شانه حیزبییه‌کان و ئاکسیۆنه کرێکارییه‌کان… ئاماده‌یی نوێ و ڕابه‌رانی ڕوو له گه‌شه…
بـه‌شى پێنجەم
ب) ئاماده‌یی نوێ و ڕابه‌رانی ڕوو له گه‌شه.
له‌به‌ر نه‌بوونی به‌شێکی گرنگ له ڕابه‌رانی ناسراو و به‌ئه‌زموون، توێژێکی به‌رفراوان له ڕابه‌رانی نوێ دێنه مه‌یدانه‌وه. ئه‌مانه به گشتی کرێکارانێکن به هۆشیاریی سیاسی و تاقیکردنه‌وه‌ی عه‌مه‌لی که‌متر، به‌ڵام پڕ شۆڕ و شه‌وق و ناڕازین، گه‌نجترن و خاوه‌نی وره‌یه‌کی به‌رزترن. هاوڕێیانی ئێمه له کارخانه‌کان و گه‌ڕه‌که‌کاندا پێ به‌پێ له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕابه‌ره تازه په‌یدابووانه‌دا ئاشنا ده‌بن. له کۆبوونه‌وه گشتییه‌کاندا، له کۆڕ و کۆمه‌ڵی ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕیندا، که‌سانێک هه‌ن، که به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت قسه‌ی خۆیان به گوێی هه‌مووان ده‌گه‌یه‌نن، له به‌رامبه‌ر داروده‌سته‌کانی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نکاره‌کاندا ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خۆیان به‌رز ده‌که‌نه‌وه. جاری وا هه‌یه به قسه‌کردن یا به ده‌ربڕینی ڕسته‌یه‌ك، بار و دۆخی دانیشتنه کرێکارییه‌کان ده‌خه‌نه ژێر کاریگه‌ری خۆیانه‌وه. له زۆر کاتدا به با‌شی ده‌بینرێت، که ده‌خاڵه‌تی ئه‌وان زیاتر لایه‌نی ئیحساسی هه‌یه. دیاره که به شۆڕ و شه‌وقن و که‌سێك جڵه‌وی ناڕه‌زایه‌تییان ناگرێت. له به‌رامبه‌ر داسه‌پاندن و گوشاردا هه‌ستیارن و له ناڕه‌زایه‌تی تاکه‌که‌سیدا ئازا و به‌جه‌رگن. قسه‌کانیان زۆر ڕێك‌وپێك و به جێ‌وڕێ و ئوسوڵی نییه، زیاتر ڕاگه‌یاندنی پڕ له ئیحساسی کوله‌مه‌رگی و سته‌مکێشییه تا بانگه‌وازکردن بۆ هه‌نگاوی عه‌مه‌لی و سیاسی حیسابکراو. به‌ڵام شۆڕ و شه‌وقی خه‌باتگێڕانه تیایاندا شه‌پۆل ده‌دات. ئه‌مانه ورده‌ورده پاڵپشت و خۆشه‌ویستی کرێکاران به‌ده‌ست ده‌هێنن، به‌ڵام کاڵوکرچی و نه‌بوونی زه‌مینه‌ی پێشووتری ڕابه‌رایه‌تی، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، که نه‌توانن به با‌شی و به خێرایی ببنه یه‌ك ڕابه‌ری عه‌مه‌لیی ناسراو. هاوڕێیانی ئێمه ده‌بێ ئه‌م توێژه له کرێکاران به وردی و حه‌ساسییه‌ت له به‌رچاو بگرن. ئه‌مانه که‌سانێکن، که له لایه‌نی که‌می ئه‌و توانایه به‌هره‌مه‌ندن، که ببنه ئاژیتاتۆری باش و ئه‌گه‌ر هۆشیار ببنه‌وه، به ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی چه‌کدار بن و ببنه خاوه‌ن ئه‌زموون، ده‌بنه نه‌وه‌ی نوێ له ڕابه‌رانی کۆمۆنیستی عه‌له‌نیکار له بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدا. کارکردن له نێوان ئه‌م کرێکارانه‌دا بۆ په‌روه‌رده‌کردنی ئاژیتاتۆره کۆمۆنیستییه‌کان له ڕوانگه‌ی ئێمه‌دا شتێکی حه‌یاتییه. سه‌رخه‌تی ئه‌رکه‌کانی ئێمه له‌م بواره‌دا ئه‌مانه‌یه.
