دیموکراسی: لێکدانهوهکان و واقعیهت…چاوپێکهوتنی مەنسور حیکمەت لهگهڵ ئینتهرناسیۆناڵ
بەشی پێنجەم
ئینتهرناسیۆنال: لەڕووى تیۆرییەوە هەروەها بەپێى ئایدیاڵێک کە قسەکەرانى سەرمایەدارى پەیوەندییە سیاسییەکانى لەم نیزامەدا پێ وەسف دەکەن، دیموکراسیى لیبراڵى و سیستهمى پەرلەمانى جێگایەکى بنەڕەتییان هەیە. تایبەتمەندییەکانى دیموکراتى لیبراڵى لەم وێنا تەجرید و دەربڕینە فۆرماڵییەیدا کامانەن؟
مهنسوور حیکمەت: دیموکراتى لیبراڵى چهمکێکى (بە واتایەکى تر مۆدێلێکى) ئاوێته و پێکەوە پەیوەستکراوه، پشتی بە دووپایەى جیاواز بەستووە: دیموکراتى، وەک حوکوومهتى خەڵک، یان حوکوومهتى زۆربە و لیبراڵیزم وەک زنجیرەیەک بیروباوەڕ و پێودانگ و ئەحکامى تایبەتى سەبارەت بە پەیوەندیى سیاسی و حوقووقی تاک و کۆمەڵ، تێگەیشتنى گشتى و هاکەزایی زۆربەى خەڵک لەم دهستهواژانە ئەوەیە، دیموکراتى وەک ڕژێمێکى سیاسی و لیبراڵیزم وەک زنجیرەیەک لە بایەخ و پێوەرى سیاسی و مەدەنى، بەر و پشتى یەکترین، یەکەمیان فۆرم و دووەمیان ناوەڕۆکى نیزامێکى سیاسی پێشان دەدات، هەردووکیان لە یەکترەوە هەڵدەقوڵێن و لەم جۆرە شتانە. ڕاستییەکەى ئەوەیە کە لە نێوان ئەم دوو بەشەى دیموکراتی و لیبراڵیدا ناکۆکییەکى هەمیشەیی و لە دواشیکردنەوەدا ناسازگارییەکى تەواو هەیە، کە بەکردەوە سەرچاوەى زۆر کێشمەکێش و ناکۆکیى سیاسیی گرنگ لە کۆمەڵگەى بۆرژوازى بووە و لە گۆڕەپانى سیاسیی وڵاتانى ئهوروپاى ڕۆژئاوادا.
دیموکراتى ماناى ڕەسەنبوونى بڕیارى خەڵک، یان زۆربەیە (لێردا ئێمه هیچ کارێکمان بەسەر ڕاستیى ئەم مەسەلەیە لە جیهانى واقیعیدا نییە). هەر بڕیارێک کە زۆربەى خەڵک لە پرۆسەیەکى دیموکراتیکدا بۆ نموونە، لە ڕێگەى نوێنەرهکانیانەوە لە پەرلەماندا، پێى دەگەن، لە تێڕوانینى چهمکى دیموکراتییەوە ڕهوایهتى هەیە. لە کاتێکدا لیبراڵیزم کۆمەڵە بایەخێکى سیاسی و مەدەنى لەپێشەوە هەبووى هەیە، کە وەک مافى سروشتى، یان مافى مەدەنى قابیلى دەستکارى نەکردنى مرۆڤەکان سەیریان دەکات. بە واتایەکى تر لە تێڕوانینى لیبراڵیزمەوە بوارى کارکردنى دیموکراتى و دەسەڵاتى خەڵک پێویستە کۆنترۆڵکراو و سنووردار بکرێتەوە. ئەو بڕیارە دیموکراتییەى کە مافە سروشتییەکانى جێ مەبەستى لیبراڵیزم هەڵوەشێنێتەوە، یان لەکەدارى بکات، لە تێڕوانینى ئەم ڕێبازەوە مەشروعییەت و ڕەسەنایەتى نییە. لیبراڵیزم وەک مەرجێکى جڵەوکەر و سنووردارکەرى
حوکوومهتى دیموکراتى کار دەکات، نەک وەک ناوەڕۆکى ئەو حوکوومهتە. بابهتى لیبراڵیزم، پێناسەکردنى مافە فەردییەکان و پاڕاستنیانە لە بەرامبەر دەسەڵاتدار، دەوڵەت وە یان بە واتایەک “کۆمەڵگە”دا. لیبراڵیزم تەنها کاتێک پێشوازى لە حوکوومهتى پەرلەمانى، وە یان هەر چۆنێک بێت حوکوومهتى هەڵبژێردراو دەکات، کە وەک جان ستیوارت میل دەڵێت: حوکوومهتى “خودى خەڵک” دەست نەبات بۆ مافە مەدەنییەکانى خەڵک. به نیسبەت لیبراڵیزمى کلاسیکەوە، ئەم مافانە بنکارن و شێوازى حوکوومهت شتێکى لاوەکییە. بەڵام ئەم بۆچوونەى لیبراڵیزم چ لەڕووى تیۆرى و چ لە دنیاى واقیعدا، زۆر پشتى پێ نابەسترێت و دووپایەبوونى سیستهمەکە و ناڕۆشنى و ناکۆکییەکى دەروونى لە خودى تیۆرى دیموکراتى لیبراڵدا دروست دەکات و لە ڕەوتى جووڵەى دیموکراتییە لیبراڵەکاندا کێشمەکێشى سیاسیی گرنگ دەنێتەوە. بێجگە لە بهریتانیا کە هیچ قانوونێکى بنەڕەتى (دهستوور)، وە یان بەیاننامەى مافە فەردى و مەدەنییەکانى نییە.
