دیموکراسی: لێکدانه‌وه‌کان و واقعیه‌ت چاوپێکه‌وتنی مەنسور حیکمەت له‌گه‌ڵ ئینته‌رناسیۆناڵ… بەشی چوارەم

0

ئینته‌رناسیۆناڵ: ئایا مەبەستتان ئەوەیە کە دیموکراسى خۆى چه‌مکێکى سەربەخۆى لە بوارى ماف و ئازادییە فەردى و مەدەنییەکان، وە یان حوکوومه‌تى خەڵکدا نییە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: مەسەلە ئەوەیە کە بە بێ ئەو بزاوت و ڕێبازەى خەریکە قسە لە دیموکراسى دەکات، ئێمە بۆچوونێکمان لەسەر دیموکراسى نییە. بنه‌ما زێڕینەکانى دیموکراسى، سەربەخۆ لە ڕێبازە سیاسییەکان لە هیچ شوێنێکدا نەنووسراوە. لەسەر کاغەز، ڕوانگه‌ی ڕێبازى لیبراڵیزم بۆ دیموکراسى، ده‌ربڕینێکى باو و زاڵ بووە. دەڵێم لەسەر کاغەز، چونکە لە واقیعدا لە بەشى هەرە زۆرى سەدەى بیستەمدا، تا ئەم دوایییەش، ژیانى بەشى هەرە زۆرى خەڵکى گۆى زەوى بەکردەوە لەژێر کاریگەرى دوو تێگەیشتنى تر لە دیموکراسیدا بوو، یەکێکیان، تێگەیشتنى جەنگى ساردیی “دیموکراسى ڕۆژئاوایی”، کە سەرەڕاى خزمایەتى نزیکى لەگەڵ تێگەیشتنى لیبراڵیدا، بە هیچ جۆرێک نابێ بە هاوتاى یەکیان بزانین و دووەم، تیگەیشتنى خەڵکیى “دیموکراسى خەڵک”، واتە ئەو تێگەیشتنەى کە لێکدانەوەى جەماوەرى فراوانترى خەڵکى وڵاتانى ژێردەستە و دواکەوتووى لە چه‌مکى دیموکراسى پێک دەهێنا. چه‌مکگه‌لى ئەم ڕێبازانە لە بارەى دەسەڵاتى سیاسی و مافە مەدەنییەکان و ئازادیى فەردییەوە لەگەڵ یەکتردا زۆر جیاوازییان هەیە. لە بەشى هەرە زۆرى دەورانى دواى جەنگى دووەمی جیهانى، لە حاڵێکدا کە دیموکراسیى ڕۆژئاوایى و دیموکراسیى خەڵک لەوپەڕى دنیادا لەسەر ئەوەى کە ماناى عەمەلیى ئەم وشانە بۆ خەڵکى چییە، شمشێریان لە یەکدی ڕاست دەکردەوە، دیموکراسیى لیبراڵى لە ناوه‌نده‌ ڕۆشنبیرییه‌کان و ڕێکخراوە خێرخوازییه‌کان و ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤدا هەڵەکانى هەردوو لاى لە دەفتەرەکانى خۆیدا تۆمار دەکرد.

