مرۆڤ بوون بەفلتەری شیعریی کەژاڵ ئەحمەددا… نووسینی: جەمال نوری
٭ (جادەم لەپیاو خۆشتر دەوێ) ئەم ڕستەیەم لە چیرۆکێکی سەحەر ڕەسای یەوە وەرگرتووە. سەرەتای ئەم دەقەی “کەژاڵ ئەحمەد” لەو نیگەرانیەوە دەستپێدەکا کەبەرامبەرعەقڵیەتی باوی کۆمەڵگەیەکی داخراوی قەرەباڵغی پیاوسالارهەیەتی، لێرەدا ئاوا دەست پێدەکا..
جادە پێم ناڵێت، لە کوێوە بەرەو کوێ
کچی شێت.
جادە زوڵم و زۆر ناکات و
تیرۆریش نازانێ.
جادە هیچی لەپیاو ناچێ و
هیچی پیاو لەجادە ناچێ.
ئەو پێی وتم:
بڕۆ بەسەرما تێپەڕە
دەستت واڵابێت بەرانبەر گەورەبوون،
چونکە عەشق
بچوکترین بار هەڵناگرێ.
هەڵوەرینی باڵەکانی فڕینی ژن ئەوکاتەیە
کە بەکۆڵانی ئەوینی، پیاوێکی تاریکی، نەرجسیی
کوڕی جەهلدا ڕەتدەبێ.
شکانی گۆزەی ژیانی
بێگومان بەدەست دڵیەتی!
نیگەرانی شاعیر لەوەوە سەرچاوەی گرتوە، کە بەپێی گەشەکردنی قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمەڵگە، کۆمەڵگاکەی گەشەیەکی نەوعی نەکردوە، شاعیر خوێندنەوەیەکی عەقڵانی بۆی هەیە.
هایدیگەر ئەزموونی مرۆڤی هاوچەرخ، لەم وتەزایەیدا پۆخت دەکاتەوە کەدەڵێت: (مرۆڤ لە بووندا وێڵ دەبێت و خۆی لەیاد دەکات و بەخۆی بێگانە دەبێت، لەبەرئەوە بەهیچ جۆرێک ئاگاداری بوون نابێت و ئاوڕی لێناداتەوە). هەر لەبەرئەمەیە، دێت و ئەمە دەکاتە خاڵی دەسپێکی تەواوی فەلسەفەکەی. لەو بارەیەوە (مارگۆری گرین) روونکردنەوە دەداتو دەڵێت: (ئەو خودەی لەخۆی هەڵدێت، چارەنووسی کەوتن و دۆڕانە. لەفەلسەفەی هایدیگەریشدا، ئەوە خاڵی دەسپێک و تێزەی سەرەکییە).
گەر هایدیگەر ویستی قوتارکردنی تاکەکەس بێت لەقەرەباڵغی و لەخەڵک، ئەوا نایەوێت ئەو پرۆسەیە بەدوور لەقەرەباڵغی یان خەڵک بەرێوەبچێت، بەڵکو بەدەستکاریکردن و گۆڕینی هەڵوێستی گاڕان و خەڵک، سەر پێی دەخات.
لەکتێبەکەدا (بوون و کات) دەڵێت: (بوونی رەسەنی مرۆڤ لەهەلومەرجی هەڵاوێردی خوددا، وەک دۆخێکی دابڕاو لەوانی دی پایەدار نابێت، بەڵکو بۆخۆی بریتییە لەگۆڕینی وجودیانەی قەرەباڵغی)..
