دیموکراسی: لێکدانه‌وه‌کان و واقعیه‌ت چاوپێکه‌وتنی مەنسور حیکمەت له‌گه‌ڵ ئینته‌رناسیۆناڵ… بەشی حەوتەم

0

ئینته‌رناسیۆناڵ: ئایا بەم جۆرە ناتوانین بڵێین کە ده‌سته‌واژه‌ى ئازادیی پۆزه‌تیڤ، کە وا دێتە بەرچاو جێ بۆ دەرفەتى یەکسانی تاکه‌کان و لێپرسراوێتی کۆمەڵگە و هۆشیارى ده‌کاته‌وه‌، خاڵى دەستپێکردنێکى چاکترە بۆ پێناسەى ئازادیی سیاسی؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: هەر وەک پێشتر وتم، بەڕاى من خودى ئەم جیاکردنەوەیە وەک پێناسەیەکى پایەیی له‌ ناساندنى ده‌سته‌واژه‌ى ئازادیدا بایه‌خێکی ئەوتۆى نییە. لە دواقسەدا و هەر وەک لە هەڵسوکەوتى سیاسیی کۆمەڵگەى تا ئێستادا بینراوە، نه‌ریتی لیبراڵیزمى ئینگلیزى و نه‌ریتى سۆسیال دیموکراتیى ئه‌ورووپا هەردووکیان نیشانیان داوە کە بەقەدەر یەکتر دەتوانن ئازادیی واقیعیى مرۆڤەکان بە لاڕێدا بەرن، وەک یەک دەتوانن لەژێر ناوى دامەزراندنى نیزامێکى سیاسی ئازاددا ملکەچییەکى پایەییترى چینایەتى و بێمافییەکى سیاسیی ئاشکرا لە ئاستى گشتیدا ساز بکەن. ئازادیى پۆزه‌تیڤ و سلمى هەردووکیان لە چوارچێوەى تێگەیشتنێکى بۆرژوایییانە بۆ مرۆڤ و ئازادیى مرۆڤ و لەسەر پایەى کۆمەڵگەیەکى دابەشکراو بۆ چینەکان پێناسە دەکرێن. نەبوونى رێگرى سیاسی و حوقووقی لەبەردەم پیادەکردنى ئیرادەى ئازادانەى فەرددا، کاتێک کە ئابووریی سیاسیی کۆمەڵگە پێشتر مرۆڤەکانى بە دوو چینى دەسەڵاتدار و ژێردەست گۆڕیوە، هیچ مانایەکى نییە جگه‌ له‌ دەستئاوەڵابوونى چینى دەسەڵاتدار لە هەڵسوکەوت له‌ دژى چینى کرێکار و بەتاککەوتنەوە و دەستوپێگرتنى تەواوى تاکه‌کانی چینى ژێردەست لەبەرامبەر هەلومەرجێکى کۆمەڵایەتى و ئابووریدا نەبێت، کە گۆڕینیان وای پێ دەچێت، لە سنوورى تواناى ئەوان بەدەر بێت. هەر بۆیە ئازادیى سلمى لیبراڵیزم، هەر ڕۆڵێکیشى لەبەرامبەر ڕژێمە پاشایه‌تییه‌ ڕه‌هاکانی سەدەکانى پێشوودا گێڕا بێت، لە دنیای ئەمڕۆدا بە هەر پێودانگێکى ئازادیخوازانەى ڕاستەقینە سەیر بکرێ، ده‌سته‌واژه‌یه‌کى بێبایه‌خ و لەکەدارە. “ئازادى پۆزه‌تیڤ” لە ڕوویەکى ترەوە، وا پێویست دەکات کە دەزگا و دەسەڵاتێکى کۆمەڵایەتى هەبێت، ئەو پێداویستییە ماددى و مەعنەوییانە کە زەروورن دیارى بکات، تاوه‌کوو مرۆڤ شانسى هەڵبژاردنى ئازادانەى لە مەیدانى سیاسی و مەدەنیدا هەبێت. چ پلەیەک خوێندەوارى و چ جۆرە خوێندەوارییەک پێویستە، تا مرۆڤ بتوانێت لە هەڵبژاردنێکدا بڕیارێکى تەواو ئازادانەى خۆى بدات؟ چ ڕادەیەک زانیارى و چ جۆرە زانیارییەک پێویستە تا مرۆڤ بشێت، بڕیارى ئەوە بدات کە لەبەرامبەر فڵانە سیاسەتى دەوڵەتدا، هەر لە ڕاگەیاندنى جەنگەوە تا سیاسەته‌ ماڵییەکەى، کام هەڵوێست وەربگرێت؟ پانى و درێژى ئەو خانووەى کە بەکەڵکى ئەوە بێت، مرۆڤ تیایدا مافى “سروشتى” خۆى لە هەبوونى جێگایەکى تایبەتیى ئەمیندا پیادە بکات، چەند و چییە؟ مرۆڤ پێویستە لە ڕۆژێکدا چەند کار بکات، بێ ئەوەى مافى سروشتیی لە گەیشتن بە پێداویستییە مەعنەوى و عاتیفییەکانیدا لەکەدار بێت؟ ده‌سته‌واژه‌ی ئازادیی پۆزه‌تیڤ و سۆسیالیزمى بۆرژوایی عادەتەن دەوڵەتى وەک لێپرسراوى دابینکردنى ئەم لانی کەمانە و لێرەشەوە سەرچاوەى دیاریکردنى بڕ و ڕادەیان لەبەرچاو گرتووە. بەڵام لەبیرتان نەچێت کە کۆمەڵگە هەر ئێستا چینایەتییە و دەوڵەت بۆرژوایییە. لەبەر ئەوەى پوختەى مەسەلەکان ئەوەیە کە تەواوى ڕێگرییە بۆرژوایییەکانى سەر ڕێگەیی ماف و ئازادییەکانى خەڵک ئەم جارە لە لایەن دەزگاى دەوڵەتەوە پیادە دەکرێت، نەک لە لایەن قانوونە کوێرەکانى بازاڕەوە. لەژێر پەردەى پاڕاستنى تاک لەو بێمافییانەى کە کارکردى خۆبەخۆى سەرمایەدارى و بازاڕن، بە شێوەیه‌کی فه‌رمی جۆرى بیرکردنەوە و هەڵبژاردنى مرۆڤەکان لە لایەن دامەزراوە سیاسی و فەرهەنگییەکانى کۆمەڵگاى بۆرژوایییەوە لەقاڵب دەدرێن.

