ئەلێکساندرا کۆلۆنتای؛ ئەو ژنەی بەشدار بوو لە گۆڕینی ڕووسیا بەرەو سۆشیالیزم…

0

ئاهەنگێکی ڕۆژی جیهانی ژنان لە شوباتی ساڵی ١٩١٧ ئەو چەخماخەیە بوو کە شۆڕشی ڕووسیای هەڵگیرساند.
کۆمەڵێک لە ژنانی کرێکاری کارگەیەکی قوماش لە سانت پترسبۆرگ داوایان لە کۆمیتەی ناوەندی بەلشەفییەکان کردبوو ڕێنماییان بکەن و لەو ڕۆژەدا چی بکەن. پێیان وتبوون مان نەگرن و چاوەڕێی ڕێنمایی تر بن.
بەڵام هیچ ڕێنمایییەک نەهات؛ بۆیە ژنەکان بڕیاریان دابوو دەست لە کارهەڵبگرن و بڕۆنە دەرەوە بۆ سەر شەقامەکان.
زۆری نەخایاند هەزاران کەس لە کارگەکان هاتنە دەرەوە و هەزارانی تریش ڕیزی نان کڕینیان جێهێشت و بەشداری ڕێپێوانیان کرد و شارەکەیان پڕکرد لە لافیتە کە داوای “نان- منداڵەکانمان برسین!”.
لە ڕۆژانی دواتردا ژنانی ماڵەوە و ژنانی کرێکار و ژنی سەرباز پەیوەندییان پێوە کردن. ژنان پۆلیسیان بەردباران دەکرد و داوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەمیان دەکرد. ژنان چوونە ناو سەربازگەکان بۆ ئەوەی سەربازەکان هان بدەن بۆ ئەوەی بچنە پاڵیانەوە.
هەفتەیەکی نەبرد تزار، پاشای ڕەهای ڕووسیا، دەستی لەکارکێشایەوە. ئەمە سەرەتای شۆڕشی ڕووسیا بوو. کرێکاران ڕاپەڕین و لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەو ساڵەدا دەسەڵاتیان گرتە دەست.
ئینتەرناشناڵ سۆشیالیست لە ساڵی ١٩١٠ بە فەرمی ڕۆژی جیهانی ژنانی پەسەند کرد. ئەم ڕۆژەی بە فەرمی کرد، چونکە ژمارەیەک لە ژنان لەوانە ئەلێکساندرا کۆلۆنتای ماندوونەناسانە خەباتیان بۆ دەکرد.
ئەلێکساندرا کۆلۆنتای چالاکوانێکی ناوداری پارتی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیا بوو. لە شۆڕشەکانی ساڵی ١٩٠٥ و ١٩١٧دا یارمەتی ڕێکخستنی ژنانی کرێکار و جووتیارانی کردووە. کۆلۆنتای لە خێزانێکی ئەرستۆکراتی لەدایک بووە، دوای سەردانیکردنی کارگەیەکی گەورەی قوماش لە ساڵی ١٨٩٦دا بووە شۆڕشگێڕ.
ژنان ڕۆژانە ١٨ کاتژمێر کاریان دەکرد. بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی منداڵبوونیان نەبوو، زۆرجار لەناو کارگەکەدا منداڵیان دەبوو. مووچەی ژنان یەک لەسەر سێ یان نیوەی مووچەی پیاوان بوو. کەم کەس چاوەڕوانی دەکرد لە سەرووی ٣٠ ساڵەوە بژین.
ئەم ئەزموونە ژیانی کۆلۆنتای گۆڕی. کارل مارکسی خوێندەوە، پەیوەندی بە گروپە مارکسیستەکانی سانت پترسبۆرگەوە کرد.
لە ساڵانی ١٨٩٠ بە لێشاو ژنان لە گوندەکانەوە دەهاتنە ناو هێزی کاری شارەکان. خاوەن کارگەکان ژنانیان وەک کرێکارێکی گوێڕایەڵتر سەیر دەکرد. پێیان وابوو ژنان ناخۆنەوە و کەمتریش مان دەگرن. نزیکەی لەسەدا ٩٠یان نەخوێندەوار بوون.  لەگەڵ ئەوەشدا ژنان، سەرباری دژایەتیەکی توند، بەشدارییەکی نائاسایییان لە بزووتنەوەی مانگرتندا دەکرد و هەروەها دەشچوونە کۆبوونەوەکان.
کۆلۆنتای لەگەڵ هاوڕێ سۆشیالیستییەکانی لە دەرگای کارگەکاندا دەوەستان و لەگەڵ کرێکاران قسەیان دەکرد، بەڵام تەنها مارکسیستەکان نەبوون هەوڵی ڕێکخستنی ژنانی کرێکاریان دەدا. ڕێکخراوە خێرخوازەکانیش هەوڵیان دەدا ژنانی کرێکار لە مانگرتن دوور بخەنەوە و بەرەو گروپە ئاینییەکان ڕایان بکێشن.
لە ماوەی ساڵانی دەوروبەری شۆڕشی ١٩٠٥، ژنانی سۆشیالیست کاری جیددی حزبییان لە نێو ژنانی کرێکاردا دەکرد.
کۆلۆنتای دەیوت پێداویستییەکانی ژنان جیاواز و تایبەتن. بەڵام ئەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەم جۆرە جیاوازییانە پێویست ناکات دابەشکەر بن.

