خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردن ”هەڵبژاردن لە کوردستان“…نووسینی: بنار مستەفا

0

بەشی دەیەم

یەک کورسی بێنین، ئێمە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانین، سەد کورسیش بێنین ئێمە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانین. نە لە عێراقدا و نە لە کوردستاندا هیچ لایەنێک دەتوانێت بێ یەکێتی لەسەر چارەنووسی کوردستان بڕیار بدات.” مەلا بەختیار لە سەرکردایەتی یەکیتی لە جانیوەری ٢٠١٨دا.  

لە بەشەکانی پێشووی ئەم زنجیرە باسەدا زۆر بابەت لە پەیوەند بە هەڵبژاردن لە جیهان باسکران و نمونە هێنرایەوە، کە بە مانای دەسەڵاتی ڕاستەقینەی خەڵکی نییە. خەڵکی دەتوانن زیاتر کاریگەرییەکی شکڵی دابنێن تا کاریگەرییەکی واقعی، خواستەکانی خەڵکی بە ئەنجام ناگەن و بەڵێنەکان بە زۆری هەر وەک بەڵێن دەمێننەوە و هتد. بەڵام لە کوردستان هەڵبژاردن زۆر لەمەش لاوازتر و خوارترە.

گەر لە جیهاندا پاش هەڵبژاردنەکان تەنها ئەحزابی حاکم دەگۆڕێن و هەمان سیستەم بەردەوامی دەبێت، لە کوردستان تەنانەت لەمەشەوە دوورە. گەر ئەنجامی هەڵبژاردن لە هەندێک وڵات ببێتە مایەی گۆڕینی هەندێک یاسا، لە کوردستان ئەمەش ئەزموون نەکراوە و ئەستەمە لە دۆخی ئێستادا بکرێت. گەر لە جیهان دەنگەکانی خەڵکی بە شێوەیەک حسابی بۆ کرابێت و لەسەر بنەمای حکومەتی ئایندە و بەشێک لە دەموچاوەکانی دەسەڵات گۆڕابێت، کوردستانی نەگرتۆتەوە.

لە کوردستان ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەر چییەک بێت، پاش کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان، لە سلێمانی و هەڵەبجە و چواردەوری یەکێتی دەسەڵاتدارە و لە هەولێر و دهۆک و دەوروبەری پارتی خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە. حکومەتێکی شکڵی پێکدەهێنن و هەندێک لە لایەنەکانی تر شەریکی حکومەت دەکەن، کە بە قسەی خودی خۆشێان زیاتر بەشدارییەکی ڕەمزییە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە بەشێک لەو لایەنانەی بەشداری حکومەت دەکەن، بە زۆری خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆن دەبینن و دەدوێن، ئەگەر چێ خاوەنی وەزارەتن. تەواوی دەسەڵاتی کوردستان لە دەستی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانیدایە، سەربەخۆ لە پێگەی پەرلەمان و حکومەتیان.  

هەر بۆیە مەلا بەختیار ڕاشکاوانە دەڵێت، کە لەسەر چارەنووسی کوردستان بێ یەکێتی هیچ لایەنێک ناتوانێت بڕیار بدات. گەر هەڵبژاردن ئامانجی خۆی بپێکایە و لە پەرلەمان بڕیار لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگە بدرایە، ئەوا بێگومان دەبوو جیاوازی زۆر فراوان لە نێوان یەک کورسی و سەد کورسی هەبووایە. بەڵام کاتێک لە زاری یەکێک لە ڕابەرانی دەسەڵاتەوە، ئەمە بە ڕاشکاوانە بەیان دەکرێت، کە ڕێژەی کورسی پەرلەمان کاریگەری لەسەر جێگەوڕێگەی حزبەکەیان دانانێت، واتە چارەنووسی کۆمەڵگە لە پەرلەمانەوە دیاری ناکرێت ڕێژەی کورسی لایەنەکان بێ ئەرزشە. ئەمە تەنها دەربڕینێکی بێ پێچ و پەنای یەکێک لە سەرکردەکانی دەسەڵات نییە، بەڵكو بە کردەوەش هەر ئەمە ئەزموون کراوە و دەسەڵاتی پەرلەمان زۆر لاوازتر بووە لە دەسەڵاتی دوو حزبی خاوەن دەسەڵات.

