پەلکێشکردنى مناڵان بۆکارى سێکس وسیاسەت و ئایین تاوانە عبدالرحمن رسول

0

بەپێى یاسا مرۆڤایەتییەکان و یاسا وبڕیارەکانى ڕێکخراوەکان و ناوەندەکانى تایبەت بە مافەکانى مرۆڤ بەگشتى و ناوەندەکانى تایبەت بەپاراستنى مافەکانى مناڵان، هەروەها سەرجەم وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا ونەتەوە یەکگرتوەکان وسەرجەم وڵاتە سیکۆلارو پێشکەوتوەکان لەناوسیستەم یاساکانیاندا بەیاسا جەختیان لەسەر پاراستنى مافەکانى مناڵان کردۆتەوە، بەو جۆرە کەمناڵان هەتا وەکو تەمەنى ١٨ ساڵى نابێت بۆکارى سێکسى و دامرکاندنەوەى ئارەزووە جنسییەکانى پیاوان بەکاربهێندرێن و پەلکێکیش بکرێن بۆکارى سێکسى، هەروەها هیچ بیروباوەڕێکى ئایینى و قەومی وحیزبیان بەسەردا بسەپێندرێت، یان هان بدرێن بۆ هەڵسوکەوت و کارى ئایینى وحیزبى یاخود نابێت بەهەر بیانوێکەوە بێت مناڵان چەکدار بکرێن. واتە هاندان وبەزۆر سەپاندنى بیروباوەڕى ئایینى و قەومى وحیزبى وهەروەها چەکدارکردنى مناڵان بە لادان لەبڕیارو ڕاسپاردەکانى تایبەت بەپاراستنى مافەکانى مناڵان ئەژمار دەکرێت. بەپێى یاسا شارستانى و سیکۆلارو مەدەنییەکان ئەوانەى بەهەرجۆرێک مناڵان هان دەدەن و بانگەشە دەکەن بۆئەوەى مناڵان بخزێنە ناو بیروباوەڕى ئایینى و حیزبى و قەومى بەتاوانبار ئەژماردەکرێن. هەروەها نابێت مناڵان بۆکارى سێکسى بەکاربهێندرێن، ئەمە بەتاوان ئەژمار دەکرێت لەڕووى یاسا سیکۆلارو مەدەنى و پێشکەوتووەکانەوە، بەڵام لەژێر سایەی سیستەمە ئاینییەکان بەگشتى و ئاینى ئیسلامی بەتایبەتى بەهیچ شێوەیەک ڕەچاوەى بەرژەوەندى وپاراستنى مافەکانى مناڵان ناکەن. بەفریوکاری و یان بەزۆرەملێ، مناڵان هاندەدرێن بچنە فێرگەى ئایینى ومزگەوتەکان بۆئەوەى نوێژ بکەن و گوێ بیستى وتارەکانى مەلاکان بن کەباسى ئاگرو جەهەنەم و بەهەشت دەکات، هان دەدرێن بۆئەوەى هەروەک گەورەکان سونەتە دینییەکان جێبەجێ بکەن. مناڵانى خوار تەمەنى ١٨ ساڵ هان دەدرێن بۆزەواج و کارى سێکسى تەنانەت بانگەشەى دینیشى بۆدەکەن. ئەمەش پێچەوانەى سەرجەم یاساکانى پاراستنى ماف وبەرژەوەندییەکانى مناڵانە.

لەژێرسایەو سیستەمى فاشیزمى ئیسلامیی ئێراندا مناڵانیش هەروەک گەورەکان بێبەش نین لەچەوسانەوەوئازاردان, لەئێران مناڵان بەزۆرەملێ و بەهاندانى زۆر دەنێردرێنە فێرگە دینى ومزگەوتەکان. هەروەها زمانى نەتەوەکانى تر جگە لەزمانى فارسى ڕێگرى جۆاوجۆرى لێدەکرێ هەتاوەکو مناڵانى سەرەتایی بەزمانى دایکیان نەخوێنن، تەنانەت لە قۆناغى ئێستادا خوێندنى زمانى ئینگلیزى قەدەغەدەکەن. ناوەندە زانستى وفێرگەیەکان لەزانین و پەروەردەیی زانستى دادەماڵن. بەسونەت و ئاداب و پەروەردەی ئایینى مناڵان گۆشەگیردەکەن. بەدرێژایی ٣٩ساڵى سیستەمى ئیسلامی لەئێران بەوجۆرە بووە کەهەموو شتێک لەخزمەت دین ومەزهەبدا بووە کە بەرپرسانى باڵای دەوڵەت بۆبەرژەوەندى خۆیان بەکاریان هێناوە.

