دیموکراسی: لێکدانهوهکان و واقعیهت… چاوپێکهوتنی مەنسور حیکمەت لهگهڵ ئینتهرناسیۆناڵ
بەشی دووەم
ئینتهرناسیۆنال: دواتر دەگەڕێینەوە سەر ئەم جیاوازییانە. بە تایبەتى جێگاى خۆیەتى دەربارەى دیموکراسى ڕۆژئاوا و پەرلەمانى و لیبراڵى بدوێین. بەڵام لە سەرەتاوە چاکترە بچینە سەر ئەو “ناوەڕۆکە هاوبەش و بابهتییە”ى کە وتت بە هەر حاڵ لەپشتى هەموو تێڕوانینەکانەوە بۆ دیموکراسى له ئارادایه. ئەمە چۆن پێناسە دەکەیت؟
مهنسوور حیکمهت: لێرەدا دەتوانین ئاماژە بۆ چەند پێکهینەرێک بکەین. بێگومان لێرەدا ناکرێ لەوە زیاتر قسەى لەسەر بکەین. دیموکراسی بە مانای حوکوومهتى خەڵکى تێڕوانینێک بوو کە لە سەدەى ١٨و١٩دا لە بەرامبەر حوکوومهتە پاشایەتییە ڕههاکان و ئەو حوکوومهتانەدا هاتە مەیدان کە لەسەر بناغەى پاشایەتى و کڵێساى دیانهکاندا دامەزرابوون. لە بەرامبەر حوکوومهتەکانى ئەو کاتەدا کە لە ڕووى ئایدیۆلۆژییەوە شەرعییەت و دەسەڵاتیان لە سەرچاوەیەکى سەرووى خەڵک و کۆمەڵگەوە سەرچاوەى دەگرت، بۆرژوازى ڕوو لە گەشە، کۆمەڵانى خەڵک و خێرخوازە کۆمەڵایەتییەکان خوازیارى دەوڵەتێک بوون کە لە خەڵکەوە هەڵقوڵابێ. هەڵبەتە ئەم خواستە خۆى زۆر ناڕۆشنە، هەر وەک خەبات و تێکۆشانەکانى دوو سەدەى دواتر تا ئەمڕۆش بە ڕوونى نیشانى داوە. یەکەم، شێوەى عەمەلیی دەخاڵەتى خەڵکى لە دەسەڵاتى سیاسى و دەوڵەتدا دەبێ چۆن بێت، دووەم، چهمکى “خەڵک” چ کەسانێک دەگرێتەوە. تا ئەم سەردەمەى ئێمەش، بەشێکى زۆر و لە هەندێ شوێندا تەنانەت زۆربەى مرۆڤەکان، وەک ژنان، ڕەشپێستەکان، کۆچکردووان و کەسانى تر لەم یان لەو دەوڵەتى دیموکراسیدا بە بەشێک لە “خەڵک” نەژمێردراون. زۆر لەمێژ نییە کە مرۆڤى کرێگرتە (کرێکار) لە ڕوانگەى پرۆسەى دیموکراتیکەوە بە بەشێک لە خەڵک دانراوە. ئەم دوو مەیدانە هەردووکیان، واتە پێکهاتهى حوکوومهت و پەیوەندیى عەمەلیى خەڵکى لەگەڵ دەسەڵاتى دەوڵەتیدا و ئەوەى کە تا چ ڕادەیەک ئەم دیموکراسییە توێژە جیا جیاکانى خەڵک دەگرێتەوە، مەیدانى سەرەکیى خەباتى سیاسی بوون و لە ئەنجامى ئەم خەباتەدا، سیماى عەمەلى دیموکراسى لە خودى کۆمەڵگەى ئهورووپا و ئهمهریکادا تا ڕادەیەکى زۆر ئاڵوگۆڕى بەسەردا هات. بەڵام بە هەر حاڵ واقیعەتێکى بابهتى لە چهمکى دیموکراسیدا هەیە و ئەویش ڕەتکردنەوەى ئەو دەسەڵاتدارێتییەیە کە تیایدا سەرچاوەى دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ سەروو کۆمەڵگە، وە یان کەس نەزانێت لە کوێوە هاتبێت. لە ڕوانگەى دیموکراسى و بیرکردنەوەى دیموکراتیکەوە، نە تەنها زۆرى شمشێر و بە میراتگرتنى خانەدانى و پێغەمبەرایەتى و ئیمامهتى