گۆڕانکاری یاخود بەردەوامبوون لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا…توانا حەمە نوری
هێشتا مانگێک بەسەر گەرانەوەی ترەمپ بۆ سەر دەسەڵات تێنەپەڕیوە و وا دەردەکەوێت دۆناڵد ترەمپ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای سەرتاپا گۆڕیبێت. خەڵکی غەززە پاکتاو دەکات و کۆتایی بە شەڕی بە وەکالەت لە ئۆکرانیا دەهێنیت و گرینلاند و کەناڵی پەنەماش دەخاتە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکاوە.
هەڵەیە وا بیر بکەینەوە کە ئەم هەڵوێستانە پێشبینی نەکراون. ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ تەحەددای بێ وێنە و جیددی بۆ هەژموونی خۆی لە جیهاندا دەکات.
ترەمپ دوور لەوەی ناعەقڵانی بێت، هەروەک جۆ بایدن و سەرۆکەکانی دیکەی پێش خۆی وەڵامی پاشەکشەی باڵادەستی ئەمریکا دەداتەوە. بەڵام ئەو لایەنگری ڕێبازی “America alone” ە.
سەرکەوتنی ترەمپ ئاماژەیە بۆ کۆتایی هاتنی نەزمی جیهانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا.
ئەمریکا دوای جەنگی جیهانی دووەم نەزمێکی سەرمایەداری لیبراڵی دامەزراند. ئیمپریالیزمی ئەمریکا لەسەر بنەمای کۆنترۆڵی کۆلۆنیالیزم نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵکو بازرگانی ئازاد و بازاڕی ئازاد بوو کە کۆمپانیاکانی دەیانتوانی زاڵ بن.
لە کۆنفرانسی Bretton Woods لە ساڵی ١٩٤٤، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) و بانکی جیهانییان (World Bank) دامەزراند. ئەوان ئەم دامەزراوانەیان بە “پەیڕەوی لە یاسا نێودەوڵەتییەکان” ناودەبرد؛ لە ڕاستیدا، یاساکان دیزاینکرابوون بۆ ئەوەی سوود بە ئەمریکا بگەیەنن.
ئەم دامەزراوانە و هێزی دۆلار ڕێگەی بە ئەمریکا دا لە ڕێگەی ئابورییەوە باڵادەستی خۆی بپارێزێت. بۆ نموونە، “یارمەتیدانی” دارایی لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتی یان بانکی جیهانی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو هەمیشە مەرجی لەگەڵا بووە.
ئەم باڵادەستییە ئابوورییە لەلایەن هاوپەیمانییە سەربازییەکانی ناو ناتۆ و تۆڕێک لە بنکە سەربازییەکان لە سەرانسەری جیهاندا پشتگیری و پارێزگاری دەکرا. هیچ شتێکی لیبراڵ و دیموکراسی لە ناتۆدا نییە بەڵکو تەنیا بۆ پارێزگاری لە پێگەی ئەمریکا شەڕ دەکات.
کاتێک شەڕی سارد لە ساڵی ١٩٩١ کۆتایی هات، ئەمریکا سەرکەوتنی بۆ ڕێبازی “لیبراڵ” و “سەروەری یاسا” و “دیموکراسی” ڕاگەیاند. ئەمریکا تاکە زلهێزی سەربازی مایەوە. بەڵام چینی دەسەڵاتداری ئەمریکا درکیان بەوە دەکرد کە لە دەیەکانی داهاتوودا ڕووبەڕووی کێبڕکێی ئابووری توند دەبنەوە، بەتایبەتی لەلایەن چینەوە.
شەڕ لە ئەفغانستان و عێراق لە ساڵانی ٢٠٠٠دا هەوڵێک بوو بۆ ناردنی پەیامێک: ئەمریکا هێشتا تەنها هێزی باڵای جیهانە. بەڵام شکستەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی باڵادەستی خێراتر کرد.
کاتێک ترەمپ بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦ هاتە سەر دەسەڵات، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەم نەزمە نێودەوڵەتییە لیبڕاڵە سەیر دەکرا. بەڵام هەڵوێستی توندوتیژی ترەمپ وەڵامدانەوەی تەحەدای چین بوو. لە ساڵی ٢٠١٨ کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە “شەڕی دەسەڵات و هەژمون” تەحەدای سەرەکییە کە ڕووبەڕووی ئەمریکا بووەتەوە نەک شەڕی تیرۆر.
مەترسی لەسەر هەژموونی ئەمریکا لەدوای ڕۆشتنی ترەمپ لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر پەرەی سەند، مەترسییەکانی چین زیاتر گەشەی کرد، ئەمەش لە هاتنەکایەی کۆمپانیای DeepSeekی چیندا دەردەکەوێت کە بازاڕی بۆرسەی ئەمریکای تێکشکاند.
