هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی لە عێراق وکاریگەرییە سایکۆ- سۆسیۆلۆجییەکانی لە کۆمەڵگەدا…نووسینی: د. سەڵاحی گەرمیان

0

لە پاش تێپەڕبوونی شەست و شەش ساڵ بەسەر دەرچوونی یاسای باری کەسێتی ژمارە188 ی ساڵی 1959 لە عێراق وەک یاسایەکی مۆذێرن و پێشکەوتوو بە بەراوورد بە زۆرێک لە یاسای هاوشێوەی وڵاتانی ناوچە و لە کاتێکدا کە وڵاتانی جیهان پێشهاتەکانی ژیان دەگرنە بەرچاو لە دانانی هەر یاسایەک، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەنگاوێکی دواکەوتووانەدا، دەنگیدا لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە.

ئەم هەموارکردنە سیمایەکی تائیفی هەیە، بەو پێیەی لایەنە ئیسلامییە شیعەکان بە مەبەست ئەم هەنگاوە دەگرنەبەر بۆ ڕازیکردنی هەستی لایەنگرە توندڕەوەکانیان و لەپێناو دەستەبەرکردنی پێگەیەکی جەماوەری لە بەرژەوەندی خۆیان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەندێک لە پیاوانی ئایینی کە هاوڕان لەگەڵ ئەم ڕەوتەدا.

لەڕاستیدا، ئەم هەموارکردنە بەشێوەی موزایەدەیەکی سیاسی ئەنجامدرا، بەو پێیەی لایەنە شیعەکان دەنگیان بە یاسای لێبوردنی گشتییدا (کە خواستی سوننەکان بوو) و هەروەها بە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی کورددا لە بەرامبەر تێپەڕاندنی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی.

 هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی هەنگاوێکە بەرەو پێشێلکردنی ئازادییە کەسییەکان و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بەگشتی و کچان و منداڵان بە تایبەتی و پێچەوانەی دەستووری عێراق و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ژنان و منداڵانە. ئەم هەموارکردنە زەوتکردنی ئازادی تاکی کۆمەڵگەیە بەتایبەتی ئازادی کچان و هەڵبژاردنیان سنووردار دەکات بە بەشوودانیان لە تەمەنێکی بچووکدا، ئەمەش لە داهاتوودا دەبێتە هۆی تێوەگلانیان لە هاوسەرگیری ناتەندروست و دوور لە ئارەزووی خۆیان و بێبەشیان دەکات لە مافی خوێندن و خۆی لەخۆیدا کوشتنی قۆناغی منداڵیانە.

بەپێی هەموارکردنی یاساکە، جیابوونەوە تەنها بە ڕەزامەندی پیاو و سەرپەرشتیاری کچەکە بەپێی مەزهەبی جەعفەری ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بە واتای پێدانی دەسەڵاتی ڕەهایە بە پیاو و زەوتکردنی مافی جیابوونەوە لە ژن. بەو پێیەش، ئەگەر پرۆسەی هاوسەرگیری کچان خراپ بوو یان خیانەت یان توندوتیژی تێکەوت، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جیابوونەوەیان قورس بێت.

هەموو کۆمەڵگەیەک پێویستی بە یاسا هەیە تاکو دۆخی خێزان باشتر بکات، نەک ئاڵۆزی بکات. بەڵآم ئەم هەموارکردنەی یاسای باری کەسێتییە دەبێتە هۆی بە کۆیلەکردنی ژنان و پێشێلکردنی ڕوون و ئاشکرای ماف و کەرامەتیان. چونکە ئەم هەموارکردنە لەسەر بنەمای مەزهەبی داڕێژراوە، دەبێتە هۆی جیاکاری لە نێوان ژن و پیاودا و ناکۆکە لەگەڵ بڕگەکانی دەستوور و سروشتی ژیانی مەدەنیدا.

