دۆستی کورد!! نووسینی: میرۆ عەبدولکەریم
دۆستی کورد -دێواندن هەوڵێکە بۆ ناساندنی کەس، هێزێک، نەتەوەیەک، ئاینێک یان دەوڵەتێک وەک خراپەی ڕەها، وەک بەرجەستەبوونی شەیتان. وەک بوونێک کە خراپە بەشێکی دانەبڕاوە لە ماهیەتی و غەیری خراپەی لێ چاوەڕێ ناکرێت، تەنانەت ئەو کاتانەشی چاکە دەکات ئینەیەکی تیایە و ماستەکە بێموو نییە. بەرامبەری دێواندن بە فریشتە کردنە: واتە ناساندنی کەسێک، هێزێک، نەتەوەیەک، ئاینێک یان دەوڵەتێک وەک چاکەی ڕەها. دێواندن و فریشتە کردن هەر دووک ئامرازن بۆ شێواندنی حەقیقەت، بۆ ئاوەژوکردنەوەی ڕاستیەکان و سەرلێشێواندن، هەر وەک بەناوەکانیشیانا دیارە بۆ داڕنینی مرۆڤە لە مرۆڤ بوون. ئەوانەی ئەم ئامرازانە بەکاردێنن نایانەوێت ڕاستی ڕووداوە مێژوویەکان بخەنە ناو چوارچێوە مێژوویە-کۆمەڵایەتیەکانەوە، بەڵکو وەک فلیمی هندی جاران لە ئەوەڵەوە بەتەڵ و خاینەکەت بۆ دیاری دەکەن. لە کوردستاندا بتەوێت کەسێک، نەتەوەیەک، یان هێزێکی سیاسی یان دەوڵەتێک بکەی بە فریشتە ئەوەندە بەسە بڵێی دۆستی کوردە یان دۆستی کورد بووە. بە هەمان شێوە بشتەوێ کەسێک، لایەنێک یان دەوڵەتێک بکەی بە دێو هێندە بەسە بڵێی دوژمنی کورد و دۆزە ڕەواکەمانن. ئیتر بەم شێوە سیاسەت کورت دەکرێتەوە بۆ دوانەی دۆست و دوژمن. دۆستی کوردیش هەر یەکە و بەپێی بەرژەوەندی هێزەکەی خۆی دیاری دەکات؛ بۆ نمونە یەکیەتی نیشتیمانی، چونکە خۆی بە نوێنەری هەموو کورد دەزانی، هەرکەس پشتگیری بکردایە -جا بەهەر مەبەستێک بوایە- لێی دەکردین بە دۆستی کورد. کۆماری ئیسلامی و حافز ئەسەدی بە دۆستی کورد دەزانی، چونکە چەک و پارەیان دەدا بە یەکیەتی بۆ لاوازکردنی بەعسی عێراق. کەسیش نەدەبوو بپرسێ گەر دۆستی کوردن بۆ ئەو کوردەی خۆیان ڕاستەوخۆ حکومی دەکەن دەچەوسێننەوە و ڕێگایان نادەن بە ئازادی بژین؟ زایۆنییە کوردەکانیش باش لەم شێوازە لە یاریکردن بە هەستی خەڵک تێگەشتون، بۆ دێواندنی فەلەستینیەکان وبە فریشتەکردنی ئیسرائیل دێن ودەست دەکەن بە ژماردنی ئەو ڕوداوانەی کە دەبنە “بەڵگە” لەسەر ڕاستی بۆچونەکانیان کە گوایە فەلەستینی دوژمنی کوردە و ئیسرائیل دۆستی کوردە. -دەوڵەتی ئیسرائیل نە دۆستی کوردە نە دوژمنی کوردیشە، نە دۆستی ئیسلامە نە دوژمنی ئیسلامیشە، نە دوژمنی عەرەبە نە دۆستی عەرەبیشە. دەوڵەتی ئیسرائیل پێویستی بە خاکێکە کە دانیشتوانە ڕەسەنەکەی بوون بەسەرئێشە