چەند سەرنجێک… نووسینی: میرۆ عەبدولکەریم
چەند سەرنجێک-دەوڵەت لە تورکیا واتە دەوڵەتی تورک، نەتەوەییبوون واتە تورک بوون، زمان و کلتور واتە زمان و کلتوری تورکی، مێژوو و شارستانیەت واتە مێژوو و شارستانیەتی تورکی. بۆ ئەوەی ببیت بە ئەندامی “دەوڵەتی مەدەنی” لە تورکیا دەبێت پێشتر ببیت بە تورک یان تورکێندرابیت. لە تورکیا تەنیا یەک دانە نەتەوەپەرستی پیرۆزە ئەویش نەتەوەپەرستیی تورکیە و نەتەوەپەرستی یان خەباتی نەتەوەیی گەلانی دیکە و بگرە خەبات بۆ ئۆتۆنۆمیش بە ناوچەگەرایی و ڕەگەزپەرستی و دژایەتی نەزم و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە قەڵەم دەدرێت. پەرەپێدان بە زمان، مێژوو، کلتور و ئیرادەی سیاسی خۆ دەربڕین بۆ پێکەوەژیانی هاوشانانە یان مافی جیابوونەوە بۆ گەلی کورد لە تورکیا وەک هەوڵی جوداخوازانەو ڕەگەزپەرستانە سەیرکراوە و سەیردەکرێت. -دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێک نییە کە بواری بۆ تەعبیر لە خۆکردنی سیاسی و کلتوری هیچ نەتەوە و گەلێکی دیکە لە تورکیا هێشتبێتەوە غەیری تورک. ئەم دەوڵەتە هەر لە ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیاوە لە ژێر ناوی چەواشەکارانەی یەکسانی لەبەردەم یاسا و نەتەوەپەرستیی مەدەنی و زانست- و پێشکەوتنخوازی هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و کلتوری گەلەکانی دیکەی نیشتەجێی تورکیا دەکات. لە هەموان زیاتریش کورد قوربانیی ئەم سیاسەتە بووە. کرانەوەیەکی کاتی گەر هەبوبێت بە ڕووی کورد و کەمینەکانی دیکەدا یان تاکتیکی کاتی بووە، یان فشاری دەرەکی بووە یان بۆ ڕازیکردنی ئەوروپا و بەمەبەستی ئەندام بوون بووە لە یەکیەتی ئەوروپا. یان وەک عەتا و کەرەمی نەتەوەی سەردەست سەیرکراوە و هیچ ویستێکی ڕاستەقینەی درێژخایەنی لە پشتەوە نەبووە بۆ تێپەڕاندنی ئایدۆلۆژیای دەوڵەت و تێپەڕاندنی کەمالیزم. -هەرکەس دەڵێت پەکەکە با بڕوات لە تورکیا خەبات بکات، پێشتر با خۆی بڕوات تورکیا بکات بە وڵاتێکی دیموکراتی کە جێی خەباتی هەمو هێزێکی تیابێتەوە ئینجا مافی ئەوەی هەیە داوایەکی وا لە پەکەکە بکات. با بڕوات هەموو ئەو یاسایانە هەڵوەشینێتەوە کە خەباتی کوردی و کەمینەکانی دیکە دەدێوێنن و مۆری ڕەگەزپەرستی و ئاژاوەگێڕی و جوداخوازیی لە سەرەتاییترین مافی گەلان ئەدەن. بچێت هەمو ئەو زیندانیە سیاسیانە ڕزگار بکات کە بە مەدەنیترین شێوە خەبات دژی سەرکوت و چەوساندنەوەی کورد ئەکەن لە تورکیا، کەچی بە یاسا و دەستور تاوانبار دەکرێن و وەک دووژمنی نەتەوە و وڵات سەیردەکرێن. کەسانێکیش لە کوردستاندا نیۆ عوسمانیزم بڵاودەکەنەوە و پێیان وایە حیزبی ئاکەپە و ئەردۆگان چونکە ئیسلامین ئەوا باوەڕیان بە نەتەوەپەرستی نییە و سیاسەتیان بەرامبەر بە کورد جیاوازە، ئیسلامی بوون و نەتەوەپەرستی وەک دوو شتی ناتەبا و دژبەیەک سەیردەکەن، پێیان وایە کە ئەردۆگان موسوڵمانان وەک یەک ئومەتی یەکگرتو ئەبینێت