پرسی رۆژ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا…. بەرێز بنار مستەفا بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی پێشەنگ… وەڵامی پرسەکەی داوەتەوە…
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا رێژەی کورسیەکان لەنێوان بەرەی چەپ وراست لەوکیشوەرە.
رۆژی ٥ شەممە رێکەوتی ٦-٩ی حوزەیران ٢٠٢٤ هەڵبژاردن بۆپەرلەمانی ئەوروپا لە٢٧ وڵاتی ئەو کیشوەر بەڕێوەچوو. ئەنجامەکان رێژەی کورسییەکانی چەپ لەبەرامبەر ڕاستی ئەوروپا ژمارەیەکی کەمتر کورسی بەدەستهێنا، هەرچەندە لەچەند وڵاتێکی وەک فلاند، دانیمارک وبەلجیکا و…هتد چەپ سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە. ئەنجامەکان هەرزوو کاریگەری لەسەر سیاسەتی حکومەتەکانی ئەورپا دانا، لەوانە فەرەنسا. لەقسەکانی سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەدا کە “سەرهەڵدانی ناسیۆنالیستەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەوروپادا مەترسییە بۆ سەر وڵاتەکەمان و ئەوروپا”. هەربۆیە پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و داوای هەلبژاردنی پێشوەختە دەکات لەو وڵاتە.
پرسی رۆژ: ئایا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا چ کاریگەریەک لەسەر سیاسەتی گشتی ئەو کیشوەرە دادەنێت بەسەرکەوتنی بەرەی راسترەو؟
بەرێز بنار مستەفا بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی پێشەنگ وەڵامی ئەم پرسەی داینەوە.
هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا
پێش هەڵبژاردنەکان ڕۆشن بوو، کە بەرەی پۆپۆلیستی وقەومپەرستی دەنگێکی زۆر بەدەست دەهێنن ودەبنە خاوەنی پێگەیەکی بەهێز لە پەرلەمانی داهاتووی یەکێتی ئەوروپا. تەنانەت کۆمەڵە هێزێک سەریانهەڵداوە وبوونەتە خاوەنی بەدەستهێنانی متمانەی بەشێک لە دانیشتوان، کە لە ڕوانگەی بەرەی ڕاستی کۆمەڵگەشەوە ئەم هێزانە سیاسەتێکی زۆر توندیان بەرانبەر مەسەلەی پەنابەری و بیانیان هەیە و تۆوی ناکۆکی دەچێنن.
هۆکاری بەهێزبوونی ئەم بەرەیە، دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانێکی قووڵ، کە سەرمایەداری تێیکەوتووە. لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە بەسەر جەماوەری کرێکار وزەحکمەتکێشدا شكاوەتەوە وڕێژەی هەژاری وبێکاری بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بەرەی ڕاستڕەو توانیوێتی بە سیاسەتی چەواشەکاری وەهای نیشان بدات، کە هۆکارەکان سیاسەتی “دڵفراوانی” و “کرانەوەی” وڵاتانن. لە ڕوانگەی ئەم بەرەیەوە بیمە کۆمەڵایەتییەکان، مافی پەنابەری، پاراستنی ژینگە وهتد. لە بەرژەوەندی وڵاتانی ترە و “نەتەوە” و وڵاتی خۆیان لێی زەرەرمەند دەبن. سیاسەتی بۆرژوازی وڵاتانی ئەوروپا لە ڕوانگەی ئەم بەرەیە دڵفراوانییە وخواستی کەمکردنەوەی ماف وئازادییەکانن لە ئێستا زیاتر.
لە نەبوونی هێزێکی چەپ وکۆمۆنیستی ڕادیکاڵ وبەرجەستەدا، ئەم بەرەیە توانی هێز بگرێت لە دوای قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨ و زوو لە پەرلەمان وپێگە گرنگەکانی وڵاتانی ئەوروپا جێگەوڕێگەی پەیداکرد. بە درێژایی ١٥ ساڵی ڕابردوو لە هەندێک وڵاتاندا بەشداری حکومەتیان کرد وگەیشتنە پێگەی بڕیاردان. واتە لە هەندێک وڵات توانیان ئەلتەرناتیڤ وبەرپرسیارێتی خۆیان نیشان بدەن. گرفتەکانی کۆمەڵگە، لە پێش هەمووی هەژاری وبێکاری، نەک کەمی نەکرد، بەڵكو زیادی کرد. واتە بەشێکی بەرچاو لە بانگەشە وپڕوپاگەندەیان بە هەوادا چوو.
پووچەڵبوونەوەی بانگەشەی گەورە، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی ئەم هێزانە گەیشتنە پێگەی بەرپرسیارێتی، زیانی لە متمانە وجەماوەریان گەیاند. لە هەمان کاتدا لە بەرانبەریدا هێزی چەپی کۆمەڵگەی زیاتر هێنایە پێشەوە. هەر بۆیە لە پاڵ مانەوە وسەرکەوتنی ئەم هێزە پۆپۆلیستییە، هاوکات لایەنە چەپەکانیش توانیان ڕێژەی دەنگەکانیان زیاد بکەن و وەک ئەلتەرناتیڤێکی نوێ دەرکەون. هەرچەندە ئەم چەپە پەرلەمانتاریستییە زیاتر مەبەستی ڕیفۆرمی هەیە تا شۆڕشی چینایەتی وئاڵوگۆڕی ڕیشەیی، دەرکەوتنی لە بەرانبەر بەرەی ڕاست وپۆپۆلیستی کۆمەڵگەدا گرنگ بوو.
قەیرانی سەرمایەداری هێندە قووڵە ولە دەربازبوون بێ ئومێدە، وێڕای لێسەندنەوەی کۆمەڵێک ماف ودەستکەوتی چینی کرێکار، نیازیەتی و لە بەرنامەیدایە زیاتر دەست بۆ ئەم کارە بەرێت. وەک هەمیشە چینی کرێکاریان کردۆتە ئامانج بۆ ڕاستکردنەوەی پشتی چەماوەیان لەم قەیرانە. دوور نییە تەنانەت حزبە ڕاستڕەوە کلاسیکییەکانی ئەوروپا زیاتر دەست بۆ هێزی لە خۆیان توندڕەوتر – تا ڕاسیزمی ئاشکرا – بەرن. ئەم دیاردەیە بە جۆرێک دەستی پێکردووە ودوور نییە لە ئایندەیەکی نزیکدا زیاتر دەستیان پێوەگرن وجێگەیان بۆ بکەنەوە. ڕاسیزم ساڵانێکە لە ئەوروپا پەرەی سەندووە ووێڕای پاشەکشەیان لە هەندێک وڵات وسەرکەوتنی چەپ لە بەرانبەریدا، هێشتا ڕاسیزم زیاتر دەرفەتی کاریگەردانانی لەسەر ڕێڕەوی دەسەڵاتی ئەوروپا هەیە.
هاوکاتی قووڵبوونەوەی قەیرانی سەرمایەداری و زیاتر دەرکەوتنی سایسەتی بەرەی ڕاست وپۆپۆلیستەکان ودرک کردنی مەترسی زیاتر لەسەر ئەم ڕەوتە، دەنگی ناڕەزایەتی کرێکاران زیاتر لە جاران دەبیسترێت. چاوەڕوان دەکرێت، زیاتر لە جاران بزووتنەوەی کرێکاریی بێتە مەیدان ولە پێناو ئامانج وخواستی چینەکەی تێکۆشێت. ئەم بزووتنەوەیە وسەرەتای دەرکەوتنی بە شێوەیەکی نوێ لە ئەوروپا، ئومێدە بە دواڕۆژێکی باشتر.