خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردن ”بەشداری لە هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە!…نووسینی: بنار مستەفا

0

 “حکومەت چاکسازی نەکات، ڕەخنەکانمان بە خەڵک دەڵێین.” عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان لە مارسی ٢٠٢١، لە کاتێکدا حزبەکەی بۆ جارێکی تر لە حکومەت بوو.

لە کاتی نووسینی ئەم زنجیرە باسە، بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بە گەرمی بەڕێوەیە. وەک هەمیشە لە بری بەیانکردنی بەرنامە و ئامانجی لایەن و کاندیدەکان، کە پاش گەشتنیان بە دەسەڵات چی دەکەن، زیاتر – زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێین تەنها – فۆکسیان لەسەر تاوانبارکردنی یەکتری و نیشاندانی خراپەی لایەنەکانی ترە. بەڕاستی لە کەم جێگەی جیهان بەم ئەندازەیە ئاستنزمی لە بانگەشەی هەڵبژاردن دەبینیت.

یەکێک لەو چەکانەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە دەستیانەوە گرتووە و زۆر دەیڵێن و دەیڵێنەوە، ئیدعایەکی پووچ و سەمەرەیە، کە دەڵێن “بایکۆت لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە!” تەنها شیکاریەک، کە بۆ ئەم ئیدعایە دەیکەن ئەوەیە، کە “گەر خەڵکی نەچێت بۆ دەنگدان، لایەنگرانی پارتی و یەکێتی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و بەم شێوەیە دەسەڵات لە دەستی ئەم دوو حزبەدا دەمێنێتەوە”. تەنانەت لە هەندێک لێدوان و دەربڕیندا، وەک هەڕەشە ئەمە ڕوو بە خەڵکی بەیانکردووە. بە شێوەیەک بە خەلكی دەڵێن گەر نەچن بۆ دەنگدان و دەنگ بە ئێمە نەدەیت، ئەوا ژیانی نالەبار لە سایەی ئەحزابی دەسەڵاتداری ئێستا درێژەی دەبێت.

ئەم ئیدعایە چەندە دروستە؟ ئایا بەڕاستی لە کوردستان ئەوە پەرلەمانە، کە خاوەن دەسەڵاتە؟ ئەوە کورسییەکانی پەرلەمانە، کە بڕیارە سیاسییە چارەنووسسازەکان یەکلایی دەکاتەوە؟ لە ڕێگەی پەرلەمانەوە دەسەڵات دیاری دەکرێت و دەستاودەستی پێ دەکرێت؟ لە هەموو گرنگتر، پەرلەمان توانای هەیە دەسەلاتی پارتی و یەکێتی سنووردار بکات؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە هەم بە تێۆری و هەم بە ئەزموونیکردنی بە تاڵترین شێوە لە لایەن خەڵكی کوردستانەوە ڕۆشنە، کە نەخێرە. هیچ نیشانەیەک هەیە، کە بکرێتە پشتیوانی ئەوەی، گەر پارتی و یەکیتی دەنگی کەمیان هێنا، ئەوا هێزە چەکدارەکانیان، سەرچاوە داراییەکانیان و جومگەکانی دەسەڵات ڕادەستی لایەنی براوەی هەڵبژاردنەکان دەکەن؟ ئاخۆ لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی دەنگی کەم و دۆڕاندن لە هەڵبژاردنەکان، یەکێتی ئێران ڕادەسپێرێت و پارتیش تورکیا، کە لێرە بەدوا هاوکاری و پشتیوانییەکانیان بدەنە لایەنی براوەی هەلبژاردنەکان؟ ئایا ئەم لایەنە براوانە دەبنە خزمەتکاری ئەم دوو وڵاتە و ئەو ڕۆڵە دەگێڕن، کە پارتی و یەکیتی ئێستا دەیگێڕن؟

پێگەیەک، کە پارتی و یەکێتی بەدەستیانهێناوە، لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە نەبووە، بەڵكو لە ڕێگەی هێزی چەکداریانەوە بووە. پاش ئەوەی تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت، پەرلەمانیان دامەزراند. ئاخۆ پەرلەمانێک کە دەستکردی خۆیانە و ئێستاش بە هۆی هێزی چەکداریان پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەیان دەکەن، دەتوانێت بچێتە سەرو دەسەلاتی ئەم دوو حزبە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە زۆر ڕۆشنن، بۆیە ئەستەمە لە دۆخی ئێستای کوردستاندا پەرلەمان توانای هەبێت کارێکی لەدەست بێت.

