دەمە تەقێێ نێوان کاوان قادر و ڕێبوار حەمە شەریف سەبارەت بە ”بیرمەند“
دەمەتەقێ :
کاوان قادر: بیرمەندی ئازاد کێيە؟
ئەی کێن ئەوانەی “ کە بەناوی بيرمەندەوە ئەدوێن و شکۆی کەسایەتی مرۆڤی بيرمەند تێکدەشکێنن و کۆیلەن؟
ڕێبوار حەمە شەریف: پێش ئەوەی وردەکاری بخەمە سەر باس و بابەتێکی گرینگ و پێناسەی بيری بيرمەندی و هەڵگری ناوی کەسی بيرمەند، پێمخۆشە سەرەداوێک ڕوونبکەمەوە تا هەموومان پێکەوە پێناسەکە، شرۆڤە بکەين، وە دوچاری هەڵەو ناحاڵی لە پێناسەدا نەبينەوە کە کاتێک، بیری کەسانی بیرمەند سەرەوخوار خلۆر دەبێتەوە و بەرەو زۆلکاوی نا هۆشمەندی. ڕەنگە، بە هەرەسهێنانی کەسێک کە خاوەن کۆمەڵەکتێبێکی داهێنەرو کۆمەڵێک قسەی زل و شاتە شاتی ناو هەر کەناڵێک، ئيدی ملی کەوتە ناو زۆلکاوی کوێرەوریەکان و دەستی گرت بە شانی (حیزبێک) و دەستی بەديوارێکی ڕووخاوەوە گرتوە، ئەوە ئيتر پێناسەیەکە بۆ بەهای هەموو کەسانێکی نا بیرمەند. کەسێکی بیرمەند بناغەی پەروەردە و ڕەوشتێکی ناوەکی هەیە کە پێکهاتەکەی ڕەنگە هەر لە دەنکۆڵەیەکی ناوکی خورما بچێ لەدەرەوە نەرمونیان و لە ناوەوەی توندو تۆڵە بە ئاسانی وردو خاش ناکرێت .
بیرمەندی فشۆڵ و کەسی لاوازیش هەیە، دەخوێنێتەوە لەناو وشەی زەق و ڕستەی قەبەی ناوداران گێرە دەکات بەوەش نەک هەر خۆڵ لە چاوی خوێنەر دەکات هەروەها ناڵ بەندی دەکات تا تروسکاییەک نەهێڵێتەوە بۆ خوێنەرەکانی، تا ئەو جێگە کاری پێدەکات کە ڕێگەکەی و گەیشتن بە پلەو بۆست و کورسی و ماڵ و سەروەتە، جا ئیتر لەو لاوە دەستی لێبەرئەدات و عەرەبانەی زانیاری… بێ ئەسپ بەرەڵادەکات.
کاوان قادر:کەواتە //: لێرەوە… تا چ ڕادەیەک ئەم شيکردنەوە کورتەمان دەمانگەیەنێت بەشتێک کە جیاکاریەک لە نێوان ئەو دوو کەسایەتیەدا بکرێت؟
ڕێبوار حەمە شەریف: ئێستا با بێینە سەر باس و بابەتەکەمان و پێناسە ڕاستیەکە بکەین کامەیە؟ وە چۆن تێگەیشتنمان هەبێت بۆ جیاوازی کردنیان ئایا بیرمەندی بە هەڵوێست و ڕاستگۆ کێ یە (الصیفە)؟
ئەوەی کە ڕەوشت بەرزی بیرمەندێک دیاری دەکات تایبەتمەندییەکانییەتی لە ڕەخنەگرتنا لە تواناو وردبینیەکەی دا هەڵسەنگاندنێکی جەوهەری و بێبەرابەری هەیە، چاوەڕوانی هیچ پاداشتێکی لەکەس و لە هیچ لایەنێک و دەسەڵاتێک نییە. لۆژیکیانە ڕەفتارکەرو گوفتار بێژو کردار بە وتنەکانیەوە دەکات .وە هەستیارە بەرامبەر کێشەکان و توانای دەستنیشانکردنیان لە هەق بێژیدا .
ئەگەر بمانەوێت ئەو تایبەتمەندییە سەرەکیانە بزانیین کە لە بیرمەندێکی داهێنەرو ڕاستگۆدا هەیە هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەوە ئاسانتر نی یە کە قەلەمەکانیان ناچەمێننەوە بۆ هيچ دەسەڵاتێک و هيچ باوەڕێکی کرچۆڵ و ناوەڕۆک پوچ و بێ بنەمای تيوری .هێزی داهێنانیان بەخواستی عەشیرەت وبنەماڵەو خێڵ و نەتەوەگەرایی نابەنە پێشەوە.
