لەسێدارەدانی ژنان لە ئێران: کوشتنی بەئەنقەست بە بیانوی دادپەروەری! نووسینی: ڕووناک فەرەجی

0

ڕەیحانە جەباری ئەو مەرجەی قبوڵ نەکرد کە قوربانییەکە نیازی دەستدرێژی سێکسی نەبووە و کوڕە گەورەکەی کورسیەکەی بەبێ مەبەست لە ژێر پێی مورتەزا ڕاکێشاوە و مردووە. “شوعلە پاکرەوان دایکی ڕەیحانە جەباری”.
ئەمە باسێکی کورت و بە ئازاری لەسێدارەدانی ڕەیحانە جەبارییە، کە بە تۆمەتی کوشتنی مورتەزا عەبدولعەلی سەربەندی، فەرمانبەری پێشووی وەزارەتی هەواڵگری کە هەوڵی دەستدرێژی سێکسی ڕیحانەی داوە، لە سێدارە دراوە.
لەسێدارەدان لە ئێراندا لایەنی جیاوازی هەیە، بەتایبەتی کاتێک باس لە لەسێدارەدانی ژنان دەکرێت.
ئێران لە هەموو وڵاتانی جیهان زیاتر ژن لە سێدارە دەدات. بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لانیکەم ٢١٠ ژن لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٣ لەسێدارە دراوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئێرانی کۆمار ئیسلامی زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی ژنانی لە جیهاندا هەیە.

ژنان لە چنگی نادادپەروەری و ڕەگ و ڕیشە شاراوەکانیدا.

ئەو تۆمەتە سەرەکیانەی کە ژنان لەسەریان لەسێدارە دەدرێن، پەیوەندییان بە تاوانی “کوشتن” و “مادەی هۆشبەر”ەوە هەیە. زۆرێک لە حاڵەتەکانی تۆمەتی کوشتن پەیوەندییان بە کوشتنی هاوسەرەوە هەیە، کە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە بەهۆی توندوتیژی خێزانییەوە بووە.
هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بە تاوانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە دراون. بارودۆخی نالەباری ئابووری و نەبوونی هەلی کار و فشارە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری سەرەکین کە ژنان بەرەو کارە نایاساییەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان دەبات. ئەم ژنانە زۆرجار دەبنە قوربانی سیستمێکی نادادپەروەرانە کە لەبری چارەسەرکردن و چاکسازی بە توندترین سزا مەحکومیان دەکات.
لە لایەکی دیکەوە ژنان ڕووبەڕووی تۆمەتی سیاسی و ئەمنی دەبنەوە و ئەم بابەتە کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر ژیانیان هەیە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران نزیکەی دوو لەسەدی زیندانیانی سیاسی و ئەمنی ژنن. هەرچەندە ڕەنگە ئەم ڕێژەیە کەم دەرکەوێت، بەڵام هێشتا ڕۆڵ و بوونی ژنان لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نیشان دەدات.
ژمارەیەکی بێشوماری زیندانیان لە ساڵانی شەستەکاندا بە تاوانی ئەندامی گروپە سیاسییەکان و شەڕکردن لەگەڵ حکومەت لە سێدارە دران.
شیرین عەلەمهولی دوای دوو ساڵ بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ گروپە چەکدارە کوردییەکان دەستبەسەر و لەسێدارەدرا.
زەهرا بەهرامی، هاووڵاتییەکی ئێرانی- هۆڵەندییە، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی سەوز دەستگیرکرا و تۆمەتبارکرا بە “ئاژاوەگێڕی و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی”، بەڵام دواتر بە تۆمەتی “هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر” سزا درا و لەسێدارەدرا.
ڕێحانە جەباری بە تۆمەتی کوشتنی بەکرێگیراوێکی پێشووی وەزارەتی هەواڵگری لەسێدارە درا. هەرچەندە تۆمەتەکەی تاوانکاری بوو، بەڵام زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێیان وابوو کە دۆسیەکەی ڕەهەندی سیاسی هەیە و دادگاییکردنی دادپەروەرانە نییە.

