جەنگەکان جیاوازن… نجم الدین فارس حسن

0

                              بەشی یەکەم

لە مێژووی ململانێی چینایەتیدا، کاتێک کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەسەر ئاسەواری کۆمەڵگەی دەرەبەگەیەتی بنیات ئەنرێ و گیان بەبەریدا دەهێنرێت، دوو چین پێکهاتی ئەم کۆمەڵگەیە دیاری دەکات، دوو چینی دژ بە یەک و یەک ئەوی تر دیاری دەکات. سیستەمی سەرمایەداری، لەسروشتی کۆمەڵایەتی ئابووریەکەیدا، دوو چینی جیاوازی لە کرێکار و سەرمایەدار پێکدەهێنێت، وە لەسروشتی ململانێ ئامێزییاندا چەرخی پەیوەندی ئابووری سیاسی کۆمەڵایەتی هەڵئەسوڕێنن. هەر کاتێک کۆمەڵگەکان، ئەم دوو چینەی تیا دەبینرێت، دوو پێکهاتی ئابووری جیاوازی، بەدوو بەرژەوەندی جیاوازەوە دەبێتە سەرچاوەی دووجۆر ژیان و گوزەرانی جیاواز. ئەم دوو چینە سروشتی پێکەوە ژیانیان لەکێشمەکێش و لە ململانێدان لەگەڵ یەکتریدا. واتا سروشتی پەیوەندییە ئابووریەکەیان ناکۆکی چینایەتی و ئەم ململانێیە دیاری دەکات.

ئەم ناکۆکییە جەنگی ڕۆژانەی بەردەوامی لەئاستی جیاواز تێدایە، بە ئاڕاستەی دوو بەرژەوەندی جیاواز لەگەڵ یە کتریدا دەجەنگن. ئەم جەنگە چ وەک تاک یان وەک دەستە و گروپ و کۆمەڵ بێت یان لەئاستێکی فراوانی چینەکاندا بێت جەنگێکی هێمنانە نییە. بەڵکو جەنگێکە کە لەسروشتی پەیوەندییەکانی سیستەمی سەرمایەدارییەوە سەر دەردەکات و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت، بەشێوەو میکانیزم و تایبەتمەندی تایبەت بە جۆری جیاوازی جەنگەکان لە پێویستی داخوازیەکانی بەرژەوەندی هەردوو لایەن لە کێشمەکێشی بەردەوامدان.

لەسیستەمی سەرمایەداریدا، جەنگی ڕەوای ڕۆژانەی جیاوازی ئابووری کە لە خەباتی ئابووریدا دەبینرێت. جیاوازی هەیە لەو جەنگەی کە شەڕی کۆمەڵایەتی و جەنگی ڕەوای کۆیلەی مۆدێرنە دژ بە چەوسانەوەکانی سیستەمی سەرمایەداری و نادادیەکانی لەدابەشکردندا و لەناوبردنیانە. واتا جەنگی ڕۆژانەو خەباتی ئابووری لە جۆری یەکەمیاندا لە چوارچێوەی زیادبوونی کرێدایە. ئەبێت ئەوەش بزانرێت جەنگ بە مانا شۆڕشگێڕییەکەی نابینرێت، لە خەباتی ئابووریدا. واتا جەنگ لە پێناو چارەسەرکردنی هەنووکەیدایە.

واتا ئەم جەنگەیان جەنگی گۆڕینی دەسەڵات نییە. جەنگیی لە ناوچوونی چینە کۆمەڵایەتیەکان نییە. جەنگی گۆڕانی سیستەمێکی ئابووری سیاسی کۆمەڵایەتی نییە. جەنگی جێگرتنەوەی دەسەڵاتی چینێک نییە لە بەرامبە ر چینێکی تردا.

ئەم جەنگە جۆرێکی ململانێکانە، واتا هیچ کات ناکۆکی و جیاوازی بەرژەوەندییەکان، جەنگێکی هێمنانە بەخۆیەوە نابینێت، هەتا ئەگەر ئەم جەنگەش نەبێتە هۆی گۆڕانی سیستەمەکە. ئەو ناکۆکییە لە سروشتی دروست بوون و سەرهەڵدانی ئەو دوو چینەوە لە هەموو سوچێکی ئەم جیهانەدا لە جیاوازی پێگەی ئابووریەوە سەر هەڵئەدات… بەم بۆچونە جەنگی فراوان و ڕەوای پڕۆلیتاریا لە نیزامی سەرمایەداریدا جەنگی لە ناوچوونی سیستەمی سەرمایە دارییە.

بێجگە لە جەنگی لە ناوچونی کۆیلایەتی کارو سەرمایە، هەموو جەنگەکانی تر ناڕەواو خوێنڕێژ و دژی مرۆڤایەتین و هەوڵێکی سیستەمی سەرمایەداریە لە پێناوی مانەوەو قازانجدا.

