هەر رۆژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن…رێواس ئەحمەد بانیخێڵانی: نووسەر

0

لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، کاتێ یاسا هەموار دەکرێتەوە پشت بە گەلێ بنەما دەبەستێ، هۆکاری هەموارکردنەوەی یاسا گونجاندنی یاسایە بۆ هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی، و ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە کۆمەڵگە و هەموو سێکتەرەکانی ڕوویانداوە. ئەوەی چاوەڕوانکراوە یاساکان بۆ چەسپاندنی یەکسانی و جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤە، و لە ئەنجامدا بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرە.

هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ کە لە ساڵی ١٩٥٩ و بەشی پێنجەم و کۆتایی چەند ئاڕاستە و خاڵێکی مەترسیداری تێدایە. کە پێچەوانەی داخوازی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کە مافەکانی مرۆڤی تێدا دەستەبەرکرابێت. مەترسی هەموارکردنەوەی هەموو ئەو بەشانە پێشێلکردنی مافەکانی منداڵ و ژنە، نەک تەنیا کۆڵەکەکانی کۆمەڵگەیەکی باوکسالاری بەهێز دەکەن، بەڵکو بەرەو جەنگەڵستانی سەدەکانی ناوەڕاستمان دەبات کە ژن و منداڵ کوێلەی پیاو بن. هەموارکردن و بڕیاردانی جێبەجێکردنی ئەم بەشانەی یاساکە تەواو پێچەوانەی ڕەوتی پێشکەوتن و ئەو گۆڕانکارییانەیە کە بزووتنەوەی جەماوەر و هێزە چەپە مرۆڤدۆستەکان دەیان ساڵە خەباتی بۆ دەکەن. لێرەدا بەکورتی دەمەوێت باسی مەترسییەکانی ئەو بەشانە بکەم نەک تەنیا لەسەر منداڵ و ژن؛ بەڵکو لەسەر تەواوی کۆمەڵگە. ١-ڕێگەدان بە بەشوودانی منداڵی تەمەن نۆ ساڵ؛ واتە ئەو کچە قوتابییەی لە پۆلی سێی سەرەتاییە. ئەمە خۆی لە خۆیدا پێچەوانەی مافەکانی منداڵن. منداڵ لەو تەمەنە دەبێت منداڵی خۆی بژی، بخوێنێ، یاری بکات، بە پرۆسەیەکی سروشتی گەشە بکات، هەست بەگۆڕانکاری ئەندامانی لەشی بکات. هەستەکان و هزری هاوسەنگ پەرە بسێنن. بەم هاوسەرگیرییە هەموو ئەم خەون و ژیانە ئاساییە لە منداڵ زەوت دەکەیت. لە وڵاتانێک کە مافەکانی مرۆڤ و منداڵی تێدا چەسپاوە، سێکسکردن لەگەڵ منداڵدا تاوانە لە ڕووی یاساییەوە سزادەدرێن. بیهێنە پێش  چاوی خۆت قوتابییەکی پۆلی سێ بدرێت بە شوو، هێشتا تەواو جەستەی خۆی ناناسێ و پرۆسەی سێکسی نێوان پیاو و ژن نامۆیە بۆی. لەوانەشە بدرێت بە پیاوێک کە بیست ساڵ لە تەمەنی خۆی گەورەتر بێت، یان لەوانەیە چەند منداڵێکی هەبێت لە کچە نۆ ساڵەکە گەورەتر بێت. جا نازانم چ ویژدانێک ئەمەی پێ قبوڵە! چ پیاوێکی نەخۆش لە ڕووی دەروونییەوە دەتوانێ سێکس لەگەڵ منداڵێکی نۆ ساڵ بکات! لەم بەشوودانەش لەم تەمەنەدا منداڵ بێبەشدەکات لە خوێندن و دابینکردنی داهاتووی خۆی. هەر لەو تەمەنە بچووکەوە دەخرێتە بەر بەرپرسیارێتی ڕاگرتنی مێرد و ماڵ بەڕێوەبردن و لەچوارچێوەی دیواردا زیندانی دەکرێت. لێرەدا پرسیارێک ڕووبەروومان دەبێتەوە ئایا حکومەتی عێراق لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەرپرسیارنییە لە جێبەجێنەکردنی بەیاننامەی مافەکانی منداڵ کە لە ساڵی ١٩٨٩ دەرچوو،؟ عێراقیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە واژووی کرد. ئایا ئەم هەموارکردنە دژی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ ی ساڵی١٩٦ نییە؟ چونکە ئەم بەشوودانە بە توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی دادەنرێت بۆ منداڵانی خوار هەژدە ساڵ. ٢- لە کاتی جیابوونەوەی ژن و مێرد، منداڵ لای باوک دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا لەهەموو یاساکانی وڵاتاندا تا تەمەنی ١٣ ساڵ منداڵ لای دایک دەمێنێتەوە، تەنیا لە کاتێکدا گەر دایکەکە نەیەوێ منداڵەکان لای خۆی بمێنێتەوە. پاش ئەو تەمەنە منداڵ خۆی بڕیار دەدات لای کامیان بمێنێتەوە و بژی. بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی باوە لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی لە کاتی جیابوونەوەی ژن و مێرد، پیاوەکە ئاسانتر و زووتر دەتوانێت ژنێکی تر بێنێت، لەم حاڵەتەدا منداڵەکان دەکەونە بەر ڕەحمەتی باوەژن و چەندان چیرۆکی پڕ ئازارمان بیستووە لەسەر ئەو منداڵانەی کە دەکەونە لای باوەژن. بەڵام لە حاڵەتێکدا دایکەکە شوو بکاتەوە؟ زیاتر ئاگای لە منداڵەکەی خۆی دەبێت و دەیان چیرۆکیشمان لایە کە دایکان قوربانیان بە خۆیان داوە لە پێناو پەروەردەکردنی منداڵەکانیان.  ٣- لە کاتی جیابوونەوە پیاو هیچ نەفەقەیەک، پێشەکی و پاشەکی نادات بە ئەو ژنەی لێی جیابووەتەوە. دیسانەوە لێرەوە مافەکانی ژن پێشێل دەکرێت. بە تایبەتی گەر بێتو ئەو ژنە کار نەکات و نەتوانێ بژێوی ژیانی خۆی مسۆگەر بکات. جا لەم حاڵەتەدا ژنان ناچاردەکرێت هەموو توندوتیژی و زوڵمێکی پیاو قبوڵ بکەن، ببنە کویلەی پیاو، چونکە پاش جیابوونەوە ناتوانن ژیانێکی شایستە بژین. ٤- لە کاتی مردنی مێردا ژن هیچ میراتێکی بەرناکەوێت، لە کاتێکدا لەوانەیە ئەو ژنە هاوشانی مێردەکەی کاری کردبێت و سەروەت و سامانی خێزانەکەیان پێکەوە نابێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، ژن بەبێ پیاو هیچ وجودێکی نییە و دووریش نییە پاش ئەمە یاسایەک دانێن وەک هەندێ لە عەشیرەتەکان لەکاتی مردنی پیاودا ژنەکەشیان زیندەبەچاڵ دەکرد. ئا لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت ئەمانە دەیانەوێت کۆمەڵگە بەرەو چ هەڵدێرێک ببەن وچۆن لە ڕێگەی یاساکانەوە بە خشپە بمانگەڕێننەوە بۆ سەردەمی تاریکستانی سەدەکانی ناوەڕاست و تەنانەت پێشتریش. ٥- بەبێ گەڕانەوە بۆ مەحکەمە، لەلای شێخ و مەلاکان مارەبڕین بە شەرعی حیساب دەکرێت! لێرەدا ڕێگە بە چەند ژنی دەدرێت و یاساکان ڕۆڵیان نامێنێت، و سەروەرنابن ئەو کات کۆمەڵگەیەکی بێ یاسا و ڕێسا دەبین و مافەکانی مرۆڤ بە تەواوەتی پێشێل دەکرێت. شێخ وکۆلکە مەلاکان دەسەڵاتی تەواویان دەبێت و مارەکردن دەبێت بە بزنس بۆیان، بێڕەچاوکردنی بەها مرۆییەکان. ئەوەی مەبەستی سەرەکی و چەقی ئەم هەموارکردنەوانەیە؛ پێشێلکردنی مافەکانی منداڵ و ژنە و هەردووکیان بێ ڕەچاوکردنی بەها مرۆییەکان دەبنە فاکتەری سێکسی بۆ تێرکردنی غەریزەی برسی سێکسی پیاوەکان. چەسپاندنی کۆیلایەتی ژن و منداڵە بۆ پیاو، وەک چۆن لەسەردەمی کۆیلایەتی پیاو سەر بە هەر چین و توێژێک بووایە، مافی بەکارهێنانی توندوتیژی تا ڕادەی کوشتنی هەبوو. بۆیە هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ تێکدانی شیرازەی خێزان و هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی ڕۆڵی خێزان لە پەروەردەکردن و فێرکردنی منداڵ چ لە خێزان و چ لە قوتابخانە. بۆیە ئەوەی تۆزقاڵیک هەستی مرۆیی تیدابێت دەبێت دژ بەم هەمواکردنەوەیە بێت و خەڵكان لە مەترسی ئەم هەنگاوە هۆشیاربکەنەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.