وەرگێڕان لەنێوان وەرگرو وەرگێڕدا … نووسینی: جەمال نوری
وەرگێڕ. دەیەوێ ئەو شتە لەدەستچوەی خۆی بگێڕێتەوە، کە بەزمانێکی دی نوسراوە…”مارتن هایدیگەر”
هەڵبەت لە دەرەوەی وەرگێران ەیچ زمانێکی بێگەرد و پەتیی و باڵا بوونی نییە، بەڵکو هەموو زمانێک پرۆسەو ئەزموونێکی تایبەتە لەبارەی بوون و هیومانیزمەوە. لێرەوە گەر پرۆسەی وەرگێران بریتی بێت لە گواستنەوەی بەهای نامۆ و واتای غەریب لە زمان و کولتوورێکەوە بۆ سەر زمان و كولتوورێكى جياواز، ئەوا جگە لە مانا باوەکەی کە ئامرازی خوڵقێنەری پەیوەندی نێوان زمان و کولتوورە جیاوازەکانە. هاوكات وەرگێران پرۆسەیەکیشە کە (من)ی وەرگێڕ تیایدا هەوڵ دەدات سەر لەنوێ ئەو بەشە لە دەستچوەی خۆی بگێڕێتەوە کە بەزمانێکی دیکە نوسراوە، باخود گوتراوە. بەم پێیەش وەرگێران بە تەنیا پەیوندی لەنێوان زمانەکان و کولتوورەکان و نەتەوەکاندا دروستناکات و لەیەکیان نزیک ناکاتەوە، بەڵکو هەموو زمانێکیش لەخودی خۆی و هەموو کولتوورێکیش لە خودە قوڵەکەی، واتە لەئینسانیبوونی نزیک دەکاتەوە، بۆیە گەنجینەو سەرمایەی ڕاستەقینە کە هەموو زمانێک خاوەنیەتی، بێئەوەی بیبینێت و پێی بزانێت ئەوەیە کە بەزمانێکی دیکە نووسراوەو گوتراوە، بەڵام پاش ئەوەی وەرگێڕ هەوڵ دەدات ئەو گەنجینەیە لەکۆنتێکستی زمانەوانی وکولتوری ئەویدی جیاوازەوە بگوازرێتەوەو لەنێو زمان و کولتوری خۆیدا نیشتەجێی بکات. بەم پێیەش جگە لەوەی وەرگێڕان لەلایەکەوە بەمانای دیالۆگی نێوان خود و ئەویدی دێت، لەلایەکی تریشەوە، ئێمەی موتەلەقی دەکاتە خوێنەرو گوێگرو بەرەنگی هەموو زمان و کولتورێکی جیاواز.
وەرگێڕان ژانرێکی زیندووی ئەدەبی هەم هەموو نەتەوەیەک پێبەپێی قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گەر بیەوێ نەخشی هەبێ لە ناسینی کەلتورو فەرهەنگ و زمان و ئەدەبەکەی، دەبێت پەیوەندییەکی ئۆرگانی هەبێ لەتەک کەلتورە جیاوازەکانی دنیادا، ئەو پەیوەندی هەماهەنگی ناسینی شوناسە ئەدەبیەکەی لەڕێگای وەرگێڕانەوە دەگەیەنرێ.
بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا “جەمال نەبەز”، هەر زوو هەستی بە گرنگی و حەتمیەتی تەئریخی وەرگێڕان کردوە بۆ دامەزراندنی زمان و کەلتورو فەرهەنگ و ئەدەبەکەی، هەر لەژێر ڕۆشنایی ئەم بڕوایەوە کتێبێکی لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا نووسیوە بەناوی (وەرگێڕان هونەرە)، جەمال نەبەز لەنێو نووسەرانی کورددا یەکەم نوسەر بووە، بایەخی گەورەی وەرگێڕانی زانیوە بۆ ناسینی دەقە زیندووەکانی نەتەوەکەی بە دنیای دەرەوە، تاوەکو بە گەلانی ناوچەکەو دنیا بڵێ نەتەوەکەی کورد خاوەنی سەدان شاکاری ئەدەبی گەورەیە کە کورد دەتوانێ لەڕێگای وەرگێڕانیانەوە شانازیان پێوە بکات و شان بەشانی ژانری ئەدەبی جیهان هەنگاو بنێت .
هەڵبەتە گەر بەدیدێکی زانستیەوە لە کایەی وەرگێڕان بڕوانین، دەبێ سەرەتا دەقی ڕەسەن و خۆماڵی خۆمان بناسین و بزانین دەتوانین لەڕێگای دەقێک کە هەڵقوڵاویی ئازارو ژانەکانی نەتەوەکەمان بێت، ئەو پەیامەی خۆمان بۆ نەتەوەکانی تر تەوزیف بکەین لەڕێگای وەرگێڕانەوە، تاوەکو ئەو گەلانەش لەنزیکەوە لەگەڵ ئازارو ژانەکانی ئێمەی کوردا بژی. یاخود دەبێ لەڕێگای وەرگێڕانی دەقەکانمانەوە، تا چ ڕادەیەک لەئاستی ئەوەدابین کە شوناس و کوردبوونمان بە دنیای دەرەوە بگەیەنین.