و شتى وا لە باب و باپیرانەوە وهکوو سەرچاوەى دەسەڵاتى سیاسی شتێکى ناڕەوایە، بهڵکوو دەسەڵاتێکش کە نەتوانرێ وەلا بنرێ بە شێوەیەکى گشتى تەنانەت ئەگەر خۆشى لە سەرەتاوە لە هەڵبژاردنەوە سەرچاوەى گرتبێت، بە نادیموکراتیک دەژمێردرێت. بە واتایەکى تر بیروباوەڕى دیموکراتیک و ڕژێمى دیموکراتیک، لە هەر شێوەیەکیدا بێت، دەسەڵاتى دەوڵەتی بەوە دادەنێ کە لە خەڵکەوە هەڵقوڵابێت، وەڵام بە خەڵکى بداتەوە و بە هەر شێوەیەک بێت لە توانادا بێت کە لە لایەن خەڵکەوە بگۆڕدرێت. جا ئەوەى کە ئەم بانگهشهیە لەم یان لەو ڕێبازى دیموکراسیدا و لەم یان لەو دەوڵەتدا چەندە پوچ وەیان واقیعییە مەسەلەیهکى ترە. هەر جۆرە لێکدانەوەیەکى دیموکراسى بە هەر حاڵ خوازیارى جۆرێک لە پرس پێکردنى ڕاى خەڵکە لە مەسەلەى دیاریکردنى دەوڵەتدا. دووەم و لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە دیموکراسى و دیموکراسیخوازى خۆى لە خۆیدا لەبەرامبەر پێکهاتى کۆمەڵایەتى و پەیوەندییە ئابوورییەکاندا کوێرە. بە واتایەکى تر، هەلومەرجى ئابووریى مەوجود، دەورى دەوڵەت، جێوشوێنى مرۆڤەکان لە بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانى موڵکایەتیدا، دابەشبوونى خەڵکى بۆ توێژ و چینە جیاجیاکان و شتى لەم بابەتە، دامودەزگا سیاسی و ئیدارییە مەوجوودەکان، لە ڕوانگەى دیموکراسى و دیموکراتیزمەوە هەر ئەوەیە کە لە ئارادایە. بۆ نموونە تێکۆشان بۆ هەڵوەشاندنەوەى مەرجى خاوەندارێتى لە هەڵبژاردنى پەرلەماندا، بزووتنەوەیەکى دیموکراتیکە، بەڵام خودى خاوەندارێتى و پەیوەندى بەشە جیاجیاکانى خەڵک لە پەیوەند بە خاوەندارێتییەوە جێگەى پرسیار نییە. لە ڕوانگەى دیموکراتیکەوە دەکرێ خوازیارى ئەوە بیت کە ژنانیش لەو سوپا سهربازییەى ئهمهریکادا کە بۆ کەنداو نێردرا بەشدارى بکەن و لە هەمان کاتدا هیچ هەقیشت بەسەر دەور و جێگاى ئەم سوپا و ئەم ئۆپهراسیۆنەوە نەبێت، وە یان لهبهرامبهر ڕێکخراوى “سیا”دا ناڕهزایهتی دهرببڕی، کە بۆچى بە ئەندازەى پێویست سوورپێستەکان لە ئۆرگانەکانى سەرەوەیدا نییە. دابەشکردنى خەڵکى بۆ شیعە و سوننى و دیان و پاشان بۆ نموونە، داواکردنى ئەوەى کە دەوڵەتێک لە لوبنان دامەزرێت کە ئەم “توێژانە” هەموویان تیایدا بەشدار بن، جا هەر چەندە مرۆڤەکان بکا بە گژى یەکتردا، بەڵام هەڵوێستێکى دیموکراتیکە. بۆ نموونە دیموکراسیى پیشهسازی، بەش بە حاڵى خۆى لەبەرامبەر ئەو دهسهڵاتانەى کە بۆ یهکێتییە کرێکارییەکان داواى دەکات، دابەشبوونى خەڵکى بۆ کرێکار و خاوەنکار وەک پێشفەرزێک وەردەگرێت و لە سیستهمى خۆیدا وەک شتێکى ئەبەدى چاوى لێ دەکات.
