بۆ کۆمۆنیستەکان یەکسانی بنچینەییترە لە ئێکوتی و دادپەروەری  (Equality, Equity and Egalitarian)… نووسینی: عامر سابیر

0

لە ٨ ی مارسی ٢٠٢٤ دا ڕەخنەیان لە کۆمۆنیستەکان گرت و وتیان ئێوە هەڵەن کە داوای یەکسانی ئەکەن، پێویستە داوای ئێکوتی (بۆ هەر کەس بە پێی پێویست) بکەن. ئەمانە بۆ دژایەتی یەکسانی و سەلماندنی قسەکەیان، ئەم وێنەیەی کە لەگەڵ ئەم وتارەدا بڵاوکراوەتە، هێنابویانەوە و ستایشی ئێکوتی و دژایەتی یەکسانیان پێدەکرد.

          لەم وێنەیەدا مەبەست لە یەکسانی وبنچینەی مەبەستێک کە ئەم سێ کەسە بۆی هاتوون، بینینی یارییەکەیە لە لایەن هەرسێکیانەوە بە یەکسانی بەبێ ئەوەی کە جیاوازی لە باڵا و تەمەنیاندا ببێتە لەمپەر لەبەرانبەر ئەم مەبەستە بنچینەییەدا. پێویستی سەپاندنی ئەم یەکسانییە ئەوەیە کە هەرسێکیان لەناو یاریگاکەدابن و بە ئاسانی و یەکسانی بتوانن یارییەکە ببینن. کرێکارێک کە هوشیاری چینایەتی بەرزبێت پێداگری لە یەکسانی ئەکات و ناکەوێتە داوی زاراوەی بیرمەندانی سەرمایەدارییەوە.

من لە خوارەوە دێمەوە سەر باسی ئێکوتی.

لە هەشتی مارسی ئەمساڵیشدا (٢٠٢٥)  خانمێکی گەنج بەناوی (نما ناوپردانی) وتارێکی کورتی نووسیوە بە ناونیشانی (ژنان دەبێت داوای دادپەروەری بکەن نەک یەکسانی)(١) کە لە سایتی (ڕۆژ نیوز) و فەیسبووکی خۆیدا بڵاوکراوەتەوە. ئەم خانمە کە لەژێر کاریگەری کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی کوردستانی ئەودیوودایە، بۆ ڕەواییدان بە بۆچوونە نادرووستەکەی،  وتارەکەی بۆ ٨ ی مارس و ڕۆژی جیهانی ژنان نووسیوە و باسی ڕۆڵی کەسێکی شۆڕشگێر و هەڵسوڕاوێکی سۆشیالیستی وەک کلارا زیتکین (١٨٥٧-١٩٣٣) ئەکات لە بەڕەسمی ناسینی ئەو ڕۆژەدا. نما ئەنجامگیرییەکی پووچی هەڵهێنجاوە و ڕوو بە ژنان ئەڵی “کاتێ دەتەوێ داکۆکی بکەیت لە یەکسانی و داواکاریت ئەم چەمکەیە، کەواتا تۆی ژن دەیسەلمێنێت هەتا ئێستا هاوتای پیاو نیت”! 

نما پێناسەیەکەی نادروست بۆ دادپەروەری دائەتاشێت و ئەڵێ “چەمکی دادپەروەری بەندە بە کۆمەڵێ بنەما و ڕوانینی جیاواز، ڕەوشتبەرزی، ژیرێتی، یاسا و ئاین”.

نما ئەبێت ئەوەی لا ڕۆشن بێت کە ڕەشت و ژێرێتی سیفاتی زاتی (سەبجێکتیڤی) تاکەکانن و ڕێژەیی ئەپێورێ. ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکدا بە ڕەوشت بەرزی و پەیڕەوکردنی ئاین پێناسە کراوە، ئەکرێ لە کۆمەڵگەیەکی تردا بە تاوان و بێ ڕەشتی بناسرێ. بۆ نموونە لە عێڕاقدا کۆنەپەرستان خەریکن لە ڕێگەی پەرلەمانەوە زەواجی مناڵانی ٩ ساڵان ئەسەپێنن(٢). لە کۆمەڵگەیەکی ئینسانیدا ئەنجامدانی ئەمە تاوانێکی گەورەیە و دادگاییکردن و زیندانی بەدوادا دێت.