هەروەها ئەوەش وەبیر بێنمەوە کە چۆن، بەتایبەتى لەگەڵ ڕوودانى شۆڕشى ئینفۆرماتیک و ئەلیکترۆنی ئەم چەند دەیەى دوایی، دەزگا گشتییەکان و ژۆڕنالیزمی فه‌رمی ئەرکى گێژ و وڕکردنى جەماوەریان، که‌ پێشتر کاری کڵێسا و سوپا و پۆلیس بوو، بەشێوەى مۆدێرنتر و “بەبێ دەستتێوەردان” گرتۆتە ئەستۆ. لەژێر ناوى دەستڕاگەیشتن بە زانیارییه‌ پێویستەکانى بڕیاردانى ئازادانە و ڕاستەقینە کە مەرجێکى پێناسەکردنى ئازادیى پۆزه‌تیڤه‌، به ‌فه‌رمی زانیارییە درۆیینەکانیان کردۆتە بەشێکى جیانەبووەوەى ژیانى جەماوەر. شاشەى تەلەفیزیۆنەکانتان چەندە گەورەتر بێت، توانا و ئیرادەى سیاسیتان بە هەمان ڕادە بێناوەڕۆکتر و درۆیینەتر دەبێت. ئاکامى عەمەلیى ئەم ڕێبازانە لەبەرامبەر مەسەلەى ئازادیدا لە مۆدێلى لیبراڵى پوخت کەمترسناکتر نییه‌. لەو وڵاتانەدا کە سۆسیالیزم لە شێوەى جۆراوجۆردا دەستى باڵاى هەبووە، وەک سۆڤێتی پێشوو، یان ئه‌ورووپاى باکوور تاکەکەس تەئمینتر و ئاسوودەترە، بەڵام بە هەمان ڕادە بە دەوڵەتى بۆرژوایییەوە وابەستەترە و لە ژیانی خۆیدا زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگه‌رییەوە. دەست ئاوەڵایی حوقووقییانەى دەوڵەتى بۆرژوایی لە دەستبردن بۆ هاوکێشە ئابوورى و سیاسی و فەرهەنگییەکانى ژیانى جەماوەر فراوانترە. دەوڵەت پەیوەندییەکى سەرپەرشتکەرانە لەگەڵ جەماوەرى کارگەرى کۆمەڵگەدا دادەنێت، کە دەرفەتى ئەوەى دەداتێ بە ڕادەیەکى زۆر هەڵسوکەوتیان لە خەباتى چینایەتیدا بەرتەسک بکاتەوە. لەم کۆمەڵگەیانەدا تاکەکەس بێ شەخسییەتتر و لەقاڵبدراوترە. لەبەرامبەر کۆمەڵە “ڕاستى”یەکدا کە لەسەرەوە دەردەچن، لەوانە جۆرى ژیانێک کە بەناوییەوە مۆر دەکرێت، ئەو سیناریۆ ئابوورى و سیاسییانەى کە بەسەریدا دەسەپێنرێت، بەتەواوەتى بێ دەسەڵات و بێ چارەیە. لەبەرئەوەى کە کۆمەڵگە چینایەتییە، دەوڵەت و ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتدار بۆرژوازین و هۆکارى فەرمانڕەوایی ئەون، ڕێبازە بۆرژوایییەکان هەر پێناسەیەک سەبارەت بە ئازادى بەدەستەوە بدەن، بەشێکە لە میکانیزم و دامودەزگاى بەرتەسککردنەوەى ئازادیی جەماوەریی کرێکار لە کۆمەڵگەدا. ناکرێت چینى دەسەڵاتدار هەبێت و ئازادیی سیاسى واقیعیش هەبێت. کۆمەڵگاى چینایەتى ناتوانێت کۆمەڵگەیەکى ئازاد بێت. گومانى تێدا نییە کە لە ڕژێمە پەرلەمانییەکاندا تاکەکەس بەرەوڕووى کۆمەڵە هه‌ڵبژاردنێکی سیاسی