یاسای بێ یاسایی: هەڵاواردن لە دژی ژنان لە سایەی دادپەروەریدا.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەپاراستنی ژنان لە ئێراندا، کەموکوڕییە لە پێکهاتەی یاسایی و قەزایی کە بەتەواوی لە خزمەتی پیاوسالاریدایە. ئەم پێکهاتانە ڕێگە نادەن ژنان بەرگری لە خۆیان بکەن لە بەرامبەر توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی و میکانیزمی یاسایی و دادوەری لە هیچ کاتێکدا ناگاتە مافە لەدەستچووەکانی ژنان. زۆرجار ئەو کوشتنانەی کە دەبنە هۆی لەسێدارەدان لە چوارچێوەی توندوتیژی خێزانییدا ڕوودەدەن. نەگەیشتن بە سیستمێکی دادپەروەرانە یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە ئەم ژنانە بەرەو کردەوەی توندوتیژی دەبات.
لەم نێوەندەدا، کولتوور و نەریتەکانیش ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە پشتیوانی نەکردنی ژنان.  هەڵاواردن لە یاسا و دادگا و فەرهەنگ و نەریتەکاندا ژنان بەرەو بنبەست دەبات و دەیانکاتە تاوانبار یان قوربانی.
کۆمەڵگایەک کە لە ژێر کاریگەری نەریتە پیاوسالارییەکاندایە، بە شێوەیەکی سیستماتیک مافەکانی ژنان پشتگوێ دەخات، ئەمەش وا دەکات زیاتر بەرەوڕووی زیان و زەرەر ببنەوە. ئەم کولتوورە پیاوسالارانە نەک هەر کۆت و بەندی یاسایی بەسەر ژناندا دەسەپێنن، بەڵکوو ئەو پارێزگارییە یاسایی و کۆمەڵایەتیانەش بێبەشیان دەکەن کە بۆ پاراستنی مافەکانیان پێویستن. لە کەشێکی وادا ژنان وەک هاوڵاتی پلە دوو هەژمار دەکرێن کە مافی ئەوەیان نییە بۆچوون و ئارەزووەکانی خۆیان دەرببڕن. بەهۆی نەبوونی پاڵپشتییەکی پێویست، ژنان لەم کۆمەڵگەیەدا ناچار دەبن بەرگەی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی بگرن و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا پاڵیان پێدەنرێت بەرەو ڕەفتاری توندوتیژی بڕۆن لە وەڵام بە بارودۆخەکەیاندا.
لە کۆتاییدا ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ قەیرانێکی قووڵی کولتووری و کۆمەڵایەتی کە پێویستی بە پێداچوونەوە بە یاسا و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان هەیە لە پێناو باشترکردنی بارودۆخی ژیانی ژنان و داننان بە مافەکانیان.

لەسێدارەدانی ژنان، بوومەلەرزەی کۆمەڵایەتی.

لە سێدارەدانی ژنان نەک هەر دەبێتە هۆی کۆتایی ژیانێک، بەڵکو کاریگەریی وێرانکەری کۆمەڵایەتی و کولتووری و دەروونیش دەهێنێت کە سنووری تاکەکەسی تێدەپەڕێت. لە سێدارەدان، وەک توندترین شێوەی سزا، نەک هەر هەستی ترس و نائەمنی لای ژنان دروست دەکات، بەڵکو لێکەوتەی قورسیش بۆ خێزان و کۆمەڵگە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لەسێدارەدانی ژنان دەتوانێت لێکەوتەی نەرێنی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان و تۆمەتبارەکان هەبێت. ئەم سزایە زۆر کاریگەری لەسەریان هەیە. بنەماڵەی لەسێدارەدراوەکان ڕووبەڕووی زەبر و زەنگی دەروونی سەخت و زیانێکی ئابووری دەبنەوە. نەبوونی دایک و باوک یان سەرۆکی ماڵ دەبێتە هۆی سووتەمەنی بێکاری و هەژاری و زیانەکانی کۆمەڵایەتی زیاتر وەک ئالوودەبوون و توندوتیژی خێزانی.
بەپێی ئامارەکان، منداڵی ژنانی لەسێدارەدراو مەترسی زیاتریان لەسەرە کە تێوەبگلێن لە باندە تاوانکارییەکان یان تووشی نەخۆشییە دەروونییەکان ببن.

لەسێدارەدانی ژنان لە ئێران: سێبەرێکی درێژ بەسەر ژیان، چەند ناوێک لە یادەوەریدا

تەنها لە ساڵی ڕابردوو لانیکەم ٢٢ ژن لە سێدارە دراون. ١٥کەسیان بە تاوانی کوشتن، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، سێ ژن بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون، ژنێک بە ناوی نەسیم نەمازی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دراوە، تۆمەتی سیانیان نادیارە، پێنج ژنیان بەلوچ بوون، شەش ژن بەهۆی کوشتنی هاوسەرەکانیانەوە لەسێدارە دران.
سەرچاوە فەرمییەکان تەنیا دوو لەو ئیعدامانەیان ڕاگەیاندووە و ناسنامەی هەشت لەو ژنانە نادیارە.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لەمساڵدا لانیکەم ١٠ ژن لەسێدارە دراون.