ئەوەی لە کوردستان سەربەخۆ لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەر ژیان و گوزەرانی ڕابردوو ئیدامەی دەبێت ڕێکەوت نییە و تایبەتمەندی جوگرافیای یان هیچ شتێکی تر نییە. بە سادەیی لەبەر ئەوەیە، کە لە کوردستان دەسەڵات لە سایەی هێزی میلیشیاوە بەدەستهاتووە و پارێزگاری لێ دەکرێت. ئەم شێوە لە دەسەڵات، ئەستەمە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە وەلا بنرێت یان تەنانەت ئاڵوگۆڕی شکڵیشی تێدا بکرێت.

پاش کۆتایی جەنگی سارد و جەنگی کەندا لە ساڵی ١٩٩١ و بڕیاری دژە فڕین، پارتی و یەکیتی لە ناکاو دەسەڵاتیان کەوتە دەست. بە پشتیوانی ڕؤژئاوا و ئەمریکا، هەروەها بە هاوپەیمانی ئەم دووحزبە لەگەڵ ئێران و تورکیا، توانیان دەسەلاتی خۆیان بەسەر کوردستاندا بسەپێنن. پاش ئەم قۆناغە، دەستیان برد بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت. واتە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی پەرلەمانیان دامەزراند، نەک لە سایەی پەرلەمانەوە ئەم دوو حزبە دەسەڵاتیان بە چنگ کەوتبێت. ڕۆشنە، پەرلەمان و حکومەتێک دروستکراوی حزبی چەکدار بێت، ئەو پەرلەمانە ناتوانێت ببێتە خاوەن دەسەڵاتێک لەسەرو ئەم هێزە. بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەمیشە پەرلەمان و حکومەت لە ژێر دەستی حزبی دەسەڵاتدارن و هەر کاتێک بیانەوێت، دەتوانن کۆتایی پێ بهێنن، هەر وەک بە کردەوەش بینراوە.

کەوایە، بۆچی پارتی و یەکێتی هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن و گرنگە بۆیان؟ زۆر بە سادەیی بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیان. دەتوانن نیشانی بدەن، کە خەڵکی دەنگی بە دەسەڵاتەکەیان داوە، نەک لە ڕێگەی هێزی چەکدارەوە ڕایانگرتبێت. بەم پێیە هەڵبژاردن خزمەتێکی زۆر بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی دەکات و لە هێزی میلیشیایی دەسەڵاتدارەوە وەک هێزی دیموکراتی نیشانیان دەدات. بۆیە یەکێتی و پارتی دەستبەرداری هەڵبژاردن نابن و هەمیشە دەستی پێوە دەگرن. هەڵبەت ئەوەشیان زامن کردووە، کە لە ڕێگەی دەسەڵات و هێزی چەکدار و سەروەت و سامانی کۆمەڵگە، کە لە چنگیاندایە، دەنگی پێویست بهێنن.

 ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی

لە سەرەتای دامەزراندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتییەوە، بە دەرەجەی یەکەم حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و دواتریش (حکک) کوردستان ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی ئەم دەسەڵاتە بووە. ئەم ئۆپۆزیسیۆنە دووربووە لە پەرلەمان و حکومەتی ئەم دەسەڵاتە و هەمیشە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بە سیناریۆ لە قەڵەم داوە.

لە پانزە ساڵی ڕابردوودا لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان هێز و لیستی جۆراوجۆر هاتوونەتە مەیدان و وەک بەدیلی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی خۆیان دەناسێنن. ئەم ئۆپۆزیسیۆنەیان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکان و پەرلەمان و حکومەتەوە کێبڕکێی دەسەڵاتی سیاسی دەکات و هەندێک جاریش شەریک دەبێت.

بزووتنەوەی گۆڕان سەرەتای ئەم دیاردەیە بوو، کە توانی کورسییەکی زۆری پەرلەمان بەدەستبهێنێت و لە خولی دواتریشدا بەشداری حکومەت بکات. وێرای بانگەشەی زۆریان بۆ گۆڕان، نەک نەیانتوانی هیچ شتێک بگۆڕن، لە ماوەیەکی کەمدا جیاوازییەکی بەرچاویان لەگەڵ دەسەڵاتدا نەما. لە ناوەڕاستی دەیەی ڕابردووەوە نەوەی نوێ و ڕەوتی هاوپەیمانی بە هەمان شێوە وەک ئۆپۆزیسیۆن دەرکەوتن. ئەوەی دووەمیان پڕۆژەیەکی تایبەتی بەرهەم ساڵح بوو بۆ بوون بە سەرکۆماری عێراق و پاش پێکانی ئەم ئامانجە، ڕەوتەکەش کۆتایی هات. نەوەی نوێ هێشتا لەسەر ئۆپۆزیسیۆن بوون بەردەوامە. بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ی پەرلەمان دوو لیستی نوێی تریش هاتوونەتە مەیدان بە هەمان ئەجنداوە.

