کرێکاران سامان بەرهەم دەهێنن و دەوڵەمەندەکانیش دەیدزن! … وەرگێرانی: توانا حەمە نوری

0

١٤٨ لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان لە ساڵی ڕابردوودا تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ١.٨٩٥ تریلیۆن دۆلار قازانجیانبەدەستهێناوە، بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی ٥٢٪ زیادیکردووە. بۆ هەر ١٠٠ دۆلار لەو قازانجە، خاوەن پشکە دەوڵەمەندەکان ٨٥ دۆلاریان خستۆتە گیرفانی خۆیانەوە.

بە خەڵک دەوترێت لە ڕێگەی ماندووبوون و هەوڵدان دەتوانیت دەوڵەمەند بیت بەڵام لە ڕاستیدا گرنگترین فاکتەری دەوڵەمەندبوون دزی و تاڵانییە.

سامان لە کوێوە دێت؟ سامان لە سەرمایەداریدا وەک کۆمەڵێک شمەک و کاڵا دەردەکەوێت.

ئەم کاڵایانە ئەو کاڵایانەن کە بە تایبەتی بۆ ئاڵوگۆڕکردن لە بازاڕدا بەرهەم دەهێنرێن. ئەم پرۆسەیە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانە، نەک پەیوەندی شتەکان.

چینی دەسەڵاتدار کۆنتڕۆڵی ئەو شتە دەکات کە کارل مارکسی بە “ئامرازی بەرهەمهێنان” ناوی بردووە – کارگە، فەرمانگە و زەوی و هتد. زۆرجار بە شێوەیەکی تایبەت خاوەندارێتییان دەکەن و هەندێک جاریش دەوڵەتەکان خاوەنیانن. زۆرینە تەنها کاتێک دەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن کە لە بەرامبەر کرێ یان مووچەیەکدا کار بۆ کەسێکی تر یاخود دەسگایەکی حکومی بکەن. کرێکاران ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانە بەرهەم دەهێنن کە کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی. لە شوێنەکانی کاردا کە نە خاوەنی خۆیانن و نە کۆنتڕۆڵی دەکەن.

وەک سۆشیالیستی ئەمریکی یوجین دێبس دەڵێ “سەرمایەدارەکان خاوەنی ئەو ئامرازانەن کە بەکاریان ناهێنن، کرێکارانیش ئەو ئامرازانە بەکاردەهێنن کە خاوەنی نین. سەرمایەداران خاوەنی ئەو ئامرازانەن کە چینی کرێکار بەکاری دەهێنن، ئەوەی چینی کرێکار بەرهەمی دەهێنێت خۆی خاوەنی نییە و ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە چەند سەرمایەدارێکی کەم بە شێوەیەکی ئەفسانەیی دەوڵەمەند دەبن لە کاتێکدا ملیۆنەها کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش لە هەژاری و نەزانی و وابەستەییدا دەمێننەوە.”

کەواتە کرێکاران لە ڕاستیدا “دروستکەری سامان”ی سەرەکین. بوون بە “دروستکەری سامان” نابێتە هۆی ئەوەی دەوڵەمەند بیت. ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کرێکاران بەرهەمی دەهێنن هی خۆیان نییە، بەڵکو هی خاوەن کارەکانە.

چینی کرێکار هەر لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی شمەک و کاڵاکاندا، سامانی سەرمایەدارەکانیش بەرهەم دەهێنێتەوە. کرێکار تەنها بەهایەکی ئەوتۆ بەدەست دەهێنێت کە ڕێگەی پێبدات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. بەشێکی زیادەی بەها لە دەرەوەی کرێ- مارکس بە “بەهای زیادە” ناوی دەبات – لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە کۆدەکرێتەوە.                                      
ئەوە ناوەرۆکی چەوساندنەوەیە. کرێکاران زیادەی بەرفراوان بەرهەم دەهێنن، کە لە کۆتاییدا دەچێتە دەستی ئەو کەسانەی کە حوکمڕانن بەسەریاندا. تا زیاتر کار بکەن، چەوسێنەرانیان دەوڵەمەندتر و بەهێزتر دەبن.

خاوەن کارگەکان و سەرۆکی کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان و خاوەن مەزرەعەکان تەنها لەبەر ئەوەی کرێکاران “کەسانی خراپن”ناچەوسێننەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی سەرمایەدارن ئەو کارە دەکەن.

کۆمپانیاکان بە بەردەوامی خاوەنەکانیان دەگۆڕن. زۆرجار سەرۆک و بەڕێوەبەرەکان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و دەگۆڕدرێن. بەڵام شێوازی کارکردنیان ناگۆڕێت. ئەوەی دەیانباتە پێشەوە، پاڵنەرێکی سیستماتیکە بۆ بەرهەمهێنانی سامان. “کۆی بکەنەوە و کەڵەکەی بکەن”، وەک مارکس باسی کردووە.

لە کاتێکدا ڕەنگە سەرمایەداران لە دژی کرێکاران یەکبگرن، بەڵام هەمیشە کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن.

سیستمی سەرمایەداری بە گشتی لەلایەن ئەم دوو هێزەوە دەجوڵێت – کەڵەکەبوونی سەرمایە و کێبڕکێی نێوان سەرمایەداران. ئەمەش ناسەقامگیری دروست دەکات. ئەوەی نەگۆڕە ئەوەیە کە ئەوانەی خاوەن و کۆنترۆڵی سامانەکەن هەمیشە دەیانەوێت قازانجی زیاتر بکەن.

تەکنەلۆژیای نوێ و کۆمپیوتەر دەتوانێت بەرهەمهێنان خێراتر بکات، ڕەنگە بەهۆی ئەمەوە سەرمایەدارێک پێش سەرمایەدارێکی تر بکەوێ. بەڵام ئەوەی بەڕاستی جیاوازی دروست دەکات، بڕی ئەو کارەیە کە دەتوانرێت لە هەر کرێکارێک دەربهێنرێت و لە بەرامبەریشدا چەندی بدرێ بەو کرێکارە بۆ ئەوەی بژی.

ئەمەش واتە پاڵنانی کرێکاران بۆ کارکردنی درێژتر و شفتی سەختتر لە هەمان کاتدا هێشتنەوەی مووچە لە ئاستی خۆی. سیستەم لەسەر کاری چینی کرێکار بنیات نراوە. بەڵام شێوازی چەوساندنەوەی ئەو کارە، ململانێی چینایەتی دەکاتە شتێکی حەتمی.

 

لە ئینگلیزیەوە کراوەتە کوردی

Leave A Reply

Your email address will not be published.