نامیلکەی (حیکمەتیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاری) و چەند سەرنجێک…

0

کۆتایی ساڵی 2023 ئەم نامیلکەیە بەم ناونیشانەی سەرەوە، کە کۆکردنەوەی دە دیدار و چاوپێکەوتنە لەگەڵ هاوڕێیان (عوسمانی حاجی مارف و ڕێبوار ئەحمەد)دا بڵاوکراوەتەوە؛ ئەم نامیلکەیە لە ئامادەکردنی (جان سەعید و ڤینا ئەحمەد)ە. بەشی زۆری دیدارەکان لە ساڵانی دوو هەزارەکاندا (2005، 2006، 2007، 2008) ئەنجام دراون.

بڵاوکردنەوەی نامیلکەی لەم چەشنە تا کۆمۆنیزمی کرێکاری و سیاسەتەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە دەورانە چارەنووس سازەکاندا بە نەوەی ئێستا بناسێنێ، تا کرێکاران و لاوان و خوێندکاران دەستیان پێ بگات وقەزاوەت لەسەر سیاسەتەکانی حیزب بدەن، کارێکی زۆر پێویست و پڕ بایەخە. بۆیە بڵاوکردنەوەی نامیلکەی لەم چەشنە پێویستە دیقەتی زیاتری تیادا بکرێ و گرنگی بە هەموو لایەنەکانی ئەو بابەتانەی لەخۆی دەگرێ، بدرێت و بە زمانێکی پاراو و دوور لە هەڵەی ڕێزمانی بڵاوبکرێتەوە.

سەرەتای کتێبەکە باسێکی کورتە بە ناونیشانی (دەور و نەقشی چەپ)، کە زیاتر لە پێشەکی ئەچێت، بەڵام ناوی هیچ کەسێکی لە ژێردا نەنووسراوە، ئەمە لە شێوازی نووسینی هاوڕێیان (عوسمان و ڕێبوار) ناکات. بۆیە ئەگەر ئامادەکاران (جان سەعید و ڤینا ئەحمەد) ئەم پێشەکییەیان نووسیوە، ئەوا ئەبوایە ناوی خۆیان لە ژێردا بنووسیایە.

ئەوە کارێکی باشە کە مێژووی (بەرواری) بڵاوبوونەوەی هەر چاوپێکەوتنێک نووسراوە لە کۆیایی هەر دیدارێکدا، بەڵام ئەمە پێویست بوو کە لە سەرەتای هەر چاوپێکەتنێکدا بنووسرایە، نەک لە کۆتاییدا، وە زۆر پێویست بوو کە ناوی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤار و میدیایەی چاوپێکەوتنەکەی کردووە، بنووسرایە. ئەمە چاو ڕوونی ئەدا بە خوێنەر کە هەلومەرجی سیاسی ئەو کاتەی دیدارەکەی تیادا ئەنجامدراوە لەبەرچاوبگرێ، خودی زانینی ناوی ڕۆژنامەکەش کە دیدارەکەی ئەنجام داوە، کە ئایا سەربەدەسەڵات بووە یان نا، یارمەتی خوێنەر ئەدا کە لە شێواز و مەبەست و ناوەڕۆکی پرسیارەکان تێگەیشتنێکی زیاتری هەبێت. 

ئەگەر ئامادەکاران (جان و ڤینا) بە بێ ئاگاداری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و ئەو دوو هاوڕێیە (عوسمان و ڕێبوار) هەستابێتن بە کۆکردنەوەی ئەو دیدارانە و بڵاوکردنەوەی ئەم نامیلکەیە. ئەوا من جگە لە دەستخۆشانەی زۆر بۆ جان و ڤینا، شتێکی ترم نەبوو بیڵێم، بەڵام پێدەچێت وانەبێ و ئەم کارە بە ئاگاداری حیزب و ڕەزامەندی هەریەک لەو دوو هاوڕێیە (عوسمان و ڕێبوار) ئەنجام درابێ.