ئەوانەی ئیدعا دەکەن، کە بایکۆت لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە، ئاگاهانە یان بێ ئاگا، بە مەبەست یان بێ مەبەست، دوو حزبی دەسەڵات بە ئاشتیخواز و دیموکراتیخواز لە قەڵەم دەدەن. گەر ئەوان چاوەڕوانیان بێت، کە پارتی و یەکێتی لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردن دەستبەرداری دەسەلات بن، واتە دوورن لە هێزی سەرکوتکەر و دەسەلاتی خۆسەپێن. سەرنجڕاکیش ئەوەیە، کە هەر خودی ئەم لایەنانە خۆیان بە دروست دەسەڵاتی ئێستا بە خۆسەپێن پێناسە دەکەن.

لە کوردستان ئەم باسە تەنها تیۆری نییە، نمونەی زیندووش لە بەردەستە. ساڵی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ ڕێژەیەکی زۆر بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و بزووتنەوەی گۆڕان، کە وەک ئۆپۆزیسیۆن خۆی دەناساند، دەنگێکی زۆری هێنا. لە هەڵبژاردنێکدا زیاتر لە یەکێتی. سەرئەنجام گۆڕان نەک نەیتوانی شتێک بگۆڕێت، تەواو لە نێو یەکێتی و پارتیدا توایەوە و جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەم دوو حزبەدا نەما. دەسەڵات بەمە سوودی زۆری وەرگرت. ناڕەزایەتییەکی فراوان کە لەو سەردەمەدا لە ئارادا بوو، بۆ نمونە بە توندترین شێوە لە ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دواتریدا دەرکەوت، دامرکایەوە و بەشێکی خرایە بەم پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدانە سپێردرا. واتە ڕێگە گیرا لەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی بە ئەنجام بگات و دەسەڵاتیش لە جێگەی خۆی مایەوە. دواتریش هێزە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکە هاوتای دەسەڵاتی لێهات.

ئەگەر لایەنە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێستا ئیدعا دەکەن، کە بایکۆت لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە، ئەوا بە کردەوە و بە ئەزموون خەڵکی کوردستان بینی، کە بەشداری لە دەنگدان بووە مایەی بەرژوەندی دەسەڵات. ئەمە لە کاتێکدا کە قسە لەسەر ئۆپۆزیسیۆنە و گوایە لە بەرانبەر دەسەڵاتدا ڕاوەستاوە.

کاتێک تەواوی جومگەکانی دەسەڵات لە کوردستان بە دەستی پارتی و یەکێتییەوەیە، ڕۆشنە کە دەستبەرداری نابن، لانی کەم لەسەر بنەمای دەنگەکانی هەڵبژاردن. ئەگەر لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەنگی زۆرینەش بهێنن، لە باشترین حاڵەتدا پارتی و یەکێتی دەیانکەنە شەریکی دەسەڵاتەکەیان. ڕەنگە چەند وەزارەتێک وەرگرن و بەشدارییەکی شکڵیان پێ بکەن لە حکومەتدا، بەڵام لەمە زیاتر دەستیان ناڕوات. عەلی حەمەساڵح، کە لە هەڵبژاردنێکدا زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، نەیتوانی لە پەرلەمان دەورێکی ئەوتۆ بگێڕێت و زیاتر لە ڕێگەی فەیسبووکەوە هەوڵی کاریگەردانانی دەدا.

