هونەر بۆ لە ژیانماندا گرینگە؟… کاوان قادر

0

لە گرتە ڤیدیۆیەکی یادی ٢٣٩ ساڵەی شاری سلێمانیدا کۆمەڵێک چالاکیم بەو بۆنەیەوە بەرچاوکەوت، کە لەناویاندا ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام کۆمەڵێک کاری پەیکەرسازی بوو کە بەگشتی  پۆرترێت بوون، ئەگەر ئەوە پێوانە و ئاست و توانایی هونەر بێت، بەڕاستی هەستم بە کوێرەوەری هونەر دەکرد، بە تایبەتی پەیکەرسازی، ئاخۆ ئەمە ئاستی هونەری پەیکەرسازی بێت؟ کە من دڵنیام هونەرمەندی زۆر بەتوانای تیا بێت، بەڵام کوان لە کوێن؟ ئایا ساحەی هونەری لە لایەن چەند کۆیلەیەکی حزبی و هونەرمەندی متقاعیدەوە قۆرخ کراوە و مەیدانەکە بۆ کەسانی گەنج ودەستڕەنگین جێ ناهێڵن؟ هەرکەس سەردانی فرۆگنەر پارکی وڵاتی نەرویج بکات کە نزیکەی ٢٠٠ پەیکەری تیایە و مێژووی ئەو وڵاتەی بە هەموو نەبەردییەکانییەوە تەنها لەو پارکەدا فێر دەبیت، بەڵام لە بۆنەی ئەم شارەدا کە ناویان ناوە شاری ڕۆشنبیری تاقە پەیکەرێک نەکراوە سیمبوڵی ئەو شارە بێت.

 باس لە ڕەگ و ڕیشەی ئاست نزمی هونەری پەیکەرسازی هەڵدەگرم بۆ کاتێکی تر. هەرچەندە پەیکەرەکان خۆیان ئەوە دەسەلمێنن، پێشم وایە هەرکارێکی هونەری جوان یان ناشیرین ڕەنگدانەوەی ناخی هونەرمەندەکە خۆیەتی، ئەوە دەسەلمێنێت کە چەندە پەروەردەی هونەری کراوە.

باسەکەم ئەوەیە ئەگەر قەرار بێت هونەر ئەو تیشکی ڕۆژە بێت ڕووناکی بخاتە سەر گۆشە و کەناری ئەو کۆمەڵگەیە، کێشەکان شەفاف بکاتەوە بۆ بینین ناتوانین حاشا لە کاریگەری هونەر بکەین کە چەندە کاریگەری لەسەری وەرچەرخانی کلتوری ئێمە دەبێت. لە مێژوودا ئەمە سەلمێندراوە کە هونەر وەک سەرخانێکی ئەو کۆمەڵگەیە ڕۆڵی کاریگەریی لە وەرچەرخان لەسەر سیاسەت، ئابوری،  مەزهەب و گەشەی کۆمەڵایەتی دانەنابێت، ڕێنسانس ئەوەی سەلماند، کە بەشۆڕشی کلتوری و مۆدێرنکردنی کۆمەڵگە ناودەبرێت، بەڵام لای ئێمە نەک ئەو شۆڕشە لە ئەجەندەیا نی یە، بەڵکو هونەرو ئەدەب هەرزانترین کاڵایە لە بازاڕدا.

