جەنگەکان جیاوازن… نووسینی: نجم الدین فارس حسن… بەشی سێهەم و کۆتایی

0

کاتێک باس دێتە سەر وڵاتە دواکەوتووەکان لە ڕووی پیشەسازیەوە ئەبێت بۆ هەموو لایەک ڕۆشن بێت ئەگەر وڵاتە دواکەوتووەکان نەبن بە بازاڕ ئەوا بە ئیمپریالیست بوونی وڵاتە هەرەپێشکەوتووەکان بوونی نابێت. هەر ئەوانیشن کە دابەشکردنێکی کار بەسەر جیهاندا دەسەپێنن بۆ ئەوەی کە کاڵاکانیان بە ڕێژەیەکی زۆر زۆر مۆڵ نەخوات یان بازرگانی کەم تا زۆرێک نەمرێت، تەنگژەی ئابووری بەرۆکیان پێنەگرێت یان هەر هیچ نەبێت تەنگژەکانیان کەمتر و کوورت ماوە بێت. کە ئەبێتە جێگای سوود و قازانجێکی زۆر بۆیان واتا کە کاتێک کاڵایەک بەرهەم هێنرا ئەبێت بازاڕێکیش هەبێت. ئەم بازاڕانە لە ناوخۆی خۆیاندا زۆر نابێتە جێگای سوودو کەڵەکەی زۆری سەرمایە بۆیان وەک لەوەی کە لەڕێگەی بازرگانیەوە ئەنێردرێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە دانیشتوان و بازاڕەکەیان پێویستیان بە کەلوپەلی بەرهەم هێنراو هەیە. کەواتا ئەگەر وڵاتە دواکەوتووەکان هەمان جۆری بەرهەم هێنانی تێدابوایە و هەمان جۆری تەکنیک و پیشەسازی لە وڵاتەکە یان بوونی تەواوی هەبوایە. ئەوا کەمتر پێویست بە کەلوپەلی بەرهەم هێنراوی ئەو وڵاتانەی دەرەوەی خۆی دەبوو، ئەو کاتەش دەوڵەتانی ئیمپریالیست بوونیان نەدەبوو، وە نە بەم ڕێژەیەش احتیکاراتی ئیمپریالیستی لەسەر وڵاتانی دەرەوەی خۆی ئەبێت و نە بەم جۆرەش تەنها دەرهێنانی ماددە خاو و کانزاکانی دەکرد بەپیشەی ئەو وڵاتانەو شێواوی بەرهەم هێنانیش نەدەبوو، خۆشی بە بەرهەم هاتویی پێی نەدەفرۆشتنەوە، ئەمەش سەرچاوەیە بۆ ڕوودانی جەنگە ناوچەیی و جیهانیەکان.. بۆ نموونە لە عێراقدا لە زۆرێک لە کانزا و ماددەی خاووی بۆ پیشەسازی و بە رهەم هێنانی هەیە لەوانەیە هیچ وڵاتێک لە وڵاتە گەورە ئیمپریالیستەکان بە چارەکی عێراق کانزا و ماددەی خاوی تیادا نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا بە بەردەوامی عێراق بازاڕێک بووە بۆ ساغ بوونەوەی کە لوپەلە بەرهەم هێنراوەکانی دەرەوەی خۆی. دەست بەسەرداگرتنی بازرگانی لەلایەن وڵاتە بەرهەمهێنەکانەوە، لە پێناوی قازانج و کەڵەکەی سەرمایە و بەردەوام بوونی دەسەڵاتیانە، ملکەچ کردنی وڵاتانی تری دواکەوتووە بە سیاسەت و ئامانجەکانیان، ئەمانەش بەشێک لەجەنگی کۆنەپەرستی و ناڕەوای دەوڵەتەکانی لێدەکەوێتەوە.

