بەشار ئەسەد چۆن لە دەسەڵاتدا مایەوە؟ … توانا محەمەد نوری

0

شۆڕش لە وڵاتانی عەرەبی کە بە بەهاری عەرەبی ناسراوە، بە هۆکاری جۆراوجۆر، لە کاتێکدا دیکتاتۆرەکانی وەک بن عەلی لە تونس و موبارەک لە میسر و قەزافی لە لیبیای هێنایە خوارەوە، لە گرنگترین ئامانجەکانیدا کە بریتی بوون لە گەیشتن بە ئازادی و ژیانێکی باشتر، شکستی هێنا. ئەم بزووتنەوەیە لە بەحرەین بە دەستێوەردانی سعودیە لەناوبرا و لە سوریاش بە ئاڵۆزترین شێوە و لە ڕێگەی دەستێوەردانی هێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا و نوێنەرەکانیان لە ناوچەکە و تورکیا و شێخەکانی کەنداو لەناوچوو، سەرەتا شۆڕشەکە سەرکوتکرا و دواتر لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە و هاوکاری ئێران و ١٣ ساڵ دواتر، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لەسەر دەستی ئیسلامییەکانی هەیئەی تەحریری شام کە خۆیان دەرئەنجامی هەلومەرجی ناخۆشی شۆڕشی شکستخواردووی سوریان، کۆتایی پێهێنرا، و بووە سەرەتای گواستنەوە بۆ قۆناغێکی ناڕوون.
 ڕووخانی یەکێک لە کۆنترین دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مانای کۆتایی هاتنی پەیوەندی تایبەتی دیمەشق و تاران دێت کە لە ساڵی ١٩٧٩ لە نێوان خومەینی و حافز ئەسەد پێکهات. لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١١، سوریا پەیوەندی بەو بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەوە کرد کە وڵاتانی ناوچەکەی تێدا بەشداربوو.

دوای ئەو ساتەوەختە ئومێدبەخشە لە سەرەتای سەدەی نوێدا کە بە “بەهاری دیمەشق” ناسراوە، کە تیایدا بەشار ئەسەد، ئەو سەرۆکە گەنجەی لە ساڵی ٢٠٠٠ جێگای باوکی گرتەوە، بەڵێنی کرانەوەی سیاسی لە ڕژێمی عەلەوییەکان دا، کەچی ساڵانێک لە سەرکوت و خنکاندن دەستی پێکردەوە. سەرکوتێکی توند بە خێرایی بۆ نەیارانی ڕژێم دەستیپێکرد. لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠١١ سوپای ئازادی سوریا (ASL) کە زۆربەیان لە سەربازانی هەڵهاتوو پێکهاتبوو، لەژێر دەستی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریادا پێکهێنرا، کە هەوڵی هەماهەنگی بەرخۆدانی دا. سوپای ئازاد بە پشتیوانی وڵاتانی بیانی دژی ڕژێمی ئەسەد نزیک لە ئێران و بە تایبەت وڵاتانی کەنداو تەیار کرابوو. لە هەمان کاتدا ئەو وڵاتانە ئاسانکاری و هاندانی پێکهێنان و ڕێکخستنی گروپە جیهادییەکانیان کرد. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات گرژی و جیاوازی نێوان باڵە جۆراوجۆرەکانی یاخیبوونەکە دەرکەوت. ڕژێمی سوریا کە ئیتر تەنها لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوو هێرشی نەکرابووە سەر، بەڵکو لەلایەن گروپە ئیسلامییەکانی وەک ئەحرار شام، جەیشولئیسلام، جنودی ئەقسا و ئەلحەقیشەوە، ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و خۆی وەک قەڵایەک لە دژی تیرۆری ئیسلامی نیشاندا. لە ئەنجامدا وێنەی ئۆپۆزسیۆن زۆر تاریک و تەمومژاوی بوو.
هاوپەیمانێتی نێوان ئێران و سوریا مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. ئەم هاوپەیمانێتییە لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨٨ دامەزرا، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی دوژمنایەتی نێوان بەعسییەکانی دیمەشق و بەغدا. ئەم هاوکارییە لە وەڵامی کۆمەڵێک ڕەچاوکردندا بەردەوام بوو: یەکگرتنی نێوان شیعەکان، پشتبەستنی هاوبەش بە “بەرەی بەرگری” لە دژی ئیسرائیل، بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، وەبەرهێنانی گەورەی سوپای پاسداران لە سووریا، بەتایبەتی لە کەرتی مۆبایل، و پێویستی بەرەنگاربوونەوەی کاریگەری ناوچەیەکی وڵاتانی سوننە کە ئەندامن لە ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو. لە ڕوانگەی سەرکردەکانی ئێرانەوە، پشتیوانی شانشینەکانی کەنداو لە یاخیبووانی سوریا، ستراتیژێکی دژە ئێرانە لە پڕۆسەی پشتیوانی لە شەڕی سەدام حوسێن دژ بە ئێران. ئێران لە ساڵی ٢٠١٢ەوە شانبەشانی هێزە دڵسۆزەکانی ڕژێمی سوریا، بەتایبەتی لە ڕێگەی سوپای قودسی سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان لەو ململانێیەدا تێوەگلاوە. تاران بەرپرسیاربوو لە دابینکردنی دارایی و چەک و پاڵپشتی لۆجستی و ڕێکخستن و ڕاهێنان و پاڵپشتی ئابووری سوریا بە تایبەت لە ڕێگەی هاوردەکردنی نەوت لە شێوەی قەرز.

