دیموکراسی: لێکدانه‌وه‌کان و واقعیه‌ت چاوپێکه‌وتنی مەنسور حیکمەت له‌گه‌ڵ ئینته‌رناسیۆناڵ

0

  بەشی شەشەم

ئینته‌رناسیۆناڵ: ئەحکامە پایەیییەکانى لیبراڵیزم و ئەو مافە “سروشتى”یانەى ئەم ڕێبازە مەبەستێتى بەگشتى کامانەن؟ بە چ شێوەیەک لیبراڵیزم لە پشت پێناسەکردنى ئەم مافانەوە پارێزگارى لە ئیعتیباری بۆرژوازى دەکات؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: بەشێک لەم ئەحکامانە هەر ئەوانەن کە ئەمڕۆ وەک مافە سەلمێنراوەکانى مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکان باس دەکرێن. ئازادیى بیروباوەڕ و ڕادەربڕین، ئازادیى کۆبوونەوە و ڕێکخراوبوون و لیستێک لە ئازادییە فەردییەکان، ئەو کۆمەڵە ئەحکامە بنچینه‌یییه‌ی لیبراڵیزمى کلاسیکن. پێویستە وەبیرى بێنینەوە کە من لێرەدا قسە لە لیبراڵیزمى کلاسیک وەک ڕێباز “قوتابخانه‌”یه‌ک دەکەم. لیبراڵەکان و حیزبە لیبراڵییەکان کە لەوانەیە بە قەدەر نووکە دەرزییەک بەرامبەر هیچ کامیان وەفدار نەبن.

لیبراڵیزم و ئەو داواکارى و مەسەلانەى کە دەدرێنە پاڵى، لە ڕیزى پێشەوەى خەباتى بۆرژوازیى ڕوو لە گەشەى ئەوسادا، دژى کۆت و بەندەکانى فیۆداڵى و پێودانگەکانى پاشایه‌تییه‌ ڕه‌هاکان بوون و هاتنەسەرکارى ئەم مافانە و تەنانەت لەسەرکاربوونى نیوەناچڵ و ڕووکەشانەشیان وەک مافە سروشتییەکان لە کۆمەڵگادا، بە پێشکەوتنێکى بنەڕەتى لەچاو بار و دۆخى کۆندا دادەنرێت.