نەک هەر پێشرەوایەتییەک نانوێنن، بگرە لە مەشخەڵێکی کڵپەسەندنی شۆڕشەوە شۆڕبونەتەوە بۆ ئاستی کۆیلایەتی حزبی، وخۆیان بە بچووکتر لەهەر چەقۆکێشێک و لۆمپنێکی دەسەڵات دەزانن. ئەگەر بەراوردی هونەری هەشتاکان بکەیت لەگەڵ ئەمڕۆدا کە لەو ڕۆژە سەختانەدا لە ژێر هەموو زەبرو زەنگێکی بەعسدا خەڵک هونەرمەندانیان وەک شۆڕشگێڕ ڕێز لێ دەگرت، هونەرمەند بوون جێگەی ئیفتیخار بوو. حزبی بەعس هێندەی لە هونەرمەندان ئەترسا لە چەک بەدەستەکانی شاخ نە ئەترسا. هیچ سیاسییەک نییە لە جیهاندا لە نوکی تیژی ڕەخنەی قەڵەم بەدەستە بە هەڵوێستەکان نەترسێت، هەوڵ دەدەن وێنەیان لەگەڵ بگرن دەستەمۆیان بکەن تا لە غەزەبی ڕەخنەکانیان خۆیان بپارێزن. حزبی بەعس لە یەکەم ڕۆژی دەسەڵاتگرتنی خۆیدا کەوتە ڕاوکردنی موخالیفانی خۆیی و قەڵەم بەدەستەکان وئیعدام کردنیان.

بەڵام لای ئێمە شەخسییەتێکی فاشیلی وەک فازل میرانی بێ شەرمانە لە میدیاکانەوە بڵێت:”بەیانی نییە کۆمەڵێک سواڵکەری قەلەم بەدەست بەردەرگاکەمان نەگرن و نەگرین بۆ پارە” ئەم دەم پیسییە تێپەرئەبێت بەسەرمانا و هونەرمەندو نوسەرەکانیشمان بە ئاقڵی دانیشتوون و بێدەنگی هەڵئەبژێرن، واتە وڕەوایەتی بەم ڕشاننەوەیە ئەدەن،  کوان ئەوانەی دەستیان ئەکرد بە قوڕگی شێرا؟ ئایا بە تەنها حزبی بەعس ستەم کار بوو، ئایا بڕینی قوتی خەڵکی و دزی کردن و تیرۆر و ژن کوژی وشەڕی ناوخۆیی و هەزاران تاوانی تر ستەم لێکردن نییە؟ بە نیازین هونەر بۆ کام تەنگانەیە هەڵگرین ؟

لەلایەکی ترەوە بە بینینی ئەوپەیکەرانە لەوەش دڵنیا ئەبیتەوە کە بۆچی ژیانی ئینسانەکانی ئەو جوگرافیایە لەو سەهۆڵبەندانی دواکەوتووییە ڕزگاری نابێت، پاش ٢٣٩ ساڵ لە تەمەنی شارێک، شاری بەناو ڕۆشنبیریی، تیایدا هونەرمەندان نەیانتوانیوە پێشڕەوی نە لە بواری جەمالییەتی ئەو شارەدا بگێڕن، نە ببنە غیرەتێ لەپاڵ برسێتی وبێ مافی خەڵکدا، وە نە توانیویانە مێژووی قوربانیانی ئەو شارە لە ڕۆژەکەی خۆیدا بگێڕنەوە. کەواتە شارێک نەیتوانیبێت چوار هونەرمەند بۆ ئەمە پەروەردە بکات، یادی شارچێتی چی ئەکەینەوە، کوا بەمە دەوترێت شاری ڕۆشنبیریی.

ئەم بۆنەیە هەموو ئەو برینانەی کولاندمەوە کە ساڵەهایە کۆمەڵێک هونەرمەندی دەستکۆڵ، کوردستانیان کردوە بە گۆڕستانی پەیکەر. شەرم دات ئەگرێت کە پەیکەری ئەنفال ئەبینیت، بە واتایەکی تر بڵێم جینۆسایدی ئەو هەموو ئینسانە ئەنفالکراوە بەدروستکردنی ئەو پەیکەرە ڕەق و تەقە بێ گیانە بێ ئیحساسە بێ جەمالییەتە کە هیچ مۆڕاڵێکی هونەری شمولی ناکات، ئەمجارەیان زیندووەکانیشیان ئەنفال دەکرێنەوە. واز لە هەڵەبجە بێنە.