لە دەربەدەریدا دوای شکستی شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ کۆلۆنتای نووسیویەتی کە چۆن پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە شۆڕشدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و چۆن مارکسیستەکان دەبێ ئەم پرسانە شیکاری بکەن.  باسی خۆشەویستی ئازادی دەکرد و نیشانیدا کە چۆن چینی کرێکار لە ئێستاوە خۆی لە کۆت و بەندەکانی هاوسەرگیری بۆرژوازی ڕزگار بکات.
شۆڕشی ئۆکتۆبەر شەڕی ناوخۆی بەدوای خۆیدا هێنا؛ هەروەها دەشبێ باسی دەستێوەردانی دەرەکیش بکرێ چونکە زۆرێک لە وڵاتە ئیمپریالیستەکان بۆ شکستپێهێنانی شۆڕش هێرشیان کردە سەر ڕووسیا.
کۆلۆنتای بەناو ڕووسیادا دەگەڕا و پرسیاری لە ژنان دەکرد کە پێویستیان چییە. شۆڕشگێڕان دەبوو ئەرکی لە ڕادەبەدەر پراکتیکی ئەنجام بدەن. بەڵام لە کاتێکدا بەلشەفییەکان سەرکردایەتی حکومەت و شۆڕشیان دەکرد لە دژی دوژمنانی شۆڕش، هەندێک یاسای زۆر پێشکەوتنخوازانەشیان دەرکرد.
هاوسەرگیری بە سادەیی بوو بە پرسێک لە تۆمارکردنی پەیوەندییەک. ئەو چەواشەکاری و زەبر و زەنگەی کە بە جیابوونەوە و ناشەرعییەوە گرێدرابوو، لابرا.
ئەزموونی شۆڕش گۆڕانکارییەکی گەورەی لە پەیوەندییەکان و خێزاندا هێنایە ئاراوە. خەڵک بۆ ماوەی ڕۆژێک هاوسەرگیریان دەکرد، پاشان هاوسەرگیریان لەگەڵ کەسێکی تر کرد. هەموو جۆرە پەیوەندییەکی جیاواز هاتە پێشەوە.
بەشێکی نوێ لە کۆمیتەی ناوەندی بە ناوی ژێنۆتدێل دامەزرا بۆ بەشداریکردنی ژنان لە هەموو بەشێکی شۆڕشدا. کۆلۆنتای لە ساڵی ١٩٢٠ وەک بەڕێوەبەر دەستنیشانکرا. ژنانی بەلشەفی بە باڵاپۆشی سوورەوە دەچوونە ناو گوندەکان و هانی ژنە جوتیار و کرێکارانیان دەدا بۆ ئەوەی بەشدارییەکی چالاکتر لە ژیانی سیاسیدا بکەن.
بەلشەفییەکان داگیرکەرانی بیانییان دەرکرد و شۆڕشەکەیان ڕزگار کرد. بەڵام ساڵانی شەڕ بووە هۆی داڕمانی پیشەسازی و شۆڕشی ڕووسیاش بۆ وڵاتانی دیکە بڵاونەبووەوە. بەلشەفییەکان نیشانیان دا کە پراکتیک و تیۆری لەیەکتر جیا ناکرێنەوە. سەردەمی شۆڕشگێڕانە هەموو شتێک دەخاتە ژێر پرسیارەوە؛ تەنانەت شێوازی هەڵسوکەوت و ڕێکخستنی ژنانیش.
ئەلێکساندرا کۆلۆنتای (٣١ی ئازاری ١٨٧٢ – ٩ی ئازاری ١٩٥٢) ژنە شۆڕشگێڕێکی کۆمۆنیستی ڕووس بوو، ئەندامی حیزبی مەنشفی بوو دوایی لە ساڵی ١٩١٤ چووە بەرەی بەلشەفییەکان.  ئەلێکساندرا زانستە ئابوورییەکانی لە زووریخ خوێندووە، یەکەم ژنە کە پۆستی وەزیری وەرگرتبێت لە حکومەتەکەی لینین. شۆڕشگێڕێکی چالاک بوو، نامیلکە و کتێبەکانی بە تایبەتی باسیان لە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە و لە شۆڕشدا دەکات.  لە ساڵی ١٩٢٣ وەک باڵیۆز لە نەرویج دەستنیشان کرا.

 

لە ئینگلیزییەوە کراوەتە کوردی.

توانا محەمەد نوری

Leave A Reply

Your email address will not be published.