هەڵبژاردنی “بێگانە” بۆ دەرەوە… نووسینی: میرۆ عەبدولکەریم

0

” گەرچی بێگانە بۆ دەرەوە دروشمێکە تەنیا ڕاسترەوە پەڕگیر و نیۆ نازیەکان و پارتی بەدیلی ئەڵمانیا (ئائێف دێ) بەکاری دەهێنن، بەڵام ناوەڕۆکی ئەم دروشمە بوەتە ئەجێندای هەمو ئەو پارتانەی کە چاوەڕێی ئەوەیان لێ دەکرا بەربەستی ٥٪ بشکێنن و بچنە پەرلەمان. تاکە حیزبێک کە دژی ئەم ڕەوتە وەستایەوە پارتی چەپ (دی لینکە) بو. هەمو حیزبەکان وەک نیۆنازی و ئا ئێف دێ هاوار ناکەن بێگانە بۆ دەرەوە! زۆربەیان دەڵێن با “لێشاوی پەنابەری” ڕاگرین و سنورەکان توندوتۆڵ کەینەوە! داوای – توندکردنەوەی یاساکانی پەنابەری، دیسپلین کردن و ئاقڵ کردنی پەنابەران، بەکارهێنانی زیاتری پۆلیس و دەزگای سیخوڕی و ئامێری چاودێری بۆ سنورداشکردنەوە، پاراستنی سنور و ناسینەوەی “بێگانە و پەنابەرە تاوانکارەکان” دەکەن. پێشبڕکێی توندکردنەوەی یاساکانی پەنابەری لە ٢٠١٦ وە دەستی پێکرد، یونیۆن: حیزبەکەی مێرکل کە وەک دایکی میهرەبانی پەنابەران دەناسێنرا، ئەندازیاری ڕێکەوتن لەگەڵ تورکیا بو، ئەم ڕێکەوتنە سەدان هەزار کەسی لە مافی پەنابەری بێبەشکرد و بناغەی سیاسەتی ئاخنینی پەنابەرانی لە کامپە سنوری و زۆرەملیەکانی تێدا داڕێژرا. ئورسولا فۆن دەر لاین لەهەمان پارتی یونیۆن ٢٠٢٠ بەرنامەیەکی بۆ دروستکردنی کەمپی کۆکردنەوەی پەنابەران لەسەر سنورەکانی ئەوروپا و گرتنەبەری ڕێکاری خێرا بۆ وەرگرتنیان یان ناردنەوەیان خستەڕو، کە پاش چەندین مشتومڕ و بگرە و بەردە ٢٠٢٣ کۆدەنگی هەمو هێزە لیبرال و ڕاسترەو و موحافیزکارەکانی یەکیەتی ئەوروپای بەدوی خۆیدا هێنا. پەرلەمانی ئەوروپاش ٢٠٢٤ ڕیفۆرمی(توندکردنەوە) ی یاساکانی پەنابەری قبوڵ کرد. هەرسێ حیزبی سەوز، پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی دیموکراتە ئازادەکان (ئێف دێ پێ) یش لە چوار ساڵی ڕابردودا بەشداری چالاک بون لە هەڵمەتی دژە پەنابەریدا؛ ئۆلاف شۆلز ڕاوێژکاری پێشو لە پارتی سۆسیال دیموکرات لە شەڕە بەقی تەلەفزیۆنیی لەگەل فریدریش مێرز ڕاوێژکاری داهاتو شانازی بەوەوە دەکرد کە حکومەتەکەی زۆرترین پەنابەری ناردوەتەوە و سنورداشی کردون. تەنیا ٢٠٢٤ چل هەزار کەس بەزۆر لە ئەڵمانیا دەرکراون. حیزبی سەوز بە پێشکەشکردنی بەرنامەی ١٠ خاڵی بۆ توندکردنەوەی یاسای پەنابەری، یونیۆن (یەکیەتی دیموکراتی مەسیحی- یەکیەتی سۆسیال مەسیحی) بە بەرنامەی ٥ خاڵی و ٢٧ خاڵی کێبەڕکێیان لەگەڵ پلانی ٨٨ خاڵیی ئائێف دێ دەکرد بۆ خۆنیشاندان وەک خەمخۆری وڵات و پارێزەری نەتەوە لە هەڕەشەی “پەنابەریی لە سنوردەرچو”. هەروەک گرتنە بەری چەندین ڕێکاری نامرۆیانە وەک پێدانی کارتی مانگانە بە پەنابەران لەبری پارە، کەمکردنەوەی خەرج بۆ تێچووی نەخۆشی پەنابەران و کەمکردنەوەی یارمەتییە کۆمەڵاتییەکان لەسەردەستی ئەم حیزبانە. لەناو حیزبی چەپدا ٢٠٢٣ پێڕێک خۆیان جیاکردەوە و دوای سارا واگنکنێشت کەوتن. سارا