مانۆری سەربازیی تۆفانی ئەقسا… نوسینی : نەوزاد عومەر عەلی

0

ئەم مانۆرە سەربازییە پارتیزانییەی حەماس بە تێکەڵکردن بە بەتەکنەڵۆژیا و سوود وەرگرتن لە هونەری شەری سایبەر (Cyber War)، بێگومان سەدایەکی وای بۆ ئیسلامییەکانی هەموو جیهان بە کوردستانیشەوە دروستکردوە، کە بە سەرکەوتنێکی زۆر نەوعی بۆ جیهانی ئیسلامی دژ بە جولەکە و دوژمنانی ئیسلامی بزانن، وە زیاتر مۆرکێکی ئاینیان بەخشیوە بە مانۆرەکە، لە ڕاستیشدا ئاماژەیەکی ترسناکیشە بۆ ئاییندەی کەرتی غەزە و ناوچەکەش، چونکە نە جوگرافیای کەرتی غەزە، و نە توانای ئابووری و سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەرگەی جەنگی درێژ خایەن و نیزامی و بەرەیی دەگرێت، ئەگەرچی هەندێک لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان بە یانزەی سێپتەمبەرێکی تر ناوی دەهێنن، ڕەنگە لە واقعیشدا وەک یانزەی سێپتەمبەری 2001 ، ببێتە هۆی شەڕێکی گەورەو هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیشی بۆ دروست بکرێت، وەک ئەوەی لە ئەفغانستان کرا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستیش دووبارە بکرێتەوەو ئامانجی زۆر شارەوەشی لە پشتەوە بێت.

ئەوەی لای هەموومان ڕوونە، قوربانی شەر هەمیشە خەڵکی سڤیلن لە هەردوو لا، هەمیشەش قوربانی هاش و هوش و گوتاری ئایدۆڵۆژیا توندڕەوەکانی دەستی بازرگانەکانی جەنگن، بێگومان کۆتایی هەموو جەنگێکیش هەر ئاگر بەستە و دەبێت کۆتایی بێت بە بردنەوە یان بە دۆڕاندن بۆ لایەک لە لایەکانی جەنگەکە، بازرگانەکانی جەنگیش لە تەلەفزیۆنەکانەوە نۆێژی جەماعەت بۆ سەرکەوتن و دۆڕانیش هەر ئەکەن، چونکە ئەمە بەشێکە لە بە مارکێتکردنی بازرگانی جەنگی ئایدۆڵۆژیا .

ئەگەرچی بە مانا مرۆڤایەتییەکەی لە جەنگدا سەرکەوتوو نییە، هەموو لایەک دۆڕاوە، چونکە ئەوەی لە جەنگدا شکۆی دەشکێت خودی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە.

بۆ چوار رۆژ دەچێت چەندیین خۆێندنەوەی جیاواز بۆ ئەم مانۆرە سەربازییە لە سۆشیاڵ میدیاوه دەکرێت، بەڵام لێرەدا من دەمەوێت خۆێندنەوەیەکی تەکنیکی بۆ شیوازی مانۆرە سەربازییەکە بکەم بە پشت بەستن بە تەکنەڵۆژیاکانی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی، کە لەم قۆناغەی ئەمڕۆی مرۆڤدا تەکنەلۆژیا زیرەکەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە بوارەکانی ژیانی مرۆڤدا چی سەربازی بێت یان مەدەنی .

تێڕوانین بۆ چەمکی ئاسایش لە سەردەمی جەنگی سارددا بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر تیۆری داکەوتێتی (الواقعیة) دامەزرابوو، لەسەر ئەو گریمانەیەی ئاسایش تەنها لەڕێگەی هێزی سەربازی دەوڵەتەوە بەدەست دێت، هێزی سەربازی سپۆنسەری دەستەبەرکردنی ئاسایش و ڕاگرتنی سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشەیە بۆ بەزاندنی سنوورەکان، لەسەر ئەو بنەمایە خۆێندنەوە بۆ چەمکی ئاسایش دەکرا، کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان هێزی سەربازی دەوڵەت و توانای پاراستنی ئاسایش و گەرەنتیکردنی بەرژەوەندیی دەوڵەتدا هەیە، لەسەر بنەمای ئەم تیۆرە، لە سیاسەتی ئاسایشی نێودەوڵەتیشدا پشتبەستن بە هێزی سەربازی وەک ئامرازێکی کۆتایی بۆ بنبڕکردنی سەرچاوەکانی هەڕەشە و دەستەبەرکردنی بەردەوامی بەرژەوەندی نەتەوەیی بوو. لە ئەنجامدا ئاسایشی دەوڵەت بە واتای ئاسایشی سەربازی بوو، بەڵام ئەم مانۆرە سەربازییەی حەماس ڕاستی ئەم تێۆرەی خستە ژێر پرسیارەوە، ئەوەی سەلماند بۆ هەموومان کە تەنها هێزی سەربازی و دەسەڵاتی ئابووری سەرچاوەی زامنکردنی ئاسایش نین بۆ زڵهێزەکان، بزووتنەوە نارازییەکان، ئینجا تێرۆڕیستی بن یان لیبڕاڵی یان ڕادیکاڵ ئەتوانن ئاسایشی زلهێزەکان بخەنە ژێر هەڕەشەوە، بە گەشەسەندن و پەڕەپێدان بە توانا تەکنەڵۆژیاکانیان لە بواری سەربازیدا ئەوەی لە زانستی سەربازی ئێستادا بە جەنگی ئەڵیکترۆنی یان بە جەنگی سایبەر پێناسە دەکرێت.