ئەم لایەنە بەناو ئۆپۆزیسیۆنانەی ئێستاش زیاتریان لەدەست نایەت. لە باشترین حاڵەتدا هەر دەبێت بگەڕێنەوە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان وەک ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان داوای چاکسازی لە حکومەت بکەن و هەڕەشەی درکاندنی ڕەخنەکانیان بۆ خەڵکی بکەن. دەسەلاتی پارتی و یەكیتیش هەر وەک پێشوو درێژە بە دەسەڵاتیان دەبەن و ئەم لایەنانە ناتوانن لە ڕێگەی پەرلەمانەوە تەنانەت دەسەڵاتیان لەوەی ئێستا کەم بکەنەوە.

سەربەخۆ لە شانسی بەدەسەڵات گەشتن و ئاڵوگۆر، هەڵبەت جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێو سیاسەتی ئەم لایەنە بە ناو ئۆپۆزیسیۆنانە و پارتی و یەکیتی بەدی ناکرێت. بەرنامەی جیاواز لە یەک و ئامانجی پێچەوانەیان نییە. لەسەر فیدڕاڵی و چارەنووسی کوردستان قسەیەکیان نییە، لەسەر گرفتە هەنووکەییەکانی ئەمڕۆ پێشنیار و چارەسەریان نییە، لە بەرانبەر هێرشە درۆنییەکان بێدەنگن و هتد. ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئەم لایەنانەش هەر گەڕانەوەیە بۆ بەغدا، بەڵام گوایە توانای ڕێکەوتنیان باشتر دەبێت و گەندەڵ نابن. ئەمە هەموو ئیدعای جیاوازی ئەم لایەنانەیە. لە باشترین حاڵەتی بە ئەنجامگەیاندنیشدا بە مانای درێژەدانی دۆخی ئێستا دێت بە ئاڵوگۆڕێکی شکڵییەوە، کە ڕەنگە بۆ خۆشیان شایستەی ئاماژە نەبن.

بەجیا لەم سەرنجانە، بەشداری لە هەڵبژاردن بە مانای قەبوڵ کردنی تەواوی پڕۆسەکە دێت. واتە ئەنجامی هەڵبژاردن سەنگی مەحەکی یەکلاییکردنەوەی دەسەڵاتە لە کوردستان. هەروەها چوونە ناو پڕۆسەیەکەوە، کە گوایە دەسەڵاتی داهاتوو دەستنیشان دەکات، لە کاتێکیشدا لە ئێستاوە دەسەڵاتی داهاتوو دیارە، کە لە ڕێگای هێزە چەکداری و ئەمنییەکانیانەوە پارتی و یەکێتی درێژەی پێ دەدەن، دەنگدان بە مانای شەرعیەتدان بەم دەسەڵاتە دێت.

لە لایەکی ترەوە بەشداری لە دەنگدان بە مانای ڕادەستکردنی ئیرادەی خەڵکی دێت بە نوێنەرانێک، کە بچن لە بری خەڵکی سیاسەت بکەن و بڕیار بدەن، لە هەمان کاتدا خەڵکی لە خەباتی جەماوەری و ڕێکخراوبوون لە خوارەوە دووردەخاتەوە. گرنگە خەڵکی سنووری خۆی تەواو جیابکاتەوە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە و ئەو هێزانەی دەیانەوێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە ببنە شەریکی! بۆیە لە بەرانبەر ئەم سیناریۆی گاڵتەجاڕییەی هەڵبژاردن، بایکۆت کارسازە. دیارە بە تەنها بایکۆت کافی نییە بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە، بەڵكو پێویستی هەنگاوی یەکەمە لە بەرانبەر ئەم سیناریۆی بە شەرعیەتدانەی دەسەڵات. ڕێکخراوبوونی ناڕەزایەتی خەڵکی دەتوانێت ئاڵوگۆڕی خواستی خەڵکی بەدی بهێنێت!

بەم هۆکارانە، دەنگدان لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە. بۆیە بایکۆت گرنگ و کارسازە، تا شەرعیەت نەدرێتە دەسەڵاتی میلیشییای ئێستا، هەروەها ئیرادە لە خەڵکی نەسەندرێتەوە بۆ خەباتی جەماوەری خۆیان…

 

درێژەی دەبێت

Leave A Reply

Your email address will not be published.