هەر رۆژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن… بەیان ناسیح: چالاکوانی ژن و توێژەری کۆمەڵایەتی
دەستدرێژی جنسی بۆ سەر منداڵ یان چی؟
پیاوانی ئایینی و کۆنەپارێزی ناو پەرلەمانی عێراق لەئێستادا خەریکی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ ساڵی ١٩٥٩ن. ئەو یاسایەی ٦٥ ساڵ بەر لەئێستا لەبڕگەیەکیدا، ئەگەر وەکو سیمبولیش بێت تەمەنی ١٨ ساڵی بۆ هاوسەرگیری نێوان کوڕو کچ دیاری کردووە. تا کاتی رووخانی رژێمی دکتاتۆری بەعس یاساکە نۆ جار هەموار کراوەتەوە. ساڵی ١٩٨٧ تەمەنی بەشوودانی کچ وەکو ١٨ مایەوە، بەڵام گۆڕانکارییەکی خرایە سەر کە لە ١٥ ساڵیدا ڕێگە بەمارەکردنی دەدرێت بەمەرجێ رازەمەندی (وەلی ئەمر) و قازی لەسەر بێت. لەراستیدا بەشوودانی منداڵ لەهەموو شوێنێکی عێراق و کوردستانیش سەرەڕای بوونی ئەو یاسا شارستانیە هەمیشە بەڕێوەچووە بەتایبەتی لەناو خێزانە کەم دەرامەت و هەژارەکاندا، ئاین و داب و نەرێتە کۆمەڵایەتیەکان و نەخویندەواری رۆلی گەورەیان بینیوە بۆ بەردەوامی و ئاسایی کردنەوەی منداڵ بەشوودان. بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی یونیسێف ٢٨٪ ی کچان پێش تەمەنی ١٨ بەشوودراون لەعێراقدا. زانیارەیەکانی تر پێمان دەڵێن منداڵ بەشوودان بەشێوەیەکی گشتی کێشەیەکی جیهانییە لەزۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەکاندا، پیاوێکی گەورە منداڵێکی هێناوە، نەک ئەوەی دوو منداڵ بەشوو درابن بەیەکتر. منداڵ منداڵە له هەرشوێنێکی دنیادا بێت، بۆیە ئەرکی ئەخلاقی هەر یەکێ لە ئێمەیە کە بێدەنگ نەبین لەبەرامبەر ئەو تاوانەی وا خەریکە بەیاسایی دەکەن. لەزۆر شوێنی دنیادا منداڵ بەشوودان بەتاوان چاو لێدەکرێت یاسای تایبەتی هەیە بۆ پاراستنیان، کەچی پەرلەمانەکەی عێراق لە ٢٠٢٤ دەیەوێت یاسایەک هەموار بکاتەوە تا کچی نۆساڵیش روونەڕووی ئەو تاوانە ببنەوە. چ مەهزەلەو شەرمەزارییەکە! هەر ئەوەی جورئەت دەکرێت باسی کچی نۆ ساڵە بکرێت بۆ خۆی تاوانێکی گەورەیە و بەزاندنی هەموو سنوورەکانە. ئەوانەی لەپشتی ئەم پرۆژەیەدان بەهەر پێوانەیەک بێت دەبێت بخرێنە ژێر پرسیارەوە. لەکاتێکدا هاوڵاتی عێراقی لەناو زەلکاوی گەندەڵی و بێمافیدا نقووم بووە، کێشەکانی ئابوری و سیاسی کۆمەڵایەتی تا دێت گەورەتر دەبنەوە. پەرلەمانێ کە ١٠مانگە نەیتوانیوە سەرۆک پەرلەمان هەڵبژێڕی لەبەر ناکۆکیە سیاسییەکانی ناوخۆیان. کەچی هەموو توانای خۆی خستۆتە گەڕ بۆ هەموارکردنەوەی یاسایەک؛ کە منداڵ لەهەموو مافەکانی منداڵی خۆی رووتدەکاتەوە. ئەم کارە دوژمنکاری تەواوی ڕەگەزی ژنە لەهەموو تەمەنەکاندا. لێسەندنەوەی ئەو تۆزە مافە یاساییەی کە هەیەتی لەئێستادا. مەترسی گەورە بۆ سەر هەموو گۆمەڵگە و کەسانی یەکسانیخواز دروست دەکات. کۆمەڵگە فڕێدەداتە بازنەیەکی داخراوەوە. سیستەمی کۆیلەتی دروستدەکاتەوە و ژن و منداڵ دەکاتە موڵکی موتڵەقی پیاو. لەبیرمان نەچێت ئەوان دەتوانن بەئارەزووی پیاو سالاری خۆیان کەهەندێ لەژنانیش لەپشتی ئەوان وەستاون یاسا بگۆڕن و داڕێژن، بەڵام لەبەرامبەردا هەرگیز ناتوانن دەنگی ناڕازی ژنان و ئازادیخوازان کپبکەنەوە. بینیمان چۆن لەدوای خوێندنەوەی یەکەمی یاساکە (لە٤ ی ئابی ٢٠٢٤) ژنانی چالاکوان تەنانەت لەناوەڕاستی شاری نەجەفدا جورئەتیان کرد وخۆپیشاندان ئەنجام بدەن لەدژی ئەو پرۆژەیە. تەنها رێگایەک بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر ئەم هەوڵەیان بەردەوام بوونمانە لەخەبات و چڕکردنەوەی کارەکان لەناو ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازادا لەدژی هەڵاواردنی ڕەگەزی، پاراستنی مافی منداڵ و رەوای کۆمەڵایەتی. دروشمی ژن ژیان ئازادی، لەعێراق و کوردستان و دنیا کۆمان دەکاتەوە و بەردەوام دەبین لەناڕەزایەتی و پێشگرتن بەو شەڕەی لەبەرامبەر ڕەگەزی ژندا دەکرێت.