ماکرۆن و سیاسەتی فراوانخوازی فەڕەنسی…

0

زڕنەوەی ناپلیۆن ناسراو بە ناپلیۆنی سێیەم، لە ساڵانی ١٨٥٢ تاوەکو ساڵی ١٨٧٠ فەرمانڕەوایی فەڕەنسای کردووە، سیاسەتی دەرەکی وڵاتەکەی لەسەر بنەمای ئامادەیی هێز و مانۆڕی دیپلۆماسی و هەوڵدان بۆ دەرچوونی فەڕەنسا لە چوارچێوەی فەرەنسا پێکهێنابوو. سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسا لە سەردەمی ناپلیۆنی سێیەمدا لەسەر بنەمای تەماح و پەلهاوێشتن بنیاد نرابوو.

بنەمای سیاسەتی ناپلیۆن گەڕاندنەوەی شکۆ و کاریگەری هەژموونی فەڕەنسی بوو کە لە دوای شکستی ناپلیۆنی گەورە لەدەستدرابوو، ئەوەش وای لێکرد بەدوای سەرکەوتنی سەربازی و باڵادەستی دیپلۆماسی لە ئەوروپادا بگەڕێت. لە ڕاستیدا ئەم هەوڵەی ناپلیۆنی سێ پێچەوانەی ئەو سیاسەتە ناوچەییەی ئەودەمەی ئەوروپا بوو کە بە هاوسەنگی ئەوروپی ناوی دەرکردبوو، ئەمە درووست تێکدانی هاوسەنگی هێز بوو.

ئەم سیاسەتە بەتەواوی لە کاتی جەنگی قرمدا دەرکەوت، جەنگی قرم کە ١٨٥٣ – ١٨٥٦ ی خایەند، فەرەنسا بە سەرکردایەتی ناپلیۆنی سێ، شانبەشانی ئینگلتەرا و ئیمپراتۆری عوسمانی لە دژی ڕووسیا شەڕی کرد. ئەم شەڕە تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی نیگەرانییەکان سەبارەت بە فراوانخوازی ڕووسیا و هەروەها پاراستنی هاوپەیمان و پڕۆکسیە گرنگەکەی ئەودەمی ڕووسیا بوو کە دەوڵەتی عوسمانی بوو. هەرچەندە ئەم جەنگە گۆڕانکاری ناوچەیی و جیهانی گەورەی بەدوای خۆیدا نەهێنا، بەڵام بووە سەرەتای ئەو دۆخەی لە فراوانخوازی فەڕەنساوە هاتبووە کایەوە، دواتر دەستوەردان لە مەکسیکی بەدواداهات، بەبیانووی وەرگرتنەوەی قەرزەکان لە مەکسیک، بەڵام هەرزوو ئەم دەستوەردانە گۆڕا بۆهەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی پادشایی لە مەکسیک بە سەرۆکایەتی پادشا ماکسیمیلیانی یەکەم. ئەم دەست وەردانە لە دواجاردا شکستی خوارد و دەسەڵاتی پادشایەتی کەنارخرا و پادشا ماکسیمیلیان لەسێدارەدرا.

لە ئەنجامی فراوانخوازییەکانی ناپلیۆنی سێدا. کۆڵۆنیاڵیزم لە ئەفریقا و بە دیاریکراوی وڵاتانی جەزائیر و ڕۆژئاوای ئەفریقا و هەروەها لە ئاسیا لە ڤێتنام وچین لەسەر دەستی فەڕەنسا بووە شتێکی حەتمی. لە دەرئەنجامی ئەم سیاسەتەدا لەسەر ئاستی ناوچەیی فەڕەنسا، نەیتوانی سیاسەتێکی ورد و حەکیمانە لە هەمبەر پرووسیادا پەیڕەو بکات. پسمارک حەکیمی سیاسەتی پرووسیا ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و ناکۆکیەکانی بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی ناپلیۆن خستەگەڕ. لە ساڵی ١٨٧٠ دا گرژیەکانی نێوان فەڕەنسا و پروسیا بەهۆی کاندیدبوونی شازادەی ئیسپانیا بەناوی هۆهێنزۆلەرن بۆ تەختی شاهانەی ئیسپانیا پەرەی سەند. ناپلیۆنی سێ لە ترسی باڵادەستی پرۆسیا لە ئەوروپا، داوای دڵنیایی لە شا ویلهێلمی پرۆسیا کرد کە کاندیدبوونەکەی هۆهێنزۆلەرنی کاندیدی شاهانەی ئیسپانیا دەکشێنێتەوە. بیسمارکی ساختەکار ئەمەی قۆستەوە و هەستا بە دەستکاریکردنی تەلەگرامێک و بڵاویکردنەەی کە بە ئیمس دیسپاچ ناسراوە، کە بۆ بەکێشکردنی فەڕەنسا بۆ ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی پرووسیا سازی کردبوو. ناپلیۆنی سێ بە هەستکردن بە گوشاری ڕای گشتی فەڕەنسا تەنگەتاوبوو، بڕیاری جەنگی دا و لەو باوەڕەشدا بوو کە دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوەبوو لە ١٩ ی تەمووزی ١٨٧٠ شەڕی لە دژی پرووسیا ڕاگەیاند.

