هەموارکردنی پێشنیاز کراو بۆ یاسای باری کەسێکی عێراقی… نووسینی: خالید مەجید
.١- هەموار کردنەکە پشت بە مادەی (٤١) لە دەستووری عێراق دەبەستێت، کە دەڵێت “عێراقییەکان ئازادن (ژن و پیاو) لە وابەستە بوونیان بە باری کەسێتی خۆیانەوە بەپێی”
أ- ئایین. ب- مەزهەب. ج- باوەڕ. د- بژاردەی خۆیان
کەواتە دەبێت ئەم چوار ڕەگەزە لە خۆ بگرێت (ئایین، مەزهەب، باوەڕ، بژاردە یان ویستی شەخسی).
هەرچەندە پێشنیاز یان پرۆژەی هەمواری کردنی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ ساڵی ١٩٥٩ پشت بە ماددەیەکی دەستووری ڕوون و ئاشکرا دەبەستێت و ناکرێت تانەی لێ بدرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هەموارەکە تەنیا باس لە (مەزهەب) دەکات کاتێک کە دەڵێت عێراقی ئازادە لە هەڵبژاردنی ئەو مەزهەبەی کە باری کەسێکی ڕێک دەخات و باس لە سێ ڕەگەزەکەی دیکە ناکات کە (ئایین و باوەڕ و بژاردەی کەسەکان خۆیانە) بۆیە دەبوو یاسا دانەری عێراقی هەموو داواکارییەکانی دەقە دەستوورییەکەی بەرجەستە بکردایە، نەک یەک ڕەگەزیان هەڵببژێرێت، و ئەوانی دیکە پشتگوێ بخات. بەمەش دەقە دەستوورییەکەی بەش بەش دەکات و هەمووی جێ بەجێ ناکات.
٢- لە کاتی هاوسەرگیری تێکەڵدا واتا جیاوازی لە مەزهەبی هەر دوو لایەنەکەدا یان لەسەر یەک مەزهەبن وهەر یەکەیان پەیڕەوی مەزهەبێکی جیاواز دەکات. ئەگەر بەپێی مادەی (٤١) لە دەستووری عێراقییەکان ژن و پیاو یەکسان بن بەبێ جیاوازی لە ڕەگەز (نێر و مێ..یان مەزهەب شیعە و سوننە) بەپێی مادەی ١٤ لەبەرامبەر یاسادا، بۆچی حوکمی مەزهەب یان فەتوای مەرجەعێکی بەسەردا دەسەپێنرێت کە باوەڕی پێی نییە؟ بۆچی هەق بە پیاو دەدات ئەو مەزهەبەی کە دەیەوێت هەڵببژێرێت بۆ ڕێکخستنی باری کەسێتی خۆی، بەڵام ئەو مافە لە ژن زەوت دەکات، گوناهی ژنێکی شیعە چییە کە مەزهەبی سوننە هی پیاوەکەیەتی بەسەردا بسەپێنرێت لەبەر ئەوەی مەزهەبی پیاوەکەیە، یان ژنێکی سوننە مەزهەبی پیاوە شیعەکەی بەسەردا بسەپێت. ئەمە پێچەوانەی مادەی ١٤ لە دەستوورە کە دەڵێت “عێراقییەکان یەکسانن لەبەرامبەر یاساد”.
٣- نووسینی یاساکان کاری پەرلەمانە…
بەڵام بەپێی ئەو پرۆژە یاسایە (( ئەنجوومەنێکی عیلمی)) کە لە هەر دوو وەقفی سوننی و شیعی پێکدەهێندرێت بۆ نووسینی یاسای حوکمە شەرعییەکانی تایبەت بە باری کەسێتی، ئەوەش پێچەوانەی ئیختیساسە یاسایییەکانە کە نووسینی پێشنیازە یاسایییەکان بەتەنیا کاری ئەنجوومەنی یاسادانانە پەرلەمان ( لیژنە پەرلەمانییەکان) بۆ هیچ لایەنێکی دیکە نییە ئەو کارە بکات، دەکرێت پشت بە پسپۆڕ لە دەرەوەی ئەو لیژنە پەرلەمانیانە ببەسترێت، بەڵام نووسینی یاساکە نابێت بدرێتە دەست هیچ لایەنێکی دەرەوەی پەرلەمان.
