شازدەهەمین لوتکەی بریکس لە کازان BRICS 2024 نووسینی: عامر سابیر
لە 22 بۆ 24ی ئۆکتۆبەری 2024 لە شاری کازان، لە ڕوسیا شازدەهەمین لوتکەی ئەو ڕێکخراوە لە ژێر دروشمی “بەهێزکردنی فرەلایەنی بۆ گەشەپێدان و دادپەروەری و ئاسایشی جیهانی”(1) بەسترا. میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا خۆیان پاراست لەوەی هیچی لە بارەوە بڵێن و هیچ باسیان نەکرد.
یەکەم لوتکەی وڵاتانی (بریک) لە ساڵی 2009 دا بەسترا کە پێک هاتبوو لە بەرازیل، ڕوسیا، هیندستان و چین. وە لە لوتکەی دووەمدا کە لە 2010 دا بەسترا، باشوری ئەفریقیاش زیاد کرا و ناوی ڕێکخراوەکە بوو بە (بریکس). کە ناوەکە (بریکس) لە یەکەم پیتی ناوی ئەو پێنج وڵاتەوە هاتووە.
لە لوتکەی ئەمساڵدا (2024) کە کۆبوونەوەیەکی گەورەتر بوو، نزیک بە نوێنەری 36 وڵات لە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش تیادا بەشدار بوو. چوار وڵاتی تر کە لە 1ی جەنیوەری 2024ەوە زیارکرابوون بۆ ڕێکخراوەکە (ئیمارات، ئەسیوپیا، ئێران، میسر) بە ڕەسمی لەم کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون. ئەرجەنینیش کە بڕیار بوو هەر لەمساڵدا ببێتە ئەندامی بریکس، بەڵام داواکەی کشاندبۆوە، لەپاش ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2023 دا سەرۆکێکی باڵی ڕاست وپڕۆ ئەمریکا هاتە سەرکار (خافێر میلەی کە بە ترامپی ئەمریکای باشور ناسراوە). سعودیەش کە بە ڕەسمی داوای کردوە ببێتە ئەندامی (بریکس) بەڵام تا ئێستا بە ڕەسمی وەڵامی نەدراوەتەوە، وە تەنها بە وەزیری دەرەوە بەشداری ئەم کۆبوونەوەیەی بریکسی کرد لە کازان لە ڕوسیا. وە تا ئێستا زیاتر لە دوو دەرزەن وڵاتانی تر داوایان کردووە وە یان بەنیازی داواکردنن تا پەیوەستبن بە (بریکس)ەوە وەک مالیزیا و تورکیا و ئازەربایجان و تایلاند…هتد.
بەپێی پێشبینییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی (کە دوو نیهادی سەر بە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوان) گەشەی ئابووری بۆ ئەمساڵی 2024 بۆ وڵاتانی بریکس 19.2٪ بەم شێوەیە (بەرازیل 3٪، ڕوسیا 3.6٪، هندستان 7٪، چین 4.8٪، ئەفریقای باشور 1.1٪). وە گەشەی ئابووری وڵاتانی (جی 7) تەنها 7.3٪، بەم شێوەیە (بەریتانیا 1.1٪، ئەمریکا 2.8٪، فەرەنسا 1.1٪، یابان 0.3٪، ئەڵمانیا 0.0٪، کەنەدا 1.3٪، ئیتالیا 0.7٪). واتە ئابووری (بریکس) بە خێرایی نزیک لە سێ هێندە زیاتر لە (جی 7) گەشە ئەکات.
