مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری بەپروپاگەندەی درۆ و ساختە ناشکێن!؟… نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
هەندێ کەس لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیدا تۆمەت و درۆ بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری هەڵدەبەستن و لە سۆشیال میدیادا هەندێ کەس بەشێوەی پۆست لەسەر کردن و لایڤ و کۆمێنت و گاڵتەجاری هێرش دەکەنە سەر مەنسور حیکمەت ڕابەڕی کۆمۆنیزمی کرێکاری، وە هەروەها هێرش دەکەنە سەر کۆمۆنیستەکان… دیارە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا دەسەڵاتی بۆرژوازی سوود لە بەشێکی پرولیتاریا وەردەگرێ بۆ لێدانی پرۆلیتاریا و کۆمۆنیستەکان و ڕابەرەکانیان، ئەو بەشەش بریتییە لە خڵتەی پرۆلیتاریا (حثالة برولیتاریا) وخەڵکی بەڵتەجی. بۆرژوازی ئەم بەشە بەکار دێنێ بۆ کوشتن وتیرۆرکردنی ڕابەرانی کرێکاری و کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان وە هەروەها بۆ سیخوڕی کردن و پروپاگەندەی درۆ وهیچ و بێ ناوەڕۆک و بۆش. من ئەمڕۆ دێمە سەر هەندێ لەو پروپاگەندانە.
١- ئەوان دەڵێن (مەنسور حیکمەت فارسێکی شۆڤینی و ئیتلاعاتی شاە) بووە. لە کاتێکدا مەنسور حیکمەت دەیان وتارو وتەی ڕادیۆی و پاڵتاکی هەیە دژی شۆڤێنیزمی فارس و شاە وسەلتەنەت تەڵەبەکان و ئەوانیش لە دژی مەنسور حیکمەت دونیایەک پروپاگەندەی درۆو پڕو پووچیان کردووە و بەردەوامیش دەیکەن. جمهوری ئیسلامی ئێرانیش دەڵێت مەنسور حیکمەت سیخوڕی ئیسرائیل بوو !.
٢- دەڵێن (مەنسور حیکمەت دژی کورد بووە وە بووەتە هۆی بێ هێزکردنی کۆمەڵەو جیابوونەوەکانی ناو کۆمەڵە) . لە کاتێکدا مەنسور حیکمەت چارەسەری کێشەی کورد لە هەر چوار پارچەکە بەشێوەی ڕیشەیی بەنوسراو بە وتارو و بەرنامە خستوویەتە بەردەم هەمووان. کەدەڵێ خەڵکی کورد یا دەبێ بەهاووڵاتی یەکسان لە هەر چوار وڵاتدا چاو لێ بکرێن یا جیاببنەوەو دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێ. سەبارەت بە کۆمەڵەو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: مەنسورحیکمەت زۆر هەوڵي دا ئەم حیزبە بەهێزبێت لەهەمان کاتدا خاوەن سیاسەت و بەرنامەو تاکتیک و ستراتیجی کۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕی کرێکاری بێت کەچی کەسانی فیدراڵی پەرست و کوردایەتی پەرستی نزیک لە تاڵەبانی و بارزانی ناو کۆمەڵە ڕێگر بوون لەبەردەمیدا ئیتر بەو ئاکامە گەیشت ئاڵۆگۆڕی لەم جۆرە مەحاڵە لە ناو کۆمەڵەدا ڕوو بدات، هاتنە دەرەوەی لەو حیزبە پێ باشتر بوو. مەنسور حیکمەت و یاهەر کەسێکی تر ئازادە بچێتە ناو هەر حیزبێکەوە و وازیش بهێنێ ئەمە مافی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە لەدونیا، ئیتر بۆچی ئەمە وەک تاوان چاو لێ بکرێ، ئەو وازی هێنا لە حیزبی کۆمۆنیست وەک تەنها خۆی بوو پاشان کەسانی تر وازیان هێنا. جیابوونەوەکانی ناو کۆمەڵە و شەڕو لەیەکتر کوشتنیان لەم ساڵانەی دوایدا ئەو ڕاستیەی سەلماند کە مەنسورحیکمەت هەرچی وت لەسەر موهتەدی و ئیلخانی زادەو وڕەوتی ناسیۆنالیستی و کوردایەتی ناو کۆمەڵە هەمووی واقعی ودروست بوون. ئەوەش بڵێم ئەگەر مەنسور حیکمەت بە هۆکاری جیابوونەوەکانی ناو کۆمەڵە دەزانن ئەی جیابوونەوەکانی ناو پارتی لەشەستەکان و هەشتایەکاندا و ئەی جیابوونەوەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی و حیزبی دیمۆکرات و پ ک ک بەهۆکاری کێ دەزانن؟ کوا مەنسور حیکمەت لەناو ئەواندا نەبوو!
