دیموکراسی: لێکدانه‌وه‌کان و واقعیه‌ت چاوپێکه‌وتنی مەنسور حیکمەت له‌گه‌ڵ ئینته‌رناسیۆناڵ 

0

بەشی هەشتەم

ئەنتەرناسیونال: پێشتر باسى ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراسیى ڕۆژئاوات کرد و وتت کە پێویستە جیاوازییەکانى ئەم چه‌مکە لەگەڵ دیموکراتیدا بناسین. دەکرێت لەم بارەیەوە ڕوونکردنەوەیه‌کی زیاتر بدەیت.

مه‌نسوور حیکمه‌ت: بەپێچەوانەوەى دیموکراتیى لیبراڵى یان لیبراڵیزم و پەرلەمانتاریزم و هتد. “دیموکراتیى ڕۆژئاوا” ده‌سته‌واژه‌یه‌که‌ هیچ سەرچاوەیەکى فەلسەفى و تیۆری نییە، ئەم چه‌مکه‌ لە مێژووى هاوچەرخدا بەرهەمى ململانێیەکى سیاسیی دیاریکراوە، یانى ململانێى بلۆکى ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و هەبوونى جەنگى سارد لە نێوانیاندا. چه‌مکى دیموکراتیى ڕۆژئاوا بە پله‌ی یەکەم مەبەست لە بلۆکێکى سیاسییە، نەک ڕژێمێکى سیاسی. ئەم ده‌سته‌واژه‌یه‌ زۆرتر مه‌کینەى ئایدیۆلۆژیی ڕۆژئاوا و زیاتر سیاسییەکان، لە ململانێ دژى ڕۆژهەڵات و سیسته‌مى ئابوورى و سیاسی دەسەڵاتدار لە بلۆکى ڕۆژهەڵاتدا بەکاریان دەهێنا. سەرەتا ئەوه‌ بڵێم کە لەم ساڵەى دواییدا بە چوونەسەرى پەتاى ناسنامەى ڕۆژئاوایی و ئەورووپى و بەتایبەتى بەداڕمانى ڕۆژهەڵات، ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراسیى ڕۆژئاوا بە ڕادەیەکى زۆر لەڕووى ناوەڕۆکەوە وردتر بۆتەوە. پێشتر وابەستەبوونى وڵاتێک بە ئۆردووگاى دیموکراتى ڕۆژئاواوە، کە پێى دەوترا جیهانى ئازاد، کە مەرج نەبوو ئەو وڵاتە هەر لە ئه‌ورووپا و ئەمه‌ریکاشدا بێت، یان هەر پەرلەمان و حوکوومه‌تى قانوونیشى هەبێت، به‌ڵکوو تەنها وابەستەبوون به‌ ئۆردووگاى ڕۆژئاوا بە شێوەیەکى لێڵ و ناڕۆشنیش بەس بوو بۆ ئەوەى ئەم ناوە لە وڵاتێک بنرێت. دیموکراسیى ڕۆژئاوا پراکتیکێکى سیاسی دیاریکراو نەبوو، به‌ڵکوو دەرخستنى لایەنگرى بوو بۆ زنجیرەیەک پێوەر و کۆمەڵێک بایەخى سەرەکیی سیاسی و فەرهەنگى، لەویش گرنگتر ئابوورى، کە ئه‌مه‌ریکا و ئه‌ورووپاى ڕۆژئاوا مەشخەڵ و بەرگریکەرى بنەڕەتییان بوون. هەر بۆیە ته‌وه‌ره‌ی بنەڕەتى ئەم چه‌مکە پیرۆزڕاگرتنى خاوەندارێتیى تایبەتى و وابەستەیی بە یەکێک لە پەیمانه‌ سەربازییەکانى سەربە ئەمه‌ریکاوە بوو. ڕۆشنە کە مۆدێلە سیاسییەکانى ئەمه‌ریکا و ئه‌وروپاى ڕۆژئاوا، پەرلەمانى بوون و لەژێر کاریگه‌ری لیبراڵیزمدا بوون. بەڵام ناکرێت هەر وا بە ئاسانى هەمان شت سەبارەت بە ئیسرائیل، ئێرانى سەردەمى شا، فیلیپین، ژاپۆن، شیلى، یۆنان، تورکیا و ئەم جۆرە دەوڵەتانە، یانى ئەندامە فەخرى و یه‌ده‌کەکانى دنیاى دیموکراتیى ڕۆژئاوا بووبێت. بە کورتى قسەکەم ئەوەیە، کە ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراتیی ڕۆژئاوایی زیاتر هۆکارێک بوو لە ململانێى سیاسی و ئایدیۆلۆژیی نێوان دوو بلۆکەکەدا، نەک چه‌مکێک لە مەیدانى حوقووق و تیۆری سیاسیدا.