هەروەها بە پێی ئەم هەموارکردنە پیاوان دەبەخشرێن لە پێدانی نەفەقەی ژناندا لە ئەگەری جیابوونەوەدا. ئەوەش نا‌هەقییە بەرانبەر بە ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیانە. هەروەها ڕێخۆشکەرە بۆ ڕێگەدان بە هاوسەرگیری منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و بێبەشکردنی دایک لە سەرپەرشتی و  بێبەشکردنی ژن لە میراتی موڵک و ماڵ، واتا پێشێلکردنی مافی ژنان و منداڵانە و بەتایبەتی ژنان دەکاتە ئامانج و مافەکانیان لێ زەوت دەکات.

ئاشکرایە دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان، لەپاڵ ئەوەی ئەبێتە هۆی کۆمەڵێک نەخۆشی جەستەیی بۆیان، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و نەخۆشییە دەروونییەکان و دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە. لە ئەنجامدا هۆکارە بۆ لەدەستدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵان. دوور نییە نەبێتە هۆی ئەوەی لانەوازبن لەپاش جیابوونەوەی دایکانیان.

هەروەها هەموارکردنەکە ڕێگەی فرەژنی بە پیاو دەدات لە دەرەوەی دادگا و بەبێ ڕەزامەندی ژنی یەکەم یان دووەم، ئەمەش نادادییە بە مافەکانی ژنان بەگشتی و زیاتر نایەکسانی و جیاکاری لە کۆمەڵگەدا قووڵتر دەکاتەوە.

هەموارکردنەکە دەبێتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و دابڕانی ئەندامی خێزان لەیەکتری، بەتایبەتی کاتێک کچانی خوار تەمەنی یاسایی سەرکەوتوو نابن لە پێکهێنانی خێزانێکی باش.

بەپێی هەموارکردنەکە، دەسەڵاتی هاوسەرگیری و جیابوونەوە دەدرێت بە پیاوانی ئایینی، ئەوەش دەبێتە هۆی کاریگەریی فراوانتری پیاوانی ئایینی لەسەر حیسابی دامەزراوە یاساییەکان و سەرلێشێواوی بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەت. لەلایەکی ترەوە، دیارە لە کۆمەڵگەی عیراقیدا بێجگە لە مەزهەبی جەعفەری، چوار مەزهەبی سوننی هەن، ئەم هەموارکردنە لەسەر بنەمای مەزهەبی جەعفەری، وادەکات سوننەکان داوای چوار یاسای باری کەسێتی بکەن، هەروەها کریستیانەکان، ئێزیدییەکان، شەبەکەکان و کاکەییەکان داوای یاسای تایبەت بە خۆیان بکەن. بۆیە هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی لەسەر بنەمای مەزهەبی جەعفەری دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتانەی کۆمەڵگەی عێراقی و دەبێتە هۆی زاڵبوونی ناسنامەی تائیفی لەسەر حیسابی ناسنامەی نەتەوەیی. ئەمە جگە لە ڕۆڵی مەترسیداری لە پەکخستنی حوکمی یاسا، یەکسانی و جیاکاری نەکردن.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە سەرەڕای تێپەڕاندنی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عێراقی ژمارە188 ی ساڵی 1959، نارەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئارادایە لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیدا. لە ناوخۆی عێراقدا، چەندین ڕێکخراو و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان و منداڵان هاتنە دەنگ و دژایەتی ئەو هەموارکردنەیان ڕاگەیاند. بۆ ئەم مەبەستە هاوپەیمانی 188 پێکهێنرا بۆ داکۆکی لە یاسای باری کەسێتی کە لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و هێزی ناو کۆمەڵگە پێکهاتووە و چالاکانە کاردەکەن لە دژ سەپاندنی ئەو هەموارکردنە و لەگەڵ هوشیارکردنەوەی ژنان و کۆمەڵگە بەگشتی بە شێوازی جیاواز لەبارەی مەترسییەکانی ئەو هەموارکردنە لەسەر ژیانی خەڵک و بەتایبەتی ژنان و منداڵان.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆربەی ڕێکخراوە ناودارەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و چەندین لایەنی سیاسی جیهانی هۆشداریان داوەتە دەسەڵاتدارانی عێراق لە جێبەجێکردنی ئەو هەموارکردنە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.