واگنکنێشت چونکە بکوژ و ببڕی تاقمە تازەکەی هەر خۆی بو، تەواوی بەرنامە و ستراتیج خۆی و مێردەکەی دایان دەنا، بۆیە حیزبە تازەکەشی هەر بەناوی خۆیەوە ناونا. ئەم پێڕە لە سیاسەتی پەنابەریدا جیاوازیەکی وایان لەگەڵ ئا ئێف دێی ڕاستڕەو نەبو، تەنیا ئەوەنەبێت کە شەفاعەتیان بۆ پەنابەری هۆگر و ئاقڵ و ئامێتەبو دەکرد و دەیانوت با ئەوان نەنێرینەوە. ئەم تاقمە بۆ خۆ جیاکردنەوەیان لە حیزبی چەپ و کاوێژکردنەوەی گوتاری ڕاسترەوی ئەو ئومێدەیان هەبو کە دەنگدەران لە ئائێف دێ بتەکێننەوە، فریدریش مێرز لە یۆنیۆن هەڵمەتێکی ڕەگەزپەرستانەی بەرامبەر بە پەنابەر دەستپێکرد، بە ئومێدی ئەوەی دەنگەکانی ئا ئێف دێ ببات بۆ خۆی. مێرز لە نیۆنازیەکان خراپتر درۆ و دەلەسەی سەبارەت بە پەنابەر بڵاودەکردەوە و ڕێکار و یاساگەلێکی بۆ گەڵاڵەکردن دەخستە ڕو کە ئا ئێف دێ خەونی پێوە دەدی. ئەو تەنانەت بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دژە پەنابەری ئامادەبو تابو و بڤەی سیاسی لە ئەڵمانیا بشکێنێت و دەنگی ئائێف دێ بۆ بەرنامە ڕەگەزپەرستیەکەی قبوڵ کات. ئێف دێ پێ، کە پارتێکی نیۆلیبراڵی عەیارە ٢٤ ە و باوەڕی بە فەندەمینتالیزمی بازاڕ هەیە بە هەمان شێوە داوای دەکرد یاسای پەنابەری کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێکبخرێت بۆ ئەوەی کەسانی هەڵە (مەبەست ئا ئێف دێیە) هەڵنەستن بەم کارە. ئەم قوماربازانە هەمو دۆڕان و مایەپوچی خۆیان دەرخست. پێڕی واگنکنێشت و ئێف دێ پێ بە خۆشحاڵیەوە هەڵبژاردنیان دۆڕاند و ناگەنە پەرلەمان. یونیۆن و فریدریش مێرز هەرچەند یەکەم بون، بەڵام سیاسەتی پەنابەریان نەک هیوای مێرزی نەهینایە دی بەڵکو بەشێکی بەرچاوی دەنگدەرانی یونیۆن، هەر لەبەر هەمان سیاسەت، ڕویان لە ئا ئێف دێ کرد (ئەوەی کە یونیۆنی بە بەهێزی هێشتەوە ئەوەیە کە دەنگێکی بەرچاوی لە دۆڕاوی سەرەکی ئەم هەلبژاردنە، پارتی سۆسیال دیموکراتەوە بۆ چوە). هەر پارتێک سیاسەتی ڕاسترەوی بگرێتەبەر تەنیا ڕاستڕەوی و ڕەگەزپەرستی بەهێز دەکات، نەک پێچەوانەکەی. گەر قەرار بێت سەرچاوەی هەمو نەهامەتییەکان پەنابەر بێت، ئەوا لۆجیکیە کە دەنگدەرێک باوەڕی بەم حەقایەتە هێنابێت ڕاستەوخۆ ئەو حیزبە هەڵبژێرێت کە لە هەموان توندترە بەرامبەر بە پەنابەر و “نا ئەڵمان”، نەک بە دەستی دوو، نەک لە ڕێی وەکیلە بۆرجوازیەکانی فاشیزمەوە. بە کورتی هەڵمەتی هاندانانی دژە پەنابەران، تۆقاندنی خەڵک لە پەنابەران و هەڵای میدیایی تەنیا خزمەتی بە ئا ئێف دێ کرد و دەنگی ڕاستڕەوە پەڕگیر و فاشیەکانی دو هێندە کرد و کردنی بە خاوەنی ١٥٢ کورسی لە پەرلەمانی نوێدا. جگە لە بون بە یەکەمی بێ ڕکابەر لە گەلێک بازنەی هەڵبژاردندا. بەکارهێنانی ڕیتۆریکی ڕاستڕەوەکان نەک نەبوە هۆی کەمبونەوەی دەنگی ئائێف دێ، بەڵکو بوە هۆی زیاتر و زیاتر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، بوە هۆی لە مرۆڤایەتی داڕنین و