بەڵام وەک وتم، ئەم چه‌مکە خەریکە ئەمڕۆ ناوەڕۆکێکى بەڕادەیەک تیۆریتر پەیدا دەکات. بێگومان تا ئێستاش ئەم ده‌سته‌واژه‌یه‌ پێش ئەوەى کۆمەڵە شێواز و دامەزراوە و پێکهاتوویەکى سیاسی بگرێتەوە، مەبەستى جۆرێکى دیاریکراوە لە “مەدەنییەت” و ئاستى ژیان و “فەرهەنگ”. دیموکراتى ڕۆژئاوا دەرخەرى جۆرێکى دیاریکراوە لە ژیان، نەک تەنها ڕژێمێکى سیاسیی تایبەتى. پێدەچێ ئەمڕۆ لێکۆڵه‌ره‌ سیاسییە ڕۆژئاوایییەکان بەگشتى ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراتیى ڕۆژئاوا بۆ سەرمایەدارییە پێشکەوتووە پیشه‌سازییەکان بەکار بێنن، کە ئاستى بەکارهێنان (الاستهلاک) تیایاندا بەرزە و نه‌ریتە دواکەوتووە قەومى و میللى و دینییەکان بوونەتە پاشکۆى فەرهەنگى فەردخوازانە و ململانێخوازانەى سەرمایەداریی پیشەسازى، بەتایبەتى ئایدیۆلۆژیی بۆرژوایی بووبێتە هێزێکى ماددیى ئەوتۆ کە بتوانێت پێکدادانە سیاسی و فەرهەنگییە توندوتیژەکان جڵەو بکات. هیندستان هەرچەندەش پەرلەمانەکەى پەرلەمان بێت و هەڵبژاردنەکەشى بێ دەست تێوەردان، بەم وەزعە و بەم خەڵکەیەوە، بەم ململانێ میللی و دینییانەوە کە سەرتاپاى داگرتووە، بە نموونەى “دیموکراتیى ڕۆژئاوا” دانانرێت. بەڵام ژاپۆن تەنانەت ئەگەر گشت سیاسییەکانیشى داردەستى کانگسترەکان و بەرتیلخۆرى کۆمپانیاکان بن، بە دورگەیەکى دیموکراسیى ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی دونیادا دادەندرێت. لەوانەیە تایوان و کۆریاى باشووریش هەر وا سەیر بکرێن. بە تێڕوانینى من ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراتی لەوێوە سەرنجراکێشە کە ئه‌وه‌مان بۆ دەردەخات “سەرەوە” لە دیموکراتییەت چى دەوێت و بەناوى دیموکراتییەوە چى دەکات. ئەم ده‌سته‌واژەیە زۆر جیددیتر و واقیعیتره‌ لەو ئه‌فسانه دیموکراتییەى کە ڕۆشنبیرە لیبراڵەکانى کۆمەڵگە چ لە دنیای سیاسەت و چ لە زانکۆکاندا دەرخواردى خەڵکى دەدەن.