ئەگەر ورد بنەوە، دەبینن کە باقیى نیزامە پەرلەمانییەکان بە گشتى پشتیان بە قانوونێکى بنەڕەتى بەستووە، کە لە قۆناغە سەرەتایییەکانى شکڵگیری ئهم نیزامه له ههر وڵاتێکدا نووسراوهتهوه و بڕیارى زۆرایهتیى ڕێژهیی نوێنەرانى پەرلەمان ناتوانێت دەسکارى بکات. هەر خودى هەبوونى قانوونى بنهڕهتی، ڕێک بەرتەسکییەکە خراوەتە بەردەم پرۆسەى دیموکراتى. ئەمە یانى ئەوەى کە ڕاى ئەمڕۆى خەڵکى وڵاتێکى دەیان ملیۆنى بە بەراورد لەگەڵ بڕیارەکانى یەک سەدە پێش ئێستاى پەرلەماندا، بە دەیەکى دانیشتوانى ئەمڕۆوە و بە هەبوونى مافى دەنگدانێکى یەکجار بەرتەسکترەوە بۆ تاکەکان، بە لاوەکى سەیر دەکرێت. زۆربەى خەڵکى ئەم نەوەیە سەر بۆ بڕیارەکانى ژمارەیەکى چەند قات کەمترى خەڵکى چوار نەوە پێش ئێستا شۆڕ دەکەن. لە تێڕوانینى دیموکراتییەوە، ئەمە بە ڕێگرى و بەرتەسکییەک دادەنرێت، بەڵام لە تێڕوانینى لیبراڵیزمەوە، کە ئەحکام و ئایدیاڵەکانى خۆى لە دڵى خەبات و تێکۆشانێکى گەرمى کۆمەڵایەتى و سیاسیی سەدەکانى پێشوودا لە قانوونى بنهڕهتیی نیزامە پەرلەمانییەکاندا چاندووە، ئەوە بە دەسکەوت و زامنى مانەوەى ئازادیى فەردى و مەدەنى لە دیموکراتییە پەرلەمانییەکاندا دادەنرێت. ئەم ناتەبایییە لەناو دیموکراتیى لیبراڵیدا دەبینرێت، چ وەک چهمکێک و چ وەک نیزامێکى کۆمەڵایەتى.