یاساکانى سیستەمى ئیسلامی ئێران زۆرینەیان کۆنەپەرست ودژە مرۆڤایەتین، پێویستە هەنگاو بۆگۆرینى ئەوسیستەمە بندرێت. خومەینى ڕابەرى ئیسلامیەکان لەئێران کە هەموو هێزە شیعەکان شانازى پێوە دەکەن و بەمامۆستاى خۆیانى دەزانن، بەبڕواى من گەورە تیرۆریستی سیستەمی ئیسلامییە کە دەڵێت (هاوسەرگیری لەگەڵ کچی خوار۹ ساڵیدا جائیزنیە! بەڵام دەتوانی لێى بسویت, پیا بێنیت و ئارەزوە سیکسییەکانى خۆتى پێدابمرکێنیتەوە) ئەمە لەیەکێک لەکتێبەکانى بەناوى تحریرالوسیلە بەشى دووەم لەلاپەڕە(٢٤١) بڵاوبۆتەوە. ئەگەر ئەوە دژە مرۆڤایەتی وسوکایەتی بەمناڵ ومرۆڤایەتی نەبێت ئەی چی یە؟ کە لەئێراندا لەناو سیستەمى ئیسلامیدا بەڕێوەدەچێت وجێبەجێ دەکرێت.

یاساى کۆنەپەرستانەى جەعفەرى لەپەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى سەرەتایى بۆکراوە، بەئاشکرا ئەم یاسایە سوکایەتى بەکچان و مناڵان دەکات. دەرگا لەسەرکردنەوەى دەستدرێژى کردنە سەر مناڵان دەکاتەوە. ئەگەرلەساڵانى ڕابردوو بەپێى یاساکانى عێراق تەمەنى هاوسەرگیرى بۆکچان (١٨) ساڵ بوو، ئێستا لەویاسایەدا هاتووە بەپێی مادەکانی (١٦ ، ٤٨، ٥٠ ، ١٥٤) ی ئەم یاسایەی جەعفەری تەمەنی هاوسەرگیری ( ژنهێنانی) کوڕان لە ( ١٨) ساڵەوە، کورتکراوەتەوە بۆ ( ١٥) ساڵ، تەمەنی (بە شوودانی) کچانیش لە (١٨) ساڵەوە، کورتکراوەتەوە بۆ (٩) ساڵ.

کە پێشترلەلایەن وەزیری دادی عێراقی (حەسەن ئەلشەمەری ) یەوە. کە سەر بە (پارتی فەزیلەی ئیسلامی) شیعەیە، لە رۆژی ( ٢٣/ ١٠/ ٢٠١٣)  دا، پرۆژەی (یاسای باری کەسێتی جەعفەری) پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد. بۆ پەسەندکردن و دەنگدان لەسەری، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقيش کە زۆرینەی وەزیرەکانی شیعەبوون، مالیکیش سەرۆک وەزیران و بڕیاردەربوو ئەوکات، لە رۆژی ( ٢٥/ ٢/ ٢٠١٤) دا، بڕیاریان لەسەردا و یەکسەر ناردیان بۆ پەڕلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ئەوە پرۆژەیە. ئەم یاسایە رێ بە پیاو دەدات کە چەند ژنێک بهێنێت، گرنگ نییە کە ژنەکەی یا ژنەکانی تری رازی بن یا ڕازی نەبن بڕیار بڕیاری پیاوە. پیاو مافى ئەوەشى هەیە کە لەسەر ئەم فرە ژنیەشەوە، هاوسەرگیریی رابواردن (زواج المتعە، سیغە) ش بکات. بەپێی یاساکانى جەعفەرى بێت  گەورەترین سوکایەتى بەمناڵان و ژنان دەکات وێڕاى ژنان کۆیلەو چەوساوەن، هەروەها بێبەش دەکرێن لەبەشەمیرات، بێبەش دەکرێن لەئازادى و چوونە دەرەوەو بازاڕ بەبێ پرسى هاوسەرەکانیان یان براو باوکیان.

