دەربارەی هەژدەهەمین برومێری لویس بۆناپارت (The Eighteenth Brumaire of Louis Bonaparte)
هەژدەهەمین برومێری لویس بۆناپارت وتارێکە کارل مارکس لە نێوان کانوونی دووەمی ١٨٥١ و ئازاری ١٨٥٢ نوسیوێتی. سەرەتا لە ساڵی ١٨٥٢ لە گۆڤاری The Revolution بڵاوکراوەتەوە؛ گۆڤارێکی مانگانە بوو بە زمانی ئەڵمانی جۆزێف وایدەمایەر (هاوڕێی مارکس بوو بە ناچاری کۆچی بۆ ئەمریکا کرد) لە شاری نیویۆرک بڵاویدەکردەوە. وتارەکە نموونەیەکی دیاری چەمکی “ماتریالیستی مێژوو”ی مارکسە.
مارکس لە هەژدەهەمین برومێردا سەرنج دەخاتە سەر کودەتاکەی ساڵی ١٨٥١ی فەرەنسا، کە بەهۆیەوە لویس ناپۆلیۆن بۆناپارت، سەرۆکی کۆماری دووەم و کوڕەزای ناپۆلیۆن بۆناپارت، بووە ئیمپراتۆری دووەمی ئیمپراتۆریەتی فەرەنسا وەک ناپلیۆنی سێیەم.
مارکس هەوڵدەدات ئەوە ڕوون بکاتەوە کە چۆن سەرمایەداری و ململانێی چینایەتی هەلومەرجێکی دروستکردووە کە “کەسایەتییەکی قێزەوەن و ناوەنجی توانی ڕۆڵی پاڵەوانێک بگێڕێت”. مارکس باسی دابەشبوون و هاوپەیمانییەتی نێوان بۆرژوازی و بۆرژوازی بچووک و جووتیاران و شۆڕشگێڕان و سۆشیال دیموکراتەکان لە نێوان گروپەکانی دیکەدا دەکات و چۆن نەبوونی باڵادەستی هیچ کەسێک بووە هۆی سەرهەڵدانەوەی پاشایەتی، سەرەڕای شۆڕشی ساڵی ١٨٤٨.
مارکس ئیمپراتۆریەتی دووەم بە دەوڵەتێکی “بۆناپارتیستی” وەسف دەکات، ئیستسنایە لە چەمکی بنەڕەتی مارکسیستی دەوڵەت وەک ئامرازێکی حوکمڕانی چینایەتی بەو پێیەی دەوڵەتی بۆناپارتی دەبێتە نیمچە سەربەخۆ، نوێنەرایەتی بەرژەوەندی هیچ چینێک ناکات.
هاوکات لەگەڵ نووسینە هاوچەرخەکانی مارکس لەسەر سیاسەتی ئینگلیز و شەڕی ناوخۆ لە فەرەنسا، هەژدەهەمی برومێر سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە تیۆری مارکس سەبارەت بە دەوڵەتی سەرمایەداری.
لێکدانەوەی مارکس بۆ سەرهەڵدان و فەرمانڕەوایی لویس بۆناپارت جێگەی سەرنجی زانایانی دواترە کە لە سروشت و مانای فاشیزم دەکۆڵنەوە. بەشێک لە زانایانی مارکسیستی کودەتاکە وەک پێشەنگێک بۆ دیاردەی فاشیزمی سەدەی بیستەم دەزانن.
دوو لە وتە هەرە ناسراوەکانی مارکس لەم وتارەدا دەردەکەون: یەکەمیان لەسەر دووبارەبوونەوەی مێژووە: “هێگڵ لە شوێنێکدا تێبینی ئەوە دەکات کە کەسایەتییە گەورە مێژووییەکانی جیهانی، وەکو دەڵێن، دوو جار دەردەکەون. لەبیری چوو ئەمەی بخاتە سەر: جاری یەکەم وەک کارەسات، جاری دووەم وەک مەسخەرە”.
دووەمیان: “مرۆڤەکان مێژووی خۆیان دروست دەکەن، بەڵام بە ئارەزووی خۆیان دروستی ناکەن؛ لە هەلومەرجێکی خۆهەڵبژێردراودا دروستی ناکەن، بەڵکو لە هەلومەرجێکدا کە پێشتر هەبووە و لە ڕابردووەوە گواستراوەتەوە. نەریتی هەموو نەوە مردووەکان وەک کابوسێک قورسایی لەسەر مێشکی زیندووەکانە.”
نووسینی: تونا حەمە نوری