دوو ژن لە لێواری لەسێدارەدان:

لەئێستادا شەریفە محەممەدی چالاکوانی کرێکاری و نەسیم غوڵامی سیمیاری گۆرانیبێژی ڕاپ و یەکێک لە ناڕازیانی بزووتنەوەی ژنان. ژیان ئازادییە.
نەسیم کە لە ١٨ی مایسی ٢٠٢٣ لە تاران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی ئێستای ئێران چووەتە سەر شەقامەکان، دەسبەسەر و لە کاتی لێپرسینەوەدا، لە ژێر گوشاری ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا، بە ناچاری دان بە خۆیدا بنێت و تۆمەتبار کرا بە “کۆبوونەوە و”. هاوکاری، پڕوپاگەندە دژی ڕژێم و فیتنە”. تۆمەتبار کراوە.
نەسیم لە دوو مانگی یەکەمی دەستبەسەرکردنیدا ڕێگەی پێنەدرا پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات، دوای پێنج مانگ توانی بۆ یەکەمجار لە بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین چاوی بە خێزانەکەی بکەوێت.
لە دوو ساڵی ڕابردوو و دوای ڕاپەڕینی ژینا، چەند خۆپیشاندەرێکی وەک محەممەد مەهدی کەرمی، محەممەد حوسێنی، مەجیدرەزا ڕەهنەوارد و موحسین شێکاری بە تۆمەتی چالاکیی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی ئیس ئێعدام کران.
شەریفە محەممەدی کە ڕۆژی ٥ی دیسامبەری ٢٠٢٣ لە شاری ڕەشت دەستبەسەر و بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا. تۆمەتبارکرا بە ئەندامێتی لە “لیژنەی هەماهەنگی یارمەتیدان لە دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان”، کە چالاکیەکی یاسایی و گشتیی ئەم لیژنەیە بووە و لە ساڵی ٢٠١١ەوە تا ئێستا ئەندامی ئەم لیژنەیە نەبووە. هاوکات، مەحمود ساڵحی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی دەستەی هەماهەنگی، جەختی لەوە کردەوە کە “ئەم لیژنەیە هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمەڵەوە نییە”.
شەریفە ماوەی ٨ مانگە دەستبەسەر کراوە و لەم ماوەیەدا مافی سەردانکردنی لێ زەوت کراوە و ماوەیەکی زۆرە لە ژووری تاکەکەسیدا بەسەر بردووە و تووشی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی جۆراوجۆر بووە بۆ ئەوەی ناچار بە دانپێدانانی بکات.
بۆیە زۆر کەس حوکمی لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەمەدی بە هەوڵێک بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوە کرێکارییەکان و چالاکانی کرێکاری دەزانن کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرفراوانیان ڕێکخستووە و بەشێکی زۆریان بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی دەستبەسەر و زیندانی کران.
لەسێدارەدانی ژنان لە ئێران نموونەیەکی ڕوونی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی دەستبەجێ و کاریگەر لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چالاکوانانی مافی مرۆڤەوە هەیە.
کوشتنی ژنانی لەلایەن حکومەتەوە نەک هەر چەوساندنەوە و هەڵاواردنی بونیادی لە دژی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێراندا نیشان دەدات، بەڵکو بە ڕوونی کەموکوڕییە بنەڕەتییەکانی یاسا و سیستمی دادوەری ئێران نیشان دەدات. ئامارە ترسناکەکانی زیادبوونی ئێعدامەکان، لەوانەش لەسێدارەدانی ژنان، هۆشدارییەکە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
بەدیهێنانی دادپەروەری و مافی مرۆڤ لە ئێران تەنیا بە هاوکاری و هەوڵی دەستەجەمعی مومکینە. چالاکوانانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ گوشار بخەنە سەر حکوومەتی ئێران و پشتیوانی لە هەموو ئەو ژنانە بکەن کە لە ئێران مەترسی لە سێدارەدانیان لەسەرە. هەروەها پێشخستنی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە چیرۆکی ئەو ژنانە و ئەو هەلومەرجە سەختانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پێکهێنانی بزووتنەوەیەک بۆ دادپەروەری و مافەکانی ژنان.

توانا محەمەد نوری

لە فارسیەوە کردویەتی بە کوردی

Leave A Reply

Your email address will not be published.