ئایە کۆمەڵگەی کوردی لانی کەم لەم قۆناغەدا و بەم حاڵەی ئێستایەوە، ئەتوانێت بڕیاڕی گۆڕانکاری بدات؟!… نووسینی: نەژاد عوسمان سەعید
بەرخۆدانی نەتەوەیەک بۆ گۆڕانکاری گشتی و ڕزگاربوون لە چەقبەستوویی پشت ئەبەستێت بە چەند ڕەهەندێک لەپاڵ هۆکارە تایبەتیەکانی وەک مێژوویی و کەلتوری و هتد .
بەداخەوە، ئەو هۆکارانەی کە لە خوارەوە هاتووە زۆر بە شێوەیەکی نەرێنی و زەق و چارەسەرنەکراو و کەڵەکەبوو لە ناوکۆمەڵگەی کوردیدا هەیە. بۆیە ڕاستتان بوێ من زۆر گەشبین نیم، چونکە ڕاستیەکی تاڵە بەوەی کۆمەڵگەی کوردی وەک هەموو کۆمەڵگە و نەتەوەکانی تری جیهان بتوانێت بەشێوەیەکی مۆدێرنە و سەردەمیانە تێکەڵ بە دونیای گڵۆباڵ بێت وبڕیاڕ لە باشکردنی ژیانی خۆی بدات. دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکە، ئیتر خۆتان بڕیاڕبدەن و بزانن ئایە ئەو خاڵانە بە زیادەوە ئامادەگی نییە لەناوماندا یان نا؟!
چەقبەستوویی سیاسی
ئەوەی کە ڕژێمە پاوانخواز و نادیموکراسیەکان ئەیکەن بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و خنکاندنی هەر ئەگەرێکی گۆڕانکاری و سەرهەڵدانی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت و چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی چەند کەسێک، ئایە ڕێگریکردن نییە لە بەدیهاتنی چاکسازی و گۆڕانکاری؟! ئایە تا چەند نەوەی تر ناوی ئەو کەسە یەکەمە شکستخواردووانەی حیزبی کوردی بدەین بە گوێی نەوەکانماندا؟! ئەمە چەقبەستوویی و گێژاوی مەرگ نییە ؟!
نایەکسانی ئابووری
دروست بوونی جیاوازیەکی زۆری چینایەتی و نایەکسانییەکی زۆری سەروەت و سامان لەنێو تاکەکان دا هۆکارێکی سەرەکی نائارامی کۆمەڵایەتی یە. ڕەنگە نوخبەی دەوڵەمەند سوودمەند بێت لە دۆخی گەندەڵی ئێستا، لە کاتێکدا هەژاران و پەراوێزخراوەکان خەبات دەکەن بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانیان کەچی پێشیان ڕەوا نابینرێت! بەڵکو زیاتر توشی چەوسانەوە، نانبڕین، کوشتن، سیناریۆی شەرەف شکاندن و زیندانی کردن و دەربەدەرکردن دەبنەوە!
ئایە ئەم نایەکسانی و نادادیە ڕێگر نییە لە دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی پتەو ؟!
فاکتەرە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکان
نەریت و بیروباوەڕی ئایینی و نۆرمە کۆمەڵایەتییە چەسپاوەکان دەتوانن بەرەنگاری بکەن لە دروستبوونی گۆڕانکاری. بەتایبەت ئەوکاتانەی چاکسازیەکان تەحەدای پێکهاتەکانی دەسەڵات و شوناسە کەلتوریەکان دەکەن . ئەوا ڕاستەوخۆ دەسەڵات ڕەنگی خۆی ئەگۆڕێ وەک حەربا لە حیزبێکی چەوسێنەری، خاکفرۆشی، خۆسەپێنی عەلمانی و دژە دینەوە، ئەبێتە داکۆکیکارێکی سەرسەختی دین و کەلتوری وڵات تەنها لە پێناو خۆڵکردنە چاوی خەڵک. دەسەڵاتی کوردی لەم خاڵەدا زۆر شارەزان لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ناوی نیشتیمان و ئاڵا و دین و بۆنە نەتەوەییەکان بۆ جوڵاندنی سۆزی خەڵک .
ئایە ئەمە شێرپەنچەی بەرەوپێشچوون و کرانەوەی کۆمەڵگە نییە؟!
ترس لە چارەنوسێکی نادیار
دەسەڵات لەڕێگەی بەکرێگیراو و کەسانی تایبەت و تێر و ڕاهێنراوی خۆیانەوە، پڕوپاگەندە و ترس لە گۆڕانکاری بڵاوئەکەنەوە. بەرەی بەرامبەر وەک شەیتان ئەناسێنن. ئەکەونە بانگەشەی ئەوەی گوایە ئەوانەی دوای ئەمانیش لەوەی ئێستا باشترنابن، بۆیە با هەر ئەمان بیخۆن باشترە، چونکە ئەوەی دوای ئەمان تا تێرئەبن زۆریان ئەوێت! هاوار لەو فۆبیا و بێغیرەتی و تەسک بینیە؟!
دەسەڵات، هەر ئەگەرێکی گۆڕانکاری بەسەرچاوەی ترس و دڵەڕاوکێ و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری و شێوازی ژیانی دانیشتوان لەقەڵەم ئەدات .
تا ئێستا دەسەڵاتی عەنتەری کوردی لەم خاڵەشدا سەد دەر سەد پێکاویانە و خەڵکیان پێ چاوبەست کردووە.
ئەمە بەڵا و فۆبیای گۆڕانکاری نەبێت؟! ئەی چییە ؟!
نەبوونی پەروەردە و هۆشیاری
بوونی پەروەردەیەکی نادروست، زانیاریەکی سنوورداری تاکەکەسی و کۆمەڵگەیەکی دابڕاو لە مومارەسەکردنی ڕێگەکانی پێشکەوتن، دیوارێکی پۆڵاینە لەبەردەم تێگەیشتنی خەڵک لە سوودەکانی چاکسازی و توانای بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسیدا.
ئایە کۆمەڵگەی وا دەستەمۆکراو و دژە گۆڕانکاری نیعەمەت نییە بۆ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و خۆسەپێن؟! ئیتر چۆن ئەهێڵێت هۆشیاربیتەوە؟!
فشارە دەرەکییەکان
دەسەڵاتی کوردی لە شاخ و شاریش هێندەی گوێڕایەڵی هێزە دەرەکیەکان بوون، نیو هێندە خەڵکی خۆیان لەلا گرنگ نەبووە، بەڵکو هاوڵاتییان بە بەڵا و نەگبەتی زانیوە تەنها لەکاتی پاراستنی بەرژەوەندییە ناوخۆیی و ململانێکانیان نەبێت کە وەک قەڵغانێکی مرۆیی بەکاریان هێناون .
هەمیشە بە فیت و چاوساغی خۆیان وایان کردووە کە زلهێزە دەرەکییەکان دەستوەردانی سیاسی و سەربازی و ئابووری بکەن بەمەش نەتەوەیەکەیان توشی ناسەقامگیری کردووە .
ئایە لە هەل و مەرجێکی وا قورس دا گۆڕانکاری ڕیشەیی ئەکرێت؟!
تا چەندی تر لەگەڵ ئەم هۆکارە دروستکراوانەدا چاوەڕوانی گۆڕانکاری بین، تا وەک گەلانی تری پێشکەوتوو هەست بە مرۆڤبوونی خۆمان و هەڵمژینی هەوای ئازادی بکەین؟!