تەکنەلۆژیا لە مێژووی دوو سەدو پەنجا ساڵ پەڕەسەندن و پێشکەوتنیدا گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەر شێوازەکانی ژیانی مرۆڤدا هێناوە، لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، شێوازەکانی پەیوەندی نێوان تاکەکانی گۆڕیوە و نەوە جیاوازەکانی ئامرازەکانی شەڕی پەرەپێداوە.

پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی شۆرشی چوارەمی پیشەسازی دەرفەتێکی گەورەی بۆ بکەرە بێ دەوڵەتییەکان ڕەخساندووە، بێگومان بزووتنەوەی حەماسیش یەکێکه لەو بکەرە بێ دەوڵەتانە، کە توانیویەتی هێزی ڕێژەیی خۆی زیاد بکات و پەڕەی پێبدات، چونکە توانی لەڕێگای یارمەتی مادی و مەعنەوی لە نەیارەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، بە تایبەت لەم قۆناغەی ئێستادا کە جیهان وا دەگەڕێتەوە بۆ دوو جەمسەری و ڕەنگە زیاتریش لە دوو جەمسەر، ئەم بزووتنەوەیەش لە ئێستادا جەمسەرگیری خۆی ساغکردۆتەوەو، هەروەها سودی لە ناکۆکییەکانی جەمسەرەکان بە تایبەت لە درێژەی شەری ئۆکرانیادا وەرگرتوە بۆ ئەنجامدانی ئەم مانۆرە. و ئەم هەلەی لە بەرژەوەندی خۆێدا لەم کاتەدا قۆزتەوە، هەموو ئەم فاکتەرانە پێکەوە وەک یەک پاکێج ئاسان کاریان کردوە بۆ ئەوەی سوود لە تەکنەلۆژیاکانی جەنگ لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە وەربگرێت، بۆ نموونە تەقەمەنی و چەکی زیرەک، دڕۆن، پرینتەری سێ ڕەهەندی، وە بە ئاسانی بەدەستیان بهێنێت و بیانکڕێت، بە بەردەست بوونی پرینتەری سێ ڕەهەندی توانای چاپکردنی چەکی پێبەخشیوە لە ناوجەرگەی کەرتی غەزەدا، و هەروەها توانی سوود لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەربگرێت لە مانۆرێکی وەک تۆفانی ئەقسا ئەگەرچی تەکنەلۆژیای فرۆکەکە زۆر لە قۆناغێکی سەرەتایدا بوو، بەڵام خودی میکانیزمی مانۆرە سەربازییەکە و توانای ئابووری و تەکنیکی ئەوەی دەخواست و هەر ئەوەندەش بوو، توانی باریان بکات لە تەقەمەنی و فیداییە مەشق پێکراوەکان کە ماوەی زیاتر لە چەند مانگێکە سەر قاڵی مەشق کردنن، هەروەها لە ڕێگای ئەپڵیکەیشنی مۆبایلە زیرەکەکانەوە ئاراستەیان بکەن بۆ ئامانجی دیاریکراو و سنوورەکانی ئیسرائیل ببڕن، هەروەها بە پشت بەستن بە تەکنەلۆژیای سایبەر و ڤایرۆسی گەشەپێدراو تۆرەکانی ئینتەرنێتی ئیسرائیل ڕابگرێت و سێرڤەرەکانی چاودێری سنوورەکان پەکبخات، بە شێوەیەک مەترسی لەسەر ئاسایشی هێزێکی وەک ئیسرائیل دروست بکات کە خاوەن ئابووریی و هێزێکی سەربازی زۆر زەبەلاحی مۆدێرنە لە تەکنەڵۆژیای سەربازیدا، بە سەدان کوژراو و بریندارو دیلیشەوە مانۆرەکە کۆتایی پێبهێنێت، ئاسایشی کۆمەڵایەتی نەتەوەیی ئیسرائیلیش بکاتە ژێر ترسەوەو ئیسرائیل دۆخی جەنگ ڕابگەێنێت کە لە ساڵی 1973 وە ئەو دۆخەی ڕانەگەیاندووە.