بۆی، دەیەوێت بۆ هەمیشە لە خاکی باوباپیرانیان دەریان پەڕێنێت یان گەر ئەم ڕێگایە ئیمکانی نەبوو ئەوا خاکەکەیان بۆ بکات بە زیندان و هەتا بوارێکیان نەبێت بۆ تەعبیر لە ئیرادەی سیاسیان. هەر کوردێک، عەرەبێک، موسوڵمانێک، بدە، هندۆسیەک، مەسیحیەک، جولەکەیەک، ڕاستێک، چەپێک، میانڕەوێک، توندڕەوێک، هەر ئایدۆلۆژیا و هێزێکی سیاسی، هەر دەوڵەتێک پشتگیری ئەم خواست و سیاسەتەی ئیسرائیل بکات دۆستی ئیسرائیلە و دژایەتی بکات دوژمنی ئیسرائیلە (ئەگەر تێنەگەشتی بە بەلاش دەرسی ئیزافیمان هەیە). ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک هەمیشە ئیحتیاتی خۆی ئەخات و چەندین ستراتیجی دەگرێتە بەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دوژمنە خەیاڵی و واقیعیەکانی، بۆ نمونە یەکێک لەو شتانەی ئیسرائیل هەمیشە لێی دەترسا بریتی بوو لەوەی نەتەوەپەرستە عەرەبەکان ڕیتۆریکیان (لەوەی هەمیشە بانگەوازی لەناوبردنی ئیسرائیلیان دەکرد) بکەن بە واقیع، بۆیە سیاسەتی ئیحتیواکردنی دەوڵەتە عەرەبەکانی گرتە بەر، بە نزیک بونەوەی ئاشکرا و نهێنێ لەگەڵ دراوسێ ناعەرەبەکانی ئەم وڵاتانە (شای ئێران، تورکیا بۆ نمونە)، لە لایەک ئەمە بە قازانجی خەباتی هێزێکی سیاسی کوردی دەکەوێتەوە و لە لایەکی دیکەوە دەبێت بە ماڵوێرانی بۆ هێزێکی سیاسی دیکەی کوردی. لە هەمانکاتیشدا شای ئوردون کە عەرەب بوو هاوپەیمانی زایۆنیەکان بوو، چونکە تەماعی لە قودس و کەناری خۆرئاوادا بوو. لەگەڵ گۆڕانی هەڕەشە جیۆپۆلیتیەکاندا (چی واقیعی و چی خەیاڵی) سیاسەتی ئیسرائیلیش دەگۆڕێت و هەوڵی نزیک بەونەوەی ڕاستەوخۆ لە وڵاتە عەرەبیەکان دەدات، یان خودی ئەم وڵاتانە پێویستیان بەم هاوپەیمانیەتیە. واتە مەسەلەکە دڵداری و خۆشەویستی نییە، بەڵکو هەمو دەوڵەتێک ئامانج و خەون و ستراتیجی هەیە و بەپێی ئەوە دۆست و دوژمنی کاتی و درێژخایەن هەڵدەبژێرێت. هەندێک جاریش دوژمنەکە چی بە سیاسەتی هەڵەی بێت یان دۆشدامانی سیاسی وبێ عورزەیی سەربازی لە دۆستەکە زیاتر سودی هەیە. -فەلەستینی هەیە بە باڵای ئۆردۆگانا گۆرانی ئەڵێت، فەلەستینی هەیە هەلهەلە بۆ داگیرکردنی عەفرین دەکێشێت، فەلەستینی هەیە ئێران بە ڕزگارکەری خۆی دەزانێت، فەلەستینی هەبوو وە هەیە ئێستاش شین بۆ سەدام و “کۆست کەوتن”ی عەرەب دەکات. فەلەستینی هەیە ئیسلامیە، هەیە پان عەرەبیستە، هەیە بەعسیە، هەیە چەپی نەتەوەپەرستە، هەیە