ساڵی ٢٠١٥ ڕوسیا، لەسەر داوای بەشار ئەسەد، دەستێوەردانی سەربازی لەم وڵاتەدا کرد. ڕووسیا بە دامەزراندنی بنکەیەکی ئاسمانی لە حمەیمیم کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی لازقییە و بنکەیەکی دەریایی لە تەرتوس، بوونی خۆی لە سووریا بەهێزتر کرد. هەروەها یارمەتی ڕژێمی بەشار ئەسەدی دا لە ڕێگەی کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکانی وەک ڤاغنەر و یەکەکانی پۆلیسی سەربازییەوە. لەم دۆخەدا، ڕووسیا بە هێرشی ئاسمانی و هەڵدانی مووشەکی کروز یارمەتی ڕژێمەکەی ئەسەدی دا بۆ ڕزگاربوون و ئەمەش بووە هۆی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری حەلەب لە ساڵی ٢٠١٦دا. جگە لەوەش سوریا وەک مەیدانی تاقیکردنەوە بۆ ئامێرە سەربازییەکانی ڕووسیا بەکارهێنرا. ڕووسەکان هاوشێوەی ئێرانییەکان وەبەرهێنانیان لە ئابووری سوریادا کرد، بەتایبەتی لە کەرتی کانگا و وزە.
ڕژێمی سوریا، تەنانەت پێش ساڵی ٢٠١١، سزای جۆراوجۆری بەسەردا سەپێنرا، کە لەو کاتەوە وردە وردە زیاتر بووە. ئەم سزایانە لە سەرەتادا تەنها بۆ کەس و کۆمپانیاکان سنووردار بوو، بەڵام لەگەڵ پەسەندکردنی یاسای قەیسەر (یاسای قەیسەر بۆ پاراستنی مەدەنی سوریا) لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ لە کۆنگرێسی ئەمریکا، ئەم سنووردارکردنانە فراوانتر کران بۆ ئەوەی کۆمپانیا بیانییەکان بگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئابووری سوریاوە هەبوو، بەتایبەتی لە بواری وزە و کەرتەکانی بیناسازی.

بەڵام ئەم گەمارۆیانە نەیتوانی کاریگەری گەورە لەسەر دەورووبەری بەشار ئەسەد دابنێت. زۆربەیان ڕێگای جیاوازیان دۆزیەوە بۆ دەربازبوون لە سزاکان و زیادکردنی قازانجەکانیان لە ڕێگەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، بەتایبەتی کاپتاگۆن (مادەی هۆشبەرێکی دەستکردە کە تادێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەناوبانگتر دەبێ).
نەیارانی گەمارۆکان پێیان وابوو ئەم سزایانە، وەک ئەوەی تا ئێستاش جێبەجێ دەکرێن، دواجار کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵکی ئاسایی هەیە کە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە قورساییەکی زۆریان لەسەرە و کێشە ئابوورییەکانیانی زیاتر کردووە، بەشار ئەسەد لە دڵی سێگۆشەی ئێران – ئیسرائیل – ڕووسیا دانرابوو. وە بە لاوازکردنی پێکهاتە ڕزیوەکانی ڕژێم و بڕینی چەکی سەربازیی ئێران، بە هەمان ئەو هێزانەی لە ساڵی ٢٠١١دا بەشدار بوون، ڕووخێنرا.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.