و فەرقی کورد و تورک و فارس و عەرەب ناکات، باوەڕیان وایە تەنیا لە سایەی “ئومەتی یەکگرتوی ئیسلام”دا کورد و هەمو گەلانی ناوچەکە بە مافەکانیان دەگەن، دێن پەکەکە و هەدەپە تاوانباردەکەن بەوەی کە ڕێگربوون لە “پڕۆسەی ئاشتی “؛ پێیان بڵێن بیری ئیسلامییش وەک نەتەوەپەرستی بیرێکی مۆدێرنە و هاوشێوەی هەمان ئەو ئایدیا سیاسیانەیە کە لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوە دا کاردەکەن. هەر حیزبێک لە چوارچێوەی دەوڵەت نەتەوەدا کاری کرد، هەر ناوێک لە خۆی دەنێت با بینێت، کار بۆ بەرژەوەندی ئەو دەوڵەت- نەتەوە (باشترە بڵێین بەرژەوەندیی چینی دەسەڵاتداری ئەو نەتەوەیە) دەکات. نەتەوەپەرستی هەمووجار سێکولار نییە وەک ئەوەی ئیسلامیەکان دەیڵێن، بەڵکو نەتەوەپەرستی دەکرێت لە بەرگی دینیدا و لە ڕێگەی نەتەوەییکردنی دین و بە ئاینیکردنی نەتەوە و بۆرجوازی کردنی ئاینەوە شکڵ بگرێت. ئیسلام و هیچ ئاینێکی دیکە پێدراوێکی جێگیر نین، بەڵکو بەرهەمی پراکسیسی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکانن. بۆیە ئەو ئیسلامەی ئەمڕۆ ئیسلامیەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، تەنیا ناوەکەی لەگەڵ ئیسلامی سەدەکانی ناوەڕاستدا یەکێکە. ئیسلامی ئیسلامیەکان ئیسلامێکی بەنەتەوەیی و بە بۆرجوازی کراوە. خودی ئوممەی یەکگرتوی ئیسلامی درێژکردنەوەی بیری نەتەوەپەرستیە بۆ ئاین و وەها ئومەتێک نە لە مێژوودا بوونی هەبووە، نە خوازراویش بووە وە نە پيویستیش بووە و نە دەوڵەتی عوسمانی (پێش قۆناغی تەنزیمات) نە هیچ دەوڵەتێکی دیکەی موسوڵمانان لەسەر بناغەی ئوممەتی یەکگرتوو کاری کردووە. بیری دەوڵەت وەک ئامرازی سەپاندنی شەریعەت بیری سەدەکانی ناوەڕاست نییە، بەڵکو بیرێکی مۆدێرنە. خودی ئیسلامیەکان و حیزبە کۆنزەرڤاتیڤە عەلمانیەکان (کە موسوڵمانن) وەزیفەیان ئەوەبووە چەمکە دینیەکان بە نەتەوەیی بکەن و فیقهی ئیسلامی بە دامەزراوەیی و یاسایی بکەن و موجتەهیدەکان بکەن بە بیرۆکراتی دەوڵەتی. هەر کەس وتی موسوڵمانان لە مێژوودا خاوەنی یەک ئوممەت بوون و خاوەنی یەک شەریعەتی ڕەسمی یەکسانخواز بوون کە لەسەرانسەری قەڵەمڕەویەکدا چەسپاوە و لەلایەن هەمو ئاینزاو گەل و هۆزەکانەوە، وەک یەک پەیڕەوی لێکراوە یان گەمژەیە یان درۆ ئەکات. زۆر ئاساییە دڕندەترین شێوازی نەتەوەپەرستی لەلایەن هێزێکی ئیسلامیەوە پەیڕەو بکرێت و هەر کەس غەیری ئەمەی پێوتن نە لە نەتەوە و نەتەوەپەرستی تێگەشتوە نە لە ئاین و ئیسلامیش حیزبێکی وەک ئاکەپە لە فەنتازیای هەوادارانیدا هەرچیەک بێت، لە واقیعدا خۆشی بێت و ترشی بێت ناچارە دەبێت بەرژەوەندی نەتەوەیی تورکیا بپارێزێت کە لەسەر بناغەی نەتەوەپەرستیەکی ڕەگەزپەرستانە دامەزراوە. هەر کەس بەرگری لە ئاکەپە بکات بەرگری لە نەتەوەپەرستیەکی ڕەگەزپەرستانە دەکات. نەتەوەپەرستیەکەی ئاکەپە لەوەی کەمالیەکان خراپتریشە چونکە موتوربە کراوە بە پێشداوەریی دینیش.
*******