لە کلتوری ئێمەدا ئەبێت وەزیفەی هونەر پشت ڕاستبکرێتەوە. حزبەکانی دەسەڵات و ئەوانەی هونەرمەندی بن دیواریان لەخۆیان کۆکردۆتەوە لەجوانی ئەترسن، بۆیە بەرگەی هونەرمەندی ڕاستگۆ ناگرن، بەرگەی وشەی حەق ناگرن و تیرۆریان دەکەن، بەرگەی داهێنان ناگرن. ئەوە داهێنانە کە ئەمانکاتەوە بەڕووی پێشکەوتن و ڕیفاهییەتەکان و کۆمەڵگەکەمان دەباتە پێشەوە،  ئاخر ئەوە دەسەڵاتە لە هەژاری بیرکردنەوەی ئێمە سودمەند دەبن.

 گرینگ نییە چەند خۆمان بە پێشکەتوو بزانین، پرسیارەکە ئەوەیە کەلتوورەکەمان و هونەرەکەمان لە کوێی شارستانی جیهاندا وەستاوە؟ چەند دەوری گێڕاوە لە ڕەوینەوەی خورافەکاندا؟ گرینگ نییە چەند قوتابخانە وپەیمانگە وئەکادیمیا وکۆلێجمان هەیە. هەموو ئەم دەزگا و مەدرەسە هونەرییانە تەنها قوتابیەکانیان فێری ڕەنگ تێکەڵ کردن و قوڕکاری دەکەن، ئەگەر مەدرەسە هونەرییەکان لایتێک بن بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگەی هونەر، کەواتە لایت هەڵگرەکانی هونەر نەیانتوانیوە وەڵامدەرەوە بن بە پێگەیاندنی ئاستی هونەری. بەداخەوە من ئەو مۆتیڤەیت و دافیعە بۆ پێگەیشتنی هونەرمەندی بە توانا نابینم دەرهەق بە پێویستی قۆناغە. کەبە کورتی ئەو هەل ومەرجە هونەرمەندی تیا پەروەردە ناکرێت. هونەرمەند پێگەیاندن؛ واتە پێگەیاندنی ئیستاتیکایە لە زەین وبیرکردنەوەی قوتابییەکاندا فێربکرێن دەستیان نەلەرزێ، فێربکرێن کە هونەر توانای ئەوەی هەیە ئەو شێوازە بگۆڕێت کە ئێمە جیهانی پێ دەبینین، ئێمە بەئاگا دەهێنێتەوە بۆ ڕوانگە و بیرۆکە و بەها نوێکان. لەوانەیە لە کاتی خۆیدا بیر لە ڕابردوومان بکاتەوە بۆ ئەوەی  زیاتر بەرەو داهاتوومان ببات. هونەر دەتوانێت هۆشیاری بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان بهێنێت و هەستی قبوڵکردن بەهێز بکات. شتێک هەیە بە ناوی شۆڕشەوە بە ناوی گۆڕینەوە، شۆڕش بەسەر کۆندا.

هونەرمەند بەبێ ئەو شۆڕشە دەبێتە هونەرمەندێکی بێ داهێنەر واتە مردوو. هونەرمەندی بێ ئیستاتیکا و بێ ڕۆشنبیریی و بیرکردنەوە واتە خاڵی لە هەموو لێپرسراویەتیەک. ئەمە ئەسڵی ئەو سیحرەیە لە هونەردا. بۆیە دووبارە دەڵێم هونەر دەبێت بسەلمێندرێت و وەزیفەکەی  پشت ڕاست بکرێتەوە لە سێ ڕستەدا؛ دەسەڵات دەبێ دەستکۆتا بکرێت لە بۆیاخ کردنی حزبەکەی خۆی بە هونەرمەند. هونەرمەند و قەڵەم بەدەستەکان ئازاد نەکرێن ئەو کۆمەلگەیە نەخۆشە. هیچ ئازادییەکیش بەدەست نایەت ئەگەر نان ئازاد نەبێت.

******

Leave A Reply

Your email address will not be published.