لێرەوە لەنهێنی بایەخدانی بەردەوامی زمانی شیعریی کەژاڵ ئەحمەد، بەبوون تێدەگەین. کەینونە تاکە رێگەمانە بۆ لەباربردنی پرۆسەی بەشت بوون و ونبوون لەشتەکانداو مژۆڵبوون بەبونی لاوەکیەوە. بەم پێیە دەبینین لەم دەقەدا کەژاڵ ئەحمەد: (لەدەوری بابەتی سایکۆلۆژی و تایبەتی مرۆڤ دەسوڕێتەوە، بەڵام تەواوی دەقەکە خۆخەریککردنی بەردەوام و سەرقاڵ بوونێتی بەبابەتێکی قوڵتر و قورسترەوە. بەجۆرێک دەبینین بوونی تایبەتی کۆمەڵگەی پیاو سالاری بیری داگیرکردوە و دەیخاتە بەر ڕەخنەوە، ئەو دەخوازێ خەڵکی ئێمە بۆ دەربازبون لە کێشەکانیان، لە جاهیلیەکی گەورە، مەترسیدار دەبێت ڕەچاوی هیومانیزم بکەن.
هیومانیزم وەک چەمک و دنیابینی، خەمێکی گەورەی مرۆڤە لەگەڕانیدا بەدووی جەوهەری ئینسانی خۆیدا، گەڕانێکی ئۆدیسۆسیانەیە بەدووی سوبێکتدا، بەدووی خودی خۆی لەنێو دنیادا. هومانیزم بوونە لەنێو دنیایدا. هومانیزم هەمیشە لەژێر زەمینەکانی کولتووری کۆمەڵگەکاندا بەدووی خۆیدا دەگەڕێت و لەسەر بنەما کولتووریەکان خۆی فۆرم دەکاتەوە. فیمینیزم، وەك بزاوتێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی- فەلسەفی ویستی وابوو كە بەرێگەی ئەقڵانی و یاسایی چارەی كێشەكانی ئافرەت بكات. كێشە جێندەرییەكان بۆ كێشەی هزریی، دادپەروەریی، ماف و رەوایی ئاوەڵا بكات. فیمینیزم تیۆری ململانێی سترەكتۆرە كۆمەڵایەتیەكانە، بروای بەوە هەیە كە كۆمەڵگە لەسەر بنەمای ململانێ بونیادنراوە، نەك بە تەنها ململانێی ئابووری و سیاسی یان كۆنترۆڵی دەسەڵات، بەڵكو لەسەر بنەمای جیاوازی رەگەزیی و ئەزموونی نێوان ژن و پیاو.
بەدرێژایی مێژوو، لە زۆربەی سەردەمەكان سیستەمێكی زاڵی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی، كە پیاو سالارانە بووە، دەسەڵاتداربووە. سیاسەتی رەگەزیی و دەسەڵات و حكومەتی رەگەزی بنیاتناوە و درێژكراوەی باوكسالاریی بووە. تەواوی سیستمەكانیش بە هزر و ویستی پیاو دارێژراون، تەنانەت لەو وڵات و سیستەمانەشدا كە خاوەنی ژیار و شارستانێتین ژن وەك هەبوویەكی كۆمەڵایەتی و بونێكی جیاواز لە پیاو بەشداری كارای نەبووە و رێگەی پێنەدراوە بەشداری لە دارشتنی سیستمەكاندا بكات. بۆ نموونە لە گریك و رۆمانی كۆندا، سەرباری شارستانێتی فەلسەفی و سیاسی كەچی ئافرەت بێ ماف بوون. تەنانەت لە ‘دیموكراسی’ گریكیدا، ئافرەت لە ریزی نامۆ و كۆیلە و ناهاوڵاتییاندا بوون و مافی بەشدارییان نەبوو لە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسیدا، واتا ئافرەت هاوڵاتی نەبوو. لەسەردەمانی دواتردا، تێگەیشتن لە ئافرەت وەك بوونێكی ناو فەزای سیاسی و كۆمەڵایەتی گۆرانكاری بەسەردا هات، بەجۆرێك بە هێواشی بەشداریی و كارایی ئافرەت لە ناو سیستەمە پیاوسالارییەكاندا گەشەی كرد و بە گوێرەی سەردەم و شارستانییەكان لە گۆرانكاریدا بوون.