فەرهەنگى کۆنەپەرستانەو دژە مرۆڤایەتى کۆمارى فاشیزمى ئیسلامی ئێران بەپلان وبەرنامە کارى لەسەر دەکرێت بۆئەوەى گەشە بکات و زیاتر ڕەگ لەناو کۆمەڵگەى عێراق وباشوورى کوردستاندا دابکوتێت. سەرەتا لەناوخوێندنگاکان شوێنى تایبەت و ژوورى تایبەت بە مزگەوت وبۆنوێژکردن دروست دەکەن لەکاتێکدا کارگوزرەکان شوێنى گونجاو بۆ پشوودانیان نییە، وقوتابییەکان ژوورى گونجاویان نییە واتە ژوورى پۆل هەیە ٥٠بۆ٦٠ قوتابى تێدایە، بەڵام دێن مزگەوتێک لەناوخوێندنگان دروست دەکەن، زیاتر لەچەندین ساڵە شارەکانى باشوورى کوردستان ئەم بەرنامەیە جێبەجێکراوە. قوتابێکى زۆر لەیەک ژوورى پۆلدا جێگیر دەکرێن لەقۆناغى سەرەتایی وناوەندى ودواناوەندى لەهەمان کاتدا مزگەوتێکیش لەناوخوێندنگاکان دەکەنەوە ئەمە کەى لەگەڵ یاساکانى پەروەردەو فێرکردنى زانستى سەردەمەدا دەگونجێت. لەباشوورى کوردستان لەشارۆچکەى حاجیاوا لەناومزگەوتدا قوتابخانەى بنەڕەتى ئەهلى زمانى ئینگلیزی یان کردۆتەوە هانى قوتابیانى مناڵ دەدەن کە بچن دەست نوێژ هەڵبگرن ونوێژ بکەن مامۆستاکانیان وانەى نوێژکردن ودەست نوێژ هەڵگرتنیان فێردەکەن کەبەحیساب ئەم جێگایە بۆفێربوونى زمانى ئینگلیزى کراوەتەوە و ئەهلی و  حکومى نی یە!!. ئەى وەزارەتى پەروەدەو فێرکردن، ئەى حکومەتى هەرێمى باشوورى کوردستان بەو جۆرە ڕێگە بەکردنەوەى خوێندنگەى ئەهلى دەدەى؟!  قوتابیان بەوجۆرە پەروەردە دەکەى لەناو خوێندنگەو قوتابخانەکاندا؟

هەرمرۆڤێک کەتەمەنى گەیشتە ١٨ساڵ ئازادە چ دینێکى هەبێ یان هیچ دینى نەبێت، مرۆڤ خۆشی ئازادە هەربیروباوەرێک بپەرستێت بەمەرجێک زیانى بۆکەسانى تر نەبێت، بەڵام ئەوەزۆر جیاوازە، چونکە مناڵان ناکرێت بکرێن بەقوربانى گەشەى بیروباوەڕو ئایینەکان. پێویستە بەر بەم گەشەى دواکەوتووی یە بگیرێت، ئەوە قابیلی قبوڵ نیە مناڵان پەلکێشی  ئایین و سیاسەت و بیروباوەرەکان بکرێن. مافى سەرجەم مناڵانە و کە ناکرێت بێبەش بکرێن لەژیانی تایبەتی مناڵانەى خۆیان، کاتێک پەلکێشى دەکەى بەهاندان بێت یاخودبەزۆر بۆناوکایەى دینى وسیاسى ئەوا بەدڵنییایەوە بێبەشى دەکەى لەژیانى تایبەتى مناڵى، ناکرێت وناگونجێت وەک گەورەکان بیربکاتەوەو هەڵسوکەت بکات، چونکە بیرکردنەوەو هەڵسوکەوتى مناڵان لەگەڵ ژینگەى دەوروبەرو کۆمەڵگە زۆر جیاوازە پێویستە ئاگاداریان بین. نابێت لەیاری وخۆشییەکانى مناڵان داببڕێت و بچێتە نێو گەورەکانەوە. بەتەمەنى بچوکەوە نوێژ کوا دەزانن و ماناکانى چۆن دەزانن؟! مەزهەب و قورئان گەورەکان بۆیان تەحەمول ناکرێت. لەسەرەتایی تەمەنیاندا ناکرێ بەئاگرو جەهەنەم وبەهەشت وجیهاد ئاشنایان بکەین. ئەگەرگەشەى پێ بدرێت وڕێگرى لێ نەکرێت سەرجەم تاکەکانى هاوڵاتى باشوورى کوردستان زۆربەخراپى باجەکەى دەدات. لە داهاتوودا ئەگەرى زۆر هەیە گەنجان ولاوانى توندڕەو بەرهەم بهێنیت. کوردەوارى دەڵێ (دوو کاڵەک بەدەستێک هەڵناگیرێت). پێمناڵێن ئەم مناڵانە چۆن وانەکانیان لەبەردەکەن؟ یاخود دەتانەوێت ئەومناڵانەش هەر وەک ئەو خوێندکارانەیان لێ بێت کە زانکۆو پەیمانگاکانیان تەواو دەکەن، بەڵام هیچ بەهیچ ناکەن. زۆرێک هەیە زمانى ئینگلیزى یاخود بەشەکانى تر تەواو دەکات، بەڵام کەبڕوانامەکەى وەرگرت هیچى لەبیرنامێنیت. چۆن دەکرێ دایک و باوکیان و بنەماڵەو خانەوادەکەیان ئەمە قبوڵ بکات کەمناڵەکەى تێکەڵ بەسیاسەت و بیروباوەڕى ئایینى کەن.