١) نه‌ك ته‌نها ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا په‌یوه‌ندی دامه‌زرێنین، به‌ڵکوو ده‌بێت په‌یوه‌ندیی ئاماده‌بوونی شه‌خسی و به‌رده‌وامی نێوان ئه‌وان له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی حیزبیی به‌ئه‌زموون له کاری ته‌رویجدا دامه‌زرێنین. ده‌بێ هاوڕێی حیزبی له په‌یوه‌ندییه‌کی سروشتی‌دا، ببێت به دۆست و هاوڕێیه‌کی هه‌میشه‌یی ئه‌م کرێکارانه. ئه‌مانه ئه‌و ئاژیتاتۆرانه‌ن که له حاڵه‌تی “فێرکاری”دا، ده‌بێت له مه‌یدانی کاردا فێر بکرێن.
٢) ده‌بێ ئه‌وانه فێری کۆمۆنیزم بکرێن. ئه‌م کرێکارانه ده‌بێ له ڕێگه‌ی ئێمه‌وه ئاشنای پایه‌کانی کۆمۆنیزم و بۆچوونه ڕیشه‌یییه‌کانی مارکسیزم ببن. پاش ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌م کاره ئه‌م هاوڕێیانه ده‌بێ حیزبی کۆمۆنیست، ئامانجه‌کان، تاکتیکه‌کان و شێوه‌کانی بناسن و په‌رۆشی کارکردن له‌گه‌ڵ حیزب‌دا بن.
٣) ئه‌م کرێکارانه ده‌بێ ڕۆڵ و مه‌وقیعه‌تی یه‌ك ئاژیتاتۆر و گرنگی ئه‌و بۆ شۆڕش و خه‌باتی کرێکاری د‌رك بکه‌ن و هۆشیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕۆڵی خۆیاندا بکه‌ن. هه‌رچی زیاتر ده‌بێ ده‌خاڵه‌تی ئه‌وان له ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی کرێکاریدا له شێوه‌ی یه‌ك ده‌خاڵه‌تی پڕ ئیحساس بێته ده‌ره‌وه و ببێته ده‌خاڵه‌تێکی عاقڵانه و ئامانجدار، که به سیاسه‌ت و ڕێبازێکی چینایه‌تی دیاریکراو (سۆسیالیزم) و حیزبێکی سیاسی و موشه‌خه‌س (حیزبی کۆمۆنیست) په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه.