مرۆڤ ئەو بوونەوەرە نامۆیەیە بەردەوام بەدووی خودی ئینسانی خۆیدا دەگەڕێت، جۆرێک گەڕانە بەدووی (خودێکی پەرتبوودا) لەنێوان حەزکردنێک بەوەی بازاڕیانە و وەحشیگەرانە پەلاماری دنیا بدەین، بۆئەوەی لەڕیزی بەهێزو سەرکەتووەکانی ژیاندا بین، لەنێوان ئەوەی مرۆڤبوونی خۆمان بدۆزینەوە. لەنێوان تەماع و چڵێسیدا لەسەر لیستی ونکردنی بوونی مرۆییمان و بوونمان وەک مرۆڤدۆستێک هەمیشە لەکێشەداین. ئێمەی مرۆڤ هەمیشە بەدەست مرۆڤبوونمانەوە دەناڵێنین. مرۆڤبوون بەدیوویکی تردا ئەو باجە قورسەیە کە سوکرات جارێک گووتوویەتی (باشترە زوڵم بچێژی وەک لەوەی زوڵم لەخەڵک بکەیت)، لەسوکراتەوە کە لەسەر زاری پلاتۆنەوە گێڕاویەتەوە، فێردەبین، باشتر وایە ئەو خودە بین کە پابەندین بەهومانبوونی خۆمانەوە وەک لەوەی دوور لەهومانیبوونی خۆمان پڕ بکەین بەدنیادا. سوکرات نموونەی ئەو کەسەیە کە هومانی بوونی خۆی پێش هەموو شتێک خستبوو، لەبازاڕەکانی ئەسینادا دەسوڕایەوە و ئەرکی خۆی لەوەدا دەبینیەوە خەڵکی هۆشیار بکاتەوە، لێرەوە هۆشمەندی بەڕای من بەشێکی گەورەی هومانیبوونمانە. ئەو هوشیارییە لەڕۆمدا شێوازێکی تری وەرگرت ئیدی دۆزینەوەی (ڕۆحێکی باڵا) بەشێکی تری ئەو گەڕانەیە بەدووی مرۆڤدا. کە کەژاڵ ئەحمەدی شاعیر گرتویەتیە بەر مرۆڤ لێرەو مرۆڤبوون لەشوێنێکی تر، مرۆڤ لەنێو جەنگەکاندا و مرۆڤبوون لەنێو ئاشتیدا، مرۆڤ لەتیژکردنەوەی ململانێکان و مرۆڤبوون لەنێو لێبوردەییدا، مرۆڤ لەنێو تەماع و مرۆڤبوون لەنێو زوهدیەتدا. مرۆڤ لەنێو خودی خۆیدا وەک ئاژەڵێکی ڕامنەکراو، مرۆڤبوونیش وەک ڕامکراوێکی هۆشمەند… بەمشێوەیە لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤبوونماندا دنیایەک لەگرفت و ئاڵۆزی خۆی ڕادەکێشێت.
سوودم وەرگرتوە لەم سەرچاوانە:-
١-هایدیگەر الزمن و الوجود
٢-هیومانیزم و ڕۆحی باڵا
——————————–
ە نیشتمانی تیرۆر… جادەم لەپیاو خۆشتردەوێت!
کەژاڵ ئەحمەد
جادە پێم ناڵێت، لە کوێوە بەرەو کوێ
کچی شێت.
جادە زوڵم و زۆر ناکات و
تیرۆریش نازانێ.
جادە هیچی لەپیاو ناچێ و
هیچی پیاو لەجادە ناچێ.
ئەو پێی وتم:
بڕۆ بەسەرما تێپەڕە
دەستت واڵابێت بەرانبەر گەورەبوون،
چونکە عەشق
بچوکترین بار هەڵناگرێ.
هەڵوەرینی باڵەکانی فڕینی ژن ئەوکاتەیە
کە بەکۆڵانی ئەوینی، پیاوێکی تاریکی، نەرجسیی
کوڕی جەهلدا ڕەتدەبێ.
