دیموکراسی: لێکدانهوهکان و واقعیهت چاوپێکهوتنی مەنسور حیکمەت لهگهڵ ئینتهرناسیۆناڵ
بەشی دەهەم
ئینتهرناسیۆناڵ: ئایا ڕەخنەى ئێوە لە دیموکراسی، هیچ مۆرکێکی دەورانى نییە؟ مەبەستم ئەوەیە، کە ئایا لەڕووى مێژوویییەوە، سەرهەڵدانى دیموکراسى وهک ئامرازێک بۆ بەرینکردنەوەى ئازادیی واقیعیى مرۆڤەکان نەبووە، وه یان ئێستا ناتوانێ لە هەندێ کۆمەڵگەدا بەو شێوەیە بێت؟ ئایا ڕەخنەى مارکسیستێکى ئەم سەردەمە لەم بیرکردنەوە و نیزامە، ڕەخنەیەکە لە کۆنبوونى، وە یان لە ناتەبایی هەمیشەیی و بناغەیی ئەو لەگەڵ ئازادیی واقیعیدا؟
مهنسوور حیکمهت: لە هەردووکیان. بە بڕواى من لەم ڕووەوە ڕەخنەى ئێمە لە لیبراڵیزم و دیموکراسى، وهکوو ڕەخنەی ئێمه لە خودى شێوەى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارییە. کاتێک کهسی بەرهەمهێن لە وابەستەیی بە زەوى و لەژێر کۆنترۆڵی ئەربابى دەرەبەگ دەردەچێت و دەبێتە “کرێکارێکى ئازاد” کە دەتوانێ ئازادانە هێزى کارەکەى بفرۆشێت، پێشڕەوییەکى مێژوویییە. بەڵام هیچ کەس چهمکی “کرێکارى ئازاد”، کە لە واقیعدا بە ماناى مرۆڤێکى داماڵراوە لە هەموو جۆرە موڵکییەتێک، کە ناچارە هێزى کارى خۆى بفرۆشێت، لەگەڵ ئازادیى واقیعیى مرۆڤەکان لە مەیدانى ئابووریدا بەیەک شت دانانێت. پەیدابوونى دیموکراسى و بەرقەراریى کۆمەڵە مافێکى مەدەنى لەسەر بنچینەى پرانسیپه لیبراڵییەکان و پەیدابوونى دهستهواژهی تاک و هاوڵاتى وهکوو بنەماى ڕواڵهتیی بەدەستهێنانى مەشروعییەتى حوکوومهت، پێشڕەوییەکى مێژوویی لە بەرامبەر حوکوومهتە ڕههاکاندا بوو. بەڵام ئەمە بە بەراورد لەگەڵ ئازادیى واقیعیدا، لەگەڵ ئەو تیۆرهی کە بزووتنەوەى سۆسیالیستى بە هەموو تەوەهومات و ناڕۆشنییەکانییەوە و هەر ئەو کاتە بۆ ئازادیى واقیعی دەیخاتە ڕوو، دواکەوتووانەیە. سۆسیالیزم و دیموکراسى، دوو فیکرەن بەدرێژایی مێژووی سەرمایەدارى، شانبەشانى یەکتر وجودیان هەبووە و گەشەیان کردووە. دوو بزووتنەوە لە تەنیشت یەکدا و ناتەبا لەگەڵ یەکتر و بێگومان لە زۆر حاڵەتیشدا تێکەڵ بەیەک. بەم پێیە ڕەخنەى سۆسیالیستى لە دیموکراسى و بەدیلی سۆسیالیستى بۆ دیموکراسى بە ئەندازەى خودى دیموکراسى کۆنە. ڕەخنە جەوهەرییەکانى سۆشیالیزم لە دیموکراسى، کە لە واقیعدا ڕەخنەیە لە تێڕوانین و پێناسەى بۆرژوایی بۆ ئازادى و بۆ دەوڵەت و سەرخانى سیاسی لە سەرمایەداریدا، سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر بە هەمان ڕادەى ئەمڕۆ مەوزوعییەتى هەبووە. ئەو تیۆرەى کە پێى وایە، بەرقەرارى دیموکراسى، بەو تێگەیشتنەى کە من لەم باسەدا لەسەر دیموکراسى بەدەستەوەم دا، لە هەندێ کۆمەڵگەى ئەمڕۆدا، هێشتا دەتوانێت هۆیهک بێت بۆ بەرینبوونەوەى ئازادیی مرۆڤەکان، بە بڕواى من تیۆرێکى ساویلکانەیە و دوورە لە هەر ڕوانگەیەکى ڕەخنەگرانە. بەو مانایە کە ئازادیخوازى لەم وڵاتانەدا دەداتە دەست خوا (واتە لهکۆڵ خۆى دەکاتەوە/ و.). ئهمڕۆ ئیتر دیموکراسى کۆمەڵە حوکمێک سەبارەت بە ئازادیى چاپەمەنى و بیروباوەڕ و مامەڵەى باش لەگەڵ کەمایەتییەکان (تەنانەت ئەگەر ڕۆژێک ئەمانەش بووبێت) نییە، مۆدێلێک نییە کە بتوانرێ دڵخوازانە لە هەموو شوێنێک عەمەلى بکرێتەوە، بهڵکوو ناونیشانێکە بۆ ڕژێمێکى سیاسیی بۆرژوازیى ئەم سەردەمە. ناکرێت خوازیارى دیموکراسى بیت وهکوو ئۆرگانێک و سەرخانێکى سیاسیی پتەو و قایم، وهلێ حوکوومهتى بۆرژوازیت نهوێ. لەبەر ئەمە، ئەوە بۆرژوازى و بەرژەوەندییەکانى ئەوە کە ماناى عەمەلیى دیموکراسى و بەشى خەڵکیى کۆمەڵگایەک لە ئازادى لە هەر بارێک و لە هەر دەورهیەکدا دیارى دەکەن. ئەگەر لە جێگایەکدا بۆرژوازى ئیستیبدادى بێت و بایەخێک بۆ مافه فەردى و مەدەنییەکان دانەنێت، کە ئەمە کەم کەم خەریکە لە کۆتایی سەدەى بیستەمدا هەموو دنیا دەگرێتەوە، ئەوکاتە چاوەڕوانیکردنى بەرینبوونەوەى ئازادى لە ڕێگاى دیموکراسییەوە خەڵک و خۆ هەڵخەڵەتاندنە. ئهمڕۆ ئیتر دیموکراسى خۆى وهکوو ئەنتیتێزى فیۆداڵیزم و پاشایەتیى ڕهها و حوکوومهتى دینى ناناسێنێ، بهڵکوو ڕێک و ڕاست قەڵغانى بەرگریى بۆرژوازییە لەبەرامبەر ئازادیخوازیى کرێکار و ئەو کۆمەڵە چاوەڕوانییە ئازادیخوازانەیەى کە لە جیهانى ئەمڕۆدا ئیلهام لە سۆسیالیزمەوە وەردەگرن.
درێژەی دەبێت…