ئەو کاتانەی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی سەرمایەداری لە ئەمریکا و ئەوروپا جیهاندا دامەزراوەو دادەمەزرێت، ژیانی کۆمەڵێک لەئاستێکی زۆرباشی گوزەران و خۆشیدا دەبێت و ئاڕاستە دەگرێت و چینێکی فراوانی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی دواکەوتوویی و نەداری و هەژاری و چەندین جۆری کۆیلایەتی و بێکاری و هەتککردنی ماف و کەسایەتیان دەبنەوە.  دیسپلینی کارکردنی سەرمایەداری لەپێناو قازانج و سەرمایەی زیاتر لە بەهرەکێشانی هێزی کاری پڕۆلیتاریایە، ڕووبەڕووی بێکارکردن و هەژاری ئەکرێن، هەر لەو کاتەدا جەنگی  ژیانی مەمرەو مەژییەی پڕۆلیتاریا لەگەڵ سەرمایەدار ڕۆژانە دەست پێدەکات، وە هەر ئەو کاتەی کە کرێکارێک یان کرێکارانی کارگەیەک هەڵوێستی دژ بەبردنی زیادەی کاریان و بێ بەهرەبوون لێی، کردەی ڕژانە سەرجادە دەگرنەبەر یان لەناو کارگەدا بەرامبەر بە خاوەن کار ئەبزوێن، کاردانەوەی ئەو کارانەیە کە سروشتی پەیوەندی خاوەنکار بەرامبەر بە کرێکاران دەیگرنە بەر. واتا هەر لە سەرەتای لە دایکبوونی نیزامی سەرمایەدارییەوە، ئەم دژە وەستاندنە هەبووە و بوونیشی ئەبێت هەتا ئەم سیستەمە ئابوورییە بوونی هەبێت.

 ئەبێت ئەوەش بزانین کە کاتێک جەنگ لە نێوان دوو دەوڵەتی یەک فرماسێۆنی ئابووری کۆمەڵایەتی بۆ نمونە سەرمایەداریدا ڕوودەدات جەنگێکی زۆر کۆنەپەرستانەیە و دژ بە بزووتنەوەی ڕزگاری پڕۆلیتاریایە. چوونکە ئەم شەڕانە بۆ پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری خۆیانە لە ناوچەکە و جیهاندا، یان بە واتایەکی تر، کاتێک دوو بەرژەوەندی جیاوازی یەک چینی وەکو سەرمایەدار لەململانێدا ئەبن، هەریەکەیان بۆ بڕین و بەدەستهێنانی قازانج و پاوانخوازی زیاترە بۆ خۆیان. بۆ دوو دەوڵەتیش هەروایە، بەڵام لەئاست و جیاوازییەک و بەجۆرێکی فراوان تر ڕوودەدات. ئەبێت ئەوەش ڕۆشن بێت کە ناکۆکی جۆرێکی هێمنانە نییە لە شەڕ، بەڵکو ئەوە ناکۆکییە کە جەنگ دروست دەکات. واتا بەتەواوی لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە ناکۆکی جەنگ دەخوڵقێنێ و جەنگیش بەرئەنجامی بوونی ناکۆکییە. کاتێک ئیمپریالیزمی جیهانی ئەیە وێت بەشێک لە دنیا پاوانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری خۆی بکات، واتا ئەیەوێت بازاڕ بۆ کاڵاکانی دروست بکات یان زیاتر و گەورەتر بکات.

واتا ئەو ناکۆکییە لە نێوان دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان یان دەوڵەتە زلهێزەکان و دەوڵەتە هەژارو ناپیشەسازییەکانی دنیادایە، ناکۆکیەکی جیاوازترە لە ناکۆکی نێوان پڕۆلیتاریا و سەرمایەداران. واتا بۆ دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان دەسەڵاتی چەوسێنەرانەیان بەرقەرار دەکەن لە ڕێگەی سیستەمی سیاسی و داموودەزگای پۆلیس و سەرکوتکردن و جەنگەکانیان. بەهۆی ململانێ و خوێن ڕشتنی دانیشتوانی سڤیلی ناوچە جیاوازەکان بۆ گۆڕینی جوگرافیای سیاسی ناوچەکان یان ململانێ بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی ناوچەکانی تری جیهان، جەنگ و کوشتارگا ئەخوڵقێنن، ئەم جەنگانە جەنگی ڕەوای گۆڕینی سیستەمەکە نییە. شەڕی بەدەستهێنانی سوود و قازانجی زیاتری کۆمپانیا و دەوڵەتەکانیانە لەسەر ئاستی بازاڕی جیهانیدا. بەم پێیە جەنگەکان جیاوازن لە ئامانج و ناوەڕۆکدا. لە کاتێکدا لە جەنگە ناڕەواکاندا پڕۆلیتاریا بەکار دەهێنرێت بۆ سوود و قازانجی سەرمایەداران ، ئیتر ئەو جەنگە لەناو خۆی دەسەڵاتێکی سیاسی یەک دەوڵەتدا بێت، یان دوو دەوڵەت یان چەند دەوڵەتێک بگرێتەوە. وە لە زۆر جاریشدا بوون و ئەبنە چەکی بەرگریکردن لە حیزبە بۆرژوازییە جیاوازەکان لە شکڵداو بەرژەوەندییەکانیانی ئەوان دەبەنە پێشەوە و لەدژی خۆیان بەکاردەهێنرێت. وەک ئەوەی لە ڕووەندا و عێراق و لە کیشوەرەکانی ئەفریقیاو ئەمریکای لاتین و…..هتد ڕویانداوەو روودەدەن. لەبەرئەوە جەنگی نێوان سنوورە جیاوازەکان جەنگی ڕەوای پڕۆلیتاریا نین، یان جەنگە ناوخۆییە کۆنەپەرستەکانی حیزبە بۆرژوازیە جیاوازەکانی یەک سنوور جەنگی ڕەوای پڕۆلیتاریا نین.

جەنگی ڕەوای پڕۆلیتاریا جەنگی لە ناوبردنی دەسەڵاتی سەرمایەدارانە، جەنگی لەناوبردنی چینی بۆرژوازی و سەرمایەدارانە. جەنگی ڕەوای کۆمەڵایەتی پڕۆلیتاریایە کە تاقە زامنی ڕێگای بنەبڕکردنی هەموو پلەیەکی برسیەتی و کۆیلەیەتی و جیاوازی ڕەگەزی و ڕەنگ و ماڵوێرانی و تراژیدیاکانی نیزامی سەرمایەدارییە.

ماویەتی…

Leave A Reply

Your email address will not be published.