نووسەر نەوزاد عومەر وەڵامی پرسی رۆژی داوەتەوە…

0

پرسی شەڕ لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی رۆژ بەڕۆژ زیاتر رووبەڕووی قەیرانە جۆراوجۆرە سروشتی ودەستکردەکانی مرۆڤ دەبێتەوە. وەک دەرکەوتەی ئەم چەندساڵانەی دوایی ئاماژەی زۆر هەبوو بەگۆرانکاری لەنەخشەی ئابووری وسیاسی وکۆمەڵایەتی…تاد بەتایبەت لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم هەفتەیەی دوایی لەهەموو کاتێک زیاتر ئەوگۆڕانکاریانە دەرکەوتەیان هەیە. هێرشی تورکیا بۆسەر کوردستانی سوریا وناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە، وهێرشی بزووتنەوەی حەماسی ئیسلامی لەفەلەستین بۆسەر ئیسرائیل؛ نیشانەی شەڕی وێرانکەر ودرێژخایەنن بۆسەر ناوچەکە، و نائارامی کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە. بەڕای ئێوە هۆکار ولێکەوتە وچارەسەرەکان چین؟

 بەڕیز نەوزاد عومەر نووسەر، وەڵامی پرسی ئەم ژمارەیەی داینەوە.

نەوزاد عومەر: لەڕاستیدا وەڵامی ئاوا پرسیارێک کە کۆمەڵە ڕەهەندێکی مێژووی وئابووری وسیاسی لە خۆ دەگرێت وچەمکێکی زۆر ئاڵۆزە، ڕەنگە لەو ڕووبەرەی بۆم دیاری کراوە کە دەبێت لە 350 وشە تێنەپەڕێت، نەتوانرێت وەڵامێکی گشتگیرتان بدەمەوە.

بەڵام هەوڵدەدەم وەڵامەکەم چڕ وکورت وپوخت بێت. فەيلەسوفی ماركسی ئیتالی سەدەی بیستەم (ئەنتۆنیو گرامشی) ئەڵێت” قۆناغی گواستنەوە لەمێژووی مڕۆڤایەتیدا قۆناغێکی ئاڵۆزو پڕ قەیرانە بۆ ڕۆشنبیرەکان پێش خەڵکی ئاسایی، چونکە نە ئەوەی تازەیە بە تەواوی جێگیر بووە و بوەتە جێگەی متمانە، وە نە ئەوەی کە ناوی کۆنەکەیە بە تەواوی ڕۆڵی خۆی لە دەستداو.  لە ئێستادا جیهانی سەرمایەداری لە قۆناغێکی گواستنەوەی هەمەلایەنەدایە، تەواوی جیهان لە قەیرانی ئابووری وسیاسی وئاسایشی خۆراک وژینگە وئەخلاقی و …هتد. لەوانەش وەک نموونە:

قۆناغی گواستنەوە لە تاک جەمسەرییەوە بۆ فرە جەمسەری. ٢- قۆناغی گواستنەوە لە شۆرشی پیشەسازی چوارەمەوە بۆ پێنجەم، ئەو شۆرشەی کە بە تەواوەتی پێناسەی سەرجەم چەمکەکانی ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت سەر لەبەریان دووبارە پێناسە دەکاتەوە. هەر لە چەمکی سیاسی وئابووری وکۆمەڵایەتییەوە تاوەکو دەگاتە چەمکی ئاسایش وهێز وململانێیەکان. ٣- سیستەمی نیوڵیبراڵیزم وجیهانگیری لە درێژەی زیاتر لە ٣٠ ساڵی تەمەنیدا کە بەرهەمی تاک جەمسەری جیهان بوو پاش شەڕی سارد، لە قەیرانێکی گەورەدایە، بۆیە لە ئێستادا جیهان پێویستی بە جێگرەوەی ئەم سیستەمەیە، لە قۆناغی گواستنەوەدایە بەرەو جێگیرکردنی سیستەمێکی تازە، لە فۆرمێکدا کە تا ئێستا خۆی پێناسە نەکردوە، بەڵام وەک پێویستیەکی حەتمی لە خۆ کۆکردنەوەدایە بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی تازە. ٤- قۆناغی گواستنەوە بەرەو فۆرمێکی تازەی ملمڵانێی سەرمایەداری، کە بە نەوەی پێنجەمی ململانێ دەناسرێت، لەسەر سێ پایەی سەرەکی خۆی فۆرمۆڵە دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی گەلانی جیهان. ئامرازەکانی ململانێی ئەو نەوەیەش بریتین لە سێ چەمک ئەوانیش:

