ڕایەڵەی خزمایەتی نێو دەسەڵاتدارانی ئەوروپا… نووسینی: ڕۆمان ئامینە

0

لە سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی ئیمپراتۆریەتە مەزنەکانی ڕۆما و دواتر و تا ئەم سەردەمەش، هاوسەرگیری لەنێو بنەماڵەی پادشاکانی ئەوروپا بووەتە جۆرێک لە نەریتی سیاسی و کەتواری، چونکە ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە لەنێو بنەماڵەی خانەدان و پادشاکان زۆر کات ئاگری شەڕەکان دەکوژێنێتەوە، زۆرکاتیش هاوپەیمانییەتیەکان بەهێز دەکات، یاخود ئاشتی دێنێتەکایەوە، یاخود جۆرێک لە سەقامگیری سیاسی پێکدەهێنێت.

لە شاژنە ئێلیزابێتی ئینگلتەراوە دەست پێ دەکەین، کە لە ماوەی ژیانیدا، تاکو کۆچی دوایی، بووە درێژترین ماوەی شاژنیەتی دەسەڵاتی پاشایەتی بەریتانیا و پێش شاژنە ڤیکتۆریا کەوتەوە کە ناوبانگی خۆی بە سەردەمێک بەخشی. ئەم شاژنە دوای ڤیکتۆریا بە داپیرەی ئەوروپا دەناسرێت.

کاتێک شاژن ئەلیزابێت هاوسەرەکەی واتا فیلیپی لەدەستدا، ئەو دەنگۆیانەی بەدوای مردنی هاوسەرەکەیدا هاتن، ئاماژەیان بە ڕەگ و ڕیشەی یۆنانی و دانیمارکی و ئەڵمانی و ڕووسی، شازادە فیلیپ کردووە..

لە ڕاستیدا کاتێک سەیری درەختی بنەماڵەی پاشاکانی ئەوروپا دەکەین، لەسەرجەمیاندا پەیوەندییە نزیکەکانی خزمایەتی جێی سەرسوڕمانە. لەپاڵ ئەمەشدا ئەو داپیرە سەیرانە هەن کە منداڵەکانیان لە نێو کۆشکەکانی هەموو کیشوەرەکەدا بڵاوبوونەتەوە.

چەندین مێژوونووس هەن کە ژیانی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە وەچەی شاهانەی ئەوروپا  تەرخان دەکەن، لەو ڕووەوە کاری زۆر چڕ کراوە. ئەگەر بێتوو ژمارەیەک لەو داپیرە سەرسوڕهێنەرانە ڕیز بکەین، کە لەم لێکۆڵینەوەیانە کۆمان کردۆتەوە لەگەڵ ئێلینۆر کە شاژنی هەردوو ئینگلتەرا و فەرەنسا بووە، لە ماوەی ژیانیدا لە نێوان ساڵانی ١١٢٢ بۆ ١٢٠٤ ی زاینی.

ئێلینۆر: یەکەم فیگەر لە باسەکەدا

چیرۆکی ئێلینۆر کە جێپەنجەی خۆی لەسەر نەخشەی باوانی پاشاکانی ئەوروپا بەجێهێشتووە، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٢، کە دەتوانین بە سەردەمی ڕۆبن هودیش ناوی ببەین، بەڵام لەگەڵ دووەمین هاوسەرگیریدا بوو کە چووە ئەو ناوچەیەی کە ڕۆبن هوودی تێدا دەژیا، کاتێک لەگەڵ لویسی حەوتەم هاوسەرگیری کرد، بوو بە شاژنی فەرەنسا. بەڵام دوای ئەوەی ئەو دوو هاوسەرە منداڵیان نەبوو، بە ڕێککەوتن جیابوونەوە.

دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ هێنری فەرماندە یاخود دوکی نۆرماندی کرد لە ساڵی ١١٥٤ دا. کاتێک دوک بە ناوی هێنری چووە سەر تەختی ئینگلتەرا، ئێلینۆر بوو بە شاژنی ئینگلتەرا.  بەرهەمی هەم پەیوەندییە سێ کچ و هەشت کوڕ بوو. سێ لە منداڵەکانیان کە لە نێویاندا ڕیچارد ناسراو بە ڕیچاردی بەجەرگ، تاجی پادشایەتیان لەسەر دانرا. بەهۆی ئەوەی لایەنگری کوڕەکەی دەکرد لە دژی هاوسەرەکەی، ئێلینۆر بۆ ماوەی ١٦ ساڵ زیندانی کرا، بەڵام منداڵ و نەوەکانی لە زۆر شوێنی دەرەوەی ئینگلتەرا تاجی پادشایەتیان لەسەرنرا، لەوانە دانیمارک و کاستیلیا و سیجیلیا، ئەمەش ئەڵقەی سەرەتای زنجیرەیەک خزم و کەسوکاری پێکهێنا کە بە تەواوی کیشوەرەکەدا بڵاوبوونەوە.

