دیموکراسی: لێکدانه‌وه‌کان و واقعیه‌ت چاوپێکه‌وتنی مەنسور حیکمەت له‌گه‌ڵ ئینته‌رناسیۆناڵ

0

  بەشی سێهەم

ئینته‌رناسیۆنال: ئێوە دەڵێن دیموکراسى ده‌سته‌واژه‌یه‌کە بۆ توێژێک کە دەیەوێ دەرگا داخراوەکانى دەسەڵات بە ڕووى خۆیدا بکاتەوە، یان بە دەربڕینێکى تر، فراوانکردنەوە و پەرەپێدانى پایەى حقوقیى دەسەڵات و بەشداریکردنى توێژگەلێکى هەرچى زیاترە لە دەسەڵاتدا. ئەمە هەر ئەو شتەیە کە وا ده‌کات، لە بیروڕاى گشتیدا ڕه‌وایی بە دیموکراسى بدات و داواکاری له‌سه‌ر بێت، واتە ئازادیى فەردى و ئازادیى تاکەکەس لە دەخاڵەتکردن لە کاروبارى کۆمەڵدا. بە ڕاى ئێوە ئەمە هیچ که‌مایه‌سییه‌کی تێدایه‌؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: به‌گشتیکردنی پایەى حوقووقی و فۆرماڵیی دەسەڵاتى سیاسی، یانى ئەوەى کە من وتم لەگەڵ “بەشداریکردنى توێژگەلێکى هەرچى زیاتر لە دەسەڵاتدا”، وە یان “ئازادیى فەردى و ئازادیى تاکەکەس لە دەخاڵەتکردن لە کاروبارى کۆمەڵدا” بەهیچ جۆرێک یەک شت نین. هەڵبەتە ئەوەى کە نە تەنها ڕه‌وایى بە دیموکراسى داوە، به‌ڵکوو کردوویەتى بە وشەیەکى پیرۆز لە فەرهەنگى سیاسیی خەڵکى و کۆمەڵگەى ئەمڕۆدا، هەر ئەوەیە کە فراوانکردنەوەى حوقووقی فۆرماڵیی ڕێگەدان بە توێژە جیاجیاکانى کۆمەڵ بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا، لەگەڵ ئازادیى تاکەکەس و لەگەڵ فه‌راهه‌م بوونی دەخاڵەتکردنى واقیعى هه‌ر که‌س لە کاروبارى کۆمەڵدا، بە یەک شت دادەنێن. ئەمانە یەک شت نین. سەبارەت بەوەى کە دیموکراسى بەو شێوەیەى کە ئێوە پێناسەتان کرد، کە لە ڕاستیدا پێناسەى دیموکراسیى لیبراڵى بوو “چ که‌مایه‌سییه‌کى هەیە” دواتر قسە دەکەم.

ئەو خاڵە سەرەکییەى کە من لە باسەکەمدا ئاماژه‌م پێ کرد، ئەوەبوو، کە دیموکراسى بە بێ پێشگر و پاشگر، شتێکى زیاتر لە فۆرموولاسیۆن و داواکارییەکى سیاسی لە چوارچێوەى سەرمایەداری، بۆ بەشداریکردنى توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە پرۆسەى حوقووقی پێکهاتنى دەوڵەت و دەسەڵاتى سیاسیدا نییە. دیموکراسى بەم مانایە تەنانەت هێشتا نیشاندەرى نیزام و پەیڕەوێکى سیاسیی تایبەت بۆ کۆمەڵ نییە. هاوتاى داواکردن یان دانى ئازادى زیاتر بە تاکە کەس، یان بە “خەڵک” نییە. هەموو وڵاتانى دنیا، ژمارەیەکى کەمیان نەبێت، بەدەر لەوەى کە مەوداى ئازادییە مەدەنییەکان تیایاندا چەندە، خۆیان بە دیموکراتیک دەزانن، چونکە دەتوانن پرۆسەیەکى شکڵى و حوقووقی نیشان بدەن کە تیایدا “خەڵکى” لە دیاریکردنى دەوڵەتدا بەشدارى دەکەن. بە پێی لێکدانەوەى دیموکراسى لیبراڵى، ژمارەیەکى زۆر لەم وڵاتانە، بۆ نموونە حوکوومه‌تە مەدەنى و پەرلەمانییەکانى لایەنگرى ڕۆژئاوا لە ئه‌مه‌ریکاى لاتین و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دیموکراتیک نین و نەبوون. بەپێى لێکدانەوەى دیموکراسیى خەڵکى، دیموکراسیى لیبراڵى خۆى دیموکراتیک نییە. بەڵام ئەمە جیاوازیى تێگەیشتنى لیبراڵى، جەنگى ساردیی، خەڵکى، ئانارشیستى، سۆسیال دیموکراتیک، تەکنۆکراتیک و ئەوانى تر لە دیموکراسى نیشان دەدات، نەک “واقیعى” نەبوونى دیموکراسى لەم یان لەو وڵاتدا.