بەردەستبوونی تەکنەلۆژیا زیرەکەکان بۆ بزووتنەوە ناڕازییەکانی دونیا ئینجا تێرۆریستی بن یان میانڕەو وڵاتانی خاوەن ئابووری و هێزی سەربازی گەورەی، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریەکی گەورە کردۆتەوە، بۆ چاودێریکردنی سنوورە جوگرافییەکانیان، یان بەدەستهێنانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ هاوڵاتییەکانیان، چونکە لەگەڵ زیادبوونیاندا لە سەر ئاستی جیهان و کەمی نرخی تێچوونیان، و ئاسان بەدەستهێنانی ئامرازە تەکنەلۆژییەکان، توانای بکەرە بێ دەوڵەتەکان دەرفەتی ئەوەیان پێدەبەخشێت کە مانۆڕی کەم تێچوو، بەڵام بە کاریگەریی گەورە ئەنجام بدەن. بینیمان چۆن حەماس لە ماوەی کەمتر لە حەوت سەعاتدا توانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بکاتە ژێر هەڕەشەوەو متمانەی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ بلەقێنێت، ئەگەرچی ئەم حکومەتە تووندڕەوەی ئیسرائیل جێگەی ناڕەزایی خەڵکی ئیسرائیل بوو، ماوەیەکی زۆریشە خۆپیشاندان دژی ناتانیاهۆ لە سەرانسەری ئیسرائیل درێژەی هەبوو، بەڵام ئەم مانۆرە دەبێتە هۆی یەکخستنی شەقامی سیاسی ئیسراێیل و ناڕەزاییەکان پشت گۆێ دەکرێت و پێشینە بە ئاسایشی ئیسرائیل دەدرێت، ڕەنگە لە داهاتوودا ئەم حکومەتە تووشی شکستی سیاسی بکات.

لە ئێستادا جیهان پێویستی بە ئاسایشی ڕاستەقینەیە لەسەر بنەمای پاراستنی مافی مڕۆڤ نەک لەسەر توانای هێزو دەسەڵاتی سەربازی، چونکە سەرجەم ئەو دامەزراوانەی کە بریتۆن وودز ناسراون، کە لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم دامەزران بە مەبەستی ڕێگە گرتن لە دووبارە نەبوونەوەی جەنگێکی جیهانی تر، لە ئێستادا شکستان هێناوەو لە قەیراندان لە سایەی جیهانگیری و سیستەمی نیوڵیبرالیزمدا، ناتوانن ڕۆڵ و ئەرکە یاسایی و پرۆتۆکۆلیە ڕاستەقینەکەی خۆیان بگێڕن، هەموویان لە خزمەتی ئەو کەمینە کەمەدان کە بە کۆمپانیا سەرمایەدارییە سنوور بەزێنەکان ناسراون، کە وەک گەنە خێر و بێرو و سامانی نەتەوەکان دەمژن، هەمیشەش لە هەوڵی دروستکردنی شەڕو نا ئارامین لە سەرانسەری جیهاندا، چونکە جەنگ باشترین ئامڕازە بۆ درێژەدان بەکەڵکەکردنی سەرمایەی زیاتر بۆ کۆمپانیاکانیان.

لە کۆتایدا ماوەتەوە بڵێم، ئەگەرچی ئیسرائیل دەتوانێت لە مەودایەکی کورت خایەندا کۆنتڕۆڵی مانۆرەکە بە قازانجی خۆی ببات، و بە پێچەوانەوەی ئەوەی ئێستا لە ئارادایە تەرازووی مانۆرەکە لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت لە ڕێگای سوپاو ئابڵۆقەی ئابوورییەوە لە وشکانی و دەریاوە، پاش ئەوەی لە ئێستادا هێزێکی دەریایی ئەمریکا کۆنترۆڵی دەریای ناوەراستی کردووە، ناتوانرێت هیچ هاوکارییەک بگاتە غەزە، تەنها ڕێگەیەک مابێتەوە ئەویش لە سیناوەیە، بێگومان بە هیچ شێوەیەک وڵاتی میسریش ڕێگە نادات سوود لەو سنورە وەربگیرێت، چونکە بۆ میسر بزووتنەوە ئیسلامییەکان جێگەی هەڕەشە بوونە لە ڕابردوو و لە ئایندەشدا .

بەڵام ئەم ستراتیجە سەربازی و سیاسیەش، لۆژیکێەکە ناتوانێت ئاسایشی درێژخایەن بۆ ئیسرائیل و حەماس وناوچەکەش مسۆگەر بکات، لە ئایندەدا ڕەنگە ناوچەکەو جیهانیش بەرەو شەڕێکی گەورە ببات…

Leave A Reply

Your email address will not be published.