میحوەری مقاومەیە. فەلەستینی هەیە کورد بە دوژمنی خۆی دەزانێت وکوردستان بە ئیسرائیلی دوەم ودەستخۆشی لەهەر لایەنێک دەکات کە کورد لەناوبەرێت. کوردی زایۆنی دێت، بۆ دێواندنی فەلەستینیەکان، هەموو ئەو بەڵگانە ڕیز دەکات تا پێمان بڵێت بەرگری لە فەلەستین مەکەن، یان ئەوەی بەرگری لە فەلەستین بکات دەچێتە ڕیزی خومەینی، سەدام، ئۆردۆگان و کێ و کێ. دەی خۆ هەمان ئەو کەسانە لە ناو کوردا هەن. کورد هەیە ئیسلامیە و دوای ئۆردۆگان کەوتوە، کورد هەیە میحوەری مقاومەیە، کورد هەیە بەعسیە و بەشداری ئەنفالی کردوە و ئێستاش پۆستی گەورەی لە حکومەتدا هەیە، لایەک لە کورد جاش و موستەشاربوو وەهەیە، کورد هەیە بانگەشە بۆ کەمالیزم دەکات، کورد هەیە گەماڕۆ دەخاتە سەر کۆبانێ، کورد هەیە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە وڵاتانی دراوسێ لاواز دەکات و سەرکوتیان دەکات، کورد هەبوو سورەی بەرلەشکری تورکیا و ئێران بوو. کورد هەبوو هەرچی دیکتاتۆری خوێن مژی کوردکوژ وداپلۆسێنەر بو لێی کردین بە دۆستی کورد. کورد هەر ڕۆژەی دەوڵەتێکی ئیمپریالیستی لێ دەکردین بە دۆستی کورد وسبەی کە دۆخەکە دەگۆڕا لێی دەکردینەوە بە دوژمنی قەستەسەری کورد. کەواتە کورد دۆستی کورد نییە!!! کەواتە کورد دێون و دوژمنی کوردن!! کەواتە پێویست ناکات بەرگری لە خەباتی کورد بکەین!! ئەمە لۆجیکی کوردی زایۆنیە. -من نایەم فەلەستینی بکەم بە فریشتە، ناشیکەم بە دێو. من دژی ئەو تاوانانە دێمە دەنگ کە ٧٦ ساڵە بەرامبەریان دەکرێت. من هاوڵاتی وڵاتێکم کە دەوڵەتەکەی ڕاستەوخۆ پشتگیری بێ قەید وشەرتی دارایی وسەربازی ودیپلۆماسی ئیسرائیل دەکات ومۆری دژە جولەکەیی لە هەمو هەوڵێک بۆ بە ڕەوا ناساندنی خەباتی فەلەستینی دەدات. لە ١٩٨٨ کە کورد لە عێراقدا ئەنفال دەکرا هەر ئۆپۆزسیۆنێکی عێراقی خۆی بە ئەمریکیەکان بناساندایە یەکەم پرسیار لێی دەکرا ئەوە بوو کە چەند ساڵە خزمەتی ئێرانیەکان دەکەی. ئێستاش کە کۆمەڵکوژی فەلەستینیەکان دەکرێت دەیانەوێت هەمو فەلەستینیەکمان وەک داردەستی ئێران پێ بناسێنن. لە مێژووی نوێدا تەنیا مرۆڤە ئاساییەکان مرۆڤ دەکوژن ولەسەری دەخرێنە زیندانەوە. دەوڵەت وئایدۆلۆژیاکان مرۆڤ ناکوژن، بەڵکو دەیکەن بە دێو ئینجا دەیکوژن یان دەیکوژن ئینجا دەیکەن بە دێو. لە ئەڵمانیا جاران دێوەکە “جولەکەی جیهانی مشەخۆر “بوو ئێستا “موسوڵمانی توندوتیژ و تیرۆرست”ە.