ئەنتەرناسیونال: بنچینەى ڕەخنەى مارکسیستى لە دیموکراسیی لیبراڵى و پەرلەمانى وه‌کوو چوارچێوەیەک بۆ جێبەجێبوونى عەمەلیی ئازادیی سیاسى لە کۆمەڵگە چییە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: دواتر کەمێک ئیسپاتیتر چەند قسەیەک سەبارەت بە ده‌سته‌واژه‌ی ئازادى دەکەم. بەڵام دەربارەى دیموکراسیی لیبراڵى یەکەم خاڵ کە دەبێ سەرنجى بدرێتێ ئەوەیە کە سەرەڕاى ئەوەى لیبراڵیزم و بیرکردنەوەى دیموکراسیى پەرلەمانى وه‌کوو هەموو شێوە ئایدیۆلۆژی و تیۆرییە کۆمەڵایەتییە بۆرژوایییەکان هەوڵ دەدات ڕیشەى چینایەتیى خۆى بشارێتەوە و وه‌کوو کۆمەڵە پرانسیپ و ڕاستییەکى گشتى و “مرۆیى” دەرکەوێت، بەڵام ناوەڕۆکى چینایەتى و جێگاوڕێگاى لە ڕێکخستنى دەسەڵاتدارێتى بۆرژواییدا بە ئاسانى دەبینرێ. هەر وه‌کوو وتم، لیبراڵیزم ئایدیۆلۆژییه‌که‌ له‌ خاوه‌ندارێتی بۆرژوازیییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ و داکۆکی له‌ خاوەندارێتیی بۆرژواییش دەکات. لیبراڵیزم وه‌رگێڕراوی میکانیزمى بازاڕ و پێداویستییەکانێتى بە زمانى تیۆریی سیاسی و حوقووقی. دیموکراسیی لیبراڵى بە پەرلەمان و هەڵبژاردن و شتەکانى دیکه‌یه‌وه‌، نیزام و سەرخانى سیاسیی کۆمەڵگەیەکە کە تایبه‌تمه‌ندییه‌ بنچینه‌یییه‌کانی لە ئاستێکى بنەڕەتیتردا لەسەر بنەماى پەیوەندیى بەشە جیاجیاکانى کۆمەڵگە بە دەسەڵاتى سیاسییەوە دیارىکراوە. ئایدیۆلۆژیی زاڵ ماهییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌ستنیشان ناکات، به‌ڵکوو له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و ئاراسته‌ی ده‌کات. بەم پێیە دیموکراسى لیبراڵى ڕێک پێچەوانەى ئەو شتەیە کە بانگه‌شه‌ی بۆ دەکرێت. دیموکراسیى لیبراڵى چوارچێوەیەک بۆ بەشداریکردنى جەماوەرى خەڵک لە کاروبارى دەوڵەت و دەسەڵاتى سیاسیدا نییە، به‌ڵکوو پاکانە و ڕووپۆشێکە بۆ پیادەکردنى دەسەڵاتى چینێک، کەمایەتییەک، بەسەر کۆمەڵگەدا. لەبەرامبەر دەستدرێژى و ملهوڕییەکانى خاوەن دەسەڵاتەکاندا، پارێزراوبوونى مافە سەرەتایییەکانى مرۆڤ، چ گشتى و چ فەردى، زامن ناکات، به‌ڵکوو چەند بڕیار و پێوانەیەکە بۆ شێوەى شەرعییەتپێدانى حاشاکردن، وە یان زەوتکردنى ئەم مافانە. دیموکراسى چه‌مکێکە پەیوەندە بەشەرعییەتپێدانى دەوڵەتەوە، نەک بەجێگیربوون، وە یان دیاریکردنى که‌سایه‌تیی سیاسیی دەوڵەتەوە. دەوڵەتى دیموکراتیک دەوڵەتێکە، ڕه‌وابوون و قانوونیبوونی لە دەنگدانى خەڵکەوە وه‌ردەگرێت. بەڵام خودى وجوودى دەوڵەت، دەسەڵاتەکەى، ئەو بەرژەوەندییانەى کە بەشوێنیانەوەیە و ئەو چینەى کە دەوڵەتى لەدەستدایە لە ڕێگەى دەنگدان و پەرلەمانەوه‌ دیارى ناکرێن و لە ڕێگەى پەرلەمانەوە ناپارێزرێن. ئەمانە ئیتر لەدەرەوەى پرۆسەى دیموکراتیک و لەجەرگەى خەباتى چینایەتیى بەرینتر و بە هۆی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێن.