وەرگێڕانی ئەدەبی هەر گەل و نەتەوەیەک مانای نوێ بونەوەو فڕێدانی ئەو کاشەیە کە ساڵەهای ساڵە لەناوخۆی خۆیدا نەیتوانیوە فڕێی بدات و خۆی نوێ بکاتەوە، هەروەها وەکو ئەو ئاوە وەستاوە دێتە پێش چاو کەلەبەری ناڕوات و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مەنگ دەبێ و پیس دەبێ .
بەدیوێکی تردا وەزیفەی وەرگێڕان بۆخۆی مانای تازەکردنەوەی زمان و فەرهەنگ دەگەیەنێ، چون بە پێی ئەو هەماهەنگی و دینامیکەی لەڕێگای وەرگێڕانەوە زمان تیادا باڵادەستی خۆی دەسەلمێنێ، چون بەر زمان و فەرهەنگ و کەلتوری گەلێکی تر تێی کەوتوە، لەم ئاڵوگوڕە ئورگانیەدا زمان جارێکی تر خۆی نوێ دەکاتەوە.
وەرگێڕان لەناو خودی زمانی دایکدا
“هایدگەر” دەڵێت: «ئەگەر پرۆسەی وەرگێڕان ببێتە هۆی بەیەک گەیشتنی دوو زمانی جیاواز و وایان لێبكات بكەونە دیالۆگ لەگەڵ یەكتردا، مانای ئەوە نییە كە ئەمە توخمی جەوهەریی وەرگێڕانە. خودی ئەو وتانەی كە وتراون و لەناو زمانی تردا نووسراون، پێویستییان بە لێكدانەوە دەبێت؛ واتە بە زەروورەت وەرگێڕان لەناو خودی زمانی دایكیشدا دەبێت بەم پێیە، وەرگێڕان تەنیا زمانێك ڕووبەڕووی زمانێكی تر ناكاتەوە، بەڵكە زمانی دایكیش ڕووبەڕووی خۆی دەكاتەوە؛ وەرگێڕان هەڵوێستی ڕۆشنبیرییەك نییە لەبارەی ڕۆشنبیرییەكی ترەوە، بەڵكە ڕوانگە و هەڵوێستە لەئاست خۆیدا؛ وەرگێڕان بە گیروگرفتكردنی زمانە؛ ئیشكردنە لەناو قووڵایی زماندا؛ هەڵكۆڵینی «نەست»ـی زمانە؛ وەرگێڕان نەك زیندووكردنەوەی زمان، بەڵكە مراندنی ئەو پانتاییەیە لە زمان كە ئیتر ناتوانێت بژی؛ كاتێك «زمانی دایك» بەر زمانێكی تر دەكەوێت، دەبێت ئەو بەشە لە خۆی داماڵێت كە ناتوانێت ببێتە ئامڕازی دەربڕینی ماناكان؛ ئەركی زمان تەنیاگواستنەوەی ڕووت نییە، بەڵكە درووستكردنی جیهانێکی هاوبەشە كە تێیدا مانایەك و زەمینەیەک بە دەست بهێنێت كە بتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ ژینگەیەكی ڕۆشنبیریی تر بەدەر لەو ژینگە ڕۆشنبیرییەی كە تێیدا بەرهەمەهێنراو دروست بکات.
وەرگێڕان، بەرپرسیارێتی لەئاستی واقیع :
وەرگێڕان بەر لەوەی لێپرسراوێتی بێت بەرامبەر بە تێكست، لێپرسراوێتییە لەئاست واقیعدا؛ هەڵبژاردنی دەقێك بۆ وەرگێڕان، هەڵبژاردنێكی بێلایەنانە نییە؛ پرسەكە ئەوە نییە كە وەرگێڕ دەیەوێت لەزمانی كەسێكیترەوە بۆچوونی تاكەكەسیی خۆی دەربڕێت، بەڵكە هەڵوێستێكە سەبارەت بەو جیهانەی كە تێیدا دەژی؛ كاتێك كەسێك دەست دەداتە وەرگێڕانی كتێبی «مێژووی سێكسواڵیتە»ـی فۆكۆ، بەر لەوەی ویستێكی تاكەكەسیی بەدی بهێنێت، پتر مەبەستییەتی ئەو دەسەڵاتەی كە بەسەریدا پیادە دەكرێت چۆن دەڕوانێتە چێژ؟ چی بە سێكسواڵیتە دەكات؟ ئەو واقیعەی تێیدا دەژی چۆن لەڕێی چێژەوە دەسەڵات بەرهەم دەهێنێتەوە؟
“گۆتێ” لە نامەیەکیدا بۆ” فرەدریش ڕۆشڵیتز” ئاماژە بەوە دەکات کە «خوێنەر سێ جۆری هەیە:-
جۆری یەکەم: ئەوانەن چێژ لە دەق وەردەگرن بەبێ هەڵسەنگاندنی، جۆری سێیەمیش: دەقەکان هەڵدەسەنگێنن بە بێئەوەی چێژی لێوەربگرن.