ئەوەى کە لە نێوان هەموویاندا هاوبەشە و هەر وەک وتم حوکمى سەربەخۆ و ناوەڕۆکى بابه‌تیی دیموکراسى پێک دەهێنێت، ئەوەیە کە پەیوەندییەکانى سەرمایەدارى و دامەزراندنى میکانیزمێکى حوقووقی بۆ بەشداریکردن (جا بە هەر پێناسەیەکەوە بێت) لە پرۆسەى دیاریکردن و ئاڵوگۆڕپێکردنى دەوڵەتدا بە بنچینەى خۆى دەزانێت. خودى دیموکراسییان بە حوکوومه‌تى زۆربە داناوە، نەک بە بەرقەرارکردنى کۆمەڵێ پێودانگ و بەها و مافى دیاریکراو. تێهەڵکێشانى ئەم پێودانگە تایبەتانە لەگەڵ چه‌مکى دیموکراسیدا، کارى ڕێباز و بزاڤە سیاسییە جیاجیاکان بووە. ئەم کارە لیبراڵیزم، سۆسیالیزم، کۆنسێرڤاتیزم، ئانارشیزم و ئەوانى تر هەموویان ئەنجامیان داوە. ئەوە گومانى تێدا نییە کە دیموکراسى، وەک نیزامێک کە تیایدا دەخاڵەتى فەرد و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە کاروبارى دەوڵەتدا بە ڕەوا لە قەڵەم دراوە، هەلێکى زیاتر بۆ بزووتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەرەخسێنێ، لە چاو شێوەکانى ترى حوکوومه‌تە نادیموکراتییەکاندا، تاوه‌کوو مۆرى خۆیان بە کۆمەڵگاوە بنێن و بۆ ئه‌و ئاڵوگۆڕانە تێبکۆشن کە گه‌ره‌کیانه‌ بەدى بهێنن. وه‌لی ئەمە خۆى لە خۆیدا کاراکته‌ری کۆمەڵ پێناسە ناکات. مەرج نییە بەرەنجامى پرۆسەى دیموکراتیک بە ماناى ئازادیى فەردى یان گشتیى زیاتر، یەکسانى و دادوه‌ریى کۆمەڵایەتى، پێشێل نەکردنى مافەکانى مرۆڤ و شتى تر بێت. ئازادییە سیاسییەکان و دادوه‌ریى کۆمەڵایەتى، بەرەنجامى خودى پرۆسەى دیموکراتیک نییە، بەڵکه‌ بەرەنجامى ئەو بزووتنەوە و هێزە کۆمەڵایەتییە ئازادیخواز و عەدالەتخوازانەیەیه‌ کە بە درێژایی مێژوو توانیویانە، چ لە جەرگەى پرۆسەیەکى دیموکراتیکدا و چ لە دەرەوەى ئەم پرۆسەیەدا، سەنگ و سووکى هێزە کۆمەڵایەتییەکان بە قازانجى خۆیان و ئامانجەکانیان بگۆڕن و بەشێک لەم ئامانجانە بکەن بە قانوون و عادەت. لە زۆر حاڵەتدا، هەر وەک لە ساڵانى هەشتاکاندا بە پەرەسەندنى تاتشەریزم، بینیمان و ئەمڕۆش بە پەرەسەندنى هێزە فاشیستى و ڕاسیستییەکان لە مەیدانى سیاسەتى پەرلەمانی ئه‌ورووپادا دەیبینین. خودى پرۆسەى دیموکراتیک، وە یان لانیکەم چەند شێوه‌یه‌کی دیاریکراوى ئەم پرۆسەیە، دەتوانێ ببێتە مایەى گەشە و تەنانەت بەهێزبوونى هێزە دژى مرۆیى و کۆنەپەرست و ملهووڕەکانیش. ئەو تێڕوانینە زێڕینەى کە سەرمایەدارى لە ئایدیۆلۆژیی فه‌رمى و لە پڕۆپاگه‌نده‌ سیاسییەکەیدا لەبارەى دیموکراسى دەیدات بە دەستەوە، تێڕوانینێک کە تیایدا فەرد ئازاد و سەرفرازە و هەروەها جۆرێک لە مافە سەرەتایییەکانى مرۆڤ زامنه‌، لێکدانەوەیەکە لەسەر بنه‌ماى تێڕوانینى لیبراڵیزم (وە تا ڕادەیەک سۆسیال دیموکراتیش) بۆ دیموکراسى. بۆ کەسانێکى زۆر ئەم تێڕوانینە موجه‌ڕه‌د و تیۆرییە لە دیموکراسى، لەگەڵ تایبەتمەندییەکانى ژیانى چینى ناوەنجیی وڵاتانى ئه‌ورووپاى ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریکا، وە لەگەڵ ئەو شتەدا کە لەم وڵاتانە، ده‌مارگیری و داسەپاندنى بیروباوەڕ کە لەبەر هۆى جۆراوجۆر کەمتر لە ئارادایە، تێهەڵکێش دەکرێن و تێڕوانینێکى خەیاڵى لە دیموکراسى پێک دەهێنن. بۆ نموونە وەختێک ڕۆشنبیرێکى ئێرانى یان ڕووسی وە یان میسرى و … هتد. داواى دیموکراسى دەکات، ئەم وێنایه‌ى دەوێ. بەڵام ئەمە پڕۆپاگه‌نده‌ی