زمانی دایک، باشییەکانی بۆ منداڵ…نووسینی: هاوژین ڕەشید

0

ئاشکرایە کە گەلانی پێشکەوتووی جیهان زۆر گرنگی بە زمانی دایک دەدەن، چونکە سود و لایەنی ئەرێنی بۆ سەر کەسایەتی منداڵ یەکجار زۆرە و هەوڵدەدەم لەو وتارەمدا گرنگی زمانی دایک بخەمە ڕوو. زمانی دایک دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ڕەگی باوەڕبەخۆبوون لە منداڵدا. ئەمەش چونکە منداڵ دەتوانێ بە زمانی بنچینەیی خۆی قسەبکات و لەناو خەڵکیدا خۆی پێ بناسێتەوە. بوونی ناسنامەش لە ڕێی زمانەوە، یەکێکە لە هەرە چەکە بەهێزەکانی مانەوەی تاک لە کۆمەڵگاکاندا. زمانی دایک دەبێتە هۆی بەهێزی مێشک و فراوانبوونی. چونکە لە ڕێی زانینی زمانی خۆیەوە، منداڵ دەتوانێ بخوێنێتەوە و بنوسێ. ئەمەش خانەکانی مێشکی زیاتر و زۆرتردەکات بۆ وەرگرتنی زانیاری. بەوەش هەموو ئەو هەوڵانەی دەیدات لە ماوەی ژیانیدا، بەو ئاڕاستەیە دەبێت کە زیاتر خۆی پڕ زانیاری بکات و ناسنامەی خۆی لەبیر. نەکات. زمانی دایک ڕادەی زانیاری بۆ ناسینی کلتور و فەرهەنگی باوان و ڕەچەڵەکیان زیاددەکات. منداڵەکە هەرچەندە لە زێدی ڕاستەقینەی خۆی دووربێت، ئەگەر زمانی دایکی زانی، هەوڵدەدات فێربێت و بزانێ لەکوێوە هاتووە و فەرهەنگ و ناسنامەی گەلەکەی خۆی چی تێدا و چۆن ئاوێتەی بێت. ئەوەش دیسان ڕادەی دنیابینی و ئاستی هۆشیاری بەرزدەکاتەوە و زیاتر کەسایەتی بەهێزدەکات. زمانی دایک وادەکات منداڵ هەمیشە گەشبین بێت. خۆی باشتر بناسێ و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەری بکات. خاڵێکیتری ئەرێنی ئەوەیە کە زمانی دایک دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و زیادکردنی متمانەکردن بە باوان و دەورەبەر. ئەویش چونکە منداڵەکە جوان دەزانێ سەر بە چ نەتەوە و فەرهەنگێکە و بەتەنها خوێندنەوە و وردبوونەوە، دەتوانێ بزانێ کە دەبێ چۆن و بە چ شێوازێک ڕەفتارکات لەگەڵ کەسانی دەوروبەریدا. هەروەها زمانی دایک دەبێتە هۆی جێگیری لایەنی سۆزداری مرۆڤ و باشتر دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی چواردەوری. بۆیە باشترین کار کە باوان بیکەن ئەوەیە منداڵەکەیان فێری زمانی خۆیان بکەن تا کەسایەتیەکی بەهێز و باوەڕبەخۆی هەبێت و نیگەرانی داهاتوی و ناسنامەی نەبن. بەوهیوایەی دایک و باوکان گرنگی زیاتر و زۆرتر بە زمانی خۆیان بدەن بەتایبەتی منداڵانی کوردی تاراوگە لە زمانی کوردی بێ بەش نەبن.

 

**************

Leave A Reply

Your email address will not be published.