٣-دەڵێن (ئێوە کۆمۆنیستەکان دژی سەرمایەدارین ئەی بۆچی پەنادەبەن بۆ وڵاتانی سەرمایەداری و لەوێ دەژین ئەی بۆ ناچن بۆ ڕوسیا و چین و کۆریای باکورو کوبا !) ئەوانەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیان هەیە جاهیلن لە بەرانبەر کۆمەڵگەی چینایەتی و ململانێی چینە دژ بەیەکەکان وە دەیانەوێ ئەو ڕاستیە پەردە پۆش بکەن کە لەنەبەردە چینایەتیەکاندا سەرکەوتن و شکست و دەسکەوت هەیە.. گەلێک دەسکەوت وەک مافی پەنابەری و بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان و مافی مانگرتن و خۆپیشاندان و ئازادی سیاسی و بیروڕا بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی چینی کرێکارو ئازادیخوازان و چەپ و سکیولارو کۆمۆنیستەکانی کۆمەڵگەکانی سەرمایەداریە، نەک لە چاکەی سیستەمی سەرمایەداری. سەرمایەداری بەهۆی قازانج پەرستی و خۆپەرستی یەوە پێی باش نییە هیچ مافێک بە مرۆڤ بدات. ئێستایش نەک تەنها کۆمۆنیستەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق و کوردستان، بەڵکو هێزی ملیۆنی چینی کرێکارو خەلکی چەپ و کۆمۆنیستی دانیشتووی ئەم وڵاتانە لەدژی دەسەڵاتی سەرمایەداری وڵاتەکانی خۆیان تێکوشان دەکەن بۆ دەسکەوتی زیاتر و مافی زیاتر و تەنانەت بۆ ڕووخانی دەسەڵاتیش و بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئازاد. ئێمەیش وەک کۆمۆنیزمی کرێکاری و وەک مەنسور حیکمەت وەک مارکس و وەک لینین هەر لە ناودڵی ئەم کۆمەڵگەیانەدا لەم پێناوەدا دەجەنگین. ئەو کەسانە لەوەش تێ ناگەن کە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەراستیش هەر سەرمایەدارییە کە خەڵک لەدەستیان هەڵدێت و کۆچ دەکات، بەڵام لەوێدا کەمترین دەسکەوتی ئینسانی نییە و بەهۆی ناهۆشیاری کۆمەڵگەکان و ئابوری دواکەوتوو وە هیچ ڕێنسانس و شۆڕشێکی پیشەسازی لەوێدا ڕووی نەداوە بۆیە ئایین و نەتەوەپەرستی بوونەتە گەورەترین کۆسپ و ڕێگڕ لەبەردەم بەدیهێنانی دەسکەوتی باش بۆ بزووتنەوە کرێکاری و کۆمۆنیستیەکان. کەدیارە ئەم کەسانە خۆیان بەشێکن لە هۆکاری ئەم دواکەوتوویی و ناهۆشیاریەی خەڵک، چونکە یا لەپشتی نەتەوەپەرستیەوەن یا لەپشتی ئایینەوەن. سەرمایەداری لەم کۆمەڵگەیانەدا زیاتر دیکتاتۆری ئاشکرایە، بەڵام لە ئەوروپا لە ژێر پەردەی دیموکراتی و بازارێ ئازادە. ئەو وڵاتانەی تا ئێستا بە سۆشیالیستی ناسراون بەشێکیان سەر بەم جۆرە سەرمایەداریەن وەک کۆریای باکور وچین و کوبا، بەڵام وڵاتێکی وەک ڕووسیا سەر بە بازاڕی ئازادە خۆشی ناڵێت کە سۆشیالیستیە. کەچی ئەم کەسە دواکوتووانە هەر درۆی سۆشیالیست بوونێ ئەم وڵاتانە بە گوێی خەڵکیدا دەدەن، تا بڵێن سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم ناشرینەو خراپە و هتد. من خۆم لە ساڵی هەشتاکانەوە کۆمۆنیستم هیچ باوەرم بە سۆشیالیست بوونی ئەو وڵاتانە نەبووە باوەرم وابووە تەنها دوو شۆڕشی سۆشیالیستی بووە یەکەمیان کۆمۆنەی پاریس و دووەمیان شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیا، بەڵام لەساڵی ١٩٢٤ وە هیچ وڵاتێک وەک سۆشیالیزم نەماوە هەمووی سەرمایەدارییە. لە بەشێکی ئەم وڵاتانە مافی پەنابەری هەبووە، بەڵام بەهۆی پاشەکشەی خەباتی چینایەتی کرێکاریەوە ئەم مافەش پاشەکشەی پێکراوە، بەڵام لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا ئەم خەباتە بەردەوامە بۆیە مافی پەنابەریش بەردەوامە.