تەواوی ئەم لایەنانە باس لە گەندەڵی و دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارتی و یەکێتی دەکەن. کارنامەی ئەم دەسەڵاتە وەبیر خەڵکی دەهێننەوە، بەو هیوایەی دەنگدەر وەک بزووتنەوەیەکی جیاواز لە ئەحزابی دەسەڵات تەماشایان بکات و دەنگیان پێ بدات. لە هەڵمەتی بانگەشەکانیاندا مژدەی وەلانانی دەسەڵاتی ئێستا دەدەن، کۆتایی بە گەندەڵی، ستەم و نەهامەتییەکانی ئێستا دێنن. داوا لە خەڵکی دەکەن، کە دەنگیان پێ بدەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێستا بهێنن، بە پێچەوانەوە دەنگ نەدانی خەڵکی بە هاوکاری دەسەڵات و لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتی لە قەڵەم دەدەن. کۆتاییهێنان بە ستەم و ژیانی نالەبار، دەبەستنەوە بە دەنگدانی خەڵکی بە لیستەکانیان.

ئەگەر ئەم لایەنانە پێیان وابێت، کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەتوانن دەسەڵات لە پارتی و یەکێتی وەرگرن، مانای وایە ئەم دوو حزبە بە دیموکراتی و ئاشتیخواز دەزانن. هەروەها هاوکاری ئەم دوو حزبەن بە بڵاوکردەوەی ئیدعای وەرگرتنی دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە. واتە ئەم لایەنانە دەڵێن، کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پارتی و یەکێتی بە دەسەڵات گەیشتوون و دەکرێت هەر لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە وەلانرێن.

ئاخۆ ئەم لایەنانە چەواشە دەکەن یان بەڕاستی پێیان وایە، گەر پارتی و یەکێتی لە هەڵبژادندا دەنگی زۆرینەیان نەهێنا، ئەوا دەسەڵات و جومگەکانی، وەک هێزە ئەمنی و چەکدارەکان، دەزگا زانیارییەکان، سەرچاوەی داهات و خاڵە سنوورییەکان و هتد ڕادەستی لایەنی براوەی هەڵبژاردنەکانی دەکەن؟ بەڕاستی لەو باوەڕەدان، کە دەسەڵاتی بڕیاردان دێتە دەستیان و پارتی و یەکێتی دەخەنە کەنارەوە؟ ئەمەش لە ڕێگەی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە؟

لێرەدا هەڵوێستەیەک لەسەر ئامانج و جیهانبینی ئەم لایەنانەی تر نەکراوە، کە چەندە و بە چ شێوەیک لە پارتی و یەکێتی جیاوازن. ئەوەی ڕوو بە دەرەوە بەیان کراوە، جیاوازییە سەرەکییەکان لەوەدا خۆیان دەبیننەوە، کە پارتی و یەکێتی بە گەندەڵ دەزانن، کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگە بە هەدەر دەبەن. بەڵام بەرنامە و ستراتیجی خۆیان بە ڕۆشنی بەیان نەکردووە. ئەوەی تا ئێستاش بینراوە و بیستراوە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ دوو حزبی دەسەڵاتداردا نییە و زیاتر کەموکورتی لە دەسەڵاتی ئەم دوو حزبەدا دەبینن، تا ئەجندا و هێڵێکی سیاسی جیاواز بخەنە دەستوورکاریانەوە. بە کردەوە ململانێی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە لەسەر بەشە دەسەڵاتی خۆیان بووە، نەک لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی.

 پەرلەمان لە ڕوانگەی خۆیانەوە

ئەگەرچی لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردن زۆر بە گرنگییەوە باس لە پەرلەمان دەکەن، بەڵام بە کردەوە ئەمە بەدی ناکرێت و پێچەوانەکەی بە ڕۆشنی دەبینرێت. بەجیا لەوەی هیچ بایەخێکی پێ نادەن، تەواوی بڕیارە سیاسییە چارەنووسسازەکانیش لە دەرەوەی پەرلەمان دراوە و ڕێکەوتنی لەسەر کراوە.  