ئینتهرناسیۆنال: بەم شێوەیە کام یەک لەم دوو پایەیە، لیبراڵیزم، یان بیرۆکەى حوکوومهتى زۆربە، به سەرچاوە و زامنى بنەڕەتیی ئازادى لە دیموکراتى پەرلەمانیدا دادەنرێت؟
مهنسوور حیکمەت: هەردووکیان و هیچ کامیشیان. بەپێى تیۆرى حوکوومهتى بۆرژوایی لە سەرمایەداریی نوێدا، هەردووکیان زامنى ئازادین. لەڕووى کارى سیاسیی چینى بۆرژوازى و دەوڵەتەکەشییەوە، هیچ کامیان. لەڕووى تیۆرییهوه هەردوو پایەکە حەیاتین. دیکتاتۆرییەتێکى “خەڵکى و دڵسۆز” بە هەر ڕادەیەکیش پابەندى مافە فەردى و مەدەنییەکانى بێت، ناتوانێت بە ئازاد دابنرێت، چونکە ئەو مافە سەرەتاییەى کە بەپێى ئەو تاکەکەس بۆى هەیە لە مەسەلەى دەوڵەتدا بەشدار بێ. وە هەروەها پرانسیپی حوکوومهتى هەڵقوڵاوى ناخى خەڵک پێشێل دەکات. وە ئەمە یەکەمین لافى تێڕوانینى دیموکراتییانەیە لە بارەى ئازادیى سیاسییەوە، کە دەسەڵات لە ڕژێمى دیموکراتیدا لەدەست خەڵکدا دەبێت. لە لایەکى دیکهوە، هیچ شتێک ئەوە دهستهبهر ناکات کە زۆربەى خەڵک لە پرۆسەى دیموکراتیدا، کۆمەڵە بڕیارێک دەرناکەن دژى مافە سروشتى و سەرەتایییەکانى مرۆڤ بەو شێوەیەى کە لیبراڵیزم پێناسەیان دەکات. “ئیستیبدادى زۆرایهتی” چهمکێکە کە بانگبێژانى ڕێبازى لیبراڵى، وەک میل، لێى دەسڵەمێنەوە. هەر بۆیە لەڕووى تیۆرییهوه هەردووک ئەم بەشانە بۆ دیموکراتیى لیبراڵى حەیاتین و هەر وەک وتیشم ئایدیۆلۆژیی فهرمى، پێکەوە وەک بنەماى فیکریی سیستهمى سیاسیى سەرمایەدارى ئەمڕۆ لە ئهوروپا و ئهمهریکا نیشانیان ئەدات. ئەو ڕاستییەى کە ئەمە ناکۆکییە، هەتا ئێستا لە تەبلیغاتى فهرمیى بۆرژوازیدا سەبارەت بە پایەکان و باشیییەکانى نیزامى سیاسیی دەسەڵاتدار لە ڕۆژئاوا هیچ گیروگرفتێکى پێک نەهێناوە. بەڵام لەڕووى عەمەلییەوە بە قسەى بۆرژوازى، هیچ کام لەمانە چاوەڕوانیى ئەوەى لێ ناکرێت، سەرچاوە و زامنى ئازادیى خەڵک بن. بهڵکوو بۆ ئەوەیە کە حوکوومهتى چینایەتیى بۆرژوازى، یانى دیکتاتۆریى کەمایەتییەک، بە نێوى خەڵک و بە نێوى ئازادییەوە شەرعییەت پێ بدات. ئەگەر بێت و خەڵک بانگهشهی ئازادیخوازانەى هەریەکە لەم دوو بەشەیان لێ ببێت بە ڕاست، ئەو کاتە بۆرژوازى ماناى ڕاستەقینەى ئەم دووانە لە ڕێگەى دەست بەسەرا گرتنیانەوە نیشان دەدات. لەم حاڵەتەدایە کە دووپایەییبوونى دیموکراتیى لیبراڵى خەسڵەتی عەمەلیى خۆى دەخاتە ڕوو. لە هەر جێیەک مەترسى ئەوە هەبووبێت کە خەڵک، یان نەوەیەکى ڕادیکاڵ، بۆ نموونە هەر ئەم پەرلەمانە نیوەناچڵە بۆرژوایییە، سەنگەرێک بۆ بەدەستهێنانى بەشێک لە مافەکانى خۆى دروست بکات، بۆرژوازى سنوورداریی دهسهڵاتهکانى پەرلەمان و پیرۆزیى ئەو ئەحکامە لەپێشەوەیییانەى کە لەژێر ئاڵاى مافە فەردى و مەدەنییەکاندا ئیمتیازاتى چینایەتیى بۆرژوازى دەپارێزن، وەبیر هێناوەتەوە. لە هەر جێیەکیش جەوى ڕاستڕەوانەى کۆمەڵگە دەرفەتى ئەوەى ڕەخساندبێت کە پەرلەمان لە کۆنەپەرستانەترین باڵەکانى بۆرژوازى پڕ بێت، بچووکترین ئیمتییازیان بۆ ئازادییە مەدەنییەکان داناوە و لەژێر ناوى “ڕاى خەڵک” و “حوکوومهتى خەڵک”دا سەرەتاییترین مافە سەلمێنراوەکانى ملیۆنەها مرۆڤیان پێشێل کردووە. گرنگى و خەسڵەتى دیموکراتى و لیبراڵیزم لە کارکردنى عەمەلیى حوکوومهتى بۆرژوازیدا لە ناوەرۆکى ئازادیخوازانەى ئەم چهمکانەدا نییە، بهڵکوو بەپێچەوانەوە لە جوودایی ئهم چهمکانه لە ئازادیی ڕاستەقینە و لە ڕێژهییبوون و چینایەتیبوونى تێگەیشتنى هەردووکیاندایە سەبارەت بە دهستهواژهى ئازادى.
درێژەی هەیە