شکانی گۆزەی ژیانی
بێگومان بەدەست دڵیەتی!
جادەکە چەند میهرەبان بوو
خەیاڵی پیاسەیەکی
ڕۆژێ لە ڕۆژانی منی
بۆئەبەد لە دڵ دەرنەچوو.
کە مردیشم ناوی منیان
بەو جادە غەمبارە بەخشی!
جادەکە هیچ داوایەکی لێم نەبوو
کەچی هەموو جوانییەکی پێشکەش کردم.
ئەو دەستە درێژ و زبرەکانی
بەخوێنی هیچ ژنێ سوورنەبوون
بۆیە کە دەگەمە ویستگەی ژنکوژان
وا هەستدەکەم
جادەم لە پیاو خۆشتردەوێ.
خوا بمگرێ
ئەگەر پەشێمانبوومەوە
خوا کوێرمکاتخوابمگرێ
ئەگەر جادەی ژنە خوانەناسەکانم
لەهەموو پیاوانی دنیا خۆشتر نەوێ.
لەو جادەیە …
پەڕینەوە چەندە خۆشبوو لەگەڵ کەسێ
قەدەر نەیهێشت یەکتریمان خۆشبووێت.
ڕاکردن چەند دڵڕفێن بوو لەگەڵ کەسێ
خۆی دوائەخست
بۆئەوەی پێشم نەکەوێ، بەڵکو من پێشیبکەوم.
پیاسە چەند بێمانایە لەجیهانی کەسانێکدا
پاش بڕینەوە درەختی
عومری ئەو هەموو ژنە تەنیایە.
ڕاست ناکەن کە دەڵێن
موبتەلای شەرەفین!
بەتەنیا جادەیەک بەسە
بۆ تێپەڕینی کەژاوەی ئازادیی.
جادەیەک مناڵەکانی پێدابچن بۆ خوێندنگا
کوڕان بۆ سەیری کچان و
کچانیش بۆ پێکەنین.
جادەیەک کەناوی خۆمی هەڵگرتبێ و
پەیکەری هیچ گەورە پیاوێکی لەسەر ڕێ نەبێ
بەرین بێ… بەرین بێ… بەرین.
وەکو دڵم
چۆڵ و هۆڵبێ سپێدە و ئێواران
وەک بێدەنگیی ماڵی شیعر و
جمەی بێت کاتەکانی تر
وەکو ناخم، کە لێوان لێوە لە ئینسان.
من جادەیەکم پێویستە
خاڵی بێ لە پەڵەی خوێن.
جادەیەک کە هەرگیز تیرۆری نەدیبێ
نەیناسیبێ
بێگەرد بێ… بێگەرد بێ… بێگەرد
وەک داوێنی ئەو کچانەی بەناهەق دەکوژرێن
درێژبێ… درێژبێ… درێژ
وەکو ئاهو نزولەیان.
ڕاستت دەوێ…
لە سەرەتای ڕێگەکەدا
من مارکسێکم پێویست بوو
نەک قەمبوورەکەی نۆتردام٭
لە کۆتایی گەشتەکەشدا
هەستدەکەم، کەوا خوڵقاوم
بۆ یەکێ لە شێوە و ناخی عومەر خەیام.
لەو جادەیە …
هەموومان ڕێبوارین
بەڵام من هەر بە ڕێبواری دەمێنمەوە.
هیچ چوارینەیەکی خەڵکی نیشاپوریش
لە ناکاودا، بە باوەڕبەخۆ بوونەوە
بەدمەستانە و بە عەشقەوە
قۆڵناکات بە قۆڵما.
حەیف جادە تەواو دەبێ
چاوی هەموو ژنە خوانەناسەکانیش
ناموڕادانە جووتدەبن
کەچی هێشتا
ئەوەتا من لەسەرەتای خەوندام و
چاوم تازە
فرمێسکی ئەوین و ئومێدی تێدەزێ!
2001/ کەژاڵ احمد