٤- پێمان دەڵێن (ئێوە هیچ نین مەنجەڵێ یاپراخ بەشتان ئەکات) لە کاتێکا ئێمە بەشی رێکخراوی ئەو چینە کۆمەڵایەتیەین کە لەسەر ئاستی کوردستان ملیۆنەها کەس دەبێ لە ئاستی جیهانیش چەندین ملیارە. ئێمە و هەموو ئەوانەی کەخوازیاری یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی وخۆشگوزەرانی و ئازادی و سییکۆلاریزمین سەر بەیەک هێزی کۆمەلایەتین. ئێمە بە ژمارە کەمین کە رێکخراوبین لە حیزبدا، بەڵام خاوەنی گەورەترین هێزی کۆمەڵایەتین کە لە ٩٩٪ ی کۆمەڵگەیە. ئێمە لە هەموو مەیدانێکی خەباتی چینایەتی و ئازادیخوازی وسیکۆلاریزدا بوونمان هەیە و چالاکین تێدا لە مەیدانی کرێکاران و زەحەمتکێشان و مامۆستایان و خوێندکاران و ژنان و لەدەرەوەش لە مەیدانی پەنابەران و تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی بوونمان هەیە و چاڵاکین. وە ئەتوانم بڵێم لە دەرەوەی وڵات بەهێزترین ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی هەرێمین لە چەندین وڵاتی وەک بەریتانیا، کەنەدا، سوید، ئەڵمانیا، سویسرا، فنلندا، دانیمارک،ئۆسترالیا، نەرویچ، هۆڵەندا…تاد، ڕێکخستنی حیزبمان هەیە خۆپیشاندان لەبەردەم نوسینگەی هەرێم و سەفارەتی عێراقی وتەنانەت سەفارەتی ئێران و تورکیاش ئەنجام دەدەین. لە ناوەوەی کوردستانیش لەشارەکانی سلێمانی و کەرکوک و هەولێر و ناوچەی پشدەر و گەرمیان ڕێکخستن و کۆمیتەی حیزبیمان هەیە، لەهەموو ئەم مەیدانانەدا کادیران و ئەندامان و دۆستانی حیزبی ئێمە چالاکن هەر لەبەرئەمەشە حیزبەکانی کوردایەتی لێمان تووڕەن و ماوەیەکە جووڵەیان بە بندیوارەکانی ناوەوەو دەرەوەی کوردستان کردووە کە پروپاگەندەی چەواشەکاریانە و تۆمەت و درۆ لە دژمان ئەنجام بدەن. لایەنێکی تر ئەوەیە ئایا وتنی ڕاستییەکان پێوەرە بۆ بەرهەق بوونی ئێمە یا ژمارەی زۆری ئەندامان؟. ئەگەر بە ژمارەی زۆر بێت ئەبێ پارتی زیاتر لە هەموو حیزبەکانی تری کوردستان لەسەر هەق بێ و باشترین حیزب بێ. هەر لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە ئەوانەی باسی ژمارە دەکەن هیچ ڕاستیەک لە پروپاگەندەیان نییە. من گەورەبوونی حیزبم پێ باشە بۆ ئەوەی دەسکەوت و مافەکان زیاتر بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بەدەست بێنێ، وە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرێتە دەست. ئەمەش کاری جیدی دەوێ و ئێستا ئێمە خەریکی ئەو کارەین، بەڵام بۆ ئەوەی لەسەر هەقین یا نا ژمارەو هێزی ڕێکخراوەیی گرنگ نییە. مارکس لەسەر هەق بوو بەڵام تاکە کەسێک بوو ئێستا بە ملیاران کەس هەیە. مارکس لەسەر هەق دەزانێ تەنانەت ژمارەیەک لەوانە بیرمەندانی بۆرژوازیشن. لە کۆتاییدا ئەوە دەڵێم مەنسور حیکمەت بە پروپاگەندەی ساختەو درۆ ناشکێت چونکە تەمەنی ساختەو درۆ درێژ نییە و ئەوە بۆ رەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاریش هەر ڕاستە، بۆ سەلماندنی ئەمەش خەڵکێک کە گومانی هەیە دەتوانێ بەڵگەنامەکان و دۆکیۆمێنتەکان و بەرنامەو نامیڵکەو کتێبەکان ببینن و گوێ بگرن لە وتارە ڕادیۆیە……….