٤- ئەم هەموار کردنە ڕێگەی داوە کە عەقدی زەواج لە دەرەوەی دادگا بکرێت، وئەو سزایەشی لا بردووە (کە بەندکردن بوو) لەسەر ئەوانەی ئەو کارە دەکەن و لەسەر دادگاکانیشە کە ئەو گرێبەستە ڕاستاندن (تەسدیق) بکەن.
لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە چییە:
أ- زۆر بەئاسانی دەتواندرێت نکۆڵی لە هاوسەرگیرییەکە بکرێت، چونکە هیچ بەڵگەیەکی فەرمی بەدەستەوە نییە و لە دەرەوەی دادگا کراوە.
ب- کێشە بۆ ئیسپاتکردنی نەسەب دروستدەکات کاتێک کە پیاوەکە نکۆڵی لەو هاوسەرگیرییە دەکات.
ج- مافی ژنەکە لە مارەیی و نەفەقە.
٥- زەوتکردن مافی ژن لە گلدانەوەی منداڵەکانی لەلای خۆی (حق الحضانة) لە کاتێکدا کە ئەو ژنە شوو بکاتەوە. ئەمە وا دەکات ئەو ژنانەی کە لە مێردەکانیان جیابوونەتەوە یان مێردەکانیان مردووە لەبەر منداڵەکانیان نەوێرن شوو بکەنەوە. ئەوەش کێشەی کۆمەڵایەتی هەمەجۆری لێ دەکەوێتەوە.
٦- ڕێگەدان بە فرەژنی؛ وا دەکات پیاوێک چەند خێزانێکی هەبێت کە نەتوانێت بەباشی بەڕێوەیان ببات، و منداڵە کانی پەروەردە بکات. ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی توێژێکی فراوان لە منداڵی لادەر لەناو کۆمەڵگەدا.
تەڵاقدانی ژن و دەرکردنی لە شوێنی نیشتەجێبوونەکەی بە شێوەیەکی کتوپڕ؛ وای لێ دەکات کە سەرگەردان ببێت. بۆیە دەبێت پیاوەکەی یان دەوڵەت شوێنی شیاوی ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بێت بۆ دابین کات، تاوەکوو وەزعی خۆی ڕێکدەخاتەوە.
٧- تەمەنی باڵق بوونی بەستووەتەوە بەتوانای جەستەیی ئەو کچە منداڵەوە نەک بەتوانای عەقڵی و ئامادەیی بۆ بەڕێوە بردنی ماڵ و منداڵ وخێزان و تاوانی بۆ دیاری کردنی بەرژەوەندی خۆیی و داکۆکی کردن لێی کە ئەگەر لە هەژدە ساڵ کەمتر بێت ناتوانێت ئەوە بکات. بەپێی مەزهەبی حەنەفی کە مەزهەبێکە لە مەزهەبەکانی ئەهلی سوننە:کچ دەبێت لە ١٧ ساڵیدا بەشوو بدرێت، بەپێی مەزهەبی جەعفەری بۆی هەیە لە ٩ ساڵیدا شوو بکات!
هەروەها زواج المتعة واتا کاتی ئەو بنەمایە هەڵدەوەشێنێتەوە کە هاوسەرگیری لەسەر دروست بووە ئەویش پێکەوە نانی خێزان و خستنەوەی وەچەیە و بەردەوامییە.
فوقەها بڕیاریان داوە مافی بە شوودانی کچی سەر بێشکە بدەن بە وەلی کچەکە (باوکی)، چونکە ئەو بەرژەوەندی ئەو کچە دەزانێت!! و هەقیشیان بە کچەکە داوە ئەگەر گەورە بوو ئەو کەسەی بە دڵ نەبوو شووی پێ نەکات، و گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە. ئەمەش کێشەیەکی کۆمەڵایەتی زۆر دروستدەکات. واتا بەشوودانی کچی منداڵ بەبێ ئیرادەی خۆی.
٨- نەفەقەی بەستووەتەوە بە مانەوەی ژن لە ماڵی مێردەکەی، و چوونە دەرەوەی بە ئیزن وەرگرتن لە مێردەکەی، هەروەها مەرجی (استمتاع) بۆ نموونە ئەگەر ژنەکە تۆرا نەفەقەی ناکەوێت، ئەگەر حەزی نەکرد لەگەڵ مێردەکەی بخەوێت نەفەقەی ناکەوێت.
٩- مافی میراتگیری لە عقار واتا زەوی و خانوو بەرە لە کچ دەسەنێتەوە.