رێگەی نوسینەکانی ئینگار سۆلتی، لێکۆڵەوەری مارکسی و شارەزای بواری جیۆپۆلەتیک ئاشنا بوم) ئەویش ئەوەیە کە یەکیەتی ئەوروپا لە ئەمریکا دورنەکەوتوەتەو و دوریش ناکەوێتەوە، کە دەسەڵاتدارانی ئەوروپا ئاگادارن لەوەی ئەم جەنگە هیچ ئاسۆیەکی ڕونی بۆ ئۆکرانیا تێدا نییە وئامادەش نین لەم گەڕەدا ڕاستەوخۆ بچنە جەنگەوە لەگەڵ ڕوسیادا. دەسەلاتدارانی ئەوروپاش، بە پێچەوانەی ڕیتۆریکی خۆیان و چاوەڕوانی لیبرالانی جەنگخوازەوە لێیان، وەک ئەمریکا و ڕوسیا حساباتی ئیمپریالیستی خۆیان هەیە و گیرۆدەی گوتار و وێنای خۆیان (وەک شۆڕەسواری پارێزەری دیموکراتی و مافی مرۆڤ) نابن.
بەپێی ئەم تیۆریە، بۆ ئەمریکا کۆماری چین، کە یەکەم زلهێزی ئابوریی جیهانە، هەڕەشەی سەرەکی سەدەی بیست و یەکە نەک وڵاتێکی وەک ڕوسیا کە ئابوریەکەی بە قەد ئابوری ئیتالیایە، ئەمریکا دەیەوێت پێشڕەوی چین لە بازاڕی جیهانیدا ڕابوەستێنێت، نەک بە ڕێگای ئابوری و پێشبڕکێکردن لەسەر بازاڕ، بەڵکو بە ڕێگای سەربازی و لە ڕێگەی ئابڵوقەدانی سەربازی چینەوە. ئەمریکا پێویستی بە بەرەیەکی گەورە هەیە بۆ ئەم کارە، لەگەڵ هاوپەیمانی دێرینیدا کە یەکیەتی ئەوروپایە دوبارە پێویستی بە دابەشکردنەوەی کارە. ئەوروپا دەبێت خەرجی زیاتری سەربازی و ئەمنی خۆی وە ئەستۆ بگرێت، ئەمە هەم زۆر ئەرک و خەرجی لە کۆڵ ئەمریکا دەکاتەوە هەمیش ڕوسیا دەسڵەمێنێتەوە لە تەماع و چاوچنۆکی زیاتر لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا.
ئۆکرانیا کە بەشێکی بوەتە زۆنی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا و بەشێکی دیکەشی زۆنی کاریگەریی ڕوسیا، گەرچی کانزا و سەرچاوە گرانبەهاکانی ئیشتیهای ئیمپریالیزمی ئەمریکی دەکەنەوە، بەڵام خودی ئۆکرانیا و سەروەری وڵاتەکە ئەوەندە بەهای نییە کە بۆ پاراستنی ڕوسیا هەڵدرێتە باوەشی چینەوە. لەم بەرەی نوێیە دەبێت هەمو تەرکیزەکان لەسەر چین بێت، بۆ ئەمەش بڕێک دڵ ڕاگرتن و چاوپۆشی لە ڕوسیا پێویستە.
پرسەکە گەر دوبارە دابەشکردنی نێودەوڵەتیی کار بێت لە نێوان هاوپەیمانە دێرینەکاندا یان هەوڵی دەوڵەتەکان بێت بۆ بون بە زلهێزی ژمارە یەکی جیهان هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کەوا سەرمایەداری گەڕاوەتەوە بۆ چاخی مێرکانتیلیزم:
سەدەی ١٥ تا کۆتایی سەدەی ١٨ لە مێژووی سەرمایەداریدا بە سەرمایەداریی سەوداگەر یان مێرکانتیلزیم ناسراوە. سەرمایەداری لەم قۆناغەدا لەدایک دەبێت، بەڵام، وەک مارکس دەڵێت، کە دێتە دنیاوە، لەسەرتا پای، لە هەمو دەرچەیەکیەوە خوێن و جەراعەتی لێ دەچۆڕێت. ئەم سەردەمە چاخی کەڵەکردنی بەرایی سەرمایەیە بەڕێگای دزی و تاڵانی، جەنگی دەریایی و وشکانی، کۆیلایەتی و بازرگانی کۆیلە، کۆلۆنیالیزمی دونیای نوێ، کاری زۆرەملێی و سزای قورس و نامرۆڤانەی کارنەکردن، هەڵگیرسانی جەنگ بەرامبەر ـ تەمەڵی و ئامادەنەبون بۆ فرۆشتنی کرێی کار.
مێرکانتیلیزم لە ئەوروپادا قۆناغی تێپەڕاندنی فیوداڵیزم و بەهێزبونی بۆرجوازیە، چاخی جەنگی بازرگانی و کۆلۆنیالیزم لەدەرەوە و مۆبیلیزەکردن و بە پڕۆلیتاریاکردنی خەڵکە لەناوخۆدا.
لە چاخی مێرکانتیلیزمدا دەوڵەت گرنگترین ڕۆڵ دەبینێت لە پاراستنی سەرمایەو سوڕی کاڵا و سەرمایە لەناو نیشتمانی دایک و کۆڵۆنیەکاندا.
مێرکانتیلیزم لە هەمان کاتدا تیۆریایەکی ئابوریە، کە پێی وایە لە بازرگانیدا یەکێک دەباتەوە و ئەوی تر دەدۆڕێنێت و بەهێزکردنی ئابوری وڵاتێک بە مانای لاوازی ئابوری وڵاتێکی دیکە دێت. ئەم تیۆریایە بە دەردی فریدریش ئەنگلز دەڵێت قسە لەڕووە و ڕاستیەکی بێ پەردەی کاتۆلیکانەی تێدایە و بە کەڵکی شەرعیەت دان بە سەرمایەداری پێشکەوتو نەدەهات؛ چونکە مێرکانتیلیزم تۆزقاڵێکیش ماهیەتی نائەخلاقیانەی بازرگانی نەدەشاردەوە و چاوچنۆکیەکەی ئاشکرا و بێ پەردە دەخستە ڕو. سەرمایەداری پێویستی بە تیۆریایەکی دیکە بو بۆ ڕەوایەتیدان بە نەزمی خۆی و ئەویش تیۆریای فیزۆکراتی و دواتر لیبرالیزمی کلاسیک بو.
مێرکانتیلیزم گەرچی وەک سیاسەت هەرگیز بەتەواوەتی ون نەبو لە مێژووی سەرمایەداریدا، بەڵام ئابوریناسان و پێغەمبەرانی سەرمایە دژایەتی ئەم تیۆریەیان دەکرد، چونکە ئەم تیۆریایە وەک مارکس دەڵێت “بە گەمژەیی و سادەیی خۆی نهێنی بەرهەمهێنانی بۆرجوازی بۆ دنیا ئاشکرا دەکرد، ئەویش یەخسیربونیەتی بە دەست بەهای ئاڵوگۆڕەوە”