بەم جۆرە ئەوە ئاشکرایە کە لەبەرچاونەگرتنى پەیوەندییە ئابوورییەکان و دابەشبوونى خەڵکى بۆ چینە جیاجیاکان لە کۆمەڵدا، بەو مانایە نییە کە دیموکراسى تەنها لە چوارچێوەى سیاسیدا دەمێنێتەوە و دیموکراسیخوازى تەنها مەسەلەیەکى سیاسییە. بهڵکوو بە پێچەوانەوە، بەو مانایەیە، کە گشت بنەما ئابوورییهکانی ئەم کۆمەڵگەیەى ئێستا، واتە خاوەندارێتى بۆرژوایی و بەرهەمهێنانى سەرمایەدارى بە هەموو ڕهههنده کۆمەڵایەتی و چینایهتییهکهیهوه، لە لایەن ئەم بیروباوەڕ و ئەم بزووتنەوانەوە وەرگیراوە و بووەتە بنەماى کۆمەڵایەتیى دیموکراسى. دیموکراسى ڕژێمێکى سیاسی، وە یان داواکردنى ڕژێمێکى سیاسییە، لەسەر بنەماى ئابوورى-کۆمەڵایەتیى سەرمایەدارى. چ لە ڕووى تیۆرییەوە و چ لەڕووى واقیعییەتى مێژوویییەوە، داواکردنى دیموکراسى بەماناى داواکردنى “سەرمایەداریى دیموکراتیک”.
بە کورتى، ناوەڕۆکى هاوبەش و بابهتی دیموکراسى و دیموکراسیخوازى ئەوەیە کە لە هەر سەردەمێکدا، بە فەرزوەرگرتن و لەسەر بناغەى لە ئارادابوونى پەیوەندیى کۆمەڵایەتى سەرمایەدارى و باڵادەستیی ئابوورى، سیاسی و فیکرى چینى بۆرژوا، خوازیارى ئەوەیە کە پایەى فۆرماڵ و حوقووقیی دەسەڵاتى سیاسی بەشێکى هەرچى زیاتر لەو توێژ و بەشانە بگرێتەوە کە لەو کۆمەڵگەیەدا هەیە. لەڕووى عەمەلییەوە دیموکراسى ئەو دهستهواژهیەیه کە توێژێک وەختێ بیەوێ ناڕهزایهتی دەرببڕێ بە مەحرومبوونى قانوونى، وە یان دوو لایەنەى خۆى لە مافی بەشداریکردن لە پرۆسەى بڕیارداندا، بزووتنەوەى خۆى پێ ناو دەبات. بە ڕاى من سیفەتى هاوبەش و گشتیى دیموکراسى لەمە زیاتر نییە.
دیموکراسى خۆی بۆ خۆی هەلومەرجێک یان ڕژێمێکى سیاسى و دهستوورێکى دیاریکراو و سنووردار به تاکهکهسهوه نییه، بەڵکه بزووتنەوەیەکى هەمیشەیی توێژە پشتگوێخراوهکان بۆ بەدەستهێنانى ئەو مافانەى کە ئەوانى تر هەیانە لە بەرامبەر دەسەڵاتى سیاسیدا. هەروەها ناوەڕۆکى دیموکراسى و دیموکراتیزم سەرەنجام پەیوەندى بەوەوە هەیە کە لە چ توێژێکەوە لە چ کۆمەڵگەیەک و لە چ هەلومەرجێکى سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆرژوازیى تایبهتی (خسووسی) لە کێشەى لەگەڵ بیرۆکراسیى ئیدارى و پیشهسازیی دەوڵەتی لە بلۆکى ڕۆژهەڵاتدا لە زمانى قسەکەرانییەوە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا، خوازیارى ئەوەیە کە بوارى ئەوەى هەبێت کە لە دەسەڵاتى سیاسیدا بەشدارى بکات و ناوی بزووتنەوەکهی خۆی چ لە ڕۆژئاوا و چ لە خودى ڕۆژهەڵاتدا ناو دەنێت دیموکراسیخوازى. ڕەشپێستى ئەفریقاى باشووریش خوازیارى مافى بەشداریکردنى یەکسانە لە هەڵبژاردندا، ئەویش دیموکراسى دەوێت. وهلێ ئاسۆ و ئامانجە کۆمەڵایەتییەکانى ئەم دوو بزووتنەوەیە لەگەڵ یەکتردا زۆر جیاوازن.
دریژەی هەیە…