دیموکراسیى لیبراڵى شێوازێکە بۆ ڕه‌واییبه‌خشین بە ده‌سه‌ڵاتدارێتی هەر ئێستا دامەزراوى بۆرژوازى و شاردنەوەى خەسڵەتە چینایەتییەکەى-بەڵام خودى ئەم ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌یه‌، ئازادى پێشێل دەکات و لەگەڵیدا ناکۆک و ناتەبایە. دیموکراسیى لیبراڵى، وە یان هەر مەکتەبێکى سیاسیی دیکە، کە چوارچێوەى فیکرى و ئیدارى ئەم حاکمییەته‌ بێت، هەر بەم چەشنە بە ئازادى بێگانەیە. تەنانەت لە کامڵترین دیموکراسیى ڕۆژئاواییشدا، پەرلەمان، دەستوورى وڵات، نه‌ریتەکان، یاسا لیبراڵییەکان و شتى دیکە، پایەکانى دەسەڵاتى سیاسی و جێوڕێى ئەسڵیى بەماددیکردنیشى نین. لەبنەڕەتدا حاکمییەتى بۆرژوازى لەسەر زۆرنواندن، یان هەڕەشەى زۆرنواندن لەدژى خەڵک ڕاگیراوە. سەرکوت، تۆقاندن و فریودان ته‌وه‌ری حوکوومه‌تى بۆرژوایییە. هێزى چەکدارى سەرکوتگەر، چ سوپا و پۆلیسی ئاشکرا و چ دەزگا نهێنییەکانى سەرکوت، دادگاکان و زیندانەکان و تەواوى سیسته‌مى دادوه‌ری و سزادان، ئەمانە هەموویان که‌ناڵه‌ ئەسڵییەکانى دەسەڵاتدارێتى و زامنى پاڕاستنى ئەم دەسەڵاتەن. بڕیارە سیاسییە بنەڕەتییەکان لەناو کۆڕ و کانوونە جۆراوجۆرەکانى چینى دەسەڵاتدار و لە ڕێگەى ئۆرگان و دەزگا نافه‌رمییه‌کانەوە دەدرێن و تەنانەت کارى نوێنەرایەتیى ئەنجوومەن خۆى لەخۆیدا بە ماناى ئاگاداربوونى نوێنەرانى ناوبراو لە کارکردەکانى نییە، نەخوازەڵا بەشداریکردن تیایاندا. تەنانەت لە نیزامە دیموکراتیکەکانیشدا ئەنجوومەن لە زۆر باردا، ئامرازی بنچینه‌یی نییە بۆ ئەوەى ئەم سیاسەتە پەسەندکراوانە دەرخواردى خەڵک بدات. ئەمە لە بنەرەتدا کارى ئاژانسەکان و دەزگاکانى ڕاگەیاندنى چینى دەسەڵاتدارە.

تا ئەو جێگایەى دەگەڕێتەوە سەرمافە سەرەتایییەکانى خەڵک، ئەوا درێژە و مانەوەیان پەیوەندى ڕاستەوخۆى بە دڵگەورەیی و تەحەموولى ئابوورى و سیاسیی بۆرژوازییەوە هەیە. هیچ دیموکراسییەک لە دنیادا نییە کە چه‌مکی “بار و دۆخى نائاسایی” و حوکوومەتى سەربازى و هەڵوەشاندنەوەى مافە مەدەنییەکان لە یاساکان و نه‌ریتە حوقووقییه‌کاندا تێهەڵکێش نەکرابێت. هیچ کەس نابێت بۆ ساتێکیش لەوە بەگومان بێت، کە تەنانەت لە کاتێکدا بۆ نموونە، لە هەڵبژاردنێکى ئاسایی لە وڵاتێکى وه‌کوو بەریتانیادا باڵى چەپى خودى حیزبى کار (کرێکار) بێتە سەرکار، ئەوا هەر لە هەمان ساتى تەواوبوونى هەڵبژاردنەکەوە ڕەوەندى دەخاڵەتى سوپا و پۆلیسى نهێنى بۆ سەرەوژێرکردنى به‌تۆپزی و سەرووقانوونى دەوڵەتى ناوبراو دەست پێ دەکات. خاسییەتى ئەم پاشا و شاژنانە کە لە کۆشکەکانى دیموکراسیى ڕۆژئاواییدا بە خەرجێکى بێشومار وه‌کوو سرکە هەڵگیراون ئەوەیە کە لە ڕۆژى تەنگانەدا وه‌کوو نیشانە بەرزەکانى وڵات و نیشتمان و سوپا دژى “خراپ کەڵک لێوەرگرتنەکانى چەپ” لە دیموکراسى بێنە مەیدان. مەبەستم ئەمەیە کە بازاڕى گەرمى دیموکراسیى لیبراڵى تەنانەت وه‌کوو چوارچێوەیەکى حوقووقیی شکڵى بۆ حاکمییەتى بۆرژوایى، یان زامنکەرى مافە فەردى و مەدەنییەکان، بەدەورانە ئاسایی و بێ قەیرانەکانەوە تەنگەبەر دەبێتەوە. لە دەورانى قەیرانگرتوودا، لە دەورەیەکدا کە ململانێى چینایەتى توندوتیژ دەبێتەوە، تەنانەت سەرکەوتنى سۆسیالیستییانەى چینى کرێکار وه‌کوو هەڕەشەیەکى بیلقووه‌ بۆ چینى دەسەڵاتدار دێتە ئاراوە، لە شەوێکدا ئەم بار و بنەیە دەپێچرێتەوە.