لەم نامیلکەیەدا چەندان جار بە هەڵە لە جیاتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی، نووسراوە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارن. وە بە تایبەت لە سێ دیداری یەکەمی هاوڕێ عوسماندا حیزبی کۆمۆنیست لە جیاتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بەکار هاتووە، بەبێ ئەوەی هاوڕێ عوسمان بۆ جارێکیش ئەم هەڵەیە بۆ ئەو کەسەی پرسیار ئەکات، ڕاستبکاتەوە. نەک هەر ئەمە، هاوڕێ عوسمان خۆشی لە وەڵامەکانیدا بەردەوام ئەبێت لە دووبارەکردنەوەی ئەم هەڵەیە. هێنانەوەی پاساوی ئەوەی کە بوترێت لە کۆمەڵگەدا ئەوە لای خەڵک ڕۆشنە کە بە حیزبی شیوعی ئەوترێت شیوعی و کە وتت حیزبی کۆمۆنیست، ئیتر مەبەست لێی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە، ئەمە هەڵەیە و سەرلێشێواندن بۆ خوێنەر دروست ئەکات. ئەگەر ئەم نامیلکەیە وەرگێڕدرێ بۆ هەر زمانێکی تر، ئاڵۆزی و سەرلێشواندنێکی ناپیویست درووست ئەبێ. نووسەری باش هەر بۆ ئێستا و ئەمرۆ نانووسێ، بەڵکو بۆ سبەیش ئەنووسێ.

بەزۆری لە هەر کتێب و نامیلکەیەکدا، پەرەگرافێکی پوخت و پڕ مانا، لە بەرگی دواوەی کتێبەکە دادەندرێ کە ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی کتێبەکە بێت و سەرنجی خوێنەر ڕاکێشی. لەم ناملکەیەدا ناسازترین پەرەگراف، کە پڕە لە هەڵەی ڕێزمانی و هەر ڕستەی ڕووی لە ئاڕاستەیەکە، دانراوە. خوێنەر ئەبێت خۆی مەزەندە بکات کە مەبەستی نووسەر لە (لە 17ی ئۆکتۆبەردا) واتە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 یە لە ڕوسیا.

بۆ نامیلکەیەکی ئاوا کە بۆ نەوەی ئێستا و ئاشنابوونی خەڵکە بە حیکمەتیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاری، ئایا مەرجە کە ئەو چاوپێکەوتنانەی پانزە ساڵێک لەمەوپێش بڵاوکراوەتەوە، هەر ئەبێ وەک خۆی دابندرێتەوە و نووسەر نابێت هیچ گۆڕانکارییەکی تیادا بکات. من پێم وا نییە، هەندێ لەو چاوپێکەوتنانە وادەردەکەوێت کە لەگەڵ بڵاوکراوەی سەربەدەسەڵاتدا کراوە، کە ڕەنگە وەڵامەکانیان بۆ مەبەستی خۆیان کورتکردبێتەوە و ئەوەی مەبەستیان بوو بێت بڵاویان کردۆتەوە. بۆیە پێویست بوو هاوڕێ عوسمان کاتی بۆ تەرخانبکردایە و وەڵامەکانی دارشتایەتەوە و ئەشیتوانی ئەمە بە خوێنەر بڵێ، کە من هیچ کێشەیەکی تیادا نابینم. من ئەزانم کە هاوڕێ عوسمان ماندوونەناس و زۆر مەشعوڵ و پڕ کارە، بەڵام بۆ نامیلکەیەک بە ناونیشانێکی ئاوا گرنگەوە، ئەوا ئەبوایە کاتی بۆ تەرخان بکردایە و دوو موقابەلە و دوو وتاری کەمتر بنووسیایە، بەڵام پووخت تر و پاراو تر وەڵامەکانی خۆی داڕشتایەتەوە. وە ئەگەر ئەو کات تەرخانکردنەی بۆ مەیسەر نەئەبوو، ئەوا ئەبوایە ڕێگەی بە بڵاوبوونەوەی لانی کەم سێ چاوپێکەوتنی یەکەمی نەدایە لەم نامیلکەیەدا.

بەهیوای لە چاپی دووەمی ئەم نامیلکەیەدا ئەو کەمووکوڕیانە پڕبکرێتەوە.

نووسینی: عامر سابیر

Leave A Reply

Your email address will not be published.