خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردن ئەنجومەنی “نوێنەران” و هەمواری یاسای باری کەسێتی… بەشی هەشتەم… نووسینی: بنار مستەفا

0

لە سەروبەندی نووسینی ئەم زینجیرە باسەدا بابەتێک هاتە پێشەوە، کە پێویست دەکات لەسەری ڕاوەستین. پەرلەمانی عێراق لە ٤ ی ئابدا یەکەم خوێندنەوەی بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی (ئەحوال شەخسی) کرد. هەموارەکە زۆر بابەت لە خۆ دەگرێت و دەهێنێت لەسەر دانە بەدانەی قسە بکرێت، بەڵام لێرەدا فۆکس لەسەر بابەتی نوێنەرایەتی خەڵکی دەکەین و تەنها بە کورتی ئاماژیەک بە هەندێک ناوەڕۆکی هەموارەکە دەدەین.
بە پێی هەموارەکە لە باری کەسێتیدا دادگا ڕۆڵێکی ئەوتۆی نامێنێت و دامەزراوە ئاینییەکان جێگەیان دەگرێتەوە، بۆ نمونە لە پڕۆسەی هاوسەرگیردا دادگا ناچاردەبێت ملکەچی بڕیاری مەلاکان بێت. کچانی نۆ ساڵ دەکرێت بخرێنە پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە. کەسانێک، کە سەر بە هیچ ئاینێک نین، بێ ماف دەکرێن. لە جیابوونەوەدا مافی ژنان لە نەبوون نزیکە و زۆر خاڵی تری هاوشێوە.
ئەم پێشنیارە بۆ هەمواری یاسا، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتێ دەکرێت و ئەگەری بڕیاریدان و بە یاساییکردنی ئەم هەموارانە هەیە. ئەم ئەنجوومەنی نوێنەرانە هەڵبژێردراوی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ساڵی ٢٠٢١ە. بە پێی ئامارە فەرمییەکان، ڕێژەی بەشداربووان لەو هەڵبژاردنەدا بڕێک لە سەرو ٤٠٪ بوو. واتە نیوە کەمتری کۆمەڵگەی عێراق بەشداری ئەو هەڵبژاردنەی کردووە و زۆرینەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، بەشداریان نەکردووە. تەنها بەم پێیە، ئەم پەرلەمانە نوێنەرایەتی زۆرینەی کۆمەڵگە ناکات. زۆر سەرچاوە ئاماژەیان داوە بەوەی، کە ڕێژە ڕاستەقینەکە زۆر لەوە کەمتر بووە و تەنانەت باس لەوەش کراوە، کە ٢٠٪ی تێ نەپەڕاندووە.
پاش هەڵبژاردنیش، براوەی یەکەمی هەڵبژاردن (سەدرییەکان)، کە ٧٣ کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسیان بوو و ١٠ ٪ی تەواوی دەنگەکانیان بەدەەستهێنابوو، لە پەرلەمان کشایەوە و باقی بەشداربووانی تر کورسییەکانیان پڕکردەوە. واتە بە پێی ئاماری خودی خۆیان، ئەوانەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران مانەوە و تاوتوێی بابەتێکی وەک هەمواری یاسای باری کەسێتی دەکەن، نزیک یەک لەسەر سێی بەشداربووانی دەنگدان پێک دەهێنن.
لەم ڕێژەیەشدا ئەوانە لە بەرچاو نەگیراوە، کە دەنگیان داوە و کاندیدەکانیان دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێناوە بۆ گەشتن بە ئەنجومەنی نوێنەران، یان دەنگی سپیان داوە یاخود دەنگەکانیان سووتاوە. هەروەها گەر تەماشای ئەزموونەکانی هەڵبژاردن لە عێراق بکەین، شاراوە و نهێنی نییە، کە چەندە لەسەر بنەمای گرتنی نانی خەڵک بە بارمتە، هەڕەشە، تەزویر و زۆر بابەتی تر، کە پێویستە دووربن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، لەو وڵاتە زیاتر ڕوودەدەن و وەک حاڵەتێکی ئاساییان لێهاتووە تا شاز و تاکوتەرا. بە لە بەرچاوگرتنی ئەم ڕاستیانە، ڕوون دەبێتەوە، کە ئەوانەی ئێستا لە پەرلەمانی عێراق دانیشتوون و بە نوێنەرانی خەڵکی لە قەڵەم دەدرێن، بە پێی خودی ئامارە فەرمییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی خۆیان، نوێنەرایەتی کەمینەی کۆمەڵگە دەکەن، هەڵسەنگاندنی واقعیەتی هەڵبژاردن لە عێراق و وردکارییەکانی پەیوەست پێی، نوێنەرایەتییەکەیان کەمتر و کەمتر دەبێتەوە.
هەم بە ژمارە و ئامار هەم بە ئەزموون و کردەوە، دیار و ڕۆشنە ئەنجوومەنی نوێنەران زۆر دوورە لە خەڵک و کۆمەڵگەوە. بەڵام “نوێنەران” و دامودەزگاکانیان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئەم ڕاستییەدا نییە و زۆر بێ باکانە دێت یاسا دەردەکات و یاسا هەموار دەکاتەوە. یاسا و هەموارەکانیشێ لە بەرژەوەندی خەڵکەوە سەرچاوەیان نەگرتووە، بۆ نمونە ناوەڕۆکی پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، نەک هەر زۆر دوورە لەهەر چەشنە مەدەنیەتێک، تەنانەت تاوانی بەرانبەر ژنان و منداڵان یاسایی دەکات. ئەم ئەنجوومەنی نوێنەرانە تاوتوێی پڕۆژە یاسایەک دەکات، کە ئەوەی ٦٥ ساڵ کۆنتر زۆر مۆدێرنتر دێتە بەرچاو. هەر بۆیە ئەم پڕۆژەیاسایە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکی فراوان ڕووبەڕوو بۆتەوە.
لەم نمونەیەدا بە ڕۆشنی دەبینین، کە یاسادانەران نوێنەرایەتی زۆرینەی کۆمەڵگە ناکەن، هیچ دەزگایەکیش نییە بەری پێ بگرێت. هەر ئەوەندەی سندوقی دەنگدانیان دانا و کۆمەڵێکیان بە نوێنەر دیاری کرد، ئیتر لە ڕوانگەی دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە. ڕێژەی بەشداری چەندە کەم بێت و ئاڵوگۆڕی یاسایی هەر چییەک بێت.
ئەگەر خەڵکی عێراق نوێنەرانی ڕاستەقینەیان لە شوێنی بڕیارداندا بووایە، ئایا بە ڕاستی لەم دۆخەی ئێستای عێراقدا، لە خەیاڵی هەمواری یاسایەک دەبوو، کە بۆ نمونە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵانی نۆ ساڵ مەیسەر بکات؟ یان لە کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە ورد دەبووە و لە هەوڵی چارەسەرکردنی هەنگاوی دەنا؟
لە جیهاندا نیشانەی پرسیار لەسەر پەرلەمان و نوێنەرایەتی کردنی خەڵکی هەیە، بەڵام لە عێراق ئەم نیشانەی پرسیارە نییە. بە هەموو شێوەیەک دیار و ڕۆشنە، کە پەرلەمان هیچ پەیوەندییەکی بە نوێنەرایەتی کردنی خەڵکییەوە نییە. هەمواری یاسای باری کەسێتی لەوەش زیاتر نیشانی دا، کە تەنانەت بەرانبەر خواست و مەدەنیەتی کۆمەڵگە دەوەستێتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.