٤) پێویسته هونه‌ری ئاژیتاسیۆنی کۆمۆنیستی فێر بکرێن. ئاژیتاتۆر که‌ی دێته مه‌یدانی کاره‌وه، که‌ی ده‌بێت به شێوه‌یه‌کی حه‌تمی ده‌خاڵه‌ت بکات و له کوێدا ده‌بێت ئیحتیا‌ت وه‌ربگرێت، چۆن ده‌بێت فه‌زا و چوارچێوه‌ی چالاکی و مه‌وقیعه‌تی خۆی بناسێت، سنوور و کۆسپی نهێنی قسه‌کردن، یان ئاشکراوتنی مه‌سه‌له‌کان چۆن ڕۆشن ده‌کرێته‌وه، چۆن ده‌بێ بۆچوونی ڕاست و درووست ته‌نانه‌ت درووشمه تایبه‌تییه‌کانی حیزبیش ته‌بلیغ بکات بێ ئه‌وه‌ی ببێته قوربانی دنه‌دانی به‌کرێگیراوانی بۆرژوازی، چۆن ده‌بێ خۆی بپارێزێ، په‌یوه‌ندی به جه‌ماوه‌ری کرێکارانه‌وه ده‌بێ چی بێت، له به‌رامبه‌ر پۆلیسی سیاسی چۆن ناسنامه‌ی خۆی ده‌ناسێنێ و کاره‌کانی خۆی چۆن ئاراسته ده‌کات، تا چ ڕاده‌یه‌ك و له‌ژێر چ هه‌لومه‌رجێکدا بۆی هه‌یه به ئاشکرا په‌نجه بۆ کۆمۆنیزم و سیاسه‌ته کۆمۆنیستییه‌کان ڕابکێشێت، چۆن ده‌بێ توانای به‌کرده‌وه و حه‌شاردراوی بزاڤێک، که ده‌یه‌وێت ڕێنمایی بکات بناسێت، پیلانه‌کانی به‌کرێگیراوانی بۆرژوازی له چ قوماشێکه، به‌کرێگیراوانی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نکاره‌کان چۆن له ئاکسیۆنه‌کاندا دووبه‌ره‌کی ده‌خه‌نه‌وه و چۆن ده‌بێت ئه‌م هه‌نگاوانه پووچه‌ڵ بکرێنه‌وه … یاسا و ڕێسای بوونه نوێنه‌ری کرێکاران چییه، چ شێوه‌یه‌ك له وتووێژ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نکاردا ده‌بێت به‌کار بێت. چۆن ده‌توانرێت زۆرترین هێزی جه‌ماوه‌ریی کرێکاران ساز و ته‌یار بکرێت و له‌مه‌یداندا چاودێری بکرێت و ده‌یان پرسیاری گرنگی “شێوه‌کاری” له‌م چه‌شنه. ئه‌مانه ده‌بێ به ته‌واوی و به وردی فێری ئه‌و ئاژیتاتۆرانه بکرێن، که له حاڵه‌تی فێرکاری دان و کارکردی ئه‌وان له هه‌ر کارێک‌دا ڕاست بکرێته‌وه.
به‌کورتی له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کرێکارانی پڕ شۆڕ و شه‌وق و خاوه‌ن ناڕه‌زایه‌تی، ده‌بێ به حه‌ساسییه‌تێکی ته‌واوه‌وه لێهاتوویی ئه‌م هاوڕێیانه بۆ بوون به ئاژیتاتۆرێکی ئاشکرا و ڕابه‌ری عه‌مه‌لی هه‌ڵبسه‌نگێنرێن. خاڵه لاوازه‌کانی ئه‌وان شی بکرێنه‌وه و له حاڵه‌تێکدا که ئاماده‌یی و لێهاتوویی شه‌خسی و باری ئه‌منییه‌تی ئه‌و جێی متمانه بێت، ده‌بێ په‌یوه‌ندییه‌کی هه‌میشه‌یی و پته‌و له په‌یوه‌ندییه‌کی سروشتی‌دا له نێوان ئه‌و و یه‌کێك له موره‌ویجینی حیزب‌دا پێك بێت. ئوسوڵی کۆمۆنیزم و شۆڕشی کرێکاری فێر بکرێت و کاری ته‌بلیغی ئه‌و له مه‌یدانی عه‌مه‌لیدا ڕێنومایی بکرێت و ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێت. له‌م نێوه‌دا به‌دیهێنانی په‌یوه‌ندییه‌کی هاوڕێیانه، ئوسووڵی و ڕێکخراو له نێوان هاوڕێی حیزبی و ئاژیتاتۆری تازه‌کار زۆرترین ڕۆڵی هه‌یه. ئه‌م په‌یوه‌ندییه له هه‌مان کاتدا که ئیمکانی فێرکردنی ئاژیتاتۆر ده‌خوڵقێنێ، سنوورێك له نێوان ئه‌و و خه‌تی نهێنیی ڕێکخستندا پێك دێنێ و مه‌ترسیی گواستنه‌وه‌ی زه‌ربه‌لێدان که‌م ده‌کاته‌وه، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئاژیتاتۆر خۆی په‌ی به گرنگی و نرخی کاری “فیرکه‌ر” به‌رێت و هۆشیارانه ئه‌و له شوێن پێهه‌ڵگرتنی پۆلیس بپارێزێت (ده‌رباره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، له خواره‌وه ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتر ئه‌ده‌ین).