بەڵام مەسەلەکە، نە هەر بەوەندە دەبڕێتەوە و نه‌ ئەم جۆرە مافانەش کرۆکی ئەسڵیى لیبراڵیزم پێک دێنن. ئەو ئازادییانەى کە ڕێبازى لیبراڵى لە مەیدانى سیاسەت و دەوڵەتدا مەبەستییەتى، لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوە و لێ وەرگیراوى کۆمەڵە بنەمایەکە، کە ئەم ڕێبازە لە زەمینەى ئابوورى و چینایەتیدا نیشانى دەدات. لیبراڵیزم وەک ئایدیۆلۆژیی سەرمایەدارى و ڕەسەنێتى بازاڕ لەبەرامبەر سیسته‌مى ئابووریى دەرەبەگایەتیدا هاتە مەیدان. بەپیرۆزڕاگرتنى خاوەندارێتیى تایبەتیى بۆرژوایی، ئازادیى تاک، وەک ڕەنگدانەوەى مرۆیییانەى خاوەندارێتیى تایبەتى و یەکەیەکى ئابوورى، لە گۆڕەپانى هەڵسوکەوتى ئابوورى لە بازاڕدا، بنەماى لیبراڵیزم پێک دێنێت. لایەنگرى لە ئازادییە فەردى و مەدەنییەکان لە تیۆرى سیاسیی لیبراڵیزمدا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بەرگریى ئەم ڕێبازەیە لە ئازادیى هه‌ڵسووڕانى ئابوورى و سیاسیی کەسى بۆرژوا لە جیهانى واقیعى بازاڕدا. ڕۆشنە کە ئەم بنەما بەئاشکرا چینایەتییە، کە بە ئاشکرا بەرگرى لە ئابووریی سیاسیی سەرمایەدارى دەکات، نەک تەنها هەر مەوداى لایەنگرى ئەم ڕەوتە لە ئازادى و مافە سیاسییەکان سنووردار و بەرتەسک دەکاتەوە، به‌ڵکوو مانا و لێکدانەوەیەکى تایبەتیش بە پێناسەیەک دەبەخشێت، کە لە بارەى ئازادییە سیاسییەکانەوە دەدرێت. ئەوەى کە لەنێو تەواوى ئەحکامەکانى لیبراڵیزمدا پیرۆزه‌ و دەستکاری نەکراوە، ئەوەى کە لێکدانەوە و باسکردن هەڵناگرێت، خاوەندارێتى تایبەتیى بۆرژوازییە. پیرۆزترین و “سروشتیترین” مافى تاک لاى لیبراڵیزم، مافى خاوەندارێتییە. کاتێک بیرى لێ بکەیتەوە، خاوەندارێتییەک کە بەم شێوەیە پیرۆز سەیر ده‌کرێت، لە لایەکەوە لەسەر ڕەخنەلێگرتن و ڕەتکردنەوەى شێوەیەکى ترى خاوەندارێتى، یانى خاوەندارێتیى خانەدانى و دەرەبەگایەتى دامەزراوە و لە ڕوویەکى ترەوە پەیوەندە بە هەبوونى چینێکى مەزن، که‌ خاوه‌ندارێتی لەو کۆمەڵگایەدا کە لیبراڵیزم مەبەستێتى له‌ده‌ست داوه، ‌ئەوسا ڕۆشن دەبێتەوە کە چۆن مەبەستى ئەم ڕێبازە لە ڕاستیدا بیانووهێنانه‌وه‌ و بەپیرۆز سەیرکردنى جێگا و دەسەڵاتى بۆرژوازى و بەدەستەوەدانى سەرخانێکى سیاسیی گونجاو بۆ سەرمایەدارییه‌. ڕۆشن دەبێتەوە که‌ چۆن ئه‌و “کۆمەڵگا مەدەنى”یه‌ی کە لیبراڵیزم بەرگرى لێ دەکات، جگە لە ڕەنگدانەوەى حوقووقییانەى بازاڕ و مافە “سروشتى”یەکانى جێمەبەستى لیبراڵیزم شتێکی دیکه‌ نییە. مافە بۆرژوایییەکانى تاک لە دواشیکردنەوەدا ئیمتییازاتى تاکی بۆرژوازییه‌. لیبراڵیزم لە ئەسڵە سەرەتایی و ئینگلیزییەکاندا، پشتى بە شتێک بەستووە کە به ‌زاراوە و بە لێکدانەوەیەکى میکانیکییانە، پێى دەوترێت “ئازادیى سیلمى”، یانى ئازادى لەو ڕێگر و کۆتە (لەوانە، قانوونه‌کان و بڕیارنامه‌کان) دەرەکییانەى کە دەتوانێت ڕێگە لە هەڵسوکەوتى ئازادانەى فەرد بگرێت. لیبراڵیزم خاڵى دەستپێکردنى خۆى بە پارێزگاریکردنى هەڵسوکەوت و ئازادیی هەڵسووڕانى فەردى لەبەرامبەر دەستدرێژى دەسەڵاتداران و دەوڵەت و “کۆمەڵگا”دا پێناسە دەکات. لەم ڕێرەوەدایە کە ئازادییە فەردى و مافە مەدەنییەکانى مانایەکى نوێ و سەیر و سەمەرە پەیدا دەکەن. ڕەسەنێتى فەرد و ئازادیى فەردى بۆ چینى بۆرژوا، بە نەبوونى کۆمەڵە قانوون و دامەزراوێک گوزارشتی لێ دەکرێت، کە ڕێگرى ئازادیی هەڵسووڕانى سەرمایە و فەردى سەرمایەدار لە بوارى ئابووریدا بن. لە لایەکى ترەوە، لەبەرامبەر چینى کرێکاردا، کە هیچ باسێک لە خاوەندارێتى و زاڵبوونى فەرد بەسەر هۆیەکانى بەرهەمهێناندا لە گۆڕێدا