لە ساڵی 1992دا ئابوری وڵاتانی بریکس تەنها 16.7٪ ئابووری هەموو دنیا بوو، لەبەرانبەردا ئابووری (جی 7) 45.5٪ هەموو ئابوری دنیا بوو. بەڵام لە ساڵی 2023 دا گەورەیی ئابووری بریکس بووە بە 37.4٪ ی ئابووری هەموو دنیا، وە لە بەرانبەردا ئابووری (جی 7) تەنها 29.3 ٪ ئابووری دنیایە. جیاوازی گەورەیی ئابووری بەینی ئەم دوو بلۆکە بەردەوام لە فراوانبوونەوەدایە. بریکس لە هەڵکشاندایە و (جی 7) لە هاتنەخوارەوەدایە.
وڵاتانی بریکس لە کۆتایی لوتکەی ئەمساڵدا (2024) ڕاگەیاندنێکی 33 لاپەڕەییان بڵاوکردەوە کە بە (ڕاگەیاندنی کازان- کازان دیکلەرەیشن) ناسراوە و 134 خاڵ لە خۆ دەگرێ.
ڕێکەوتنی چین و هیندستان لەسەر هاوکاریکردنی یەکتر بۆ چاودێری سنوری نێوانیان لە لایەن هەردوولاوە بە خاڵێکی پۆزەتیڤ باس ئەکرێ. لە ساڵی 2020 دا کە لە سەر ناکۆکی نێوانیان چەندین سەربازی هەردوولا کوژرا، ئەم ڕێکەوتنە گرینگە بۆ بریکس کە ئەمریکا و بەریتانیا بەردەوام ویستویانە ئەو کێشەیەی کە بەریتانیا لە کۆندا خوڵقاندوویەتی لە بەینیاندا بەکاربهێنن و هیندستان ڕاکێشنە بەرەی خۆیانەوە.
خاڵێکی تری ڕاگەیاندنەکەیان لەسەر هەوڵی دامەزراندنی سیستەمێکی نوێیە بۆ پارەدانی نێوان وڵاتان کە پشت بە دۆلاری ئەمریکی نەبەستێ. تا ئێستا ئەمریکا بەتایبەت و لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا کۆنترۆڵی سیستەمی پارەدانیان کردووە لە دنیادا کە لە ڕێگەی سیستەمی (سویفت)(2) ەوە کۆنترۆڵی هەمووجووڵەیەکی پارەیان کردوە لە تەواوی دنیادا. وە بە تایبەت لە دوای کەوتنی یەکێتی سۆڤییەت و بوونی ئەمریکا بە تاکە جەمسەر و پۆلیسی دنیا لە 1991ەوە، ئەمریکا بەردەوام ئەم سیستەمەی هاوکێشی گەمارۆ ئابوورییەکانی کردووە و لەدژی هەموو نەیارەکانی بەکارهێناوە و داخوازییەکانی خۆی سەپاندووە بەسەر ئەوەی ویستوویەتی و کەس نەبووە لەبەرانبەریدا بووەستێتەوە و وەک ئامرزای کودەتا و سیاسەتی ڕژێم چەینج بەکاریهێناوە.
لەسەروبەندی بەستنی لوتکەی بریکس 2024 دا، قسەکەری وازارەتی دەرەوەی ئەمریکا (ڤیدانت پەتێڵ) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە “پەرەپێدانی بەدیلێک بۆ سیستەمی سویفت و تێکدانی ڕۆڵی دۆلار هەڕەشە لە دیموکراسی ئەکات و ئەمریکا ناتوانێت ڕێگەبدات ئەوە ڕووبدات”(3). ئەمریکا تەنها هەڕەشە و شەڕ و ملهوڕی سەربازی بۆ ماوەتەوە کە سیاسەتەکانی پێ بەرێتە پێشەوە.
