هەر رٶژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن… پارێزەر: گەشە دارا حەفید

0

یاسای ژمارەی ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، پێویستییەکی مێژوویی ئەو قۆناغە بوو کە لە دوای حوکمی مەزهەبەکانەوە بۆ باری کەسێتی و رێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی خێزان هاتە کایەوە تێکەڵێکە لە شەریعە و یاسای دانراو(وضعی) تا سەقامگیری و سەروەری یاسا بەدیبهێنێت کە دەبێت یاسا بە یەکسانی یەک حوکمی هەبێت بەسەر هاوڵاتیانی هەر وڵاتێكدا بێ لەوەی دەبێت رێز لەئاینی جیاواز بگرێت،
بەڵام هەر لەگەڵ دەرچوونی هەتا ئەم کاتە دژایەتی زۆرکراوە، زیاتر لە بیست جار هەوڵی هەموارکردنەوەی دراوە، تازەترین هەوڵی شیعەکانی عێراق کە لە پرۆژەیەکدا خۆی دەبینێتەوە بۆ هەموارکردنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و خوێندنەوەی دووەمیش هەڵپەسێردراوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی تر. لە حاڵەتی سەرگرتنی ئەم پرۆژەیە و بوونی بە یاسا، کۆمەڵگەی عێراق دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەی لێکترازان و پەرت پەرت بوون لەبەرئەوەی پرۆژەیەکە خۆی لە خۆیدا هیچ یەکانگیریەکی تێدا نییە، رێگە دەدرێت هەرکەسێک ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی ئەو مەزهەبەی دەیەوێت بۆ باری کەسێتی هەروەک ئاشکراشە مەزهەب تەفسیری فەقیهەکانە بۆ هەر بابەتێک رای جیاوازیان هەیە و حوکمی جیاوازیان هەیە، ئەمە دەبێتە مایەی جیاوازی حوکم بەسەر تاک و گروپەکاندا بە جیاوازی.

هەر لە پرۆژەکەدا دەڵێ لەکاتی ناکۆکی نێوان مەزهەبی پیاو و ژن مەزهەبی پیاو بەهەند وەردەگیرێ، کە جیاکارییەکی زەقە بەرامبەر بە ژن دەکرێت، سەرەڕای ئەمە ئەمە رێگەدەدات حوکمی ئەم هەموارە نوێیە بەسەر پێشتریشدا جێ بەجێ بکرێت لە کاتێکدا خێزانەکان پێشتر بە پێی یاسای ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ ژیانیان جێگیر بووە.

هەموارکردنی ئەم یاسایە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ژنان و منداڵان بەتایبەتی، لەبەرئەوەی وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حوکمی مەزهەبەکان بۆ نموونە لە تەمەنی بلوغدا ناکۆکیان هەیە، بەڵام مەزهەبی جەعفەری کە لە پرۆژەکەدا گرنگی زیاتری پێدراوە لەبەرئەوەی حوکمی کۆتایی لە کاتی خلافدا مەرجەعیەتی نەجەفە، ئەوانیش لە ناو شیعەکاندا بە باشترینیشیان هەڵبژاردووە، ئەم مەزهەب رێگە دەدات بە شوودانی کچ لە نۆ ساڵی هەرچەندە مەزهەبەکان تر رێگە بە مارەکردنی کچان لەسەربێشکە دەدەن، بەڵام مەزهەبی جەعفەری رێگە دەدات بە هاوسەرگیری و چوونە ناو ژیانی هاوسەرێتی بە هەموو ئەرکەکانی وەک ئەرکی هاوسەرگیری کە دەبێت ئەو کچە منداڵە پێی هەستێت لە بابەتی سەرجێی و منداڵبوون و گوێڕایەڵی…
یەک لەو پێشێلکاریانەی تر بەرامبەر بە ژن دەکرێتەوە پێدانی مافی لێدانی ژنە بە پیاو کە بە پێی شەریعەت ڕێگەپێدراوە ئەمە بێ لە نا دادپەروەری لە بابەتی میرات و خەرجی و دایکایەتی، بە پێی ئەم پرۆژەیە دایکایەتی لە دایک دەسەنرێتەوە لە کاتی مردنی باوک یان جیابوونەوە و دەدرێت بە باپیر لە کاتێکدا ئێستا بە پێی یاسای ژمارە ١٨٨ی باری کەسێتی دایکایەتی تا تەمەنی ١١ ساڵ هەر لای دایک دەبێت مەگەر بەرامبەر بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی بیسەلمێنێت کە ئەو دایکە شیاو نییە لە ڕووی تەندروستیەوە. بەپێی ئەم هەموارە هاوسەرگیری موتعە، کاتی، سیغە … هتد کە ئەم جۆرە هاوسەرگیریە لە وڵاتی ئێران جێبەجێ دەکرێت بۆتە مایەی سەرلێشێواندنی چەندەها خێزان وهێنانی دونیای منداڵی بێ ئایندە کە تەنها لە پایتەختەکەی دا سەدان هەزار منداڵ لەدایک بوون و بێ شوناسن. هەموارکردنی ئەم یاسایە دەبێتە پێشێلکاری بڕگەی ٢ لە مادەی ٢ی دەستوور کە باس لە پابەند بوونی عێراق لە بەڕێوبردن و حوکومڕانی بە بنەما دیموکراسیەکانی هەروەها پێشێلکردنی مادەی ١٤ی دەستوورە کە بێ جیاوازی ئاین و نەتەوەو ئیتن و عێراقیەکان یەکسانن، بەڵام ئەم هەموارە جیاکاری دەکات لە نێوان ژن و پیاو هەتا لە نێوان پەیڕەوکەرانی مەزهەبەکاندا. لەبەر ئەوەی لە عێراقدا شیعە زۆرینەیە و باڵادەستە هەروەها دەبێتە پێشێلکردنی مادەی ٨٨ی دەستوور کە سەربەخۆیی دادگا فەراهەم دەکات، بەڵام ئەم هەموارە هیچ نرخێکی یاسایی بۆ دادگاکان ناهێڵێتەوە لە بواری باری کەسێتی هاوڵاتیان. ئەم هەموارە دەبێتە هۆی پەراوێز خستنی عێراق لە ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و چونکە عێراق پابەندە بە چەندین ڕێکەوتننامەی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە نێویاندا ڕێکەوتن نامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٨٩ تایبەت بە مافی منداڵ کە زۆرترین دەوڵەت پەسەندی کردووە عێراقیش لە ساڵی ١٩٩٤ پابەند بوونی خۆی ڕاگەیاندووە لە ساڵی ٢٠٠٧یش هەر دوو پڕۆتۆکۆڵەکەی پەسەند کردووە. پێشێلی پەیماننامەی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسیەکان و پەیماننامەی تایبەت بە مافە ئابوریەکان و کۆمەڵایەتیەکان و کلتوریەکانی ساڵی ١٩٦٦ کە عێراقیش پێوەی پابەندە پێشێلی راگەیەنراوی جیهانی کە بەشێکە لە یاسای عورفی نێودەوڵەتی، هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی عێراق ئەمانە بە هەند وەربگرن و هەڵوەستەی جدی لەسەر ئەم هەوڵە کۆنەپەرستانەیە بکەن تا خەڵکی عێراق ئەوەندەی تر دوچاری نەهامەتی نەبن. پێمان وایە ئامانج لەم پڕۆژەیە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و بە کلتوورکردنی بنەماکانی شیعە گەراییە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا کە دەبێتە زامنکردنی ڕەهەندە سیاسیەکەش کە زەمانەتی دەسەڵاتی سیاسی شیعەیە لە ئاینندەی دووریشدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.