 آ- خۆراک: ئەوەی کۆنتڕۆڵی خۆراک دەکات، کۆنترۆڵی گەلان دەکات. ب- وزە: هەر کەسێکیش سەرچاوەکانی وزەی لە جیهاندا کۆنتڕۆڵ کرد، واتا دەتوانێت تەواوی کیشوەرەکان کۆنتڕۆڵ بکات. ج- هەر جەمسەرێکیش دراوەکەی کۆنترۆڵی بازرگانی جیهانی کرد، دەتوانێت هەموو دونیا کۆنترۆڵ بکات.  ئەمە ستراتیژی ململانێی نەوەی پێنجەمە کە لە لایەن هێنری کیسنجەرەوە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا داڕێژراوە، لە ئێستادا بەڕوونی دەرهاویشتەکانی لە شانوی ململلانێ نێودەوڵەتییەکاندا دیارن.  لێرەدا پرسیاڕێکی جەوهەری لەناو خودی وەڵامەکەدا دروست دەبێت، ئایا بۆ چەقی ملمڵانێیەکان کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستەوە؟ ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، کلیلی کردنەوەی وەڵامێکی گشتگیرە بۆ پرسیارەکەی بەڕێزتان، چونکە گرنگیدان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن جەمسەری یەکەم کە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، و جەمسەرە تازەکانی وەک چین و ڕوسیا و تەنانەت تورکیا و ئێرانیش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵکەوتەی جوگرافیای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و ئەو کانزا سروشتییانەی هەیەتی، چونکە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات دەبەستێت بە یەکەوە لە ڕێگای دەریای ناوڕاست و وشکانیشەوە، ئەو دەریایەی کە ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە بازرگانی جیهاندا بۆ هەموو وڵاتە بەرهەمهێنەرەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.  هەروەها بە زۆنی وزە لە جیهاندا ناسراوە، چی نەوت و گاز یان کانزای سروشتی ئەوەی لە ژێر زەویدایە، سەرەڕای ئەوەی لەم ساڵانەی داهاتوودا بڕێکی زۆر گازی سروشتی لە ناو دەریای ناوڕاستیش دۆزرایەوە، کە بە گوێرەی یاساکانی سنووری دەریایی؛ ئەوە پشکی ئەو وڵاتانەیە کە دەکەونە سەر حەوزی دەریای ناوەڕاست، کە بە چەند بڕگەیەک لەو یاسایەدا ڕێژەی پشکەکان و ئازادی دەرهێنانی بۆ هەر یەکێکیان دیاری کراوە. یۆنان پشکی شێری بەر دەکەوێت، لە بەرامبەردا تورکیا کەمترین پشکی بەردەکەوێت، هەرئەمەش خاڵی پەڵهاویشتنی سەربازی تورکیا بوو بۆ لیبیا و باکوری سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) بەو هیوایەی بتوانێت سنورە ئاوییەکانی لە ڕێگەی شەڕ و سەربازییەوە لە قۆناغی دوای گواستنەوەدا زیاد بکات، بۆ ئەوەی پشکی لەو گازە زیاد ببێت، چونکە هەمومان دەزانیین کێشەی گەورەی تورکیا کەمی سەرچاوەی وزەیە، وزەش شادەماری پیشەسازییە، وئەویش ئامرازی هێزو دەسەڵاتە لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا. لەگەڵ ئەمانەشدا ئەم ناوچەیە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو وایە، کە پڕە لە کێشەی نەتەوەیی و ئاینیی و مەزهەبی کەڵەکە کراوی مێژووی کۆن وتازە، هەر کات بیانەوێت بە ئامانجێکی دیاری کراو دەیتەقێننەوە.  بێگومان بۆ ئیسرائلیش ئامانجی سەرەکی و شاراوەی شەری غەزە، لکاندنی کەرتی غەزەیە بە ئیسرائیلەوەو ڕاگواستنەوەی خەڵکی غەزەیە بۆ بیابانی سینا، بۆ بێبەشکردنی فەلەستینیەکانە لەو گازە سروشتییەی کە دەکەوێتە سنوری ئاوی خاکی غەزەوە، چونکە جوگرافیای غەزەش دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی حکومەتی غەزەش مافی دەرهێنانی ئەو گازە سروشتییەی دەبێت کە هاوکات هەم دەبێتە هێز و دەسەڵات و هەم دەبێتە خولقاندنی هەلی کار بۆ خەڵکی غەزەش. بەڵام پێدەچێت نەک نابێتە هۆی خۆشگوزەرانی بۆیان، بەڵکو دەبێتە ماڵوێرانی وبەشمەینەتی ودووبارە ئاوارابوونەوەو قوربانی بەرژەوەندی زلهێزەکان، چونکە خاڵی جەوهەری کۆنگرەی ئاساییکردنەوە پەیوەندی عەرەب ئیسرائیل، ڕێکەوتنی وڵاتانی عەرەبە بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو  میسر لەگەڵ ئیسرائیلدا بۆ چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەو گازە سروشتییە، کە ڕێژەی میسر لەو گازەدا زیاد دەبێت، و لەو پێناوەشدا ئاسانکاری زۆریشی بۆ دەکرێت، لەو ئاسایکردنەوەشدا ئەوەی باسی لێنەکرابوو، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی ئیسرائیل و فەلەستینییەکانە، دووبارەش دەبنەوه قوربانی دەستی خودی بەرژەوەندخوازی حکومەتە عەرەبیەکان وبزووتنەوە توندڕەوەکانی وەک حەماس.