بایدن لەسەر زۆربەی سیاسەتەکانی ترەمپ بەردەوامبوو. درێژەی بە شەڕی بازرگانی لەگەڵ چین دا. یاسای کەمکردنەوەی هەڵاوسان و یاسای مایکرۆچیپسی دەرکرد، هەردووکیان هەوڵێک بوو بۆ زیادکردنی وەبەرهێنان لە پیشەسازی ئەمریکا بۆ زیادکردنی کێبڕکێ لەگەڵ چین.
بەڵام بایدن بە تۆڕی هاوپەیمانانی ئەمریکاوە گیری خواردبوو، لە کاتێکدا ترەمپ هاوپەیمانان بەو شێوەیە نابینێت بەڵکو دەشڵێت هاوپەیمانان سوود لە ئەمریکا دەکەن و پارەشی پێنادەن.
ستراتیجی ““America Firstی ترەمپ پێچەوانەی “رێککەوتنی هەمەلایەنە”ی ئەمریکا و زۆرێک لە هاوپەیمانەکانێتی؛ ئەم ستراتئجە دەیەوێت سەرنج بخاتە سەر ڕێککەوتنە دوو قۆڵییەکان.
مانگی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ ڕەنگدانەوەی چڕبوونەوەی کێبڕکێی نێوان “زلهێزە گەورەکان”، وەک ئەمریکا و چین و یاریزانە ناوچەییەکان، وەک سعودیە، ئێران و ئیسرائیل دەگرێتەوە. کاتێک ترەمپ وتی “ئێمە گرینلاند بەدەست دەهێنین”، ئەوە هێمایەک بوو بۆ گەشەسەندنی ئەو کێبڕکێیە.
هەندێ وڵات، لەنێویاندا چین، کێبڕکێ دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەوەی کە دەتوانێت ببێتە ڕێڕەوێکی گرنگی کەشتیوانی. گرینلاندیش شوێنی کانزا گرنگە چارەنووسسازەکانە بۆ تەکنەلۆژیا.
بانگەوازەکانی ترەمپ بۆ پاکتاوکردنی خەڵکی غەززە بە هەمان شێوە هەوڵێکە بۆ دووبارە کۆنترۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەڵام ستراتیجی “America First”ی ترەمپ پڕە لە ناکۆکی و دژایەتی. بۆ نموونە شەڕی بازرگانی و باج خستنە سەر بەرهەمە بیانییەکان هەڕەشەی دابەشکردنی چینی دەسەڵاتداری ئەمریکا دەکات.
پاش ئەوەی ترەمپ باجی بە ڕێژەی ٢٥٪ لەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆم زیادکرد، جیم فارلی، سەرۆکی کۆمپانیای فۆرد، وتی “تێچووی زۆر و ئاژاوەیەکی زۆر” دروستدەکات. لە ئێستادا فارلی لۆبی بۆ داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی باجەکان.
تەنانەت کابینەکەی ترەمپ لەسەر پلانی پاکتاوکردنی خەڵکی غەززە دابەش بووە. مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دەیوت پلانی گواستنەوەی خەڵکی غەزە تەنها “کاتی” دەبێت.
ترەمپ هەڕەشەی لە شا عەبدوڵڵای دووەمی ئەردەن کردبوو کە ئەگەر پلانی گواستنەوەی خەڵکی غەززە ڕەتبکاتەوە و هاوتەریب نەبێت، ئەوە پارەی ئەردەن دەبڕێت. بەڵام ڕەنگە ڕاپەرین و بشێوی لەو وڵاتانەی پلانەکە قبوڵ دەکەن ڕووبدات و بەمەش ڕژێمی ئەو وڵاتە عەرەبییانە دەکەونە بەر مەترسی ڕووخاندن. حاکمەکانی میسر و ئوردن بەهاری عەرەبی ساڵی ٢٠١١یان بیردەکەوێتەوە و هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی ئەو هێزە شۆڕشگێڕە دەبێتە هۆی قەیرانی زیاتر بۆ ئەمریکا.
ترەمپ جیهانی مەترسیدارتر کردووە؛ بەڵام ئەو دژایەتی و ناکۆکیانە دەرفەت بۆ خەبات و تێکۆشانی لۆکاڵی و جیهانی دەکاتەوە.
ئەم وتارە بەدەستکارییەوە لە ئینگلیزییەوە کراوەتە کوردی. لینکی وتارەکە بە ئینگلیزی:
https://socialistworker.co.uk/comment/trump-foreign-policy-shifts-explainer/