 

شاژنە ڤیکتۆریا

ڤیکتۆریا ئەگەرچی زۆر لە دۆخی دووگیانی دڕدۆنگ بوو، بەڵام لە بەرەی نۆ منداڵ بووە خاوەنی ٤٢ نەوە. پادشاکانی نەرویج، دانیمارک، ئیسپانیا و سوید لەنەوەکانی ڤیکتۆریان و پەوەندی خوێنیان جێی باسە. بەڵام بابەتەکە زۆر ئاڵۆزە و ناتوانرێت بە شێوەیەکی بنجبڕ و یەکلاکەرەوە داری بنەماڵەی وی ڕوون بکرێتەوە. بۆ وێنا مارگرێتی نەوەی ڤیکتۆریا لە ساڵی ١٩٠٥ لەگەڵ گوستاف ئەدۆلفی دووەمی سوید هاوسەرگیری کرد. ساڵی دواتر گوستاف ئەدۆلفی سێ، باوکی پاشای ئێستای سوید لەدایک بوو، واتا شا کارلی شانزەهەم. دایکی گوستاف، واتا سیبیلا، نەوەیەکی ڤیکتۆریا بووە، کە دەکاتە نەوەی کوڕە بچووکەکەی ڤیکتۆریا. ڕەچەڵەکی پاشا ناوی شاهانەی ئەڵمانی و فەرەنسی وبە تەنیشت ناوی ئینگلتەراوە لەخۆدەگرێت.

نەوەکەی ناپلیۆن

جۆزەیفین دی بیۆهارنس کچی جووتیارێکی هەژار بوو. هاوسەری یەکەمی، ژەنەڕاڵ ئەلێکساندەر دی بیۆهارنس لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسادا لە سێدارە دراوە و ئەویش زیندانی کراوە. بەڵام دواتر توانی دەربچێت و لە ساڵی ١٧٩٦، واتە دوای ٧ ساڵ لە شۆڕشی فەڕەنسا، لەگەڵ ناپلیۆن هاوسەرگیری کرد. بەڵام منداڵیان نەبوو و بە ڕەزامەندی خۆیان لە یەکتر جیابوونەوە. کچەکەی بیۆهارنس لە یەکەم هاوسەریەوە، هۆرتنسە دی بیۆهارنس، جێگەیەکی لە تەختی پادشایەتی هۆڵەندا دۆزیەوە، لە کاتێکدا کوڕەکەیشی بووە ناپلیۆنی سێیەم.

خۆشەویستییە قەدەغەکراوەکەی ئیلیۆنۆر دیسمێر

ژنە ئەسڵزادەی فەرەنسی ئیلیۆنۆر دیسمێر دی ئۆلبروز نەبووە شاژن. ئەو خۆشەویستە قەدەغەکراوەکەی جۆرج ویلهێلم، دوکی ساکس لاونبۆرگ بوو لە ئەڵمانیا، کە دوای ماوەیەک لە پەیوەندی نائاشکرا و قەدەغەکراو هاوسەرگیریان کرد. سۆفیا دۆرۆتیای کچیان لە ساڵی ١٧١٤  لەگەڵ جۆرج یەکەم، پاشای بەریتانیا و ئێرلەندا، پێش ئەوەی بچێتە سەر تەختی پاشایەتی، هاوسەرگیری ئەنجامدا. هەرچەندە دواتر جیابوونەوە، بەڵام ئەو ئیتر دایکی جۆرجی دووەم بوو. پەیوەندی خۆشەویستی سۆفیا دۆرۆتیا لەگەڵ کونتی سویدی فیلیپ کریستۆف ڤۆن کۆنیگسمارک بووە هۆی ئەوەی کە دوایین ٣٠ ساڵی لە زینداندا بەسەر ببات. بەڵام پێشتر بووبووە یەکێک لە پەیوەندییە گرنگەکانی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا لەگەڵ ئەوروپا. لە بەرامبەردا دایکی دەستپێشخەری هاوسەرگیری هەردوو خوشکەکەی بوو لەگەڵ پاشاکان.