جۆری دووەم، دەکەوێتە نێوان ئەودوو جۆرەی ترەوە، واتە ئەم جۆرە خوێنەرێکە: لە کاتی هەڵسەنگاندنی دەقدا چێژ وەردەگرێت و لەکاتی چێژ وەرگرتنیشدا هەڵسەنگاندن بۆ دەقەکە دەکات. بە بڕوای گۆتێ ئەم جۆرەی دوایی لە خوێنەر تێکستەکە لە فۆرمێکی تازەدا بەرهەم دەهێنێت.
هایدگەر دەڵێت: «هەر كاتێك فەڕەنسییەكان بیانەوێت بیر لە “بوون” بكەنەوە، ئەوا ناچارن بە زمانی ئەڵمانی بیر بكەنەوە.» دەشێت بۆ كردەی وەرگێڕان، پەیوەندیی نێوان فەلسەفەی ئەڵمانی و فیكری فەڕەنسی نموونەیەكی بەرچاو بێت؛ وەك دەزانین، هەندێك پێیان وایە كە دەبێت فیكری فەڕەنسی وەك وەرگێڕانی فەلسەفەی ئەڵمانی بخوێنرێتەوە؛ مێژووی فیكری فەڕەنسی بزووتنەوەیەكی گەورەی وەرگێڕانی كەلەپووری فەلسەفیی ئەڵمانیایە. ئەو وتەیەی كە دەڵێت: «فیكری ئەڵمانی تەنها لە وەرگێڕانە فەڕەنسیەكاندا دەژی»، ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەكاتەوە. ئەمڕۆ خوێنەران زیاتر بەهۆی فۆكۆ و دۆڵۆزەوە نیتشە دەناسن؛ بە مانایەكی تر، فەلسەفەی ئەڵمانی لە زمانی فەڕەنسیدا دەژی؛ ئەمڕۆ نیتشە بەرلەوەی بە زمانی ئەڵمانی قسە بكات، لە ڕێگەی فۆكۆوە بە فەڕەنسی خۆی نمایش دەكات؛ ئەمڕۆ هایدگەر دەژی، چون بەهۆی دێریداوە بەزمانی فەڕەنسی قسە دەكات؛ فرۆید و هیگڵیش هەروەها لە زمانی فەڕەنسیدا نیشتەجێن. ئەگەر هیپۆلیت نەبێت ئەوا هیگڵ ناژیت. لەمڕۆدا فرۆید بەبێ لاكان ناژی، چون لاكان فرۆیدی بە زمانی فەڕەنسی هێنا.
وەرگێڕان… پاسەوانی زمان نییە..
جودیت باتلەر دەڵێت: وەرگێڕان، پاسەوانی زمان نییە، بەڵكە خیانەتكارە بەرامبەر بە زمان. وەرگێڕان، فێڵی زمان دەشكێنێت؛ و پرد نییە، ڕێنیشاندەری چاڵە. وەرگێڕان وەك خیانەت ڕەزیلەت نییە، خیانەت لێرەدا بە وردیی واتە ئاشكراكردنی مەتەڵ و فێڵی زمان. خیانەت لە دەق (دەقی ئۆرجیناڵ) لە پرۆسەی گواستنەوەی فۆرم و ناوەڕۆكی دەقدا، بەشێكی دانەبڕاوە لە وەرگێڕان. تەنها وەرگێڕان دەتوانێت خیانەت بكات، بەبێ ئەوەی كە دژیەكییەك لە دەقی وەرگێڕاودا بچێنێت”. هیچ وەرگێڕێك وەفادار نییە بۆ دەقی ئۆرجیناڵ، “مەگەر خراپترین وەرگێڕ كە هەمان دەقی ئۆرجیناڵ بە زمانێكی تر دەنووسێتەوە. ئامانجی وەرگێڕان “جووڵەیە لە فەزای جیاوازیدا (جیاوازی بە مانادێریداییەكەی)، واتە دواخستنی مانا وهێشتنەوەی ئاسۆ واتاییەك، بە تایبەتی دەقی فەلسەفی، لەسەر وێرانەی شكست و تەنیایی دروست بووە، وەرگێڕان شكستی شكست و تەنیایی دوو هێندەیە. وەرگێڕی سەركەوتوو بەرگریکاری برینی نووسەر نییە، بەڵكە قەتماغەی برینێكی كراوە لە جەستەی نووسەردا دەكولێنێتەوە لەبەر ئەمەیە كە وەرگێڕ مەحكومە بە ئەنجامدانی گوناهێكی ئێجگار گەورە، وەك بلانشۆ دەڵێت: «ئەو، دوژمنی خودایە.»
سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە:-
١- وەرگێڕان هونەرە…جەمال نەبەز
٢- کتێبی نیچەو بازنەی بەتاڵ… کلۆسۆفسکی
٣- ساد دراوسێی من کلۆسۆفسکی
٤- لاکان لە ناخودئاگایی فرۆیددا…وتار ئارمان گوڵکار
٥- شانۆی فەلسەفە» و «سیاسەتی هەقیقەت» ع. دانیالی