ئیخوان و ئیسلامی سیاسی قارەمانی کام داستانن؟… نووسینی: ئیبراهیم حسێن
ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی و ئەو بومەلەرزەیەی کە لێی کەوتەوە، جارێکی تر تەماحی بوون بەهێزی لە نێو دەمارەکانی جوڵانەوەی ئیسلامی سیاسیدا زیندو کردەوە. گەلە و گروپ و باڵەکانی ئیسلامی سیاسی لە هەموو ڕەنگ و قوماشێک بەیداخە ڕەشەکانیان هەڵکرد و کەوتنە ئامادەکردنی عد و عتادی خۆیان و جارێکی تر گوێچکەی دنیایان بە تەکبیر و جیهادی کەللە شەقی ئیسلامی کەڕ کرد. دەستەدەستە هەڵسوراوانی ئەم بزوتنەوە ئامادە بوون ناونوس بکرێن و لە پڕێکدا دنیایەک موجاهیدی مورتەزەقە سەرەیان گرت لە فرۆکەخانەکان و بە مۆر و پاسەپۆرتی ئەو رۆژئاوا و ئەمریکا و چاوساغی و دەستگیرۆیی دەوڵەتی کڵاولارە ئیسلامیەکەی ئۆردوغان و قەتەر و ئەوهێزانەی قەرار بوو لەو جیهادە رەشەدا نوسرەتیان بکەن ڕژانە مەیدانەکانی جەنگی وێرانکردنی مەدەنیەت و تیرۆر و کوشتارەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و هەموو ئەو وڵاتانەی کە کەوتبوونە مەداری تۆفانی بەهاری عەرەبیەوە. بەرهەمی ئەم دەورەیە لە هەڵکردنی ئەم تۆفانە ڕەشە تراژیدیاکانی موسڵ و چارەنوسی خەمناک و ویژدانهەژێنی هەزاران ژن و منداڵی یەزیدی و وێرانی لیبیا و هتد بوو. بە بێ بەرگری کۆبانێ و ڕاپەرینی چەندین میلیۆنی لە میسڕ کە لە هەردووکیاندا، ئەم بزوتنەوە ڕەشە کەمێک هەوسارکرا، ئێستا دیمەنەکە بێگومان لە ئێستا تاریک تر و کۆنەپەرستانەتر دە بوو.
کەوتنی ڕژێمی بۆرژوایی ئەسەد و لە دڵی ئەو هەلومەرجەی کە دوای لێدان و هەڵپێچانی حماس و حیزبوللە کۆکردنەوەی دەستوپێی کۆماری ئیسلامی و ڕاوەدونان و کوشتنی سەرانی ئەو جوڵانەوەیە لە ناو خودی ئێران پێکهاتبوو، جارێکی تر دەرگای بەسەر هەڵکردنی شەپۆڵێکی تازەی تۆفانی ڕەشی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا کردەوە. وەک بڵێی دەبوایە لە سیاسەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئەم شكستەی باڵی شیعەی ئیسلامی سیاسی بە هێنانە پێشەوەی باڵەکەی تری ئیسلامی سیاسی سوننەی وەهابی و ئیخوانی قەرەبوو بکرێتەوە. هەر خۆی ئەوە پەیامێکی ڕوون بوو کە ئەو ڕۆژهەڵاتەی کە ڕاستی مەزهەبی دەسەڵاتداری ئیسرائیل و ڕۆژئاوا دەیانەوێ ڕێکی بخەنەوە ڕۆژهەڵاتێکی لیبڕال و پەرلەمانی نییە، بەڵکو ڕۆژهەڵاتێکی ژێر سایەی دێوەزمەی ئیسلام و ئیسلامی سیاسیە.