وە سەرەنجام من جه‌ختم لەسەر ئەوە کرد، کە ئێمە وەک سۆشیالیست پێش ئەوەى ئەم پێشگر و پاشگرانە بخەینە نێو باسەکەمانەوە، ناکۆکییەکى تەواومان لەگەڵ ئەو ناوەڕۆکە هاوبەشەى که‌ لە پشت هەموو ئەم تێگەیشتنانەوە حەشاردراوە هەیە، واتە قه‌بووڵکردنى ئەم بناغە ئابوورییەى کە لە ئارادایە و هێنانەخوارەوەى مەسەلەى ڕزگاریى سیاسی بە بەشداریکردنى تاکەکەس یان “توێژەکان” لە پرۆسەى شکڵى و حوقووقیى پێکهێنانى دەوڵەتدا. دیموکراسى لە شێوە تێڕوانینە جیاجیاکانى تا ئێستایدا، میکانیزمێکە (هەر وه‌کوو لە شوێنێکى دیکه‌دا ئاماژەى پێ دەکات، مەبەست لە دیموکراسیى جەنگى ساردیی دیموکراسیی ڕۆژئاواییە/وەرگێڕ) بۆ ئەوەى حوکوومه‌تى چینایەتى و لە ناوەڕۆکدا سەروخەڵکیى بۆرژوازى وەک حوکوومه‌تێکى خەڵکى نیشان بدات و مەشروعییەتى پێ بدات.

وە بیرتانى دێنمەوە یەکەم، سەرکەوتنى دیموکراسى بەسەر حوکوومه‌تە ملهوڕەکان لە ئه‌ورووپادا بە هیچ جۆرێک نەبووە هۆى ئەوەى کە تاکە کەس بتوانێ لە دیاریکردنى دەسەڵاتدا، بە هەمان ماناى شکڵى فۆرماڵیش بەشدارى بکات، تا دەیان ساڵ ئەو هاووڵاتییەى کە مافى هەڵبژاردنى هەبوو لە سیسته‌مە دیموکراسییەکانى ئه‌وروپادا پیاوى سپیپێستى “ئازاد” و خاوەن زەوی یان سەرمایە بوو. مافى دەنگدانى کرێکاران، ژنان، سوورپێستەکان و کەسانى لەم بابەتە، بەشێکى سەرەکى پێناسەى دیموکراسى پێک ناهێنن و لەگەڵیدا له‌دایک نەبوون، به‌ڵکوو بەرەنجامى خەباتى حەقخوازانەى چین و توێژە جیاجیاکان بوو لەو کۆمەڵگە دیموکراتیکەدا کە لە ئارادا بووە. ئەو خەباتانەى کە لەژێر ئاڵاى فیکرى و سیاسیی بزووتنەوەکانى تردا، وەک بزووتنەوەى سۆسیالیستى، بزووتنەوەى یەکسانیخوازانەى ژنان، بزووتنەوەى دژى هەڵاواردنى نەژادى و میللى و شتى ترەوە، بە گشتى شێوەیەکى نادیموکراتیک و ناقانوونى چوونەتە پێشەوە. دووەم، ده‌سته‌واژەى دیموکراسى خۆى بە ماناى تایبەتى وشەکە ڕێک وه‌کوو سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی، مەرج نییە لەگەڵ پەرەسەندنى دادوه‌ریى کۆمەڵایەتى و یەکسانى، وە یان تەنانەت ئازادیى فەردى زیاتردا هاوتا بێت. دیموکراسى، سەربەخۆیی و شتى لەم بابەتە، ئەو قاڵبە سیاسی و ئیدارییە دیاریکراوانەن کە دەتوانن ناوەڕۆکى جیاجیا بگرنە خۆیان. ئەوە لە سەرەتاوە ئاشکرا نییە کە سەربەخۆیی بەنگلادیش یان لیتوانیا و تاژیکستان، وە یان باسک، هه‌ر بە ماناى پەرەپێدانى مافەکانى مرۆڤ و خۆشگوزەرانى و یەکسانیى کۆمەڵایەتى بووبێت، وە یان ببێت لەم وڵاتانەدا. ئەوە لە پێشدا ئاشکرا نییە کە کاتێک “خودى” کرواتەکان و سربەکان و بۆسنییەکان بەپێی ئەو نەخشانەى که‌ دیاریکراوە حوکوومه‌تى خۆیان دامەزرێنن، خه‌ڵکانی مامناوه‌ندی زینده‌گییه‌کی باشتر، یان خراپتریان لەو جوگرافیایەدا کە پێشووتر نێوى یۆگۆسڵاڤیا بوو دەبێت. ڕاستییەکەى ئەوەیە کە لە زۆر حاڵەتى مێژووى هاوچەرخدا، وە لەوانە هەر ئەم سەردەمەى خۆشمان، ئەو خەڵکەى کە پێشووتر نیمچەمافێکى هەبوو لەژێر ئاڵاى سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی و “حوکوومه‌تى خۆمان”دا لە دەستیان داوە. لەمه‌ڕ دیموکراسیشەوە بە ماناى تایبەتى وشەکە، واتە دیموکراسى بێ پێشگر و پاشگر، ئەم خاڵە هەر ڕاستە. ئه‌مڕۆ لە بەشى هەرە زۆرى وڵاتە ئیسلامییەکاندا، هەر پەرلەمانێک زۆربەى خەڵک هەڵی بژاردبێ و هەر ڕێفراندۆمێکى جەماوەری، بە ئه‌گه‌رێکى یەکجار زۆره‌وه‌، جێ و شوێنى ژن وەک هاوڵاتى پلە دوو، وە تەنانەت خراپتر له‌ویش، لە قانووندا جێگیر دەکات. ڕاى گشتى و ئەنجوومەنى نوێنەرایەتى ئه‌مه‌ریکا و بەریتانیا، وە لە ڕاستیدا هەموو ئه‌وروپاى دیموکراتیک، دەنگى بۆ لە شکرکێشى و مرۆڤکوژی لە که‌نداو دا. نەوەت و چەند لە سەدى خەڵکى ئێران لە ڕیفراندۆمێکى گشتیدا، دەنگیان بۆ دامەزراندنى کۆمارى ئیسلامى لە ئێراندا دا و لە جەزائیریش خەریک بوو هەمان شت ڕوو بدات، کە لە کاتى خۆیدا پێشیان پێ گرت. پەرلەمانە ئازادەکان لە ئه‌وروپا، وە هەر ڕێفراندۆمێکى جەماوەری لەم وڵاتانەدا، ئەمڕۆ بە ئاسایی دەنگ بە پێشێلکردنى مافى سەرەتایی خەڵکى جیهان لە گواستنەوەى شوێنیان و شوێنى نیشتەجێبوونیان لە هەر شوێنێک کە ئارەزوویان لێ بێت دەدات. ئەم جۆرە بڕیارانە لەگەڵ مرۆڤدۆستى و ئازادیخوازى و یەکسانیخوازى و حورمەتى مرۆییدا نایەتەوە، وه‌لێ لەگەڵ دیموکراسى و پرۆسەى دیموکراتیدا دێتەوە. دیموکراسى قاڵبێکى حوقووقییه‌ بۆ پرۆسەى بڕیاردان، نەک شێواز و و پێوه‌رێک بۆ ناوەڕۆکى خودى بڕیارەکان.