ئەگەرچی فەڕەنسا خاوەنی سەد هەزار چەکدار بوو بە سەرکردایەتی ناپلیۆنی سێ، بەڵام نەیتوانی شەڕەکە لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ بێنێت و شەڕەکەی دۆڕاند و کۆتایی بە خەونی سەرکێشانەی ناپلیۆنی سێ هات، لە بەرامبەردا ئەم جەنگە بووە هۆی باڵادەستی پرووسیا و هاتنەدی خەونەکەی ئەندازیار پسمارک و یەکگرتنەوەی هەردوو بەشی ئەڵمانیا.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئێمە گەواهیدەری سیاسەتێکین لە مامەڵەی ماکرۆن و ئیدارەکەیدا کە دەمانباتەوە سەر سیاسەتەکەی ناپلیۆنی سێ. لە کاتێکدا سەرۆک وەزیرانی ئێستای فەڕەنسا ماکرۆن، دەیەوێت دەستوەردان بکات لە ململانێکانی ناوچەکەدا.

جیا لەوەی کە لە ئەفریقا و لوبنان و سوریا دەیەوێت ئامادەیی هەبێت و گۆڕانکاری بە کارتەکانی بکات، لە ململانێی نێوان ڕووسیا و ئۆکرایناشدا دێتە مەیدانەکە و دەڵێت کە ئاسایشی فەڕەنسا و ئەوروپا پەیوەستە بە قەیرانەکانی ئۆکراینا، هەروەها پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئۆکراینا دەردەبڕێ و لە ماوەکانی ڕابردوودا ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ ئۆکراینا بە ئامانجی شکست پێهێنانی ڕووسیا. بەم ئاواییە ڕوسیای بە دووژمن وێناکرد. لەمیانی کۆنفرانسێکدا کە لە پاریس ڕێکخرابوو و بانگهێشتی بیست وڵاتی ئەوروپی تێداکرابوو، ماکرۆن ڕایگەیاند کە پێویستە دەستبەجێ یارمەتییە دارایی و سەربازییەکان بۆ ئۆکراینا دابین بکرێت، و گوتی کە نابێت بهێڵین ڕووسیا لەم جەنگەدا سەرکەوێت. پوتین لە وەڵامدا هۆشداری دا و گوتی: بێگومان ئێمە لە ڕوانگەی سەربازی-تەکنیکییەوە ئامادەین. ئەو حکومەتانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چیتر هێڵی سووریان لەگەڵ ڕووسیادا نییە، دەبێ بزانن کە ڕووسیاش هێڵی سووری لەگەڵ ئەواندا نابێت.

سەرەڕای هۆشدارییەکەی پوتین، ماکرۆن پشتگوێی دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی هەڕەشەکانی دژی ڕووسیا بە کەم دەزانێت و ڕووسیا بە دەستەواژەی دوژمن بانگ دەکات. ئەگەری دەستێوەردانێکی ڕاستەوخۆی فەرەنسا، قەبارەی شەڕەکە زیاد دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە بگۆڕێت بۆ شەڕێکی جیهانی.

 تیۆری هێرتلاند لەلایەن ماکیندەرەوە گریمانەی ئەوە دەکات کە کلیلی زاڵبوونی جیهانی لە کۆنترۆڵکردنی “هێرتلاند”دایە، کە ناوچەیەکی فراوانی ئۆراسیایە و لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە تا ئاسیای ناوەڕاست درێژدەبێتەوە، بەهەریەک لە وڵاتانی ڕووسیا، کازاخستان، قیرقزستان، تاجیکستان تورکمانستاندا تێدەپەڕێ. “ئەگەر شەڕێک لە هارتلاند ڕووبدات، شەڕێکی جیهانی ڕوودەدات”، لە ڕاستیدا ماکیندەر  ناوچەی هێرتلاند وەک دڵ و ناوەندی جیهان دەبینێت و وا گریمانەی دەکات کە هەر ململانێیەک لەو ناوچەیەدا لە سەرانسەری جیهاندا دەنگ دەداتەوە. لەسەر بنەمای ئەم تیۆرە دەتوانین بڵێین لە ئەنجامی لێدوانەکانی ماکرۆن دژی ڕووسیا، ڕەنگە دۆخەکە سەربکێشێت و بچێتە نێو قۆناغێکی جەنگی نوێ کە لەسەر ئاستی جیهانی کاریگەر دەبێت…

 

نووسینی: ڕۆمان ئامینە

Leave A Reply

Your email address will not be published.