لە 8ی جونی 1974 دا سعودیە و ئەمریکا عەقدێکی 50 ساڵەیان ئیمزاکرد لەسەر ئەوەی کە سعودیە نەوتەکەی بە دۆلاری ئەمریکی بفرۆشێ و ئەو پارەیەی کە لە نەوت دەستی ئەکەوێت ئەبێت لە ئەمریکا دایبنێ و لەوێ بیخاتە گەڕەوە. لە 8ی جونی ئەمساڵدا ئەو عەقدە کۆتایی هات و سعودیە پەیماننامەکەی تازە نەکردەوە. ئەمە لەپاڵ هەڵکشانی بریکسدا هێمایەکی تری دابەزینی دەوری دۆلاری ئەمریکا بوو لە جیهاندا. بۆیە لە ئێستادا زۆر لە بانکی ناوەندی وڵاتانی جیهان لەهەوڵی گۆڕینی یەدەگی پارەکانیانن لە دۆلاری ئەمریکییەوە بۆ شتی تر.
بەدوای شەڕی ئۆکرانیا و داسەپاندنی دایکی هەموو گەمارۆ ئابوورییەکان بەسەر ڕوسیادا لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، هاوکاری نێوان وڵاتانی (بریکس) پەرەیسەند و وڵاتانی بریکس بەپارەی وڵاتانی خۆیان و بەبێ بەکارهێنانی سیستەمی سویفت و دۆلاری ئەمریکی ئاڵوگۆڕی شتومەک ئەکەن. ئەمە دەوری دۆلاری ئەمریکای هێناوەتە ئاستێکی خوارتر و دەوری ئەو چەکە کوشندەیەی ئەمریکا (واتە گەمارۆی ئابووری) کە لە دژی روسیا بەکاری هێنا، پووچەڵ کردەوە. ئەگەر وڵاتانی جیهان بکەی بە چوار بەشەوە، سێ بەشی کەوتۆتە بەر گەمارۆی ئابووری و هێڕشی سەربازی و بەرپاکردن و هەوڵدانی کودەتا بۆ گۆڕینی ڕژێمەکانیان و دانانی کەسانی سەر خۆیان.
جیاوازییەکی بنچینەیی ئەمریکا و (جی7) لەگەڵ چین و بریکس، ئەوەیە کە ئەمریکا بەردەوام ویستوویەتی کە لیبرالیزم و دیموکراسی پەرلەمانییەکەیان بەزۆر بە هەموو دنیادا بڵاوبکەنەوە و هەموو کەس وەک خۆیان لێ بکەن و لەم پێناوەدا شەڕ و تیرۆر و داگیرکاری و گەمارۆی ئابووری پیادەکردووە. لەبەرانبەردا چین و بریکس باوەڕی بەوە نییە کە دەستخەنە نێو کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ترەوە، باوەڕیان بە جیاوازی و هەمە ڕەنگی هەیە و بۆ نمونە سیستەمی بەڕێوەبردن لە چین بە بەراورد بە هیندستان زۆر جیاوازە، سیستەمی بەڕێوەبردن لە ڕوسیا بە بەراورد بە بەرازیل و باشوری ئەفریقا زۆر جیاوازە و ئەمانە کێشەیان نییە تا خۆیان وەک یەک لێبکەن، یان کەسانی تر وەک خۆیان لێ بکەن.
بەرزبوونەوەی بریکس و لێژبوونەوەی ئەمریکا و جی 7، گۆڕانکارییەکی گەورەی ئابووری و سیاسی و جیۆپۆلیتیکی نێو چینی بۆرژوازی دنیای ئەمرۆیە کە کاریگەری گەورە لەسەر هەموو شتەکان دادەنێت، لە نێویشیدا تێکۆشانی چینی کرێکار و بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکەی بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار و بنیاتنانی سۆشیالیزم و دنیایەکی باشتر. ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە نابێت نادییدە بکرێ لەلایەن هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و کرێکارانی سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکانەوە.
تێبینی:
1
Strengthening Multilateralism for Just Global Development and Security.
2
SWIFT=Society for Worldwide Interbank Financial Telecommunications.
3
Vedant Patel, a spokesperson for the United States Department of State
“The development of an alternative to SWIFT System and the undermining the dollar’s role, threaten democracy………..so US of course can’t let that happen”
*********