ئەگەر ئەمرۆ نوێژیان پێدەکەن ودەست نوێژیان پێ هەڵدەگرن، دڵنیابن لەداهاتوودا پێش ئەوەى دایکان وباوکان وخانەوادەکەیان بزانن ناونوسیان دەکەن لەناوحیزب وڕێکخراوە سیاسیەکانی کەبەدڵى مامۆستاکانیانن، قۆناغ بەقوناغ ئەونەخشەیە جێبەجێ دەکرێت لەکۆتایی دا خانەوادەو بنەماڵەش ناتوانن ڕێگربن لەجۆرى بیرکردنەوەى توندڕەوى مناڵانى ئەمرۆ و گەنجانى داهاتوویان.

بیروباوەڕى توندڕەوى و تیرۆریستى لەقۆناغى پەروەردەى مناڵانەوە هەنگاوى بۆ دەندرێت لەبەرئەوەى بەگوێرەى لێکۆڵینەوەى زانستى و پەروەردەییەکانى مناڵان، ئەوەى بەڕوونى سەلماندووە کەمناڵ چۆن پەروەردەى بکەى وبەکام زانست وزانیارییە پەروەردەى بکەى، کە گەورەبوو وەکو ئەوە دەبێ کەنەخشى بۆکێشراوە. ئەوگەنج ولاوانەى کەڕوویان کردۆتە ناو گرووپ وڕێکخراوە تیرۆریستییەکانى داعشی ئیسلامی هەربەم جۆرە لەسەرەتادا پەروەردەو فێرکراون، مناڵانى ئەم فێرگەو مامۆستایانەن کەجیهانى مرۆڤایەتییان وێرانکردووە بەخوڵقاندنى کۆمەڵکوژى وتەقینەوەکان، ئاسایش و ئارامیان لەزۆرێک لەخەڵکى کۆمەڵگەکانى جیهان تێکداوە.

ئازادى بەمانایی ئەوە نایە مناڵان هان بدەى بۆسیاسەت و بیروباوەڕى دینى وتوندڕەوى. پێویستە لەهەرشوێنێک کەئەم بەرنامەیە جێبەجێکرا کەمناڵان پەلکێش کران بۆسیاسەت وئایین، سەرجەم ئەومرۆڤانەى کەئارەزوومەندن بەکۆمەڵگەیەکى سیکۆلارو شارەستانى و سەرجەم ئازادیخوازان ویەکسانیخوازان ومرۆڤ پەروەران وسەرجەم ڕێکخراو و ناوەندەکانى مافەکانى مرۆڤ ومافەکانى مناڵان بێ دەنگ نەبن، فشارى بەهێز دروست بکەن بۆسەر حکومەت بۆداخستنى ئەوناوەندو شوێنانە کە مناڵان پەلکێشى بیروباوەڕى سیاسى وئایینى دەکەن. هەرکەمتەرخەمیەک وبێ دەنگ بوونێک لەئاست ئەم جۆرە کارانە شەرمەزارییە بۆ ناوەندەکان وڕێکخراوەکانى تایبەتمەند بەبەرگرى کار لەمافەکانى مرۆڤ ومناڵان.

ئەگەر دەتانەوێت کۆمەڵگە مەدەنى و شارەستانى و پێشکەوتووبێت، دەبێت ڕێگربن لەجێبەجێکردنى نەخشەو پیلانە دژە ئینسانییەکانى کۆمارى فاشیزمی ئیسلامی سێدارەى ئێران کە بەشێوازى جۆراوجۆر دەیەوێت کاریگەرى خۆی بگوازێتەوە بۆناوچەکانى دەرەوەى خۆیی..

Leave A Reply

Your email address will not be published.