سەر سنوقەکەیە. دیارە ئەگەر تەنانەت ناوەڕۆکەکەشى هەر ئەو شتە بێت کە خۆیان نیشانى دەدەن، دیسانەوە ئێمە وه‌کوو کرێکار و وه‌کوو مارکسیست ڕەخنەى بنەڕەتیمان لێى هەیە. ئێمە ڕەخنەمان لە لیبراڵیزم و تێڕوانینى لیبراڵى بۆ ئازادى هەیە. دیموکراسیى لیبراڵى ئەندێشەى ئازادیى مرۆ دەشێوێنێ، ده‌سته‌واژەیەکە بۆ هه‌ڵاواردنی مرۆڤەکان لە بەرامبەر سەرمایه‌ لە مەیدانى سیاسیدا و بۆ ڕه‌واییدان بە دیکتاتۆریى سەروو خەڵکیی چینى سەرمایەدار. ئەمە لایەنێکى سەرەکیی باسەکەى ئێمەیە لەسەر دیموکراسى کە دەبێ بە شێوەیەکى سیسته‌ماتیک بە کۆمەڵى ڕابگەیەنین. بەڵام ئەم تێڕوانینە لیبراڵییە نە تەنها لە نموونە هه‌نارده‌کراوەکانى دیموکراسیدا، به‌ڵکوو لە خودى وڵاتانى پێشکەوتووى ڕۆژئاواشدا ئەوەندە لە ڕاستییەوە نزیک نییە. دیموکراسیى عەمەلى، دیموکراسى بەو شێوەیەى کە هەیە، تەنانەت لەو تێڕوانینە لیبراڵییەى پوچتر و ڕیاکارانەترە. لە زۆر حاڵەتدا، بۆ نموونە لە بەکارهێنانى ئەم زاراوەیە لە جەنگى سارد لەگەڵ بلۆکى بۆرژوایی ڕه‌قیبدا، وە یان لە جەنگى تەبلیغاتی لە دژى سۆسیالیستەکان و مارکسیزم لە وڵاتانى ڕۆژئاوادا، دیموکراسى بە شێوەیەکى فه‌رمى بە ماناى پیرۆزیی خاوەندارێتى تایبەتى و بازاڕ بەکار دەهێنرێت. بۆ نموونە یەکێک لە کۆڵەکه‌کانى تاتشەریزم، وێناکردنى ئۆرگانە کرێکارییەکان بوو وەک هۆکارى بەرتەسککەرەوەى دیموکراسى و ئازادیى فەردى (بۆ قه‌بووڵکردنى هەموو ئیشێک و هەموو هەلومەرجێک). چەندین جار ڕاپۆرت لەسەر بەکارهێنانى دەزگاى ئەشکەنجە لە دامودەزگا پۆلیسییەکانى وڵاتانى ڕۆژئاوادا دراوە. بوونى کۆڕ و کۆمەڵى نافه‌رمى لە سەرووى دەوڵەت و لە سەرووى ئەنجوومەنەوە بۆ دیاریکردنى سیاسەتەکانى وڵات، دادگا نهێنییەکان و دادگا شکڵییەکان، دەزگا و دامەزراوە نهێنى و چەکدارەکانى کۆنترۆڵکردنى خەڵک، ئاژانسەکان و ئەو ژۆرنالیزمەى کە هونەرى تۆقاندن و وروژاندن و گێژکردنى لە ئەنجامى شۆڕش لە تەکنیک و فۆڕمدا بەوپەرى گەیاندووە، دەستە و تاقمى گۆپاڵبەدەست و ڕاستڕەو کە لە لایەن دەوڵەتەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت و پەیوەندییان بە پۆلیسەوە هەیە و کاریان ملکەچ پێکردنى توێژە مەحروومەکان و باڵى چەپە لە کۆمەڵدا، وە دەیان دەزگا و ڕێوڕەسمی تر ماف و ئازادیى فەردى و مافەکانى مرۆڤى لە خودى کۆمەڵگاى ڕۆژئاواییدا کردۆتە گاڵتەجاڕ. ئەو مرۆڤەى لەم وڵاتانەدا گوزەرانیان مام ناوەندییە، کە دیارە حاڵی لە خەڵکى باقیى وڵاتانى جیهان باشترە، بە شێوەیەکى دڵتەزێن بێماف، ترسێنراو و بێ دەخاڵەتە لە چارەنووسى خۆیدا.

ئەگەر بمانەوێ سەبارەت بە چه‌مک و ده‌سته‌واژەکانى دیموکراسى لە بارەى مافی فەردى و مەدەنى و شتى ترەوە قسە بکەین، یان دەبێ بە دیاریکراوى دەربارەى ڕێبازە جیاجیاکان و تێگەیشتنە تایبەتەکانى ئەم ڕێبازانە لە دیموکراسى بدوێین و ئەمە لە بنچینه‌دا ئێمە دەباتە ناو باسی دیموکراسیى لیبراڵى و سیسته‌مى پەرلەمانییەوە، وە یان دەبێ دیموکراسى لە کارکردە دیاریکراوەکەى لە مێژووى هاوچەرخدا هەڵبەسەنگێنین. لە هەردوو حاڵەتەکەدا کەسێکى مارکسیست خۆى لە سەنگەرى ڕەخنەگر لە دیموکراسى، چ وەک چه‌مکێک و چ وەک واقیعەتێک، دەبینێتەوە.

درێژەی هەیە…

وەرگێڕانى: سه‌عید ئه‌حمه‌د

Leave A Reply

Your email address will not be published.