هەر بۆیە جارێکی تر ئەم جوڵانەوە کەللەشەقە ئیسلامیە لەو توند پێچە سیاسیەدا و لە چوارچێوەی پیلانێکی سیاسی و ستراتیجی گەورەتری ڕۆژئاوا ئیسرائیل بۆ ڕێکخستنەوەیەکی کۆنەپەرستانەی رۆژهەلاتی ناوەڕاست موشتەری و کریاری بۆ پەیدا بوو. هەر لە خۆیدا ئیسلامی سیاسی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئیسرائیل و ڕۆژئاوا و ئەمریکاوە تەکلیف و کۆمەککران و ئەو ئەرکەیان ڕادەستکرا. ئیتر لەو چوارچێوەیەدا خەونی ئیمارەتێکی ئیسلامی تر کە لە پێناویدا ئامادەن هەر نۆکەرایەتیەک و کلکایەتیەک و هەر تاوانێک لە دژی ژن و مەدەنیەت و مرۆڤایەتی ئەنجام بدەن، جارێکی تر بووبە کەلکەڵەیان.
لە کورتمەودا دا بریارە مورتەزەقەی ئیسلامی بەشێکبێ لە پرۆژەی بەدیهێنانی ئامانج و تەماحە تازە جیوسیاسیەکانی تورکیا و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا لەو ناوچە گرنگەی دنیادا بکا و خەونی رێگەی داود و کۆنترۆلی وزە و بەستنەوەی دەریایی ئەو ناوچەیە بە بازاڕ و ئابوری ئەوروپا لە ڕێگەی تورکیا بکاتە ڕاستیەکی تازەی دنیا لەڕێگەی لێدان و ناکام کردنەوەی سەرئێشەکانی هێزەکانی هیلالی شیعە و کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەمە هێشتا تەنیا لایەنێکی ڕۆلی مورتەزەقەی ئیسلامییە لەو هەرا گەورەیەی کە لە ناوچەکە و دنیادا دەگوزەرێ.
بەڵام ڕۆڵی مورتەزەقەی ئیسلامی سیاسی تەنیا هەر بەوە بەرتەسک نابێتەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر بە تەنێ لە بەردەم پێناسەکردنەوەیەکی جیوسیاسیدا نییە، بەلکو هەموو ڕۆژهەڵات لەبەردەم یەک ڕێکخستنەوە و سەر لە نوێ پێناسەکرنەوەیەکی گەورەدایە. بۆیە ئیسلامی سیاسی هەر بە تەنیا ئامڕازێکی پیادەکردنی هەندێک تەماحی جیوسیاسی نییە، بەڵکو لە هەمانکاتدا ئامڕاز و ستراتیژێکی کۆنەپەرستانەیە بۆ ڕێکخستنەوەیەکی کۆنەپەرستانەی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدیهێنانی رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی داماوتر و بێچارەتر دا.
ئەم دوو لایەنە لە دەوری ئەم بزوتنەوە ڕەش و کۆنەپەرستەی ئیسلامی وای کردوە کە ئەم بزوتنەوە کۆنەپەرستەی ئیسلامی سیاسی ببێتە بەشێکی جیا نەکراوە لە ستراتیژی رۆژئاوا و ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕێکخستنەوەی رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی بێمافتر و داماوتر.
خەون و ئارەزوی سەرمایەداری و رۆژئاوا بۆ هێشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک حەوزەیەکی بازاڕ و ئابوری کاری هەرزان، بە چەند میلیارێک لە دانیشتوان و بە دنیایەک سەرچاوەی وزە و جێگەوڕێگەیەکی گرنگی جیوسیاسی پێویستی بە مرۆڤایەتێکی خامۆش و بێچارە و داماوکراو هەیە و ئەمە مانای ئاسایشە بۆ ئەوان. ئەم ستراتیژە بۆ ڕێكخستنەوەیەکی وەها پێوێستی بە هێز و جوڵانەوەیەکی ئەوتۆ هەیە کە بتوانێ کۆمەڵگە وهەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەم داماو کردنە و سەپاندنی ئەم خامۆشیە ئامادە بکات. هیچ هێزێکی تری بۆرژوایی لە ڕۆژهەڵاتدا نییە کە بە ئەندازەی ئیسلامی سیاسی بۆ گێڕانی ئەم ڕۆڵە ئامادە بێت. ئیسلامی سیاسی و ئیخوانیزم لە بنەرەتیترین ئاستی خۆیدا، ئامڕازی داسەپاندنی ئەم ستراتیژەن، قارەمانانی داسەپاندنی بازاڕ و ئابوری کاری هەرزان و مرۆڤایەتیەکی بێچارە و خامۆشکراون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
٢٩.١٢.٢٩٢٤