خاڵێکی تر؛ ناوچەی ڕۆژهەڵات ناوچەیەکە دەتوانێت ئاسایشی خۆراک دابین بکات، چونکە ناوچەکە خاوەنی سەرچاوەی ئاوی شرینی زۆرە، وهەواکەی گونجاوە بۆ هەموو جۆرەکشتوکاڵێک، وەک زانیارییەک بۆ نموونە؛ ئابووری ڕوژئاوای کوردستان لە سەدا سی ٣٠٪ ئابووری هەموو سوریا پێکدەهێنێت، هەروەها ناوچەکە بە یەکەمین  شوێن لەمێژوودا دادەنرێت کە مرۆڤ لەو ناوچەیە جێگیربووەو، لە قۆناغی ڕاوکردنەوە چۆتە قۆناغی نیشتەجێبوون، و دانەوێڵەی چاندووە. هەر بۆیە هەم لانکەی کۆنترین شارستانیەتە، وهەم  جوگرافیای بەریەککەوتنی هەموو شارستانیەتە یەک بەداوی یەکەکاندا بووە لە مێژوودا.

گرنگی ناوچەکە بۆ جەمسەرێکی تری ململانێ نێودەوڵەتییەکان کە روسەکانە، دەریای سپی تەنها ڕێڕەوی ئاوی گەرمە کە بتوانێت گەرەنتی بەردەوامی بازرگانی بۆ مسۆگەر بکات. چونکە ئەگەر چی روسیا سنوری ئاوی زۆرە، بەڵام تەنها بۆ چەند مانگێک گونجاوە لە هاویندا، بۆ مانگەکانی تر دەیبەستێت و بەکەڵکی گواستنەوەی بازرگانی نایەت.