ئەخلاقیاتی نوسەرانی ئەوبەری چەمیش ڕێک پێچەوانەکەی جێ بەجێ دەکەن زۆر بەکورتی خۆیان تەسلیم بەهەرزان فرۆشی دەکەن و کۆمەڵگەش کە نوقمی بێ مافی و هەژاری بووە توشی بێ ئاسۆیی دەکەن، چونکە خۆیان بەشێکن لە بێ ئاسۆیی، چاپتەری دووهەمی سوننەتێکی سیاسی بوون کە ئیدعای گۆڕانیان دەکرد سەرەنجام شکستی خۆیان لە مێژوودا ڕاگەیاند ومەئموریەتەکەیان تا ئێرە بوو بەس .
کاوان قادر : جێگەی داخێکی گرانە کە، ڕۆژگاری سەرمایەداری و حوکمی قەرەقوشی سەردەمێک لە ئێستادا کە لە ئارادایە کۆمەڵگەی لەبەر یەک هەڵوەشاندووە، پێتان وا نی یە ئەم دیاردانە سەرەنجام بن و هۆکاری گەورەتریان لە پشتەوە بێت، ئەوەی دەگوزەرێ لەنێو هونەرمەندان وئەدیبان قوربانی ئەو هەلومەرجە بن؟
ڕێبوار حەمەشەریف: من لەو بڕوایەدام ئەوە ڕاستی تێدایە، بەڵام کەم نین ئەوانەی لە ڕابردوو ئێستادا بە نەمری ژیان و ڕاستگۆیانە مەهام وپەیامی هونەرو ئەدەبیان بە ئەمانەتەوە بە شوێنی خۆی گەیاند، بۆ نا؟ ئێمە قسە لەسەر دوو ڕوویی دەکەین قسە لەسەر ئەو شیعارو بەڵێنانە دەکەین کە بۆ فریودان لێمان ببون بە شەبەحی شۆڕش وگۆڕان، ئەو ئومێدو ئاسۆیەی کە ساڵەهایە کاری لەسەر دەکەین ئەمانە ڕۆڵی خۆێیان لەسەر برنی کۆمەڵگە گێڕا .
((ڕەخنەگری چەسپی)) و کەسییەتی زانای بیرمەند بۆ پلەو پۆست و پارەو گەیشتن بە (دووگ) پەیدابوون، کە حزب و دەسەڵاتەکان قەڵەویان دەکەن و دابەستە دەکرێن تا ڕۆژی جەژنی قوربانی و لە مەیدانی سیاسەتێکی پاسیفدا تووشی بەشودان دەبنەوە، بەوەش ڕەنگە کۆمەڵگەو دوا کەوتووانی تووشی شۆک بکات و سیمبوڵی ڕۆشنفکری و بيرمەندان ناوزەدو توشی هەرەس و داڕمانێک و بێئومێد بوون بکاتەوە با ئەوە لای هەموومان ڕۆشن بێت کاریگەری سیلبی قەڵەم بەدەستێک کەمتر نی یە لە سیاسی یەکی تاوانبار .
بەڵام، وەک لە سەرەتادا باسمانکرد ئەوانە بیرمەندە ڕاستگۆکان نەبوون و تەنها دابەستە بوون بۆ ئەوەی بیری نەوەیەک تێکبشکێن کە خودی ئایدۆلۆژییەتی حزبێک ويستی بووە و ئامانج لە بەرهەمهینانی بووە تا وەک کەرەسەیەکی خاو بکرێتە مادەیەیەک و هەرەس بە هەموو ئەو خشت و بناغە بنەڕەتیانە بهێنێت کە بينای ئازادی و هەتاوی ترۆپک تێدا هەڵدێت .
دەکرێت… هەموومان” لێرەوە … وردترو بیناسازیی تر تێبڕوانیین تێبکۆشین و کۆڵنەدەربین و تێکنەشکێین و چاوکراوەتربین لە ئاست هەر ئەگەرێکی وەهادا کە ئەگەر، بیرمەندێکی درۆزەنە پەیدابوو، چاوکراوەترو قوڵتر تێفکرین لە کردەو گوفتارو ڕەفتاری کەسییەتیدا کە هەر کەسێک ئیدعای بیرمەندیەت بۆ بکا، خۆ ناکرێت هەر (مەهدیەک)ی درۆزن سەر هەڵبدات و ئیتر بڵێین: تەواو دنیا کۆتایی هات.
ئەوەی لە باشوور دەگوزەرێت پەتپەتێنێک و ياریەکی قيزەوەنی ئەو حزبانەن لە مۆراڵی هونەری وئینسانی دواکەوتوون، وە هەر وەها هەوێنی کوشتنی بيری نەوەیەکی نوێن و زيندە بەچاڵکرنی ئەقڵە پێشکەوتوو… خوازەکانە، کە زۆرینەی حیزبەکان لە زۆر ڕێگەوە ڕۆژانە پلان دانەرن تا خواستەکانی حیزب و کەسانی بەرژەوەند پەرست لەو ڕێگەوە دەست بەسەر بيرە ئازادەکاندا بگرن و تێکیبشکێنن بەوەش ئامانجیانە، تا نەوانەی کەوا بەڕێوەن بۆ گۆڕانکاریەکان “قۆناغێکی دوورتر بگرنەوەبەر وە، هەستانەوەیان زەحمەت و ئاسان نەبێت.