کاتێک کە جەنگەکان ڕوودەدەن لە نێوان دەوڵەتەکاندا، پێش هەموو شتێک لە هەموو سەرچاوە ئابووریەکانی بەرهەمهێنان و شوێنەکانی نیشتەجێ بوون ئەدرێت و کاول دەکرێت، هەتا ئەگەر توانی  بەرهەم هێنانێکی کەمیشی بۆ ناوخۆ هەبێت. ئەمەش جۆرێکی ترە بۆ خۆشکردنی زیاتری جێگە و ڕێگە بۆ ساغ بوونەوەی کاڵاکانیان. گۆڕانی بەرهەمهێنان لەچۆنایەتیەوە بۆ چەندایەتی یان بەپێچەوانەوە لە دەوڵەتەکاندا ناتوانێت کێشەکان و جەنگە بەردەوامەکانی ناوخۆی دەوڵەتەکان و چینەکانیان، یان جەنگی نێوان دەوڵەتەکان کۆتایی پێ بهێنێت. بۆنموونە هند کە وڵاتێکی بەناوبانگی جیهانییە بۆ بەرهەم هێنانی چا لەگەڵ ئەوەشدا دەشتاییەکی زۆریش و تەکنۆلۆجیای هەیە بۆ بەرهەم هێنانی زۆرێک لە ماددە خۆراکیەکان. هێشتا برسێتی و بێخانەو لانەیی بەربینی بە زۆرێک لە دانیشتوانیەکەی گرتووە لە هندا، بێ جێگا و ڕێگای خێزانەکان و لەسەر جادە و کۆڵانان شەو ڕۆژ بەسەربردن و مناڵانی بێ سەرپەرشت و زۆر کاری تری ناڕەوا بووەتە سروشتی ژیانی زۆرێکی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەکەیان. ئەو جۆرە جیاوازیەی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانەکانی هەموو دەوڵەتەکانی سەر ڕووی جیهانە بەبێ جیاوازی لەنێوان دەوڵەتانی پێشکەوتوو دواکەوتووەکەی، تەنها ئەگەر جیاوازی لە ڕێژەکانیاندا هەبێت ئەگینا ئەوە سروشتی ژیان و جەنگە ناوخۆییەکانی نێوان چینەکانیانە. لێرەوە ئەبێت بگەڕێینەوە سەر ئەوەی جەنگەکان چۆن ڕوودەدات؟ یان چ جۆرە شە ڕێک ڕوودەدات؟

 ئەم جۆرانە لە جەنگەکان کە باسەکەی ئێمەی پێوە سەرقاڵە، جەنگی نێوان دوو سنووری جیاوازی سەرچاوەگرتوو لەیەک بەرژەوەندی چینایەتیە کە یەک ئەوی تری تەواو دەکات. واتا کاتێک حیزبە بۆرژوازیەکان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتانی دواکەوتوودا هەریەکەیان بە جۆرێک سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتە زلهێزەکانی ناوچەیی و جیهانی دەباتە پێشەوەو پابەندی سیاسەت و پلانە ئابووریەکانیان دەبن. زۆر جار لە ڕێگەی ئەو حیزبانەوەیە کە ئەو دەوڵەتە ئیمپریالیستانە دەتوانن بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری خۆیان ببەنە پێشەوە، یان ئەو کاتەی کە ڕژێمێک زیاتر پابەند نابێت بە بەشێک لە سیاسەت و ئابووری وڵاتە  زلهیزەکان و بەرهەمهێنەوە.  ئەو جەنگە ئەخوڵقێنن بۆ حیزبەکان و ڕژێمەکانیان کە بتوانێت باشتر بەرژەوەندیەکانیان بچێتە پێشەوە، یان زیاتر سوود و قازانج بۆ خاوەنەکانیان بەرنە پێشەوە. ئەمە دەبێتە سروشتی زۆرێک لەو شەڕە ناوخۆیانەی ئێستا لە دنیادا.

واتا جەنگی ناوخۆ لە نێوان دوو حیزبی بۆرژوازی لە یەک وڵاتدا نابێتە ئەوەی یەکێکیان شۆڕشگێڕە و ئەویتریان کۆنەپەرست، یەکێکیان ڕاستەو ئەویتریان ناڕاست، یەکێکیان میللەت دۆست و ئەویتریان بەکرێگیراو. ئەوانە هەر هەموویان لە لایەنە نەرێنیەکەی جەنگدان و گروپی جیاواز جیاوازی بەرژەوەندی پەرستی بۆرژوازین و دژ بە بەرژەوەندیەکانی چینەکانی خوارەوەن و ئەمان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دهێنن لە ململانێکانیاندا، گروپی دژن بۆ کرێکار و زەحمەتکێش. بۆ نموونە لە عێراق و ئەفغانستاندا شەڕ لە نێوان دوو تەیاری مەزهەبی  و غەیرە مەزهەبی یان لە نێوان عەلمانی و ئاینی، یان لەنێوان دوو نەتەوەی جیاوازدا دا هیچ شتێک نییە بێجگە لە ناکۆکی لەسەر بردنە پێشەوەی سیاسەت و بەرژەوەندی ئابووری ئەو وڵاتانەی کە حیزبەکانیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ڕاگرتووە. ئەمەش بەشێک لە جەنگە ناوخۆییە کۆنەپەرستی و ناڕەواکانی دەوڵەتەکانی ئێستایە.  سووتاندنی بێ بە هایانەی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەو ناوچانەیە، بێئەوەی جەنگی ئەوان بێت.