سەبارەت بە یاسا و ئاینیش، هەر ئیستا لەمڕۆی دنیای سەرمایەداریدا بێمافییەکانی ژنان بە یاسا و ئاینەکان ڕەوایەتی پێبەخشراوە و سەپێندراوە بە سەر ژناندا. ژنان بە پێی یاساکان کرێی یەکسانیان پینادرێت بۆ کاری یەکسان. بە پێی ئاین و ئەو یاسایانەی کە لە ئاینەوە سەرچاوەیان گرتووە ژنان بە نیوە مرۆڤ و چارەکە مرۆڤ سەیر ئەکرێن و بە دوانیان شاهیدێکن و نیوەی برا میراتیان پێدەدرێت و چواریان بۆ پیاوێک حەڵال کراوە.   

نما بەردەوام ئەبێت لە چەواشەکارییەکانی و ئەڵێ “ژنی ئازا و ئازاد پێویستی بەوە نییە جیهانی سەرمایەداری ڕۆژێکی بۆ داتاشێت و چیرۆکێکیش بۆ یادەکە بکاتە پاڵپشت”!

ئەوە جیهانی سەرمایەداری نییە کە ڕۆژێکی دانابێ بۆ ژنان، بەڵکو ئەوە بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیست و مارکسییەکان بوون کە ئەم ڕۆژەیان (٨ی مارس)یان لە ساڵی ١٩١٠ ەوە وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دیاریکرد و سەپاندیان بە سەر سەرمایەداریدا، تا لە ساڵی١٩٧٥ دا نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە ڕەسمی ناسی و لە ئێستادا لە ٢٧ وڵاتی جیهاندا ٨ی مارس پشووی فەرمییە. هەروەها پێشینەی دیاریکردنی ئەم ڕۆژە داتاشینی چیرۆک نییە، بەڵکو ڕوداوێکی واقعییە کە کرێکارانی ژن لە نیویۆک لە ساڵی ١٩٠٨دا بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانیان دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزکردەوە و مانیان گرت و خۆپیشاندانیان بەرپاکرد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان. نما درێژە بە بۆچوونە نادرووستەکانی ئەدا و ئەڵێ “ژنی هوشیار هەرگیز خۆی وەک ژن نابینێت، بەڵکو وەک مرۆڤ خۆی ئەبینێ” ئەوە سیستەمی چینایەتی سەرمایەدارییە کە ژنان وەک مرۆڤ و یەکسان بە پیاو ناناسێ، نەک ژنان خۆیان، نما لەمەشدا ژنان تاوانبار ئەکات، نەک ئەم سیستەمی سەرمایەدارییە کە قازانجی چینایەتی هەیە لە هەڵاواردن لە دژی ژنان. ئەوە ژنان نین کە خۆیان بە مرۆڤ حیساب ناکەن، بەڵکو سیستەمی سەرمایەدارییە کە هاوتای پیاو نایانبینێ و کرێی یەکسانیان پێ ڕەوا نابینێ. ئەوە ئاینە کە پایەیەکی سەرەکی سیستەمی سەرمایەدارییە کە حیسابی مرۆڤ بۆ ژنان ناکات و بە نیوە شاهید و چواریان بۆ پیاوێک بە ڕەسمی ئەناسێ.

ئێستا با بگەڕێینەوە سەر ئێکوتی، لە سیستەمی سەرمایەداریدا کە نایەکسانی و قڵشتی چینایەتی سیمایەتی، ئێکوتی (بۆ هەر کەس بە پێی پێویست) ئەتواندرێ بەکاربهێندرێ و سودی لێوەربگیرێ تا قڵشتی چینایەتی کەم بکرێتەوە. بۆیە زۆرجار لەم سیستەمەدا ئەوە سەرمایەدارانن کە لەجیاتی ئێکوتی داوای یەکسانی ئەکەن.

