ڕاگرتنی هەمواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق لە بەروژەوەندی هەموانە… نووسینی: پەیمان عێزەدین

0

دوای دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشێوەیەکی نامۆ، کە پڕبوو لە گومان و بێمتمانەیی نێوان پێکهاتەکانی ناو ئەنجومەنەکە، چارەنوس و ئایندەی خێزان و ژنانی لە عێراقدا بەرەو تاریکی و مەترسی برد.

یاسای ژمارە١٨٨ ی ١٩٥٩  دنیایەک ناهەقی و کەموکوڕی تیایە و بەتەواوی نەیتوانیوە مافەکانی ژنان لە چوارچێوەی باری کەسێتیدا مسۆگەر بکات، و بە دڵنیاییەوە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە. بەڵام هەموارکردنێک بە ئاڕاستەی گونجاندنی لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر تاک وژیان و بیرکردنەوەی ژنی عێراقیدا هاتووە، هەموارێک ئێستای خێزان و تێگەیشتن و تێڕوانینە نوێیەکانی لەبەرچاوبگرێت.

ئەو هەموارەی کە بەدەنگی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو بە یاسا، نەک هەر ئەوانەی لەبەرچاو نەگرتووە، بەڵکو دەیان دابونەریت زیندوو دەکاتەوە کە ئەسڵی یاساکە قەدەغەی کردبوو.

مەترسیەکانی ئەم هەموارە زیاتر لەدوای نوسینی (کۆنوسی فەرمانە شەرعیە شیعی و سونیەکان) دەردەکەوێت.

کە ئەتوانین گرنگترین مەترسیەکان لە چەند خاڵێکدا ڕون بکەینەوە:

لە بارەی تەمەنی هاوسەرگیریەوە کە زۆرترین چاو و قسەوباسی لەسەر بووە. نەک تەمەنی ٩ ساڵ، بەڵکو بەپێی کۆی مەزهەبە شەرعیەکان (شیعە بێ یان سونە) ئەوا باوک دەتوانێ مناڵەکەی مارە بکات لە هەر تەمەنێک بێت وەک ئەوەی  جاران ئەمانبیست لەسەر  بێشکەوە منداڵ مارەئەکا، ئەگەر بزانێ ئەو مارە بڕینە سودێکی تیایە.

ئەگەر سەیری ئەم مارە بڕینە بکەین، سەر بێشکە بێ یان ٩ ساڵ و ١٠ و١١ و١٢ و…..تا دەگاتە تەمەنی کامڵ بوون، سەرباری ئەوەی کە هەڵسەنگاندنی سود و قازانج وەستاوەتە سەر بیرکردنەوەی باوکەکە و بەپێی بیرکردنەوەکان ئەگۆڕێ، لەهەمان کاتدا ئەم جۆرە لە مارەبڕین ئیرادەی مارە بڕڕاوەکەی تیا نییە، منداڵێکی ٩ تەنانەت ١٤ ساڵیش کە لە قانوندا بە بەرپرس دانانرێ لە هەندێ لە هەڵسوکەوتەکانی و شیاوی قانونی نییە، چۆن بۆ گرێبەستێکی گرنگی هاوسەرگیری کە چەندین بەرپرسیارێتی گەورەی خێزانیی لێئەکەوێتەوە، ئەبێت بە کەسێکی کامڵ و وەک خاوەن شیاوی تەواو مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێ؟

بێگومان ئەمە جگە لەو مەترسی و کێشە تەندروستیانەی ڕوبەڕوی ئەبێتەوە.

 بەگوێرەی ئەم هەموارە و بە گەڕانەوە بۆ مەزهەبەکان، ژنێک کە مێردەکەی شیعە بێت، لەکاتی مردنی مێردەکەی ئەو ژنە تەنیا لە موڵک و ماڵی گواستراوە بەشە میراتی بەردەکەوێت!

واتە ئەگەر ئەو پیاوە خاوەنی چەندین زەوی، خانوو، باڵەخانە، باخ، یا هەرشتێکی جێگیر و نەگواستراوە بێت، بەشی ناکەوێت. کە ئەمەش ڕۆشنە چ زوڵم و جیاکاریەکی ڕەگەزیە بەرامبەر بە ژنان !

 جگە لەوەی رێدەکەوێت و زۆریش هەیە کە ژنەکە سونیە و مێردەکەی شیعەیە، ئەگەرچی لە مەزاهبەکانی  سونیدا مارەیی بەوجۆرە مامەڵەی لەگەڵ ناکرێ، بەڵام لەبەرئەوەی لەکاتی جیابونەوە و مردندا مەزهەبی پیاوەکە وەردەگیرێ، ئەوا مەزهەبی شیعە جێبەجێدەکرێت.

لە ئامێزگرتنی منداڵ؛ یەکێکی ترە لە کێشەکان و بە گوێرەی هەموارەکە لەدوای تەمەنی ٧ ساڵەوە دەگەڕێنرێتەوە لای باوک.

تا ئێستا منداڵ لە جیابونەوە و تەڵاقدا مافی لەئامێزگرتنی تا ١٨ ساڵ بۆ دایک بوو، مەگەر دەربکەوێت کە دایکەکە زیان بە منداڵەکە ئەگەیەنێت، ئەوەی بۆتە نەریتیش بە حوکمی نزیکیی منداڵ لە دایکەوە، منداڵ لای دایک ماوەتەوە.

بە کورتی ئەگەر ئەم هەموارە جێبەجێبکرێت، ئەوا سەراپای بابەتە پەیوەندیدارەکان بە مارەکردن، شایەتیدان، میرات، جیابونەوە و تەڵاق، نەفەقە …تاد گۆڕانکاریان بەسەردا دێ و جۆرەکانی تری هاوسەرگیری وەک موتعە و مسیار و چەندینی تر دەبنە گرێبەستێکی یاسایی، و دادگا جگە لە پەسەندکردنی ئەو گرێبەستانەی لای پیاوانی ئاینیی دەکرێن ڕۆڵێکی ئەوتۆی نامێنێ.

ئەوەی ئەمێنێتەوە، ئەم قانونە چ کاریگەریەکی دەبێت لەسەر ئێمە لە هەرێمی کوردستان؟

بێگومان هیچ قانونێک کە لە عێراق دەردەچێت، لە هەرێمی کوردستان جێبەجێناکرێت تا لە پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی نەدرێت.

 بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە هەرێمێکین لەناو عێراقی فیدراڵدا، ئەوا نزیک بێ یا دوور کاریگەری دادەنێت، پیاوانێک هەن بە مەبەستی هێنانی ژنی دووەم و سێیەم، هاوسەرگیریی موتعە ئەچنە پارێزگاکانی عێراق بەمەبەش ئەچنە ژێر باری ئەو هەموارە نوێیەوە.

بۆیە گرنگە دامەزراوە دادوەریەکانی هەرێمی کوردستان، و پەرلەمانی کوردستان پارێزەری ئەو هەموارەی یاسای باری کەسێتی بن کە ساڵی ٢٠٠٨ لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، و جۆرێک لە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا بکرێت کە ئەو هاوسەرگیریانەی لایەنێکیان دانیشتوی هەرێمی کوردستانن، لە دادگاکانی عێراق گرێبەستی هاوسەرگیریان بەسەردا جێبەجێ نەکرێت یان لەو پارێزگایانەش بەیاساکانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.