ڕاستە مۆنۆپۆڵکردن لەسەر بەرهەمهێنان لەلایەن کۆمپانیایەک یان چەند کۆمپانیایەک لە وڵاتێکدا پێشبڕکێی سەربەست بۆ بازرگانانی ئەو وڵاتە ناهێڵێت، بەڵام ناکاتە ئەوەی کە نەهێشتنی پێشبڕکێیە ببێتە ئەوەی کە بۆ قۆرخکارچیەکانیش وا بێت، واتا پێشبڕکێ دەمێنێت بۆ ئیحتیکارچیەکانی ئەو وڵاتانەی کە قۆرخکاری لە بازاڕی و بەرهەم هێنانی وڵاتێکی تر دەکەن. هەموو ئەو جەنگە ئابووریانەش لە پێناوی تێکشکاندنی سەرچاوەکانی تری داهات و قازانجە بە بەرژەوەندی خۆی. لەبەرئەوە جەنگە جیهانی و ناوچەییەکان مەبەست لێیان ئەو مۆنۆپۆڵیەیە و دابەشکردنەوەی ناوچەکانی جیهانە لەنێوان دەوڵەتە زلهێزەکان لە ڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە هێزیان هەیە، بە پۆزش هێنانەوەی جۆراوجۆری بەناو ڕزگاری نیشتمانی و نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی ….

کاتێک ئیمپریالیزم لەگەڵ دەوڵەتانی تری دنیادا هاوپەیمان دەبێت لەسەر بناغەی چوونە پێشەوەی زیاتری هەموو بەرژەوەندییەکانیەتی. واتا ئەوان بۆ خۆیان هاوپەیمانن، بەڵام لەسەر بنەمای سوود و قازانج گەیاندنن بە یەکتری، ئەگەر کاتێک کە سوود و قازانجیان ئەخرێتە بەر مەترسیەوە لەلایەن هاوپەیمانە کەی خۆیەوە ئەوا بەرەنگارییەک لە نێوانیاندا ڕوودەدات وجمووجۆڵێکی دوژمنکاریانەی دژ بەیەکتری بە ئەنجام دەگات ئەویش زۆرجار لە ڕێگەی ڤیتۆ کردن و هەرەسهێنان بە دەرکردنی بڕیارێکی سیاسی لە دەزگاکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کە بتوانێت بەر بە سوود و قازانجی بەرامبەری بگرێت و بەسوودی خۆی بیشکێنێتەوە. بەڵێ ئەوان ئەوەندە بەرگری لە یەکتری دەکەن کە کاتێک بەشێک لە جیهان دەگۆڕێت بۆ سیستەمێکی جیاوازی ئابووری  و کۆمەڵایەتی خۆیان، هێشتا بەو مانایە نییە، کە ئەمان هاوپەیمانی تووندوتۆڵی یەکترین، لە ناوەڕۆکی ئەو هاوپەیمانێتی یە گەورەترین ڕق و کینەی بەرژەوەندیان لەگەڵ یە کتریدا هەیە.

 هوشیاری شۆڕشگێڕی کرێکاران، هاوپشتی و هاوکاری بزووتنەوەی ئینتەرناسیۆنالیستی پێش دەخات، نەک بەپێچەوانەوە، چوونکە کاتێک کرێکارێکی هوشیار مامەڵە لەگەڵ سروشتی ئەو هەلومەرجە دەکات کە جێگای ژیان و ئاسودەیی بۆ ئەو تیایدا نەماوە، پێویستی هاوئاهەنگی و هاوکاری بزووتنەوەی ئینتەرناسیۆنالیستی پڕۆلیتاریای جیهان زۆر بە ڕۆشنی دەبینێت و چالاکانە کاری جدی بۆ دەکات. واتا بزووتنەوەی ئینتەرناسیۆنالیستییە پرۆسیسی و پراکسیسی هاوئاهەنگکردنی خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریا دەکات لە دنیادا. دیفاع کردنە لە یەک چینی جیهانی کە بە یەک بەرژەوەندی و یەک ئاسۆی ڕوونی شۆڕشگێڕیەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ هەموو دیاردەو هەڵسوکەوتە چەوسێنەرانەکانی دژ بە چینی کرێکار و مرۆڤایەتی سیستەمی سەرمایەداری بکات.

واتا کاتێک ئەم بزووتنەوە ئینتەرناسیۆنالیستییە پراکسیس دەکرێت کە لەناو پڕۆلیتاریادا هوشیاری کۆمۆنیستی زانستی بوونی خۆی هەبێت. هەر ئەم هوشیاریەیە کە ئەتوانێت پرۆسیسی ئینتەرناسیۆنالیستی پڕۆلیتاریای جیهانی بهێنێتە پێشەوەو لە هەموو مەیدانەکانی خەباتی چینایەتیدا کاریگەری خۆی دابنێت. واتا هوشیاری بزووتنەوە ئینتەرناسیۆنالیستییەکە دروست دەکات دژی هەموو جۆرە چەوسانەوەیەک و هەڵاوێردنێکی سیستەمی سەرمایەداری دەوەستێتەوە نەوەکو بە پێچەوانە وە. جەنگی دادوەرانە و درووست ئەو جەنگەیە لەم سەردەمەی سەرمایەداری لیبراڵیدا، دژی سیستەمەکەی دەکرێت لەلایەن چینی کرێکارەوە، گۆڕینی بە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی ئابووری بێ چین، نەوەکو ئەو جەنگانەی کە دەوڵەتەکان دەیکەن لە ژێر چەندان ناو و نیشان و بڕوبیانوی جیاوازجیاوازدا.

********

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.