دێواندنی بەشێکی جیانەکراوەی کۆمەڵگەی ئەڵمانی و ئەوانەشی کە ئومێدیان بە پێکهینانی ژیانێکی نوێ لەم وڵاتەدا هەبو. هەروەک دەرفەتێکی نوێی بۆ دەوڵەتی ئەڵمانیا ڕەخساندوە ئەم ڕێکارانە فراوانتر بکات و لەداهاتودا بیسەپێنێت بەسەر گروپە نەخوازراوەکانی دیکە لە چاوی دەوڵەتەوە، وەک بێ سەرپەناکان، وەرگرانی یارمەتی کۆمەڵایەتی، چالاکوانانی ڕادیکاڵی ژینگەو ئەندامانی پارتە کۆمۆنیستەکان. دەوڵەتی ئەڵمانیا لە ڕێگەی گۆڕینی یاسای پەنابەرییەوە وردە وردە دەیەوێت وڵات لە حوکمێکی دەستوریەوە بگۆڕێت بە وڵاتێک کە بە یاسای تەواری حوکم بکرێت. سەرەڕای ئەمانەش یونیۆن وەک براوەی هەڵبژاردن نایەوێت لەگەڵ ئا ئێف دێ حکومەت دروست کات، پێش هەڵبژاردن کاتێک فریدریش مێرز دەنگ و پشتیوانی ئا ئێف دێی قبوڵکرد لە سیاسەتی دژە پەنابەری، شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی لە ئەڵمانیا بەدوای خۆیدا هێنا. مێرز و یونیۆن تاوانبارکران کە دەیانەوێت دەست بۆ بڤەی سیاسی ببەن و دیواری ئاگربڕ بشکێنن. هەرچۆنێک بێت هێشتاش بەشێکی زۆری خەڵک لە سیاسەتی ڕەگەزپەرست و فاشیانەی ئا ئێف دێ سڵ دەکەنەوە و ئەوان بە میراتگری نازیەکان دەزانن. لە کاتێکدا گەر دو حیزبی کۆنزەرڤاتیڤ و لیبراڵ هەمان سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە جێبەجێکەن ئەوا نەک ئەو هەڵایە دروست نابێت لە شەقامی ئەڵمانیدا، بگرە زۆر جار هەر بە بێدەنگی تێپەردەبێت. بۆیە هەم یەکیەتی و هەم حیزبە لیبراڵەکانی تر پێویستیان بەم ئاگربڕە درۆینیە هەیە تا لە دەنگدەران و هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان وا تێبگەیەنن کە ئەوان هێشتا حیزبی کۆنزەرڤاتیڤ و لیبراڵن، سەر بە نەریتی چەپ یان ناوەڕاستن و هیچ هاوبەشیەکیان لەگەڵ ڕاستڕەوەکان نییە. تا وەکو بتوانن بە خشکەیی و بێدەنگی هەمان بەرنامەی فاشیانە جێبەجێ بکەن کە ئائێف دێ داوای دەکات. ئێستا کە سەرمایەی ئەڵمانی پێویستی بە ڕژێمیکی دڕندەتر هەیە تا بتوانێت بەرژەوەندیەکانی لەبازاڕی کێبەرکێی کەمەرشکێن و لاوازکوژدا بپارێزێت، دەوڵەتی ئەڵمانیاش بۆ دروستکردنی پەیوەستی کۆمەڵایەتی لە پشتی سەرمایەوە، بۆ کردنەوەی کۆمەڵگە بە سەربازگە و فراوانکردنی دەسەڵاتی سەرکوتگەری دەوڵەت، بۆ دروستکردنی دەوڵەتی پۆلیسی، پێویستی بە دروستکردنی دوژمن و هەڕەشەی خەیاڵیە، پێویستی بە حەکایەتێکی نەتەوەپەرستانەیە، پێویستی بە پەنابەرە وەک کۆنسترەکتێک بۆ زەقکردنەوەی ناسنامەی ئەڵمانی و جیاکردنەوەی لە نائەڵمانەکان، تا دانیشتوان و هاوڵاتیان خاوەندارێتی تایبەت نەخەنە ژێر پرسیارەوە، لە قڵشتی کۆمەڵایەتی و دەوڵەمەندبونی کەمینەیەک و هەژاری ملیۆنان هاوڵاتی نەپرسن، لە کەمکردنەوەی یارمەتیە کۆمەڵایەتیەکان و بە تایبەتکردن و کاڵاکردنی تەندروستی نەپرسن، بۆ ئەوەی ببن بە بەشێک لە ماشێنی و پڕۆپاگەندەی جەنگخواز و لە سەرفکردنی بودجەی زەبەلاح بۆ بواری سەربازی