بۆ چینییەکان، و بۆ ئێرانییەکانیش پێگەی بازرگانی گرنگی هەیە، چونکە ئاسانترین و ئابووریترین ڕێڕەوی بازرگانییە.

بێگومان چەمکی سێیەمی ململانێی نەوەی پێنجەم دۆلارە، ئەمریکا لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لەڕێگەی دۆلارێکی بێ پاڵپشت بە زێر،  کە یەکێکە لەو خاڵانەی هێزێکی ڕێژەیی زۆری بە ئەمریکا بەخشیوە و کردی بە زڵهێزی جیهان، بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ دەرکەوتنی جەمسەری تازە و بەهێز، ناڕەزاییەکی زۆر لە لایەن چین و روسیا تەنانەت ئەوروپاشەوە بەرامبەر بە دولار هەیە، تەنانەت هەندێک هەنگاو نراوە لە لایەن چین و روسەکان و هەندێک وڵاتی ترەوە بۆ کەمکردنەوەی هێز و هەژموونی دۆلار لە بازرگانیی جیهانیدا، یەکێک لەو نمونانەش گرووپی برێکستە، هەموو ئەم هەنگاوانەش بۆ کەمکردنەوەی هەژمونی ئابووری و سیاسی و سەربازی ئەمریکا لە جیهاندا وبەتایبەتی لە زۆنی وزەدا.

ئەگەر هەژمونی ئەمریکا له ناوچەی ڕۆژهەڵات پاشەکشە بکات، ئەوە بێگومان دەبێتە هۆی پاشەکشەی دۆلاریش لە بازرگانیی جیهانیدا، کە وەک یەکەم دراوی باوەڕپێکراوی بازرگانی جیهانی تا ئێستا هێزی خۆی پاراستووە، بێگومان ئەم دۆلارەش یەکێکە لەئامرازەکانی هێزی  ئەمریکا، ئەمەش بۆ ئەمریکا قابلی قبوڵ نییە، هەموو ڕێگایەکیش دەگرێتە بەر لە پێناو پاراستنیدا.

ئەو گریمانەیانە کە دەکرێت بۆ ئایندەی ئەم جەمسەرە دژانەی سەرمایەداری بکرێت، دەکرێت لە دوو گریمانەدا کۆبکرێنەوە، یان ڕێککەوتنێک دەکەن بۆ دابەشکردنی هێزو دەسەڵات ودەسکەوت، هەر یەکەو بە گوێرەی قەبارە ودەسەڵاتی خۆی بەربکەوێت لە پێناو ڕوونەدانی جەنگی گەورە، چونکە جێگەی مەترسییە بۆ هەموویان، یان دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەی جیهانیی، بۆ ئەوەی دووبارە براوە مەرج خۆی بچەسپێنێت بەسەر دۆڕاو وتەنانەت هاوپەیمانەکانیشی وەک ئەوەی ئەمریکا لە دوو شەڕی جیهانیدا کردی. بێگومان دەرئەنجامی ئەو شەڕە چۆنه چۆن دەبێت، وقەبارەی  کاولکارییەکی چەندە،  پێشبینیکردنی زۆر گرانە و ئەستەمیشە بکرێت،  ڕەنگە جوگرافیای ئەو شەڕەش لە حەوزی دەریای ناوەڕاست بێت.

بۆ هەر هەنگاو نانێک بۆ چارەسەری پێش وەختە، من پێم وایە چارەسەر لای خودی بەرژەوەندییەکانی ئەو جەمسەرانەیە، نەک هاوڵاتیانی سڤیلی ئەو  جەمسەرانه، بێگومان ئەوەش ڕاستەخۆ بەندە بەرژەوەندیەکانیانەوە….

Leave A Reply

Your email address will not be published.