کارکردن له‌نێو کرێکارانی پێشڕه‌و بۆ ڕاکێشانی ئه‌وان بۆ ناو حیزبی کۆمۆنیست هه‌ڵسووڕانێکی ڕۆتینی و هه‌میشه‌یی ئێمه‌یه. به‌ڵام هه‌وڵ و ته‌قه‌لا بۆ پڕکردنه‌ی شوێنی چۆڵی ئاژیتاتۆره عه‌له‌نیکاره‌کان له کاری کۆمۆنیستیدا، به‌شێکی تایبه‌تی ئه‌م هه‌ڵسووڕاوییه هه‌میشه‌یییه‌ی ئێمه‌یه. په‌روه‌رده‌کردن و ڕاکێشانی ئاژیتاتۆر به مانای زیادکردنی مه‌یدانێکی نوێیه بۆ چالاکییه‌کانی ڕێکخستنی نهێنی. هاوڕێیانیك که وه‌کوو ئاژیتاتۆری ئاشکرا دێنه حیزبه‌وه، هه‌ر ته‌نها نابنه فه‌ردێکی تازه له تۆڕی حیزب‌دا، به‌ڵکه مه‌یدانێکی تازه له هه‌ڵسووڕان ده‌خه‌نه به‌رده‌ست. به‌م پێیه ده‌بێ تایبه‌تییه‌کانی ئه‌م مه‌دانه ئاشکرایه‌ی هه‌ڵسووڕان به با‌شی بناسرێ و جێی واقیعیی ئاژیتاتۆر به‌و ببه‌خشرێت. تا ئه‌و کاته‌ی که ئێمه له‌ڕووی عه‌مه‌لییه‌وه توانای پێهه‌ڵهێنانه‌وه‌مان نه‌بێت بۆ ئه‌م مه‌یدانه‌ی هه‌ڵسووڕان، واته تا ئه‌و ده‌مه‌ی که ڕێکخراوی ناوچه‌ییی ئێمه (له کارخانه و له گه‌ڕه‌ك) خاوه‌نی کۆمه‌ڵێك ئاژیتاتۆری ئاشکرا نه‌بێ، که به شێوه‌ی ئوسوڵی له‌گه‌ڵ ڕێکخراوی نهێنی حیزب په‌یوه‌ستن و له‌ڕێی ئه‌وه‌وه ڕێنومایی ده‌کرێن، ئه‌وا ده‌خاڵه‌تی واقیعیی کۆمۆنیستی له ئاکسیۆنه کرێکارییه‌کاندا ئه‌گه‌ر له توانادا نه‌بێت، له با‌شترین حاڵه‌تدا به‌ڕێکه‌وت، که‌م کاریگه‌ر و ڕووکه‌ش ده‌بێ و له هه‌موو دۆخێک‌دا مه‌ترسیی ته‌واو بۆ هه‌موو ڕێکخستنه‌کانی حیزب ده‌هێنێته کایه‌وه. ئاکسیۆنیزم به ده‌ربڕینێکی هه‌ره گشتی، مانای ده‌ستدانه کارکردنه له کاتێکدا و له‌ژێر هه‌لومه‌رجێکدا که پێداویستییه‌کان و زه‌مینه‌ی مادی و واقیعیی ئه‌م کاره فه‌راهه‌م نییه. ئاژیتاتۆری ئاشکرای حیزبی، یه‌کێکه له‌م پێداویستییه حه‌یاتییانه. په‌یوه‌ندی پته‌وی ڕێکخراوی نهێنی (له ڕووی سیاسی_ ڕێکخراوه‌یی و ئه‌منییه‌تییه‌وه) له‌گه‌ڵ ئاژیتاتۆری ئاشکرا، یه‌کێکی تره له‌م هه‌لومه‌رجه حه‌یاتییه. هه‌نووکه هه‌ر هاوڕێیه‌کی ئێمه ده‌توانێت به شانه و به ڕێکخراوی ناوچه‌یی خۆیدا بڕوانێ و سه‌رله‌نوێ له خۆی بپرسێت، تا چ ڕاده‌یه‌ك له‌م ڕووه‌وه ئێمه له‌م سه‌ره‌تاییترین پێداویستییانه‌ی ده‌خاڵه‌تی ئوسوڵی و به‌رده‌وامکاریه، له ئاکسیۆنه کرێکارییه‌کاندا به‌هره‌مه‌ندین.