سادەترین بەڵگە ئەوەیە، کە لە جیهاندا سکرتێر و بەرپرسی باڵای حزبەکان سەرجەمیان بۆ پەرلەمان کاندیدن و گەر هەڵبژێردران، چالاکانە بەشداری گفتوگۆ و دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکەن. بۆ نمونە لە خولی پەرلەمانی ٢٠١١ – ٢٠١٥ی فینلاند هەشت پارتی سیاسی جیاواز لە پەرلەمان بوون، سکرتێری هەر هەشت پارتەکە لە پەرلەمان بوون. هەروەها باقی ئەندام پەرلەمانانی تر، بە زۆری ڕابەرانی حزبەکان بوون. لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا، چوار لە حزبەکان سکرتێریان گۆڕی و هەر چوار سکرتێرە نوێکە ئەندام پەرلەمان بوون. واتە هەشت لایەنی بەشداربوونی پەرلەمان و ١٢ سکرتێری پەرلەمانتاری بوو.

بەڵام لە کوردستان زۆر بە دەگمەن لە بەرپرسانی حزبەکان خۆیان کاندید دەکەن و هەوڵی پەرلەمان دەدەن. بە زۆری کاندیدەکان لەکۆمەڵێک کادر پێک دێن، کە کەمتر لە ئاستی کۆمەڵگە و ڕەنگە تەنانەت لە ئاستی خودی حزبەکانی خۆشێاندا ناسراوبن. لەم خولانەی دووایدا، هیچ سکرتێری حزبێک (لانی کەم ناسراوەکان) لە هەڵبژاردنەکاندا کاندید نەبوون.

ئەم نمونەیە بە ڕۆشنی پێمان دەڵێت، کە پەرلەمان بۆ خودی لایەنەکانی بەشداربووش ئەرزشێکی ئەوتۆی نییە، کە بهێنێت هەوڵ بدەن ڕابەری و باشترین کادرەکانی بۆ ڕەوانە بکەن و ململانێی سیاسی خۆیانی تێدا بە ئەنجام بگەیەنن. بەڵکو لە دەرەوەی پەرلەمان شەڕی سیاسی خۆیان دەکەن و پەرلەمانیان زیاتر بۆ ڕووکەش دەوێت.

نمونەی بەرجەستەی تر زۆرن، کە بێ ئەرزشی پەرلەمان لە خودی لایەنەکانی بەشداربوو خۆیانەوە دەخاتە ڕوو، بەتایبەتی لە کاتی قەیرانەکانیاندا. ڕێکەوتنە گرنگەکانی پەیوەند بە کۆمەڵگە، بەردەوام لە دەرەوەی پەرلەمان تاوتوێ کراون. بۆ نمونە لە ڕۆژانی دوای ١٧ شوبات، لایەنەکانی بەشداربووی پەرلەمان لە دەرەوەی پەرلەمان و بی ئامادەیی پەرلەمانتارەکانیان لە دانیشتنی پێنج قۆڵیدا بە ڕێکەوتن گەیشتن. هەروەها لەگەڵ توندبوونەوەی هەر گرفتێک، ناگەڕێنەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان، بەڵکو بەرپرسانی حزبەکان لە دەرەوەی پەرلەمان قسەی لێ دەکەن و هەوڵ دەدەن بە ئەنجامێک بگەن. ئەمەش ڕێکەوت نییە، بەڵکو بە سادەیی لەبەر ئەوەیە، کە پەرلەمان توانای نییە خۆی لە بڕیارە چارەنووسسازەکانی کۆمەڵگە بدات، کە بە تەواوەتی لە دەستی بەرپرسانی حزبەکانە، کە هەمیشە لە دەرەوەی پەرلەمان کار دەکەن.

کاتێک ئەمە تێڕوانین و بەرخودی دەسەڵات و لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردنە، دەبێت خەڵکی چی چاوەڕوانییەکی لێی هەبێت؟ کاتێک پەرلەمان بۆ خودی حزبەکانی بەشداربوو و ڕابەرانی گرنگ نییە، بۆچی دەبێت بۆ خەڵکی گرنگ بێت؟

پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لە کوردستان

“دەنگدان بە گۆڕان، دەنگدانە بە کوشتار و تیرۆر!” یەکێک بوو لە بانگەشەکانی یەکیتی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ٢٠١٣.

گەر لە جیهاندا ناوەڕۆکی هەڵمەتی هەڵبژاردن بریتی بێت لە هەوڵدان بۆ ناساندنی بەرنامەی سیاسی لایەنەکان و خستنەڕووی ئەو ئامانجانەی لە گەیشتنیان بە دەسەڵات دەیڕەخسێنن، ئەوا لە کورستان لەم دیاردەیەشەوە زۆر دوورە. بە کەمی و بە کاڵی لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردن لەسەر بەرنامەی خۆیان قسە دەکەن و هەوڵی ناساندنی بە جەماوەری دەنگدەر دەدەن، گرەوی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لە شکاندنی ڕکابەرەکانیاندا دەبیننەوە.