دیموکراسى خۆى لە خۆیدا بە ماناى حوکوومه‌تى خەڵکە و هەر وەک وتم، ئەم ده‌سته‌واژه‌یە لە بەرامبەر حوکوومه‌تە ئایینى و ئەرێستۆکراتی و پاشایه‌تی و دواکەوتووەکاندا سه‌ری هه‌ڵدا. ئەوەى کە کۆمەڵگەیەک کە دیموکراسى تێیدا بەرقەرارە، چ تێڕوانینێکى بۆ ئازادیى تاکه‌کەس، دادوه‌ریى کۆمەڵایەتى، یەکسانى مرۆڤەکان، مافى مرۆڤ و شتى لەم بابەتە هەیە، ئەوە مەسەلەى خودى دیموکراسى نییە، بەڵکه‌ ئەم مەسەلەیە بە کێشمه‌کێشی نه‌ریته‌ فیکرى و سیاسییەکانى چینە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکانەوە لە کۆمەڵدا بەستراوەتەوە. بەشێکى زۆر لەو داواکارییانەى کە ئەمڕۆ دراونه‌تە پاڵ دیموکراسى، وه‌کوو سه‌روه‌ریی یاسا، لەبەرچاوگرتنى مافەکانى مرۆڤ، ئازادییە مەدەنى و فەردى و گشتییەکان و شتى لەم بابەتە، خۆیان لە خۆیاندا هیچ پەیوەندییەکیان بە دیموکراسییەوە نییە، به‌ڵکوو کاریگه‌ریی چەند مەیلێکى تایبەت و چەند نه‌ریتێکى فیکرى و سیاسیی تایبەت وەک، لیبراڵیزم یان سۆسیالیزمه‌.

دریژەی دەبێت…

Leave A Reply

Your email address will not be published.