ئه‌م به‌شه‌ی وتاره‌که لێره‌دا کۆتایی پێ دێنین. له‌م به‌شه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه کرا، که مه‌سه‌له‌ی ده‌خاڵه‌ت له ئاکسیۆنه‌کاندا بۆ ئێمه مه‌سه‌له‌یه‌کی تیۆری و تاکتیکی نییه، به‌ڵکه له بنه‌ڕه‌تدا مه‌سه‌له‌یه‌کی شێوه‌کارییه. ئه‌گه‌ر به‌ربه‌ستێك له ئارادا بێت، پێویسته به لێووردبوونه‌وه‌ی شێوه‌کاری کۆمۆنیستی لا ببرێت. ئاکسیۆنی کرێکاری پێویستی به ڕابه‌رایه‌تی ئاشکرایه (سه‌ره‌ڕای نهێنی)، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه ده‌بێ شێوه‌کانی ده‌خاڵه‌تی ئاشکرا فێر بین و به کاری بهێنین. به‌ڵام ده‌خاڵه‌تی ئاشکرا پێویستی به که‌سانی عه‌له‌نیکار و ئاژیتاتۆره کۆمۆنیستییه‌کان له بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدایه. ئه‌مڕۆ ئه‌م ئاژیتاتۆرانه له ڕیزه‌کانی ئێمه‌دا زۆر که‌من. ڕێگای په‌روه‌رده و ڕاکێشانی ئه‌م جۆره هه‌ڵسووڕاوانه ته‌وه‌ره‌به‌ستنه به ده‌وری ڕابه‌رانی عه‌مه‌لیی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و کرێکارانی پێشڕه‌و و که‌سانی پڕ شۆڕ و شه‌وق و خاوه‌ن ناڕه‌زایه‌تی، ئاماده و له‌سه‌رپێ له بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدا، به‌و مه‌به‌سته‌ی ببنه ئاژیتاتۆری حیزبی، هه‌ر وه‌ها ئه‌م کاره پێویستی به تێگه‌یشتنی جۆری ئه‌و په‌یوه‌ندییه ڕێکخراوه‌یییه‌یه، که ڕێکخراوی نهێنی حیزبی له‌گه‌ڵ که‌سانی عه‌له‌نیکاری خۆیدا پێکی ده‌هێنێ.
له به‌شی دواییدا دێینه سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ی دواتر، واته لایه‌نی ڕێکخراوه‌یی مه‌سه‌له‌که و به شێوه‌یه‌کی موشه‌خه‌س چه‌ند خاڵێك ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی عه‌مه‌لیی ئاژیتاتۆر به شانه و ڕێکخراوی نهێنی حیزبه‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو، وه له کۆتایی باسه‌که‌دا به مه‌به‌ستی ڕۆشنکردنه‌وه‌ی سه‌رخه‌تی هه‌نگاوه عه‌مه‌لییه‌کانی شانه حیزبییه‌کان له‌م لایه‌نه‌وه بابه‌ته‌که گه‌ڵاڵه ده‌که‌ین.
ماویەتی