بۆ نموونە لە ئوسترالیا قوتابخانەی گشتی و تایبەتی هەیە. لە قوتابخانە تایبەتییەکاندا هەر مناڵێک ساڵانە لە نێوان دوو هەزار دۆلار بۆ چل هەزار دۆلار ئەدات بە قوتابخانەکە. هەندێ لە قوتابخانە تایبەتەکان کە هەرە دەوڵەمەندەکان مناڵانیان دەنێرن بۆی، خاوەنی ئیمکاناتێکی زۆرن، ڕووبەری قوتابخانەکانیان زۆر فراوانە، گۆڕەپانی یاری و حەوزی مەلەی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەتوانن باشترین مامۆستاکان بەکرێ بگرن بە مووچەی باشەوە، پۆلەکانیان ژمارەی قوتابیان تیایدا کەمە و بەهرەمەندە لە هەموو تەکنەلۆجیایەک. کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ دا وەزیری پەروەردەی حکومەتی فیدراڵی کە (جولیا گیلارد) بوو لە حیزبی کرێکاران وە سیاسەتیان بۆ پەروەردە لەسەر پێدانی پارە بۆ قوتابخانەکان (گشتی و تایبەتی) ئەوە بوو کە بەپێی پێویست پارەیان پێبدرێت. واتە پێدانی پارە بە قوتابخانەیەکی تایبەت کە مناڵی دەوڵەمەندان بۆی دەچن و داهاتێکی خەیاڵیان دێتە دەستەوە، پێویستە جیاوازبێت لە قوتابخانەیەکی گشتی کە قوتابی زۆری تیادایە و زیاتر پێویستیان بە پارەیە تا دەوڵەت بیانداتێ. بەڵام سەرمایەداران و میدیاکانیان کەوتنە کەمپینێکی ژەهراوی لە دژی ئەم سیاسەتەی حیزبی کرێکاران و وتیان ئەمە هەڵاواردنە و پێویستە حکومەت پارەی یەکسان بدات بە هەموو قوتابخانە حکومی و تایبەتەکان وەک یەک. وتیان قوتابخانە تایبەتەکان کە خێزانی مناڵەکان پارە ئەدەن، پێویستە ستایشبکرێن نەک سزابدرێن و دەوڵەت پارەکانی کەمکاتەوە بۆیان.  وە ئەمەیان بە هەڵاواردن وەسف کرد و حیزبی کرێکارانیان ناچار کرد کە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠ دا واز لەم سیاسەتی ئیکویتییە بهێنێ و پەیڕەوی یەکسانی بکات.

ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا یەکسانی بەرقەراربی و جیاوازی نەخرێتە نیو مناڵانەوە و بەپێی پارەی جزدانی باوانیان دابەش نەکرێن بەسەر قوتابخانەی تایبەت و گشتیدا، ئەوا یەکسانی نەک ئێکوتی کارساز و ئینسانییە. ئەگەر هەموو قوتابخانەکان گشتیبن و هەڵاواردن نەسەپێندرێ ئەوا یەکسانی وەڵامە نەک ئێکوتی.

 لە باسی یەکسانیدا، بۆ کۆمۆنیستەکان یەکسانی ئابووری بنچینەییە. هەر وەک مەنسور حیکمەت (١٩٥١-٢٠٠٢) لەسەر یەکسانی وتی “یەکسانی تەنیا بە مانای یەکسانی حقووقیی و قانوونی یان یەکسانی هاووڵاتی کۆمەڵگەیەک لە هەر میللەت و نەژاد و ڕەچەڵەکێک نییە. بەڵکو بە مانای یەکسانیبوون لە ئیمکاناتی ماددیدایە. لەدەستڕاگەیشتن بەو ئامرازانەی کە دەبنە هۆی هەڵدانی توانا و لێهاتوویی فەردی و کۆمەڵایەتی…هتد”.

 تێبینی:

١/ لینکی وتارەکەی نما ناوپردانی لە سایتی ڕۆژ نیوز

https://rojnews.news/?p=561152

٢/ لە ٢١ی جەنیوەری ٢٠٢٥ دا پەرلەمانی عێراق، یاسای گۆڕی و ڕیگەی دا بە زەواجی کچانی ٩ ساڵ و تەمەنی زەواجی کوڕانیشی کەمکردەوە بۆ ١٥ ساڵ کە پێشتر ١٨ ساڵ بوو.

Leave A Reply

Your email address will not be published.