هەر چۆنێک بێت، نیزامى پەرلەمانى میکانیزمێکى ناڕاستەوخۆى بەشداریکردنى خەڵکە. نەک خەڵک، به‌ڵکوو بڕیارە کەسانێک بە نوێنەرایەتى ئەوان دەخاڵەت لە دەسەڵاتدارێتیدا بکەن. ئەم نوێنەرانە لە نیزامى پەرلەمانیدا “نوێنەرى پابەند” نین، واته‌، بەرپرسیار نین لەوەدا کە ویست و ئارەزووى ئەوانەی کە هەڵیان بژاردوون سەبارەت بە مەسەلە جۆراوجۆرەکان دەرببڕن، به‌ڵکوو لە پەرلەمانەکان و کۆڕ و کۆمەڵەکانى یاسادانان و شتى دیکه‌دا بۆچوون و ڕاى خۆیان ڕادەگەیەنن. بە واتایەکى تر، خەڵک نەک بۆ نوێنەرایەتى و قسەکردن لەجیاتى خۆیان، به‌ڵکوو وه‌کوو جێنشینى خۆیان لە مەسەلەى دەسەڵاتدارێتیدا هەڵیان دەبژێرن. بەم پێیە پرۆسەى هەڵبژاردن بە ماناى پرۆسەى مەشروعییەتپەیداکردنى دەوڵەتە، نەک دەخاڵەتى خەڵک لە سیاسەتدا. وە ئەمە، وه‌کوو پێشتریش وتم، مەسەلەى بنەرەتیی دیموکراسییە واتە، بەرقەرارى حوکوومه‌تێک کە به‌ڕواڵه‌ت لە خەڵکەوە هەڵقوڵاوە. هەڵبژاردن ئەمە بۆ چینى دەسەڵاتدار دەستەبەر دەکات. هەر چەند ساڵ جارێک لە لایەن خەڵکەوە ئەم مۆرى ته‌ئیدە وەردەگرن و دەچن بەسەرکارى خۆیانەوە. دەنگدەر هەر وه‌کوو پێشتر لە باسێکى تردا ڕوونم کردەوە، نەک وه‌کوو مرۆڤێکى دیاریکراو بە بۆچوونێکى دیاریکراوەوە، کە لە ماوەى نێوان دوو هەڵبژاردنیشدا هەروا زیندووە و قسەى هەیە، به‌ڵکوو وه‌کوو تاکێک کە دەژمێردرێت، لەم سەرژمێرییە ناوبەناودا ئامادە دەبێ. نە کەسێک لێى دەپرسێت و گوێى لێ دەگرێ، نە دەستى بە جێگایەک دەگات و نە تا چوار ساڵى دیکە، کە دووبارە دەنگى بێ بایەخى لە نۆبەیەکى تردا بخاتەوە سندوقەوە، سەبارەت بەو یاسایانە کارێکى لەدەست دێ، نوێنەرانى ناوبراو سەبارەت بە ژیانى ئەو په‌سەندیان دەکەن. دیارە دەتوانێ لەم ماوەیەدا ناڕەزایەتى دەربڕێ، بەڵام بە مەرجێک کە شار نەشێوێنێ و ناڕەزایەتییەکەى نەبێتە هۆى ڕوودانى پشێوى لە کاروبارى ئاسایی کۆمەڵگەدا و زەحمەت و ناڕەحەتییەکى وا بۆ بۆرژوازیى سیاسەتمەدار و بۆرژوازیى کاسب دروست نەکات. ئەگەر وایش نەبێ، ئەوا وه‌کوو کرێکارى کانه‌کانى بەریتانیا، لەباربوونى خۆى بۆ بەهرەمەندبوون لە مافە مەدەنییەکانى لەدەست دەدات.

درێژەی هەیە

Leave A Reply

Your email address will not be published.