ئەوەی بە پلەی یەکەم لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا کراوەتە کەرەستەی بانگەشە و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، بریتی بووە لە هێرشکردن بۆ سەر یەکتری و خراپ نیشاندانی لایەنەکانی تری بەشداربووی هەڵبژاردنەکە. دوو پارتی دەسەڵات لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشێکی بەرچاو لە کاتی میدیاکانیان دەخەنە ئیختیاری ئەم جۆرە لە پڕوپاگەندە و هەڵدانەوەی مێژووی تاوان و خراپەکاری لایەنەکەی تر. لە بەرانبەر ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانیشدا بە هێنانەپێشەوەی دۆسیە و بابەتی جیاواز بۆ شکاندنیان، ئامێرەکانی بانگەشەیان دەخەنە کار. ئەو لایەنانەش، کە بە گشتی شەریکی دەسەڵاتن، بە تایبەتی گۆڕان و ئیسلامییەکان، لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا هەر ئەم شێوەی پڕوپاگەندەیە پیادە دەکەن و بانگەشەکەیان تەنها لەسەر هیرش بۆ کارنامەی دەسەڵات خۆی دەبینێتەوە. هەرچی ئەو لایەنانەشە، کە بە ئۆپۆزیسیۆن خۆیان لە قەڵەم دەدەن، تەنها نیشاندانی کارەساتەکانی دەسەڵات بەسەر خەڵکیدا وەک کەرەسەی بانگەشە سوود لێ وەردەگرن. بەرنامەی هەڵبژاردنی لایەنەکان بۆ زۆرینەی زۆری دەنگدەر بە بێ ئاشنایی دەمێنێتەوە.

ئەوەی سەرنجڕاکێشە، پاش تەواوبوونی هەڵبژاردن، ئەم لایەنانە دەچنەوە سەر هەمان مێز بۆ گفتوگۆ و دابەشکردنی پۆستەکان. بەشێوەیەک کۆکن و زەردەخەنە لەسەر لێویانە، لەوە دەچێت ئاگاداربن پێش هەڵبژاردن نەبن، چیان پێ گوتراوە و خۆشیان چیان بە لایەنەکانی تر گوتووە. زۆر ئاسایی و وەک بەشێکی جیانەکراوەی تەواوی پڕۆسەکە تەماشای دەکەن و نیگەرانییەکیان پێوە بەدی ناکرێت. تەنانەت هەندێک جار، کە ڕووبەڕووی پرسیاری ڕؤژنامەنووسان دەبنەوە، زۆر بە سادەیی بە هەڵمەتی هەڵبژاردن لە قەڵەمی دەدەن. واتە پێیان ئاساییە بە بەشێکی جیانەکراوەی هەڵبژاردنی دەبینن.

بۆیە بۆ یەکێتی نیشتیمانی زۆر ئاسایی بوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ دەنگدان بە گۆڕان وەک دەنگدان بە کوشتار و تیرۆر لە قەڵەم بدات. نە گۆڕان بەم لێدوانە ناڕەحەت بوو، نە بۆ خودی یەکێتیش جێگەی هەڵوێستە بوو، کە ئەم لایەنەی بە کوشتار و تیرۆری هاوتا کردبوو. تەنها هەشت ساڵ دواتر و لە هەڵبژاردنەکانی پەلەمانی عێراق، ئەم دوو لایەنە بە یەک لیست بەشداریان کرد و دروشمی هەڵبژاردنەکەیان بریتی بوو لە “پێکەوە بەهێزترین!”

ئەستەمە ئەمە لە هیچ جێگەیەکی تری جیهان ڕووبدات. لایەنێک کوشتار و تیرۆر هاوتای لایەنێکی تر بکات، بەڵام ئامادە بێت بچێتە هاوپەیمانییەوە لەگەڵیدا. یان لایەنێک بە کوشتار و تیرۆر لە قەڵەم درابێت، بەڵام بێ پێداچوونەوە و قسەیەک لەسەر ئەم دەربڕێن و هاوتاکردنە، ئامادەیی هاوپەیمانی بێت لەگەڵ ئەو لایەنەی بەم شێوەیە ناوبردووە. ئەمە تەنها نمونە نییە.

تەنها تەماشاکردنی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بەسە بۆ نیشاندانی پووچی تەواوی پڕۆسەکە. داخستنی پەرلەمان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە و ڕێگەگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان، لەگەڵ نوێنەرایەتی لایەنەکانی پەرلەمان لە دەرەوەی سەرکردایەتی لایەنەکان و پێگەی پەرلەمان بە گشتی، گومانێک بۆ بێ ناوەڕۆکی ئەم دەزگایە ناهێڵێتەوە.

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.