نییە، ڕەسەنێتیى فەردیی کرێکار بە شێوەی زەروورەتى تاکخستنەوە و بەتەنیاکەوتنەوەى فەردى کرێکار لەبەرامبەر سەرمایەدا پێناسە دەکرێت. لیبراڵیزمى کلاسیک لە پەیوەند بە سەرمایەوە، تایبه‌تیگەرا و دژى دەستتێوەردانى دەوڵەتە لە ئابووریدا. دژى وابەستەکردنى سەرمایەى تایبەتى و فەردیى بۆرژوازی بۆ جۆرە قانوون و بڕیار و مەدارێکى سەروو قانوونەکانى بازاڕه‌وه‌یه‌. لەڕوویەکى ترەوە لەبەرامبەر کرێکاراندا، لیبراڵیزم دژى دەرکەوتنى بەکۆمەڵیان و دژى وابەستەبوونى فەردى کرێکارە بۆ سیاسەتی سه‌ندیکا و ڕێکخراوەى کرێکارى. من و تۆ لەوانەیە پێمان وابێ، بوونى سه‌ندیکا ڕێگا بۆ بەدیهاتنى هەندێ لە مافە “سروشتى” و مەدەنییەکانى کرێکاران خۆش دەکات. بەڵام لیبراڵیزمى کلاسیک ئەمە بە ڕەتکردنەوەى ئازادیی فەردیی کرێکار لە شێوەى فرۆشتن و کەڵکوەرگرتن لە هێزى کارەکەى دەزانێت. ئەم ڕووە یەکجار کۆنەپەرستەى لیبراڵیزم و ئەم لێکدانەوە ڕاستڕەوانەیە لەمەڕ ئازادیی فەردییەوە، کە لەژێر ناوى نرخدانان بۆ ئیرادەى فەرد و هەوڵ و داهێنانى فەردیدا، تەبلیغ بۆ لێپرسراوێتی ڕه‌های هەر فەردە لەبەرامبەر بەش و چارەنووسى له‌ دنیادا و هەروەها بۆ ڕزگاربوونیشى بە هەوڵ و تەقەلاى فەردیى خۆى دەکات، لە ڕێبازى لیبرتاریانیزم، کە بەهۆى تاتشەریزم و تێکەڵکردنى ڕێبازى ئابوورى “مانتاریزم”ەوە بوو بە مەیلێکى زاڵ لە دەیەى هەشتاکاندا، دەگاتە ئەو پەڕی. لیبراڵە بەناو شارستانیتر و ئینسانترەکانى ئه‌ورووپا و ئەمه‌ریکا کە باڵى ناوەندى سیاسەتى ئەم وڵاتانە پێک دەهێنن، ئەوانەى کە بە ڕادەیەک لەژێر گوشارى سۆسیالیزم و سۆسیال دیموکراتیدان، کە کۆمەڵە نه‌ریتێکى بنەڕەتى ئه‌ورووپا لەبەرامبەر به‌ریتانیادا بوون، بەڵێ لەژێر ئەم گوشارەدا زۆر بە شێوەیەکى توندڕەوانە دواى ده‌سته‌واژه‌ی ئازادیی مەنفى ناکەون. لەم ڕێبازانەى تردا، ئازادى نەک تەنها ماناى نەبوونى ڕێگریى دەرەکى و بڕیاڕ و مەدارى دەستوپێگرن، به‌ڵکوو پەیوەندى بە هەبوونى هەلومەرجى ماددى و مەعنەوییەوە بۆ هەڵبژاردنى فەردیی هەیە. هەموومان لەم دنیایەدا مۆڵەتمان هەیە زۆر کار ئەنجام بدەین کە هەرگیز دەرفەتى ماددى، وە یان پێناسە و زانیارى تەواومان بۆ ئەنجامدانیان چنگ ناکەوێت. ئەم ڕووەى ده‌سته‌واژه‌ى ئازادى، کە به‌ “ئازادیى پۆزه‌تیڤ” ناو دەبرێت، یانى بەهرەمەندبوون لە پێداویستیى هەڵبژاردنى ئازادانەدا، بەشێک نییە لە سیسته‌مى فیکریى لیبراڵیزم و لەبنەڕەتدا میراتى نه‌ریتە سۆسیالیستى و کۆمەڵگەخوازەکانە. گەشە و سەرهەڵدانى سۆسیال دیموکراتى و دەوڵەتى خۆشگوزەرانى بە ڕادەیەک ئەم لایەنەیان لە فەرهەنگى سیاسیی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانى ڕۆژئاوادا بۆ ماوەیەک بەهێز کرد. ئەمە وا نیاز بوو ببێتە بنەماى سەرمایەدارییەکى “بەڕەنگ و بۆی مرۆیى”. لەوانەیە بۆ زۆرێک لە خوێندەواران و ڕۆشنبیرانى کۆمەڵگە دواکەوتووەکان، ئەمە ئەو “ڕەنگ و بۆ”یە بێت کە نیزامى سیاسیی ئه‌ورووپاى ڕۆژئاوا و لێرەشەوە ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراتى کە خۆى پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى بەم “ڕەنگ و بۆ مرۆیى”یەوە نییە، لە لایان ده‌بێتە شتێکى سەرنجڕاکێش. ڕێبازى لیبرتاریانیزم بە ڕابەرایەتیى ڕه‌وتی تاتشەر، لەسەر پایەى گیروگرفتە ئابوورییەکانى سەرمایەدارى ڕیفاە لە دەیەى هەشتاکاندا، ڕێک بە پشتبەستن بە ده‌سته‌واژه‌ی “حوکوومه‌تى خەڵک” و بە وەرگرتنى ڕاى خەڵک، پایەى ئەم سیسته‌مەى هێنایە لەرزە….

Leave A Reply

Your email address will not be published.