دەبێتەوە و سەرپشکە بەم یان بەو شێوەیە لە ژیانى سیاسیی کۆمەڵگەدا بەشدارى بکات. گومان لەوەشدا نییە کە تاکەکەس سەرپشکە لەوەى چوارچێوەى ئەو هه‌ڵبژاردنانه‌ی کە دەخرێنە بەردەمى، ئازادانە کامیانى لا پەسەنده‌ هەڵیژێرێت. گیروگرفتەکە لێرەدایە کە لە کۆمەڵگەى چینایەتیدا خودى ئەو کۆمەڵە هه‌ڵبژاردنه‌ سیاسییەى دەخرێتە بەردەم مرۆڤ و ئەو ڕێگایانەى نیشانى دەدرێت بۆ بەشداریى سیاسی، لەچاو ئازادیی واقیعى مرۆڤدا، ساختە و ئاوەژوون. سەرەتا من و تۆ وەک سرب و کروات، عەرەب و کورد، موسڵمان و دیان، سپى و ڕەشپێست، ژن و پیاو، لەسەرکار و بێکار و لەم جۆرە شتانە پێناسە دەکەن، سەرەتا هۆشیارى و ناسنامەى هەریەکەمان وەک ئەندامى تیرەیەک، نەژادێک، ئایین و وڵاتێکى دیاریکراو یان ئەندامى دەستەیەکى کۆمەڵایەتیى دیاریکراو پێناسە دەکەن، دواتر لەبەردەمماندا، واتە لەبەردەم ئەم مەخلوقاتە زمان بەستراوى ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتداردا، ئەو ڕێگا “ئازاد”انەیە دادەنێن کە ئایا وەک ژمارەیەک مرۆڤى مێشک وشک و ترسێندراو لەگەڵ میللەت و ڕەگەزى پەنادەستى خۆماندا خوێنەخۆرى یەکتر دەبین، یان تەنها ململانێى ئابوورى دەکەین؟ سەرەتا بەهۆى دەزگا بڵاوکەرەوە و ڕاگەیاندنە بیروباوەڕ دروستکەرەکانى چینى دەسەڵاتدارەوە، گۆڕەپانى سیاسیی کۆمەڵگە بەپێش پەرلەمانى حیزبە چەپ و ڕاستەکانى بۆرژوازى دەتەنن و دواتر داوامان لێ دەکەن، ئەویش زۆر بەپێداگرتنەوە نا، کە هەر چەند بەیانییەک دەنگ بۆ یەکێکیان بدەین. بێگومان ڕێفراندۆمى سەربەخۆیى لیتوانیا، ڕێفراندۆمى ڕەتکردنەوە و قه‌بووڵکردنى پەیمانى ماسترێخت، هەڵبژاردنەکانى جەزائیر و … هتد. نیشانەى هەبوونى دیموکراسى و ئیرادەى فەردییە، بەڵام هەر خودى ئەو ڕێگایانەى کە دەیخەنە بەردەم جەماوەر کۆیلەیی هێنەره‌.

بە تێڕوانینى من، مەرجى پێویستى ئازادى، شۆڕشکردن له‌ دژى ڕامکردنی چینایەتى و چەوساندنەوەى چینایەتییه‌. کۆمەڵگەى نایەکسان، کۆمەڵگەیەک کە نایەکسانیی وەک سیفەتێکى بنەڕەتى خۆى هەمیشە بەرهەم دێنێتەوە، ناتوانێت جێگەى ئازادى و ئیرادەى مرۆڤ بێت. دیموکراسیى لیبراڵى و ڕژێمى پەرلەمانى، به‌ هەر چه‌مکێکى ئازادیشەوە کە پاڵپشتى فیکرى بێت، نیزامێکى سیاسییه‌ و بۆ ڕێکخستنى ئەم کۆمەڵگەیە و بۆ هەڵاواردنێکه‌ که‌ بنەماکه‌ی پێک ده‌هێنێت.     

درێژەی هەیە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.