 

ماریا تێرێسیا ژنە خانەدانەکەی هابسبۆرگ

 

لەماوەی حکومڕانی ئیمپڕاتۆری هابسبۆرگ (١٥٢٦- ١٨٠٦) لە ناوەڕاستی ئەوروپا، ماریا تێرێسیا تاکە پاشای ژن بوو لە شانشینی هابسبورگ کە لە ساڵی ١٧٤٠ تا ساڵی ١٧٨٠ کە تێیدا کۆچی دوایی کردووە، حوکمڕانی کردووە. دوای ساڵێک لە جەنگی عوسمانی و ڕووسیا- نەمسا بووە شاژن. عوسمانییەکان دوای ئەوەی لە جەنگەکەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، جارێکی دیکە گەیشتنە سنووری سروشتی دانوب و شانشینی لاوازبووی هابسبورگ هەوڵیدا پارێزگاری بکات لە دەسەڵاتی بەسەر ئەو خاکانەی کە تائەوکاتە لەژێر پاراستنی ئەودا ماوبوونەوە. سەبارەت بە هاوسەرگیرییەکەی… کاتێک دەستگیرانەکەی، لیۆپۆڵد کلیمەنت، بەهۆی کۆکە ڕەشە کۆچی دوایی کرد، بانگ کرایە ڤییەنا و هاوسەرگیری لەگەڵ برای دەستگیرانەکە کۆچکردووەکەیدا کرد، بەناوی فرانسیس ستیڤن. ئەو دوو هاوسەرە شانزە منداڵیان هەبووە و سیانزە منداڵیان ژیاون. پێش مردنی نزیکەی دوو هێندە نەوەى هەبووە و بە هەموو گۆشەکانی ئەوروپادا بڵاوبوونەتەوە.

 

ئامۆزاکانی نەیانتوانی دوا خێزانی تزار ڕزگار بکەن

بۆ ئەوەی بزانین لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا پەیوەندییە خزمایەتییەکانی نێوان خانەدانەکانی ئەوروپا چەندە ئاڵۆز بووە، دوا تزاری ڕووسیا کە بەهۆی شۆڕشی شوباتی ساڵی ١٩١٧ لە تەختی پاشایەتی لابرا، تزار ئەسکەندەری دووەم بوو. گونجاوە سەیری ڕەگ و ڕیشەی نیکۆلای بکەین. شای دانیمارک فریدریک، پادشای یۆنان جۆرج و خێزانی ئێدوارد پادشای ئینگلتەرا، شاژنە ئەلێکساندەرا لەگەڵ دایکی نیکۆلای تزاری ڕوسیا خوشک و برا بوون. ژنی نیکۆلا، ئەلێکسەندرا و ئیمپراتۆری ئەڵمانیا ولیام و پادشای ئینگلتەرا ئامۆزا بوون.

لە کاتێکدا ڕاپەڕینەکان لە ڕووسیا بەردەوامن، دەسەڵاتی نوێ لە شاری سانپترسبۆرگ. گەرەکیان بوو کە ژن و منداڵەکانی نیکۆلای، وڵات بەجێبهێڵن. لە ڕاستیدا ڕەنگە ڕزگاریان بووایە ئەگەر ئەو هەفتەیەی نیکۆلاس تەختی پاشایەتی بەجێهێشت لە ڕووسیا هەڵهاتبان. جۆرج پێنجەم بە نامەی تایبەت نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی ژیانی ئامۆزاکانی دەربڕی، بەڵام بەریتانییەکان چارەی تزاری پێشوویان نەدەویست، هەروەها توڕەیییەکی زۆریان بەرامبەر ئەلێکساندرا هەبوو کە بە ڕەچەڵەک ئەڵمانیی و خوێنی ئەوانی تێدابوو. حکومەتی نوێی ڕووسیا بوونی تزاری لەو وڵاتە وەک هەڕەشەیەک دەبینی. ئینگلیزەکان داوای پەنابەری بنەماڵەی تزاریان قبوڵ کرد کە خێزانی ڕۆمانۆڤ بوو، بەڵام دواتر پەشیمان بوونەوە. سکرتێری تایبەتی جۆرج پێنجەم، لۆرد ستامفۆردهام، ترسی ئەوەی هەبوو کە بزووتنەوەی دژە پاشایەتی بۆ وڵاتی خۆیان بڵاوببێتەوە. لەسەر داوای پاشا، پێشنیاری مافی پەنابەرێتیان ڕەتکرایەوە. هەوڵەکانی پاشاکانی تری ئەوروپا بەتایبەت ئیسپانیا و دانیمارک و سوید و نەرویج، بۆ ڕزگارکردنی ئەو خێزانە ئەنجامی نەبوو، چونکە ترسیان لە ململانێ لەگەڵ حکومەتی نوێی ڕوسیا هەبوو. هەواڵی لەسێدارەدانی نیکۆلاس سەرەتا بۆ کۆشکەکانی ئەوروپا چوو، چارەنووسی باقی خێزانەکە دواتر بیسترا. ئینگلیزەکان کەشتییەکیان نارد بۆ کریمیا بۆ گواستنەوەی ئەو ڕۆمانۆڤانەی کە مابوونەوە. تەنها نەوەکانی دوو خوشکی نیکۆلای بە ناوەکانی ئۆلگا و ئەلێکساندرا ڕزگاریان بوو، ئەو دوای کوژران.

Leave A Reply

Your email address will not be published.