نەپرسن، دەوڵەتی ئەڵمانیا دوبارە پێویستی بە دێگونەچارەیەکە، دێگونە چارە ئەم جارەش پەنابەرە. چەندین ساڵە پەنابەر کراوە بە هۆکاری هەمو نەهامەتییە کۆمەڵاتییەکان: قەرەباڵغی نەخۆشخانە و نۆرینگەکان، قەیرانی نیشتەجێبون و گرانی کرێی خانو، زۆربونی تاوان، قەرەباڵغی شارەکان،؛ بە کورتی هەرشتیک کە حکومەت توانای چارەسەری نەبو ئەوا پەنابەر بەرپرسیارە، پەنابەری بەربەری و ناشارستانی و دژە ژن لە بەرامبەر ئەڵمانیی دیموکرات و شارستانی و ژیاندۆست و ژندۆست. تاکە حیزبێک ( لە پارتە گەورەکان) بەشداری ئەم ئۆرکێسترا دژە پەنابەریەی نەکرد و دژی وەستایەوە پارتی چەپ بو (دی لینکە). هەر ئەمەش یەکێک بو لە هۆکارەکانی گەڕانەوەی ئەم حیزبە، بە جۆرێک کە چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنیش خەڵک چاوەڕوانی ئەم گەڕانەوەیەی دەکرد و لە ڕاپرسیەکدا ٧٪ بەدەستهینا. پارتی چەپ هەموی چەند مانگێک پێش هەڵبژاردن لە قەیرانێکی قوڵدا بو، لە ڕاپرسیەکاندا لە خوار ٣٪ بو، بەڵام هەڵوەشانەوەی حکومەت و یەکلابونەوەی هەمو حیزبەکانی دیکە بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دژی پەنابەران هەلی بۆ پارتی چەپ ڕەخساند بە شێوازێکی تر دەرکەوێت. پارتی چەپ ئەمجارە لەبری ئەوەی وەک ڤێرژنێکی چەپتری چەپە لیبرالەکان خۆی دەرخات تەرکیزی خۆی چڕ کردبوە لەسەر کۆمەڵێک بابەتی وەک کرێ خانو و باج و قڵشتی نێوان دەوڵەمەند و هەژار. لە لایەکی تریشەوە گەرچی پارتی چەپ لە هەڵبژاردنەکاندا پێنجەم هێزە، بەڵام لەناو گروپی تەمەن ١٨-٢٩ ساڵدا یەکەم هێز بوو. هەرچەند ڕابەرانی پارتی چەپ لە سیاسەتیان بەرامبەر فەلەستین و جەنگی ڕوسیا ئۆکرانیا دا هەمان سیاسەتی پارتە نەزمخوازەکان بوە و سەرکردەکانی بەشێک بون لە بەرگریکارانی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و فاشیی ئیسرائیل، بەڵام زۆربونی دەنگەکانی ئەم پارتە بە تایبەتی لەنێو گەنجاندا جێگەی دڵخۆشیە، نەک لەبەر ئەوەی کە پارتی چەپ دەتوانێت جێی ئومێدی ئەم دەنگدەرانە بێت و سبەی لە پەرلەمان شکست بە فاشیزم دێنێت، بەڵکو ئەم ئاڕاستە خواستی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەی ئەڵمانی دەردەخات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی فاشیزم و لە نەبونی هێزێکی تۆکمەی ڕادیکاڵ دا پارتی چەپ وەک بەرجەستەکەری ئەم ئامانجەی خۆیان دەبینن، زۆر کەسیش کە نایانەوێت ببن بە بەشێک لە هەڵمەتی دژە پەنابەری، متمانەی خۆیان بەخشی بە پارتی چەپ. سەرکردایەتی پارتی چەپ ناتوانێت پێشڕەویی فاشیزمی نوێی ئەڵمانیا بوەستێنێت، بەڵام ئومێد هەیە کە ڕادیکاڵ بونی زیاتری هێزە مارکسی و بزوتنەوە چەپە شۆڕشگێرەکان بنکەو جەماوەری پارتی چەپیش ڕادیکاڵ بکەن و لە داهاتودا بەرەیەکی یەکگرتو دژ بە فاشیزم وەک شێوازێکی حوکمرانی سەرمایە پێکبێنن.

*************

Leave A Reply

Your email address will not be published.